بۆچی ئەم گۆڕانەم دەوێ
Tuesday, 05/05/2009, 12:00
هەمیشە گۆڕان ئەو ئەهریمەنە ترسناكە بووەكەلێ ی ترساون، ئەو شوێنەی كەپێویستی بە گۆڕان بوو بێت ئەوان دوو كۆڵان ئەولاتر رۆیشتوون، ئینجا وتوویانە: كوا؟ئێرە پێویستی بە گۆڕان نی یە! ئەو بەرپرسەی كە پێویست بووە لە شوێنەكەی لاببرێت چونكە گەندەڵە، لابراوە... بەڵام بەرزتر كراوەتەوە...
ئەم سیناریۆیە زیاد لە حەڤدە ساڵە لەسەر شانۆی سیاسی ئەم وڵاتە خێر لەخۆ نەدیوە نمایش ئەكرێتز ئاشكرایە كە سەرجەم كاراكتەرەكان و كاكی دەرهێنەریش هەر خۆیانن...
ئەی ئێمە دەورمان چی یە؟ ئێمە تەماشاكارێكی هێمن و بێ دەنگ ! سیناریۆكەمان بە دڵ نی یە بەڵام چەپڵەمان پێ لێ دەدەن،كاراكتەرەكانمان بەدڵ نی یە بەڵام ئەبێ چەپڵەیان بۆ لێ بدەین و ستایشیان بكەین. هەموو ئەو گۆڕانكاریانەی كە ئەوان كردوویانە جگە لە یاریەكی بێ مانا بە داشەكانی حیزب و حكومەت هیچ خزمەتێكی نە بە خەڵك و نە بە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتیش نەكردووە، بەڕێوەبەری فەرمانگەیەك ئەبێ بە بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری گشتی ئەبێ بە وەزیر، وەزیریش ئەگەر تاقەتی هەبوو ئەبێ بە ئەندام پەرلەمان، خۆ ئەگەر تاقەتیشی نەبێت ئەوا بە پلەی وەزیر خانەنشین ئەكرێت، هەموو ئەمانەش پێویستی بە تەنیا یەك مەرج هەیە، ئەویش ئەبێ ئەندامی حیزبەكەی ئەوان بیت...
باشە من ئەندامی حیزبەكەی ئێوەم یەكێك لەو پۆستانەم ئەدەنێ؟ بەڵێ.. بە خۆشحاڵیەوە.. بەڵام لێرەدا مەرجێكی تر هەیە ئەویش ئەوەیە ئەبێ هەرچیمان پێ وتی لە قسەمان دەرنەچیت.
ئەمە ئەو سیناریۆیەیە كە باسی لێوە ئەكەین، نازانم من كە ئەبم بە فەرمانبەرێكی حكومەت بۆچی ئەبێ بە دەمی ئێوە شمشاڵ لێ بدەم. كەواتە من لێرەدا جگە لە پەیكەرێكی بێ گیان هیچی تر نیم...
ئەمەیە وامان لێ ئەكات بڵێین پێویستمان بە گۆڕانە،پێویستە ئەوەی لەوەوپێش كراوە بكرێت بە مێژوو، نەك لە سفرەوە بەڵكو ئەبێ لە ژێر سفریشەوە دەست پێ بكەینەوە.
بەڵام ئەوان ئەڵێن گۆڕان واتە لەدەستدانی دەستكەوتەكان...
لێرەدا دەپرسین: ئاخۆ گۆڕانی سیستەمی حوكمڕانی و باشكردنی ئابووری وڵات و نەهێشتنی گەندەڵی و خزمەتكردنی خەڵك بەبێ ئینتیمای حیزبی لەدەستدانی دەستكەوتەكانە یان دزینی بودجەی وڵات و دامەزراندنی بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆكی زانكۆ و راگری كۆلێج و پەیمانگاكان و تەنانەت مامۆستای سەرەتایش بە وەوەرەقەی حیزبی ئێوە تازە كاتتان بەسەرچووە پەیمانمان پێ بدەن و بە درۆ شاخدارەكانتان هەڵمان خەڵەتێنن، چونكە ئێوە گۆڕانكاری خۆتانتان كرد، وڵاتتان بەو ئاقارەدا برد كە نەماندەویست.
گۆڕانكاری ئێوەم ناوێ كە هەمووی تەنها بۆ دەمو چاوێكی تایبەتی حیزبەكەی خۆتانە.
بە راستی راستگۆ بوون لە قسەكانتاندا لە دانانی كەسی شیاو لە شوێنی شیاودا... چونكە ئەوەتا ئێستا ئەنفالچی یەكان بەرپرسی ئەنفال كراوەكانن لە گەرمیان... ئەوەی كە كیمیابارانی كردین ئازادتان كرد...ئەمەیە ئەو گۆڕانكاریانەی كە ئێوە كردتان، نازانم چیتر ماوە پێمان بكەن؟!!
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست