کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


راگه‌یاندنێک له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆکایه‌تی د. که‌مال میراوده‌لی یه‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌نجامه‌ کۆتاییه‌کانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی

Saturday, 08/08/2009, 12:00


نووسینگه‌* دوێنێ ئێواره‌ کۆمیسیۆن به‌ قسه‌ی خۆی ئه‌نجامه‌ کۆتاییه‌کانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم - ی راگه‌یاندن. وه‌ک ده‌رکه‌وت لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌ کوده‌تا ته‌‌زویرییه‌که‌ی هه‌ولێرو دهۆک له‌ گه‌مه‌یه‌کی سیاسی و گاڵته‌کردن به‌ دیمۆکراسی و ده‌نگی گه‌ل به‌ولاوه‌ هیچی تر نه‌بوو. ئه‌مه‌ش شتێکی چاوه‌روانکراو ئاسایی بوو چونکه‌ کۆمیسیۆن ده‌زگایه‌کی حیزبییه‌و سه‌رۆکه‌ پارتییه‌که‌ی به‌شدارو پلاندانه‌ری کۆده‌تایه‌که‌ی هه‌ولێر بوو دژی ئیراده‌ی دیمۆکراتی گه‌لی کوردستان. زیادکردنی سه‌عاتێك بۆ کاتی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و کوده‌تایه‌، به‌کارهێنانی مه‌ره‌که‌بێک که‌ به‌ ئاسانی ده‌سڕدرێته‌وه‌، چاپکردنی ملیۆنێک فۆرمی زیاد، چاوپۆشی له‌ به‌کارهێنانی زیاتر له‌ 200.000 فۆرمی زه‌ردی111 بۆ ده‌نگدانی ساخته‌ ، هاوکاریکردنی به‌رێوه‌به‌ره‌ پارتییه‌کانی بنکه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌ ئاسانکاریکردن بۆ لافاوی ده‌نگده‌رانی پارتی له‌ هه‌ولێر و گۆڕینی پارێزگای دهۆک بۆ ناوچه‌ی قۆرخکراو بۆ ده‌نگی کاک مه‌سعود بارزانی وراگه‌یاندنی فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری که‌ پێشکه‌شکردنی زیاتر له‌ 700 سکالا هیچ کار ناکاته‌ سه‌ ر ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌ی سه‌یریشیان بکرێ، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ڵگه‌ی ئاشکران بۆ یاریکردنی کۆمیسیۆن به‌ ئیراده‌ی گه‌لی کوردستان و هاوکاریکردنی تاوانبارانه‌ی له‌ رێکخستن و ئه‌نجامدان و داپۆشینی ئه‌نجامه‌کانی کوده‌تای دیکتۆتاریه‌ت دژی دیمۆکراسی له‌ هه‌ولێری پایته‌خت و دهۆکی ئازیز دا.

خۆ ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی خۆیان ئه‌وه‌نده‌ ساخته‌ن که‌ ساخته‌یی به‌ هه‌موو ژماه‌ره‌یه‌کیانه‌وه‌ ده‌بینرێ و ده‌خوێندرێته‌وه‌:

به‌ ژماره‌کانی کۆمیسیۆن یش بێت لیستی كوردستانی پارتی و یه‌کێتی پێکه‌وه‌ %57 ی ده‌نگه‌کانیان به‌ ده‌ست هێناوه‌. به‌ڵام کاک مه‌سعود 1266397 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 70% ی ده‌نگه‌كان.

پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ زیادانه‌ له‌ کوێوه‌ هاتن له‌ کاتێکدا ئاشکرایه‌ که‌ به‌ لای که‌مه‌وه‌ %50 ی هه‌وادارانی یه‌کێتێش ده‌نگیان بۆ مه‌سعود بارزانی نه‌داوه‌و ده‌نگیان بۆ د. که‌مال و هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د داوه‌. واته‌ ده‌بوو رێژه‌ی ده‌نگی مه‌سعود بارزانیی زۆر له‌ %57 ی لیسته‌که‌ی که‌متر بێ؟ ئه‌ی ئه‌و %13 یه‌‌ له‌ کوێوه‌ هات گه‌ر له‌ ته‌زویره‌وه‌ نه‌ بێت؟ یان گه‌ر ئه‌و سه‌دی سێزده‌یه‌ ئه‌ندامی پارتی بوون بۆچی ده‌نگیان بۆ سه‌رۆکه‌که‌یه‌ن داوه‌ به‌ڵام ده‌نگیان بۆ لیسته‌که‌ی نه‌داوه‌؟ ئایا پێیان وتراوه‌ فێڵ له‌ یه‌کێتی بکه‌ن؟ یان ئایا رێی ده‌چێتێ که‌ له‌ ته‌واوی کوردستاندا که‌ ته‌زویری تێدا نه‌کراوه‌ مه‌سعود بارزانی که‌متر له‌ %40 بێنێ و له‌ شوێنێکی وه‌ک ته‌قته‌ق له‌ نزیک هه‌ولێر که‌متر له‌ %10 بێنێ که‌چی له‌ هه‌ولێرو دهۆکدا زیاتر له‌ %90 ی ده‌نگه‌کان بێنێ؟ جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ کۆنفرانسی رۆژنا‌مه‌نووسی چوارشه‌ممه‌دا حه‌مدیه‌ حوسێنی وتی 651 سکاڵا پێشکه‌شکراون و له‌ ئه‌نجامدا 135000 ده‌نگ تا ئه‌و کاته‌ نه‌ژمـێردراون. ئه‌و ده‌نگانه‌ هی كێ بوون و چ بوون و چیان به‌ سه‌رهات؟
له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه‌ ژماره‌ی ده‌نگده‌ران به‌ گشتی و له‌ هه‌ولێر و دهۆکدا به‌ تایبه‌تی که‌ گوایه‌ له‌ سه‌رووی %78 و %80 وه‌ بوون و 1819652 واته‌ ملیۆنێك و هه‌شتسه‌دو نۆزده‌ هه‌زارو شه‌شسه‌دو په‌نجاو دوو كه‌س له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ده‌نگی بۆ‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم داوه. ئه‌مه‌ ‌ ژماره‌یه‌کی خه‌یاڵییه‌و ته‌نیا بۆ زیادکردنی ده‌نگه‌کانی کاک مه‌سعود بارزانی و به‌رزکردنه‌وه‌ی پا‌رسه‌نگیان له‌ ئاست دۆڕانه‌کانی له‌ سلێمانی و ناوچه‌کانی تری کوردستاندا کۆمیسیۆن ئه‌م ژماره‌ قه‌بانه‌ی ده‌ستنیشان کردوون.

چێگه‌ی داخه‌ گه‌رچی به‌شی هه‌ره‌ زۆری ساخته‌کارییه‌کان و مه‌به‌سته‌که‌یان له‌ ده‌نگه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمدا بووه‌و گه‌رچی د. که‌مال هیچ چاودێرێکی خۆی نه‌بوون، لیسته‌کان ته‌نیا گرنگیان به‌ ساخته‌کارییه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان داوه‌و دوورو نزیک باس یا‌ن هه‌ڵوێستییان ده‌رباره‌ی ساخته‌کارییه‌ ‌ گه‌وره‌و ئاشکراکانی سه‌ر‌ۆکایه‌تی نه‌بووه‌.

گه‌لی کوردستان به‌و حه‌ماسه‌ گه‌وره‌یه‌و به‌شدارییه‌ پڕ هیوایه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردندا کردی جارێکی تر سه‌لماندی که‌ هه‌رگیز خۆشه‌ویستی و رێزو داخوازیی بۆ دیمۆکراسی و هه‌ڵبژاردنی پاک و ئازاد له‌ هیچ گه‌لێکی دیمۆکراسیخواز له‌ ئه‌وروپاو دنیادا گه‌ر زیاتر نه‌بێ که‌متر نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات و سه‌رکرده‌ دیکتاتۆریه‌کانن که‌ هه‌میشه‌ ئیراده‌ی ئازادی ئه‌ویان چ له‌ رێگه‌ی شه‌ڕی براکوژی و ده‌بابه‌ وفرۆکه‌ی داگیرکه‌ره‌وه‌ چ له‌ رێگه‌ی زولم وزۆرو دزیی و گه‌نده‌ڵی و بێدادیی و فه‌رق و جیاوازی ناوچه‌ییه‌وه‌ داگیرکردووه‌. ئێستاش ئه‌وا له‌م هه‌لبژاردنه‌شدا ئیراده‌ی ئازادی ئه‌ویان له‌ هه‌ولێری پایته‌ختدا له‌ پێناو مانه‌وه‌ی خۆیاندا له‌ بار برد.

د. که‌مال ئه‌و په‌ڕی ‌ خۆشه‌ویستی و رێزی بۆ هه‌موو جه‌ماوه‌ری کورد‌ستان هه‌ر له‌ کفری یه‌وه‌ تا زاخۆ هه‌یه‌ که‌ ئاوا هه‌موو چین و توێژێکه‌وه‌‌ خۆبه‌خشانه‌ کارێکی گه‌وره‌و بێوێنه‌یان بۆ کامپینی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و کردو سووپاسی به‌ رۆحێکی شارستانییانه‌وه‌ به‌شداری هه‌لبژاردنیان کرد و سوپاسێکی گه‌رمی هه‌زاران له‌ رۆله‌ی گه‌له‌که‌مان ده‌کا له‌ ده‌یان هه‌زار هاولاتیش ده‌کا که‌ به‌ ئیر‌اده‌ی ئازادی خۆیان ده‌نگیان بۆ داو به‌ سه‌رۆکی خۆیان هه‌ڵبژارد. سوپاسێکی زۆری یه‌کبه‌یه‌کی هێزی ئاسایشی کوردستان و کارمه‌ندانی کۆمیسیۆن و چاودێره‌کان و خۆبه‌خشه‌کان و پارته‌ سیاسییه‌کان رۆژنامه‌و گۆڤاره‌ ئه‌هلییه‌کان و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی و و ده‌نگده‌ران به‌ گشتی ده‌کا بۆ ئه‌و ده‌وره‌ جوانه‌ی له‌ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ده‌نگداندا ببینیان.

د. که‌مال له‌ پێناو ده‌سه‌ڵات و ده‌سکه‌وتی شه‌خسیدا خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کاندید نه‌کردو قبولنه‌کردنی ئه‌نجامه‌کانیشی پێوه‌ندی به‌ هیچ ته‌مایه‌کی یان مه‌به‌ستێکی شه‌خسییه‌وه‌ نییه‌. ئه‌و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی گۆڕینی سیستمی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ کوردستاندا بۆ سیستمێکی دیمۆکراتی راسته‌قینه‌ که‌ حوکمی په‌رله‌مانی ده‌ستووریی و یه‌کسانیی له‌ به‌رده‌م یاساداو دادپه‌روه‌ری و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی بچه‌سپێنێ. ئه‌و ده‌یه‌وی ژیانی منالان و خێزانانی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان له‌ ئۆردوگاکانی شوڕش و رزگاری وهه‌مو شوێنێکی کوردستاندا به‌ تایبه‌تی و ژیان و په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی منالانی کوردستان به‌ گشتی باش بکرێ و پاشه‌رۆژێکی ساغ وسه‌رکه‌وتوو- و گه‌شیان هه‌بێ، ئه‌و ده‌یه‌وێ بازاری کارو ئیش و وه‌زیفه‌ له‌ به‌رده‌م گه‌نجاندا چ کچ چ کوڕ ئازادو‌ کراوه‌و یه‌کسان بێ تا ده‌رامه‌ت و داهاتیان هه‌بێ و بتوانن ژیانی هاوسه‌ری دروستکه‌ن و پاشه‌رۆژی نه‌ته‌وه‌که‌یان بنیات بنێن، ئه‌و ده‌یه‌وێ ژێرخانی رێگاوبان و شه‌قامی مۆدێرن هه‌مو شارو گه‌ره‌ک و شوێن و گۆشه‌و بنارێکی کوردستان بگرێته‌وه‌وهه‌موو دێهاته‌کانمان به‌ شێوه‌یه‌کی مۆدێرن ئاوه‌دان بکرێنه‌وه‌و ئابووری کشتوکالی ناوخۆمان بژێنینه‌وه‌و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆراک و داهاتی خۆماڵی خۆمان دابین بکه‌ین و کورده‌واری بژێنینه‌وه‌و که‌رتی په‌روه‌رده‌و زانکۆکان نوێبکه‌ینه‌وه‌و ‌ له‌ هه‌مان کاتدا ژێرخانی پیشه‌سازی و ته‌کنۆلۆجی نوێ و پاک و سروشتدۆست دابنێین. ئه‌و ده‌یه‌وێ بریارو ‌ ڕێکه‌وتن و گڕێبه‌سته‌کان ئاشکرا بن و په‌رله‌مان بریاریان بداو بوجه‌و سامانی گه‌ل بۆ گه‌ل بگه‌ڕیته‌وه‌و قۆرخکردنی ده‌سه‌لات و سامان وپاره‌و زه‌ویوزارو بازارو بازرگانی و ئازادییه‌کان و هه‌موو لایه‌نه‌کانی ده‌رفه‌تی ژیان و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ل له لایه‌ن بنه‌ماله‌و حیزبه‌وه‌ به‌ یاسا کۆتایی پێبهێنرێت و پێکه‌وه‌ کۆمه‌لگای نوێی دیمۆکراسی و یاسا و یه‌کسانی دروست بکه‌ین.

د. که‌مال وه‌ک به‌ڵێنی داوه‌ له‌ ناو میلله‌ته‌که‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌و پشتگیری داخوازییه‌ ره‌واکانی بۆ ژیانی دیمۆکراسی راسته‌قینه‌و سه‌روه‌ری یاسا و‌ عه‌داله‌ت و یه‌کسانی ده‌کاو له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ پشتگیری هه‌ر بریارو پرۆژه‌و هه‌نگاوێکی دروست و ده‌ستووری و یاسایی په‌رله‌مان و حکومه‌تی تازه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌کا که‌ خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ گشتی و فه‌قیرو هه‌ژارو که‌مده‌رامه‌ت و که‌مئه‌ندامه‌کانی به‌ تایبه‌تی بکات.

نووسینگه‌ی سه‌رۆکایه‌تی د. که‌مال میراوده‌لی
سڵێمانی ، به‌یانی 7 ی ئابی 2009



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە