کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پایزى زەعیم لە پەراوێزى رۆمانى (پایزى پەترێرك) ى گارسیا ماركیزەوە

Sunday, 05/09/2010, 12:00


تێبینی : هەر بەڕێزێك هەستى كرد ئەم دەقە رەفتارەكانى دەگرێتە خۆى ، ئەوا هەڵەى ئەم نووسینە و رۆمانەكەى گارسیا ماركیز نییە ، بەڵكو هەڵەى كار و كردەوەكانى خۆیەتى . خۆ ئەگەر خۆیشى تیادا دۆزییەوە ، ئەوا پێش هەمووان پێشكەشە بە ئەو .

1
كەس بیرى نایە لە كەیەوە بۆتە زەعیم ؟
ئەوەى زانراوە كەسێكى ئاسایى نییە !
دەتوانێ كانزاكانى ژێر زەوى بخوات و
پێدەشت بە دارستانەوە بجوێت و
روبار هەڵقوڕێنێ و ئاسمان بخاتە باخەڵییەوە !
مێژوونوسەكانى دەڵێن :
تواناى زەعیم لە ئەفسانەكانیش بەدەرە ،
دەتوانێت بە فوێك چەندین وڵات بڕوخێنێ !
بە هێمایەك مێژوو دروست بكا !
كارەبا دەخواتەوە و نالەرزێ !
نەوت دەخاتە گیرفانیەوە و ناڕژێ !

2
زەعیم هەمیشە گلەیى لەوە دەكا ،
وڵاتێكیان داوەتێ لە هاویندا پلەى گەرماى دەگاتە پەنجا و قسوور !
لە زستاندا فرمێسك لە جادەكانیدا جۆگەلە دەبەستێ !
پایزانیش لە جیاتى گەڵاى درەخت ،
ئومێد لە بەژنى مرۆڤەكانیدا هەڵدەوەرێ !
لە دنیا هێندە نەگبەت بوو ،
تەنیا دەزانێ فەرمان دەربكا !
دایكى گوتەنى بریا دارتاش بوایە ، یان معاون توبى ،
یان هیچ نەبێ ، هونەرمەند .
بەڵام تەنیا دەزانێ فەرمان دەربكا !
هەموو سامانەكەى وڵاتێك و فتقێكە
كە دەنگى ژانى زۆر لە فیكەى كتریی دەچێ !

3
دایكى .. لەگەڵ ئەوەى هەموو شتێكى وڵاتەكەى بە ناوە ،
بە گسك راوى خزمەتكارەكان دەنێ ،
گوایە دەستبڵاون و
شەكرى زۆریان لە چایەكەى باڵیۆزى توركى كردبوو !
هیچ عەرەبانەیەكى سەوزە فرۆش نەیدەوێرا نزیك كۆشك ببێتەوە ،
ئامادە بوو شین و مۆر ببێتەوە لەسەر نرخى دەسكێك كەوەر .
بە بۆیەى دەرگا و پەنجەرە چۆلەكە و زیقاوى رەنگ دەكرد و
بە ناوى بولبول و كەناریەوە بە وەزیرەكانى دەفرۆشتەوە !
وێڕاى پاڕانەوەمان ، لەبەر چاوى میوانەكان و لە تەنیشت هۆڵى كۆبوونەوە ،
دەستى لە عادەتى سوتاندنى قشپل هەڵنەدەگرت ،
تا لە دانیشتنەكاندا مێشوولە نزیكى كوڕەكەى نەبێتەوە !
رۆژێكیان ئابڕووى بردین ،
كاتێ كوڕەكەى بە بەرگى سەربازى و بە تەواوى میدالیا ئاڵتونیەكانى سەر سنگى
لە تەك سەرۆكى میواندا سەرقاڵى پشكنینى پاسەوانى شەرەف بوو
خانم ، بە تەنگەتاو سندوقێك شوشەى بەتاڵى بیبسى دایە دەستى زەعیم و گوتى :
مادام هەر دەچیتە دەرەوە ،
لەگەڵ دەستى خۆت ئەم شوشانە بدەرەوە دوكانى سەرى فەرعەكە !
بەوەندەش نەوەستا و هاوارى كرد :
گەر دەمزانى كوڕەكەم دەبێتە شت و
ئەو هەموو سەرە سۆدە و مێخ زنجیرە دەبەستێ ،
دەمناردە مەتكەب .

4
زەعیم ئەو رۆژنامەیە دەخوێنێتەوە ،
كە خۆى بۆ خۆى دەریدەكا .
پێى سەیرە چۆن نووسەرەكان ،
لەو (نەخێر)ە گەیشتبوون كە بیرى چوو بوو بیڵێ ؟
یان ئەو زۆڵانە چۆن زانیان مەبەستى لەو نەخێرە (بەڵێ) بوو ؟

5
زەعیم لە یارى شەترەنجیشدا قەڵاى خۆشناوێ ،
چونكە راستەڕێ دەڕوا .
حەزى لە بازە خوارەكانى فیلە !
(قەڵا لە پاشا دوورە و فیل نزیك)

6
لە منداڵییەوە دوژمنى بیركارییە
تێناگا چۆن هەموو ژمارەكان یەكسان نین بە یەك ؟
وەك چۆن میللەتێك یەكسانە بە ئەو !

7
لە مێرد منداڵییەوە رقى لە فیزیایە !
خۆى گوتەنى : زەعیم پێویستە دوو تەمەنى هەبێ ،
یەكێك بۆ پارە كۆكردنەوە و
یەكێك بۆ خەرچكردنى !

8
لە ئەزەلەوە حەزى لە كیمیایە ..
سەرى مامۆستایەك بگوازەوە بۆ لەشى جاشێك !
سەرى تاوانبارێك بگوازەوە لەشى پارێزەرێك !
كیمیا رێگەى پێدەدا
چۆنى بوێت سەرەكان بگوازێتەوە !

9
زەعیم هەموو شتێكى لە پێناو ئێمەیە ، ئێمەى بێ وەفا :
كارگەى جگەرەى داناوە بۆ ئەوەى بە دیار دەسكەوتەكانەوە بە باى دەین .
كارگەى كلێنسى داناوە فرمێسكى خۆشیى پێ بسڕین .
كارگەى دەرمانى داناوە و هێند پەرۆشە
لە گەچیش حەب دروست دەكا .
باخچەى كردۆتەوە تا بە پارەیەكى كەم
منداڵەكانمان كەروێشك ببینن .
كەچى لە پاشملە دەچرپێنین :
لاى ئەو .. تەنیا پارە ، ریوایەى سەحیحە .
لە راستیدا هێند نەدارە ، ئاو چییە ئاو ؟
ئاو دەخاتە بتڵەوە و دەیفرۆشێ !

10
دروستكەرى وەرزەكانە
بە قسەكانى بەهار دێنێ ،
بە كردەوەكانیشى پایز !

11
تاكە كەسە بتوانێت
بە گوفتارى ، مانا بسڕێتەوە !
بە كردارى ، جووڵە لە جووڵە بخات !

12
زەعیم راستی لە دواوەى ناڕوا ،
راستى بۆتە فەرشى سوور و بەسەریدا گوزەر دەكا .
خەڵاتى ئازایەتى دەداتە ئەو كەسانەى شتى دەگمەنیان هەیە :
چاویان دەبینێ و سەریان كوێرە !
پیت دەناسنەوە و رستە نازانن !
دەنگیان نایە و دەنگ دەدەن !
زەعیمى موفەدا ،
لە رۆژى مافى ژناندا پرێمز دابەش دەكا !
لە ساڵڕۆژى منداڵاندا باس لەو موعجیزەیە دەكا
كە چۆن بەر لەوەى پێ بگرن ، فێرى كڕنۆش بوون !
ئەو لاوانەى خۆشدەوێ تەسبیحى قەزوانیان پێیە و
بۆینباخ نەبێ هەموو شتێكیان دەچێتەوە سەر باپیران !
ئەو ژنانەى بە دڵە ،
بە شیلە ریشیان دەكەن و
بە داو سمێڵیان هەڵدەگرن !

13
زەعیم گوناحە ..
تا ئێستا كەس خەبەرێكى راستى پێنەداوە !
ژەمێكى بە تێرى نەخواردووە !
پاسەوانەكانى بە پاساوى ژەهر ،
نیوەى چێشتەكەى دەخۆن .
لە ترسى ئەوان ، هەنگوین لە كونى دیوار دەشارێتەوە .
ناچارە بە دزى دكتۆرەكان ساوار بە گۆشت بخوا .
ژیانى تایبەتیشى نەماوە ،
ناتوانێت بكۆكێت ، بپشمێ ، دەیخەنە سەر لاپەڕەى یەكەمى رۆژنامەكان و
تیشكى دەخەنە سەر و لە ژێر رۆشناییدا وتار دەنووسن !
بێ بەختیەكەى گەیشتە ئەوەى تووتى ماڵەكەى رایكرد و
قسە نهێنیەكانى شەو و ترسەكانى لە كودەتا و
فیكەى كترییەكەى بردە سەر جادە و ناو خەڵك ،
بە دەنگە زیقنەكەشى لاسایى قاقاى ژنە خزمەتكارەكان و ئامۆگارییەكانى دایكى دەكردەوە :
- رۆڵە هەندێ پارە لە پشتییەك بشارەوە . گیانى دایە لەو كورسییە بتهێننە خوارەوە هیچ ئیشێك نازانى . ئاخر تۆ قەسابیش نەبووى ! یان خۆزگە دەنگت خۆشبایە ! ئێستا شوكر ، وەزیرەكان مریشكم بە ناوى چین و ماچینەوە لێدەكڕن ، لەو كورسییە بتهێننە خوارەوە ئەوەش نامێنێ . كەسی دایە ، هەردووكمان پیر بووین ، بتهێننە خوارەوە دەبێ تەنیا سەیرى ئەلبومى وێنەكانت بكەیت ، منیش حەوسەڵەم نەماوە ، چیتر سەڵكە پیاز و دۆشاوى تەماتە و ژێرپیاڵە خوێ ، لە دراوسێكان قەرزكەم .
مەیبینن لە وێنەكاندا پێدەكەنێت ، زەعیم گوناحە .
گندۆرەیەكى بە قەڵەمبڕ پاك نەكرد و ترسى ژەهرى نەبێ !
لە نیوەشەواندا سەلاجەى بۆ قومێ ئاو نەكردەوە و ترسى تەقینەوەى نەبێ!
بۆینباخێكى نەبەستا پەتى سێدارەى بیر نەهێنێتەوە !
ژنێكى نەبوو ئێواران شۆرباى نیسكێنەى بۆ لێنێت و پشتى بشوات و
بڵێ پیاوەكە خۆشمدەوێیت و پەتاتەشمان نەماوە !
كەسێكى نەبینى هێندەى سڵ لە قسەكردن دەكاتەوە ،
نیو هێندە لە پیربوون بترسێ !
نەك وەهمى سەركەوتن ، كەس نەبوو تامى دۆڕاندنێكیشى بداتێ ،
دۆڕاندنى دەستە دۆمینەیەك .
كەس نەبوو لە بەرامبەریدا پێڕێكى پۆلیسیش دروستكا و دابەزێ !
لە تاوڵەدا قاپوتێكى بۆ بكا !
بە حەسرەت بوو سەر بۆیاخكراوێك ،
داشێكى دامەى بە خۆڕایى بداتێ و لەبریدا داواى شتێك نەكا !
ئاى .. لە یاریشدا كەس راستى پێ رەوا نەبینى !

14
لەگەڵ ئەوەى پێیانگوتین : چەندە منداڵێكى ساوا پێویستى بە فێربوونى ژەنینى شمشاڵە ، ئەو ، نیو ئەوەندە پێویستى بە زانینى راستییە !
ناچاربووین بۆ قەرزى سەر بۆیاخكراوەكان بچینە لاى زەعیم . رێگەیاندا سێ كەسمان بچینە ژوورەوە . یەكە و جزمەیەكى سەقف تێكردنیان لە پێ كردین ، لە ناو قوڕاوى رەنگاورەنگ بە بۆیەى دەرگا و پەنجەرە ، سەربازێك كە هەر پێدەكەنى بە پێشمانكەوت ، لە حەوشەكەدا مریشكى نیوە رەنگكراومان بینى ، دەنوكیان لە وەهمى گوڵە بەڕۆژەى ئەو فەرشانە دەدا بۆ وشكبوونەوە بە پەیكەرەكانى زەعیمدا هەڵخرابوون ، پیرێژنێكمان بینى مانگاى دەدۆشى و پرتە و بۆڵەى بوو ، سەربازەكە گوتى : ئەمە دایكى وەتەنە . تێگەیشتین پرتە و بۆڵەكان بۆ ئێمەیە : چیتان لە كوڕەكەم دەوێ ؟ هەیەتى و نیەتى كورسیەك و فتقێك ، نەك خۆى ، ئەم مانگایەش لە ماڵەكەیدا هیچ نییە بیخوات ، قازانى شیرەكەى لار كردەوە نیوەى بە تاڵ بوو . ئەوە نییە كاغەز كاوێژ دەكا ؟ خۆزگە كاغەزى رەنگداریش بوایە ، نەخێر رۆڵە ، لەو كاغەزە جووت پەڕە خەتدارە خورشیدیانەیە كە ئەو میللەتە چاو برسییە شەكواى لێ دەنووسن !

بینیمان : زەعیم بە تەنیا لەسەر مێزێكى نانخواردنى نۆزدە كەسى دانیشتبوو ، بە چاكەتێكى سپى كەتانەوە چاویلكەى خوێندەنەوەى هێنابووە سەرى لووتى ، زۆر پیرتر بوو لەو وێنانەى بەیانیان لە رۆژنامەكانیدا سفتاحى مەراقمان پێدەكرد ، جەستەى بۆنى گیاى زەردباوى سەر ئەو سەتڵە ماستانەى دەدا لەبەر هەتاوى چاوەڕوانیدا ترشابن . رەنگى دەستەكانى ، كەسكێكى رەشباو بوو ، لەبرى موو ، قەوزەى روبار و پونگە و كوزەڵەى تەنیشت جۆگەلەى گرتبوو كە لە مەنجەڵى شەونخوونیدا بە ئاگرى كزى دەسەڵات كوڵابوون ، لووتى گرنج گرنج بوو لە شێوەى بەردەپێى حەمام كە چەندین سەدە لە ژێر رەحمەتى كەفاو بووبێ ، چاوەكانى لە چاوى ئەو پیرەمێردانە دەچوو لە بەردەمى مزگەوتەكاندا مووس و سیواك و لاستیكى بێجامە دەفرۆشن و هەموو گفتوگۆكان بەرە و ئاقارى رۆژانى رابردوو دەبەنەوە . هێندە بێكەس و ماندوو دەهاتە بەرچاو پێمان سەیر بوو ئەو هەموو ساڵە رقمان لەو خێر و عەشق لەخۆ نەدیوە بۆتەوە !
بە هێمنیى حووتێكى بە ساڵاچوو فەرمووى قسەكردنى لێكردنین .
بۆمان روونكردەوە كە سەر بۆیاخكراوەكانى حاشییەى هیچ نەماوە لێمانى نەبەن !
چونكە بەڕێزیشى یەكەكانى پێوان و پرۆسەى لۆگاریتم و بڕگە قوچەكیەكان و هاوكێشەى لێكەوتە و خشتەى لێكدانى نەدەزانى ،
ناچاربووین لەسەر شێوەى داپیرەمان ژمارەكانى بۆ روونكەینەوە :
گوتمان : سەر بۆیاخكراوەكان (سێ بیست و دە)كە دەكاتە (حەفتا) جار زیاتر لە بەرهەمى ساڵانەى باخەكانى بۆكان ، میوەیان بە قەرز بردووە !
بە هێمنى لەبەرخۆیەوە چرپاندى : ئاخ .. ئاخ .
- بەڵێ زەعیم : پیاوەكانت ، بە ڕووبەرى دووجارى هاتوچۆى نێوان ماردین و مەخمور ،
قوماشی كشمیرى توركى و كرێشەى هندى و كریپ و مۆزلین و جەرسە و هینم دیارە و سەتەن و تیترۆن و چاوماریان ، بۆ ژنەكانیان بردووە !
گوتى : ئاخ .. ئاخ .
- بەڵێ قوربان : بە قەد قورسایى قەڵاتى هەولێر ،
قەڵەم و بۆینباخ و نەعلى توبى و جانتاى دبلۆماسى و موعەتەرى ژێرباڵ و مقەویات و عەینەكى شەمسى و كەڤەر و مەقڵى و شیشى كەباب و پەرداخى سەفەرییان بردووە !
گوتى : ئاخ .. ئاخ .
- بەڵێ چاوەكەم : بە قەد قوڵایى شەش سەد و حەفتا و یەك مەسبەحى چوار مەترى ،
وێسكى دەمپڵ و شیفازى سالوت و بلو لێیبڵ و ئۆڵپار و بەلانتاینیان بە خۆڕایى خواردۆتەوە،
وەك داشكاندنێكیش بۆ جەنابتان باسى مەززەكان ناكەین ، كە تەنیا بابەغەنوجەكەى بە قەد رووبەرى یاریگاى سانتیاگۆ برنابیۆ دەبێ !
گوتى : ئاخ .. ئاخ .
- بەڵێ گەورەم : بە قەد درێژایى تەلى عەمودەكانى كارەباى نێوان پێنجوێن و غازى عەنتاب ، تەسبیحى عاج و كرمان و كەهرەب و سەندەلوس و قەزوانى لاسوورەیان لە پەنجە ئاڵاندووە !
گوتى : ئاخ .. ئاخ .
- بەڵێ جەناب : بە قەد خەرمانى هەموو گەنمى دەشتى قەراج ،
بۆیاخى رەش و رەشى بۆز و باینجانى و قاوەیى و خورماییان بۆ سەر و سمێڵیان بردووە ! گوتى : ئاخ .. ئاخ .
- بەڵێ حەیاتم : بە كرێنى گەورە گەورە : وێڕاى كانى و سەوزایى ، گرد و گردۆڵكە و هەورازى گوندەكانیان بۆ مەزرەعەكانیان گواستۆتەوە . بە دەڕاسەى گەورە گەورە : سڵاوى بەیانیان و سەرەخەوى دواى نیوڕۆ و سەرخۆشیى شەوانی شارەكانیان دروێنە كردووە .
قەڵەمى منداڵەكانیان بردین ، مێژووى خۆیان بە ئاوەژوویى بنووسنەوە .
شیرى گوانى مەڕ و ماڵات و مەمكى ژنەكانیان بردین ، وەچەى خۆیان پێ گەورەكەن .
دوعاى بەربانگیان بردین ، تا لەو دنیاش هەر ئێمە بسوتێین .
گوتى : ئاخ .. ئاخ ،
ئاخ .. ئەمانە بە پیرى ئەو شتانەیان دەسكەوت ،
كە لە منداڵیدا پێویستیان بوو !

15
ئاى دایە .. دایكى من و ئەو وەتەنەى پلەى گەرماى دەگاتە پەنجا و قسور ،
هەرچەندە موسەنا و سولاس و روباع و توساع ، ژنم ناسیوە ،
بەڵام كەسیان خۆشینەویستووم !
ژنێك .. ترسەكانمى لە پەنادا بشارمەوە و
جوانییەكى روون بداتە دنیاى ئاڵۆزم .
ئاوازێ بێت رەچەڵەكى بچێتەوە سەر مەجاز و
بمكاتەوە ناوێكى سادە .
بە چاو تام بكرێت و تامێكى ئاشكراش بێ بۆ میوەیەكى شاراوە .
نەخێر .. لە ژیانمدا ژنێك خۆشینەویستم !

شەوان وردە غەزەل و خۆشى درشتم دەخستە باوەشیانەوە ،
كەچى ئەوان بە ناوى یارییەوە ماچیان بە پارە دەدامێ !
لێوگەستن و ئاخ و ئۆفیان پەیوەست بوو بە ژمارەى لیرەكانەوە !
چاوقایمانە دەیانگوت : لیرەى زیاتر بدە و نقەى زیاتر ببیستە !
میدالیاكانت فڕێدە ، چونكە لە سینگم دەچەقن !
گۆزى فتقەكەت لێكەوە ، بۆنى ئیسفنجێك دەدا تەپڵەكى جگەرەى سڕیبێتەوە !
بە بێزاریى بێوەژنێك ، لە گۆڕستاندا بە شوێن قەبرێكدا بگەڕێ ،
لە شمشێرى پیاوەتیم دەگەڕان !
بەیانیانیش لە جێگەكەمدا دەستم بۆ دەگێڕان و لە پاڵمدا نەمابوون :
گیرفانەكانیان پشكنیبووم ،
موروى سۆڵجانەكەمیان بردبوو ،
یان چوارچێوەى ئاڵتونیى چاویلكەكەمیان دەدزى ،
یان بە ددان ئەستێرەى ئەڵماسى سەر شانى پاڵتۆ سەربازییەكەمیان قرتاندبوو !
لەبرى نامەى دڵدارى ، لەجیاتى لە دڵەوە بۆ گوڵ ،
عەریزەى عەرزە وەرگرتنیان بۆ دەناردم !
لە دواییشدا ، لە دانیشتنى بەردەرگا و جلشۆرین و چنینەوەى لیفكەدا
بە تەنزەوە دەیانگوت : زۆرى دانا و كەمى برد !
هەتا ئەو مەدرەسەى كچانى تەنیشت كۆشكە غەمبارەكەشم ،
دەرچوو مەدرەسە نەبوو :
سەر بۆیاخكراوەكانى حاشییەم كچەكانیان هێنابوو ،
گۆرەوى سپى و كورت بە قردێلەیان لە پێ كردبوون ،
بە تەوقە كەزى دەسكردیان بەستا بوو !
منیش .. ئاى دایە ..
بە حەربەكەم كونێكم لە تەلبەندى مەدرەسەكە كردبوو ،
دەمە و عەسران لەسەر ئاگر چاوەڕێى ئەو كۆترە كچانەم دەكرد ،
بە پسكویتى باڵیۆزى هۆڵەندى و
بەو لەتە كەبابە ساردانەى لە پاسەوانەكانم شاردبۆوە ، راوم دەكردن !
دەلاقە بوون لە گۆڕى تەنهاییم ،
قسەیان ، موتوربە كردنى رەعشە بوو بە درەختى جەستەمەوە .
بە نیگایان ، ئاوى وەستاوى گۆمى گۆشەگیریم دەبووە هەڵم .
فتقەكەم لە فیكە دەكەوت !
وەك ئەوەى گونكە هەویر بێ ،
دەیانخستە ناو لەپى بە ئارەق تەڕیان و بە میهرەبانى دەیانلاواندەوە :
(بنوو ، بچكۆلەكەم ، بنوو) .
دەزوو بوون بۆ بەستنەوەى برینم بە سرووستەوە .
درزێك بوون لێیەوە باران ،
بە گونیەى وشكى دەسەڵاتم دەكەوت ،
كە بەسەر باینجانى پیرى رۆژەكانمدا دادرا بوو .
تا رۆژێك .. ئاى دایە ،
دایكى من و ئەو خەراباتەى پلەى گەرماى دەگاتە پەنجا و قسور
تا رۆژێك بە رێكەوت لە كچێكیانم پرسى : پۆلى چەندى ؟
گوتى پۆلى چى بەڕێز ؟
من ناخوێنم !
دەستى برد و كەزییە دەسكردەكەى لێكردەوە !
سەدریەى لەسەر سكە پڕەكەى لابرد !
پێى گوترابوو : مەترسە ، خەڵەفاوە و هیچى پێ نەماوە و
تەنیا لەتە پسكویت بە گێلاسى لێوت و
بە قۆخى تەڕ و توكنت دادێنێ و تامى دەكا !
ئاى دایە ، دایكى من و ئەو قیامەتەى پلەى گەرماى دەگاتە حەفتا و قسور
سكم بە خۆم سووتا كاتێ گوتى :
پێم سەیرە تۆ پسكویت بە ژێرەوەمان دادێنیت ،
لە كاتێكدا لەسەرەوە نانمان نییە بیخۆین !

16
زەعیم دەیەوێت سادە بژى .
لەبەر چاوى كامێراكان ،
بەرى نەشۆراوەى باخچەكان دەخوات و
وەك پسپۆرێكى كشتوكاڵى بە پێكەنینەوە دەڵێت :
پەیینى كەمە و
پاشەڕۆى بیست و شەش گوێدرێژى نەخەساوى بۆ تەرخانكەن .
بۆ ئەوەى لە میللەت نزیك بێ ،
چوارلاى لاندگرۆزەرەكەى نارنجى كردووە ،
گوایە تەكسییە و بە نهێنى بە شوێن گرفتەكانى خەڵكدا دەگەڕێ .

17
وێنەكانى , وشەكانى , قسەكانى , ماناكانى , رۆژەكانى , بورجەكانى كۆشكەكانى
پارچەى گومانن و بەسەر شۆستەكاندا رژاون ,
چوونەتە ناو پیاسەى خەڵك و
شەربەتى مێووژ و
پاقلەى كوڵاو و
زەرفى چەرەزات و چاى خەڵووز .
چوونەتە ناو نوزانەوەى نزمى منداڵە كلێنس فرۆشەكانى سەرجادە .
ناوى ، كۆمەڵە حەرفێكى دەرەوەى ئەلف و بێن و
نوقمى مەرەكەبى خەمە نەنوسراوەكانە .
ئەو ئاڵایانەى لە باڵەخانەكانیدا دەشەكێنەوە ،
دەسرۆكەى خواحافیزین .
دەسەسڕى فرمێسكن .
دەسرۆكەى خواحافیزین لەو تەیرانەى ژێر باڵیان پڕە لە متمانە .
دەسەسڕى سڕینەوەى فرمێسكى ئەو منداڵانەیە ,
بە ڕۆژ.. عەباى دایكیان ڕادەكێشن بۆ كڕینى قەڵەمى ڕەنگ ،
شەویش .. بەدیار فانۆسەوە نەخشەى نیشتمان دەكێشن !

18
هەموو شەوێك لە خەودا ، خەو بە نووستنەوە دەبینێ !
هەموو رۆژێك لە ئاگاییدا ، كەسێك تیایدا نیشتەجێیە كە نایناسێ !
بەر دەخوات ، بەڵام دەستى لە جوانییەكانى درەخت بەربووە .
لە كۆشكدایە ، بەڵام پێى لە خۆشییەكانى پیاسە بەربووە .
كۆترى هەیە و بێ پەنجەرەى دۆست .
ترێى هەیە و شەرابى نییە !
هاوارى هەیە و نابێتە گۆرانى !
بۆ نەدەكرا لیرە و جوانى لەسەر یەك چرپا بخەون ؟
ئاخر ناشێت نان و زنجیر لەسەر یەك سفرە دانیشن .
ئەوەى كەشتى هەبێت ، نابێتە خاوەنى _ با
جوانى ناتنوسێ ، گەر دزێوى بتخوێنێتەوە .
ئەوەى دیوارى هەبێت ،
لەوانەیە لێنەگەڕێ نەخۆشى بێتە ژوورەوە ،
بەڵام مردنى بەستاوەتەوە !
دەشێ شوراكان رێگە لە وەڵام بگرن ،
بەڵام پرسیاریان پێ زیندانى ناكرێ .

19
هێڵى تەمەن لە دەستەكانیدا نابینرێ .
ناو لەپى ، وەك پێستى سكى بۆقێكى پیر ،
ساف و جیڕە !
زەعیم :
زیندووێكى دیارى ،
مردنێكى نادیارە !

له‌ هه‌واڵیش بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە