داکۆکی له خهڵکی راپهریوی کوردستان
Thursday, 28/04/2011, 12:00
گروپی کهرکوک بۆ داکۆکی له خهڵکی راپهریوی کوردستان
هەروەک چۆن خەڵکی کوردستان بەگشتی، ماوەیەکی زۆرە خهڵکی کهرکوکیش نائومێد بووە و هیچ هیوایهکی به دهسهڵاتی هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی نهماوه، بۆیە لە سەرتای ساڵی 2011 دا زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە خۆئامادەکردندابوون بۆ خۆپیشاندان دژ بە گەندەلی و ناعەدالەتی و تاکو پەیامی ناڕەزایەتی بگەیننە دەسەڵاتی هەولیر و بەغدا. بەڵام ئەوە نەکرا چونکە لایەنەکانی ئوپوزسیون لەگەڵ ئەوەدا نەبوون بەبیانوی ئەوەی کەرکوک لە سنوری هەریمی کوردستاندا نیەو ئەگەری سوودوەرگرتنی نەیارانی کورد هەیە! بەڵام لەگەڵ خروشانی شەقامی کوردی لە سڵێمانی و کەلار چەمچەماڵ و هەڵەبجە و کۆیە و ڕانیە و شار و شارۆچکەکانی تر و دامەزراندنی ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی، دەستبەجی چالاکوانانی شارەکە کەوتنەخۆ تا سەرای ئازادی لە کرکوکیش رابگەیەنری، بەڵام دیسانەوە هەمان سیناریوی کۆنی دەسەلات لەبارەی هێرشی لایەنە شۆڤینییەکان و بەعسیەکان دووبارەکرایەوە و هێزیکی زۆریان هێنایە کرکوک گوایە ئەمجارەیان ناوچەکانی تر تا حەمرین رزگار دەکەن. بەڵام لەڕاستیدا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی خۆپیشاندانی چاوەڕوانکراوی خەڵکی کەرکوک بوو. بەناچاری و بۆ ئەوەی خەڵکی کەرکوک بیانو نەداتە دەسەلات و بەفرسەتی نەزانن دژ بە سەرای ئازادی بکەویتەگر بێدەنگیان هەلبژارد بەڵام بەردەوام زۆرینەی خەڵکی شارەکە پشتیوانی لە سەرای ئازادی سلیمانی و خۆپیشاندەرانی شارەکانی کوردستانیان ئەکرد.
ئەو بارودۆخە هۆی سەرەکی دامەزراندنی گروپەکەمان (گروپی کەرکوک بۆ داکۆکی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان) بوو و هەر لە سەرتای دامەزراندنییەوە کە بەمەبەستی پشتیوانی لە دەنگی ناڕەزای خەڵکی کوردستان هاتەکایەوە، لەنزیکەوە چاودیری ڕوداواکانی کوردستان ئەکات و ئاگاداری بزاڤی جەماوەری خەڵکی کوردستان و داوا ڕەواکانیانە. هەرواش ئاگاداری هەڵوێست و هەڵسوکەوتی لایەنە سیاسییەکانە چ ئەوەی لەبەرەی دەسەڵاتدایە یان لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن.
بۆیە ئێمە لەم گروپەدا بەئەرکی خۆمانی ئەزانین کە هاوهەڵوێستی خۆمان دەربڕین لەگەڵ خۆپیشاندەرانی شارەکانی کوردستاندا و ئەوپەڕی پشتیوانی خۆمان ڕابگەیەنین بۆ داخوازییەکانیان و بەتایبەتیش ئەو خاڵانەی لە چوارچێوەی نەخشە ڕێگای ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادییەوە ڕاگەیاندراوە. هەر لێرەشەوە پەیامی خۆمان ئەدەینە گوێی دەسەڵاتدا و ڕایئەگەیەنین کە ئێمە دژ بە هەموو جۆرە هەڵسوکەوتێکی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤین و ئەبوایە دەسەڵات گوێڕایەڵی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بێت نەک بێباکی هەڵبژێرێت و بە دڕندانەترین شیوە بکەوێتە وێزی خۆپیشاندەران و ڕاونان و ئازاردانیان. وەک چون ئاشکرا ئەبینین کە بەشێوەیەکی پلانڕێژراو چالاکوانان ڕاوئەنرێن و ئەرفێنرێن و ئەشکەنجەئەدرێن، هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسان و نوسەران و ڕۆشنبیران و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ ئەکرێت و سوکایەتییان پێئەکرێ و هێچ ڕێزێک بۆ حەرەمی زانکۆ و خوێندنگەکان دانانرێت. دەسەڵات کەوتووەتە لەشکرکێشی و بە سەربازگەکردنی شارەکانی کوردستان دوای هیڕشکردنە سەر سەکۆئ سەرای ئازادی و لە هەوڵدانی کۆنترۆڵکردنی شەقامەکانی کوردستانە بە هێزی چەکداری تۆقێنەری حیزبەکانی دەسەڵات کە ناوی پێشمەرگەیان لیئەنێن هێرشیان هێناوە وهەموو سوکایەتییەک بە خەڵک ئەکەن.
ئێمە بە هەموو شیوەیەک ئەو سیاسەت و هەڵسوکەوتانەی دەسەڵات کە هاوشێوەی سیاسەتەکانی بەعس و ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانە، ئیدانە و ڕیسوائەکەین و داوای کشانەوەی دەستبەجێ ئەو هێزانە ئەکەین و ئەبێت دەست لە سیاسەتی تۆقاندن و ڕاونان و ئەشکەنجەدان هەلبگیرێت و هەموو ئەوانەی لەزینداندان ئازادکرێن و لە هەمووشی گرنگتر سزادانی ئەوانەی کە بەرپرسن لە کوشتن و خەڵتانخوێنکردنی خۆپیشاندەران.
هەر بەم بۆنەیەوە پەیاممان ئەگەیەنین بۆ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و داوایان لێئەکەین کە ڕاشکاوانە و بەهەموو هیزو توانایانەوە داکۆکی لە خۆپیشاندەران بکەن وبەهەموو شێوازێک هەڵوێست و هەڵسوکەوتی دەسەڵات ڕیسوابکەن و بەهیچ شێوەیەک وتووێژ لەگەڵ هەردوو حیزبی دەسەڵات نەکەن تائەوکاتەی گوێڕایەڵی داخوازییەکانی خۆپیشاندەران نەبن.
سەرکەوتن بۆ خەباتی ئاشتیانەی خەڵکی کوردستانە دژ بە گەندەڵی و ناعەدالەتی و دیکتاتۆری.
گروپی کەرکوک بۆ داکۆکی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان
28.4.2011
تێبینی/ ئهم گروپه له کۆمهڵێک روناکبیر له نووسهرو شاعیرو هونهرمهندانی دهرهوه ناوهوهی شاری کهرکوک له فهیسبوک پێکهاتووه
بۆ پشتیوانی له خۆپێشاندهران و سکۆیهک بۆ ئاڵوگۆرکردنی بوچونهکان لهسهر شاری کهرکوک
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست