نەبەز گۆران: من رۆژانە ئەوەندەی بە دەست پۆلیسەوەم ئەوەندە بە دەست خۆمەوە نیم
Saturday, 11/04/2009, 17:06
نەبەز گۆران یەکێکە لەو رۆژنامەنوسە گەنجانەى کە رۆلێکى دیار و بەرچاوى هەیە لە ئێستاى رۆژنامهگهری کوردیدا، لیدوان بە باشى زانى لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتدا تیشک بخاتە سەر چەند مەسەلەیەکى تایبەت بەو رۆژنامەنوسە وتێروانین و بیرو بۆچونەکانى لەمەر چەند بوارێکى لێکدى جیاواز کە بێگومان ووڵامەکانى راى تایبەتى ئەو دەردەخات بۆ ئەو مەبەستەش لە خوارەوە دەقى ئەو چاوپێکەوتنە دەخوێننەوە کە هەڵو مەرگەیى ئەنجامى داوە
هەڵۆ مەرگەیى: بەدرێژاى مێژووى بزوتنەوەى ڕزگارى نیشتیمانى کوردستان ئەوانەى بنچینەکانى مانفێستى بوغزیان داڕشت و تائێستاش تەلارەکانى هەڵدەچنن بەبڕواى نەبەز گۆران کێن؟..
نەبەز: ناتوانین ناوى کەس دەست نیشان بکەین، چونکە ئەو مانیڤێستە پەیوەندى بەکلتورو ئادابى کۆمەڵگەیەکەوە یان سیستەمێکەوەهەیە، لەکەسێکەوە بۆناو گروپێک یان حزبێک یان شوێنێک دەگوازرێتەوە، تۆ کە لەناو کۆمەڵگەیەکدا پەروەردەبویت کەوتبێتە ژێر کاریگەرى ئەو کلتورە توندانەوە حەتمەن بزوتنەوەى رزگارى خوازیشت ئەم پشکەى بەردەکەوێت، دەبێت ئێمە بەرلەوەى بێین قسەلەسەر ئەو کارەکتەرانەبکەین کە ئەم کلتورەیان لەگەڵ خۆیان گواستەوە بۆناو بزوتنەوەى رزگارى خوازى کورد، دەبێت بێین قسە لەسەر بنەماى کلتورەکە بکەین، قسەلەسەر ئەو دیاردەیەبکەین گوازرایەوە، ئەسڵەنە راستیەکەى دەبێت قسەلەسەر بزوتنەوەى رزگارى خوازى کوردبکەین، کە بزوتنەوەیەکە لە ڕەدلفیعلدادروست بوە، لەسەر بنەماى تۆڵەسەندنەوە دروست بوە، پرۆژەى گۆڕانى نەبوە، پرۆژەى تۆڵەوەرگرتنى هەبوە، پرۆژەى هەق سەندنەوەى هەبوە، کاتێک ئەم بزتنەوەیە پەیوەست بێت بەم بنەمایانەوە، هەڵبەتە رێگەى ئەو کارەکتەرانە باشتر دەکاتەوە کە قودرەى بوغز و هێزیان زیاترە، تا ئەو کارەکتەرانەى پرۆژەى چاکسازى و ریفۆرمیان پێیە، چونکە بزوتنەوەى سیاسى ئێمە بزوتنەوەیەکە بۆوەرگرتنى هەق خوڵقاوە، نەک بزوتنەوەیەک بێت بۆگۆرینى گوتارەکانى بەرامبەر خۆى مانیڤێست کردبێت.
هەڵۆ مەرگەیى: بەپێى هەبوونى فۆڕمى ئەندامێتى لەسەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان بەنەبەز گۆرانەوە زیاتر سێ هەزار ڕۆژنامەنوس لە وڵاتى ئێمەدا هەیە، من قسەیەکى ئێوەم سەبارەت بەوباسە تائێستا لانیە؟..
نەبەز گۆران، راسیتەکەى ئەو سەندیکایە ئیفلیج بوە، ناتوانێت کارەکانى خۆى کە هەمى رۆژنامەگەریە ببات بەرێوە، وەرگرتنى ئەو هەموو ئەندام حیزبە بەناوى رۆژنامەنووسەوە خۆى بۆخۆى کارەساتى گەورەى ئەو سەندیکایەیە، نابێت ئێمە شانازى بکەین بەوە لەوڵاتەکەماندا سێ هەزار ئەندامى سەندیکایە، واتە سێ هەزار رۆژنامەنوس هەیە، چونکە لەراستیدا ئەم وڵاتەى ئێمە بەمنیشەوە چوار رۆژنامەنووسى باشى تێدانیە، رۆژنامەنووسى پیشەیە، خوێندنە، نەک ئارەزو یان وەزیفەبێت، جا گەر ئێمە سى َهەزار رۆژنامەنوسمان هەیە لەم وڵاتەدا خێرە هەواڵەگرنگەکانى ناو وڵات لەکەناڵەبیانیەکانەوە دەبیستین، من ئەندامى سەندیکام، بەڵام سەندیکا نە زەوی پێەداو م نەپێشى باشە هەرگیز بچمە ناو ئەو لیتسانەوە کە ئەو زەویان دەداتێ و دەیان نێرێتە دەرەوە، خۆشبەختانەش منیش زۆر بێمنەتم لەو سەندیکایە، چاوەرێى هیچیش ناکەم، چونکە دەمەوێت رۆژنامەنووسى بکەمە پیشەى خۆم، وەهەرگیز رۆژێک روینەداوە لەکاتى تەنگانەدا دەست بەرم بۆسەندیکا یارمەتیم بدات، هەموو جارێکیش کە پۆلیس دێت بەشوێنما بەبۆنەى ئەو داوایانەى لەسەرم تۆمار دەکرێن سەندیکا دەنووسێت لاریمان نیە لەبانگکردنى، ئەمە سەندیکاکەى من و تۆیە بەرێز، ئیتر چاروەرێى چى لێدەکرێت، من ئەوەندەى رۆژانە بەدەست پۆلیسەوەم ئەوەندە بەدەست خۆمەوەنیم،کەچى سەندیکا نقەى لێوەنایەت، کاتێکیش تێهەڵدان دەخۆین وەک عادەتى هەمیشەى خۆى ئیدانەى دەکات، کەئەمەش بمێنێـت هەرباشە!!ئەم ئیدانەکردنەش ئەخلاقى حزبەکانە سەندیکاوەرى گرتوە.
هەڵۆ مەرگەیى: بەهەموو پێوەرە ڕۆژنامەوانیەکان دەبێ ڕۆژنامە چاودێرى حکومەت وپرسە کۆمەڵایەتى و هەنکوییەکان بکات بەبڕواى نەبەز گۆران لەوڵاتى ئێمەدا کامیان چاودێرى کامیان دەکات، حکومەت یان ڕۆژنامەکان، وە بۆچى؟..
نەبەز: رۆژنامە بۆرۆژنامە دەگۆرێت، رۆژنامەنووسیش بۆرۆژنامەنووسیش دەگۆرێت، لەوڵاتى ئێمە دوو جۆر رۆژنامەو رۆژنامەنوسمان هەیە، ئەوانەى سەربەتایپى حزبن راستیەکەى کاریان چاودێرى نیە کاریان ستایشکردنە، ئەوانى دەرەوەى حزبیش بەداخەوە خەریکە دەبینە ئۆپۆزسیۆن کەکارى ئێمە ئەوەنیە ببینە ئۆپۆزسیۆن، چونکە وەزیفەى رۆژنامەنووس رەخنەگرتنە، پیشاندانى راستیەکانە، گواستنەوەى حەقیقەتەکانە، بەڵام چونکە لەوڵاتەکەماندا ئۆپۆزسیۆن نیە ناچار دەبێت ئێمە ئەو دەورەبگێرین، کەئەمەش زۆر خراپە، دەبێت لەمەولا خۆمان لەو هەڵەیە بەدوربگرین و هەوڵبدەین پێش ئەوەى رۆژنامەنووسى بکەینە کارى خۆمان نەک ئۆپۆزسیۆنى، گەرتوانیمان ئەوەبکەین حەتمەن دەبینە چاودێر و دەنگیشمان زۆربەرز دەبێت.
هەڵۆ مەرگەیى: دەزگا سیخوڕیەکان لەهەرکات و سەردەمێک زیاتر خزاونەتە نێو جیهانى ڕۆژنامەوانى، زۆرێک نەبەز گۆرانیش لەو خانەیەدا دەبینن؟..
نەبەز: زۆر کۆمیدیە، راستیەکە من رۆژنامەنووسم نەک سیخوڕ، بەڵام خەڵک هێشتا بۆى رون نەبوەتەوە رۆژنامەنووسى چیەو سیخوڕى چیە؟ دەبێت بۆیان ڕونبکەینەوە، کارى رۆژنامەنووسى و سیخورى یەک تاڵەمووى فەرقە، رۆژنامەنووسى زیرەک ئەوەیە ئەو تاڵەموە نەپچڕێنێت، من هەوڵدەدەم هەمیشە ئەو تاڵەمووە بپارێزم، ئازیزم، رۆژنامەنوس دەبێت پەیوەندى هەبێت لەگەڵ خەڵک و دەسەڵاتداراندا، دەبێت ئاگاى لەگۆرانکاریە سیاسیەکانى ناوچەکەو دەرەوەبێت، من پەیوەندیەکى بەرفراوانم هەیە چ لەناو خەڵکدا چ لەگەڵ دەسەڵات دارە باڵاکانى وڵاتدا، دەسەڵاتدارەکان تێدەگەن رۆژنامەنووسم، بەڵام زۆربەى خەڵک لێیان تێک چوە، ئەو زانیاریانەى دەست من دەکەون وەک رۆژنامەنووسێک ئەمە هەقێکى منەو ئاساییە دەستم بکەون، گرنگ ئەوەیە زانیاریەکان وەک خۆیان دەگەیەنمە خەڵک و لەخەڵکیشەوە بۆدەسەڵات داران، وەلى هەرگیز روى نەداوە من بکەومە ژێرکاریگەرى هیچ کام لەو عەقڵانەى لەم وڵاتەدا باڵادەستن و لەنزیکەوە دەیان ناسم، هەندێک جاریش کادیرە بچوکەکانى هەردوو حزب، ئەوانەى لەئاستى خوارەوەن لەمە حاڵى نابن، ناچار تۆمەت دروست دەکەن، ئەوەش بزانە پارتى و یەکێتـى خەبیرن لەتۆمەت دروست کردندا بۆخەڵکى، بەس من هیچ بەو قسانە نیگەران نابم، چونکە دواجار خەڵک خۆى تێدەگات کەمن کارى رۆژنامەوانى دەکەم نەک سیخورى، جیاوازى سیخور و رۆژنامەنووسیش یەک شتە، سیخور لەناو خەڵک زانیارى کۆدەکاتەوە دەیبات بۆشوێنێک، رۆژنامەنووسیش دەچێت لەو شوێنە دەرى دەهێنێتەوەوە دەیداتەوە بەخەڵک، وەمن ئەوەدەکەم هەمیشە دەچمە نزیک گەورەترین دەسەڵاتەکانى ئەم وڵاتە زانیاریەکان دەهێنم و زۆر بەشەفافى بەبێ ترس دەیاندەم بەخەڵک، ئەمەیە کارى رۆژنامەنووس، برێک لەبەرپرسانیش بەمە نیگەرانن بۆیە هەرخەریکى تانەڵیدانن، لێگەرێ بائەوەندە تۆمەت دورست بکەن تا شەرم دەیانگرێت، گرنگ ئەوەی ئێمە راستگۆبین هەم لەگەڵ پیشەکەى خۆمان هەم لەگەڵ هەژارانى ئەم وڵاتەدا، ئەمەیە پەیامى من.
هەڵۆ مەرگەیى: بەڵام ئێوە سەرسامى یان چاوەڕوانییەکى زۆرتان لەهەمبەر ئایندەى ( مەسرور بارزانى ) پشانداوە؟..
نەبەز: چونکە گەنجە.
هەڵۆ مەرگەیى: دواى ئەوەى ڕفێندران و ئازار دران گوایە لەلایەن چەند کەسێکى نەناسراوەوە دەڵێن نەبەز گۆران بەپارەو سەردان ئاشتکراوەتەوە؟..
نەبەز: من جارێک نازانم ئەوانە کێ بوون؟ هەروەختێک روِن بویەوە کەکێیە وەیل بۆئەو دەسەڵاتدارەى کە ئەو کارەى کردوە، دڵنیام بەس بەنووسین ئەوەندە شەرمەزارى دەکەم ئەم وڵاتە بەجێ بهێڵێت، بۆپارەش، هەربەرپرسێکى ئەم وڵاتە هەرچى بەمن داوە بابڵاوى بکاتەوە من منەتم نیە، باروِنتر بدوێم، من کوڕە هەژارم، نەخانوم هەیە، نەسەیارە، نەزەوى، تەنها مانگانە لەهاوڵاتى و لڤین و میدیا، مکافەئەم دەدەنێ بەوە دەژیم، جگە لەوە لەهەرشوێنێک هەرچیەکى منت بیست یان بینى دەستت ماچ دەکەم بڵاوى بکەیتەوە، بۆمەسەلەى سەردانیش، راسیتەکەى من هیچ بەرپرسێک رێگەى لێنەگرتوم گەر ویستبێتم بچمەلاى، لەگەورەترین دەسەڵاتەوە تابچوکترینیان دەناسم، یان هەندێکیان ناچمەلایان بەس دەمناسن، بشچمە لاى هەربەرپرسێک حەتمەن بۆوەرگرتنى زانیارى دەچم تا لەوتارێکمایان لەنووسینێکما بەکارى بهێنم، پارەی زۆریش لەخزمەتمایە وەلێ من وەرى ناگرم، چونکە کارى من ئەونیە ببمە سەرمایەدارێکى باش تاپارە وەربگرم، ناشمەوێت خۆم پیس بکەم، کارى من ئەوەیە ببمە نووسیەرێکى باش، نووسەرێکى راستگۆ، رۆژنامەنووسێکى سەرکەوتوو، ئەمەش پەیوەندى بەهەوڵى خۆمەوە هەیە نەک کەسیتر، ئیدى پارەم بۆچیە تابچم پارەلەوانە وەربگرم بۆئەوەى ناشیرین بم، زەڕەیەک هەیبەتى خۆم ناگۆڕمەوە بەهەموو دەسەڵاتى ئەم وڵاتە، ئەم مۆدێلە ناشیرینە هەرلەم وڵاتەداهەیە کە رۆژنامەنووس دەچێت پارە وەردەگرێت، دەبێت نەوەى ئێمە ئەم مۆدێلە فڕێبدات، تاببینە خۆمان، نەک ببینە ئەوەى کە دەسەڵاتداران دەیانەوێت..
هەڵۆ مەرگەیى: نەبەز گۆران چەند پێناسى حیزبى گۆڕیون؟..
نەبەز: سەردەمى نەفامى، واتە سەردەمى موڕاهیقى پارتى بووم، هەموو کەسێکیش لەو تەمەنەدا هەڵەدەکات، ئیدى دواى ئەوە نازانم حزبى بوون یانى چى، وەلێ خانەوادەکەم هەموویان پارتین، خاوەنى چوار شەهیدیشم لەناو حزبى پارتیدا، بەڵام ئەمە شەهیدى خانەوادەکەممن، نەک من، چونکە من زۆر جیاواز لەوان بیردەکەمەوە، من بەشوێن خۆمدادەگەرێم خانەوادەکەم بەشوێن حزبداگەڕاون، مەبەستم ئەوانەیە لەجیلى ئێمەنین لەناو خانەوادەکەما، ئەمان ئەوگەنجانەى ئێستە لەخانەوادەى ئێمە سەرهەڵدەدەن هیچکامیان وەلائیان بۆحزب نیە، کۆمیدیا ئەوەیە لەگەڵ باوکم زۆربەى جار ناکۆکیمانە لەسەر ئەوەیە پێآ ناخۆشە لەسەر حزبەکەى بنووسم، باوکم پێشمەرگەى ئەیلول و گوڵان بوە، خۆشبەختانە ئێستا باخەوانە، بەڵام ترسى لەوە هەیە توشى لەناوچوون ببم، هەقى خۆیەتى، بەس دەکرێت زۆر جار ئێمە لەباوکەکانمان نەچین.
هەڵۆ مەرگەیى: چ جیاوازییەک لەنێوانى یەکێتى و پارتییەوە دەبینیت، کامیان ئەوەى تر هەڵدەسوڕێنێ، بەمانایەکى تر کامیان لەپەراوێزى ئەوەى تردا دەبینیت؟..
نەبەز/ ئەمانە دوو هێزن، هەندێک جاردەکەونە ژێر کاریگەرى یەکدیەوە، لەشوێنێک بۆشوێنێکى دى ئەم کاریگەریە جیاوازە، لەگوتارێکەوە بۆگوتارێکى دى جیاوازە، ئەم دوو حزبە کەسیان تواناى کاڵکردنەوەى ئەوى تریان نیە، زۆریش لەیەک دەچن، کتومت هەرئەڵێى یەکن، چونکە هەردووکیان لەشوێنێکەوە هاتون کە کۆمەڵگەى کوردیە زۆرجار دەبێت وەک رەنگێک سەیریان بکەى، ئەمە تۆزێک درێژە گەر قسەى لەبارەوە بکەین، بەڵام دووحزبن دەبێت کاربکەین بۆئەوەى بگۆرێن نەک بۆئەوەى بڕوخێن، هەم ئێمە پێویستان بەگۆڕانى ئەوان هەیە هەم ئەوانیش دەبێت دان بەوەدا بنێن کە بگۆڕێن، چونکە گەر ئیش بۆڕوخانیان بکەین بەدیلى سێهەم مەترسیدارە.
هەڵۆ مەرگەیى: قەڵەمەکانى بەعس چییان لەڕیتمى بەعسانەى کۆنە بەعسیەکان گۆڕیوە؟..
نەبەز: منیان تووشى سەرئێشەیەکى زۆرکردو خۆشیان پلەى بەرپرسیاریەتیان لەناو پارتى و یەکێـتى دا بەرزتربویەوە
هەڵۆ مەرگەیى: نوسەر هەیە دوانزە ساڵە لەسەر بەختیار عەلى دەنوسێ و بەختیار وەڵامى ناداتەوە، ئێوە نوسەرانێکى لەو چەشنە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
نەبەز: ئەوە ڤایرۆسى بەختیارى تێدایە، دەبێت ئەنتى بەختیارێکى بۆدانێین، زۆرجار تووشى ئەو حاڵەتە ئەبم خەڵکێک هەیە لە سایتەکانى ئەنتەرنێت تائێستە زیاد لە دە وتارى لەسەر من نووسیوە منیش وتومە بشمرێت بۆ وشەیەکى من جوابى نادەمەوە، دەزانى چیە تۆکارى خۆت بکە لێگەرێ لەدواتەوە چى دەڵێن، گرنگ ئەوەیە شتێک بکەى خەڵکى دى نەیکردبێت، واتە لەگەڵ عادەتدا مەچۆ، هەوڵبدە رێگەى خۆت هەبێت، بیرلەوەمەکەوەلەخەڵکى دى بچێت، بیرلەوەبکەوە چۆن خەڵکى دى هەوڵبدات لەتۆبچێت، راستگۆیانە هەنگاو بنێ دڵنیابە سەردەکەویت، هەموو کەسێکیش کە بوبە ناو کۆمەڵێک نەیارى بۆدروست دەبێت، کەسى سەرکەوتوو ئەوەیە خۆى سەرقاڵ ناکات بەو نەیارانەوە خۆى سەرقاڵ دەکات بەئیشەکانى خۆیەوە.
هەڵۆ مەرگەیى: ئەوە مەیدانى ئەدەبە بۆتە جێى تەراتێنى ئەوانەى نازانن ئەدەب ماناى چییە یان وازهێنانتان لەو بوارە هۆکارەکەى ئەوەیە ئێوە بەو دنیایە نەوێران؟
نەبەز: هەمیشە لەناو دنیاى ئەدەبدا دەژیم، گەر زۆربەوردى نووسینە رۆژنامەوانیەکانیشم بخوێنیتەوە دەرک بەوەدەکەى کاریگەرى ئەدەب بەسەرمەوە هەیە، تازەترین کتێبیشم کتێبێکى ئەدەبیە، لەم ماوەیەدا دەکەوێتە بەرچاوتان، لەچاپخانەى رەنج لەهاوڵاتى چاپ کراوە.هەڵۆ مەرگەیى: گووتارێکى نایەکگرتووى سەیرو سەمەرەى گەنجانە بەدیدەکرێ، وەک بستێ ئاسمان نەماوە ژوانێکى تیادا بگرم، شۆستەیەک نیە بۆ پیاسەکردن، با لێکدانەوەى نەبەز گۆران سەبارەت بەو باسەو پرسى گەنجان بەگشتى بزانین؟..
نەبەز: هەمووى نائومێدیە، دەبێت بەگەنجەکان بڵێت ئازیزان، گەنج بوون ژیانە ژیان، وەرن باکاربکەین تا ژیان بدۆزینەوە، بەبێ دۆزینەوەى ژیان گەنج بوون کۆمیدیایەکى بێمانایە، ئێمە گەر ژیان بنیات نەنێین ناتوانین باس لەگەنج بوون بکەین، کێشەکە ئەوەیە گەنج نایەوێت ژیان بناسێت باس لەگەنج بوون دەکات، باخۆمان بچوک نەکەینەوە بۆ شۆستەیەک یان ژوانێک، ئێمە زۆر لەوەگەورەترین، ئەوەندە گەورەین سوڵتانەکان ناگەنە چۆکمان، گەر واتەماشاى بوونى خۆمان نەکەین ناچار نائومێد دەبین باسى شۆستەبکەین، گەر نائومێدیەکەش لەقوڵیەوەبێت ئەمە جێگەى خۆشحاڵى منە، بەڵام دڵنیا نیم لەقوڵیەوە سەرى هەڵدابێت، وەک دانتى دەڵێت” ئەى ئەو کەسەى دێیتە ناوەوە دەست لەهەموو ئومێدێک بشۆ” ئایا گەنجەکان دانتیانە بیردەکەنەوە؟ یان کۆمەڵێک دەستەواژەیە و بەکارى دەهێنن، ئایا گەنجەکان نیچەیانە بیردەکەونە” ئومێدەکان بەخرابترینى خراپەکان دەزانن” یان تەنها دەیانەوێت بەوشێوەیە تەعریفى خۆیان بکەن؟ ئەمانە هەموو پرسیارن دەکرێـت وەڵامیان بدەینەوە، ئێمە زۆربەمان توشى سەرلێشێوان بوین، پەیوەندیشى بەوەهەیە ناتوانین بگەرێینەوە بۆناو خۆمان تاببینە ئەو هێزەى گۆڕان دروست دەکات، گەرئەوەشمان نەکرد ناچار هەمیشە چاوەرێى دەسەڵاتین و ئەویش تووشى نائومێدیمان دەکات، تکام لەگەنجەکان ئەوەی سەرەتا بیرلەناسینى ژیان بکەنەوە، پاشان دەتوانن لەناو ژیاندا مومارەسەى گەنج بوونى خۆیان بکەن، کەئەوەشیان کرد گۆران دروست دەبێت و دەسەڵاتیش لەگەڵ گۆراِنەکەدا ناچاردەبێت دەست و پەنجە نەرمبکات.
هەڵۆ مەرگەیى: حیزب، ئایدۆلۆژیا، ئاین، کولتورو داب و نەرێت، کامیان ڕێگرن لەکرانەوەى کۆمەڵگا؟..
نەبەز: هەرهەموویان پێکەوە پێویستیان بەگۆڕان هەیە.
هەڵۆ مەرگەیى: دەتەوێت پیاوى کورد چ سەبارەت بە دنیاى ژنان بزانێت؟
نەبەز: من ناتوانم بریار لەسەر پیاوان بدەم تا پێیان بڵێم چۆن تەماشاى ژن بکەن، وەلێ هیچ نەبێت باهەموومان وابیربکەینەوە ڕوبەڕوى ئینسانێک بوینەتەوە لەئێمە ناسکترە، لەئێمە جوانترە، هاورێمانە لەژیاندا، هەست بەبیمارى دەکات، هەست بە دڵتەنگى دەکات، بەس بتوانین رێزى بگرین وەک خۆى، جوانترن مەخلوقى ئەم سەرزەمینەیە، هەرچەندە من توشى بیماریەکى زۆر بوم لەگەڵ تاقە ژنێکدا، بەڵام قەت نامەوێـت وەک نیچەبکەم، “هەرکاتێک چوم بۆلایان قامچیەکە لەگەڵ خۆم ببەم”
هەڵۆ مەرگەیى:کێشەى ژنان بەهەبونى کەموو زۆرى نوێنەرایەتى و حزرویان لەپەرلەمان و حکومەتدا چارەسەر دەبێت؟
نەبەز: نا دەبێت کلتور بگۆڕین، عادەتەکان کاڵ بکەینەوە، هەیمەنەى ئاینەکان کەمێک کز بکەین، دەسەڵاتى خێڵ لاوازبکەین، پاشان دەرگایەکیش بکرێتەوە تاژن بێت خۆى بناسێت بزانین چیمان پێدەبەخشن، بزانین وڵاتەکەى ئێمەش دەبێتە خاوەنى “ فروغ ى فروغ زاد” کان؟
هەڵۆ مەرگەیى: چ حیکەمەتێک بەنێوانى وەزارەتى وەرزش و لاوان و ڕۆژى ژنپارێزییەوە دەبینیت؟
نەبەز: راستیەکەى من هیچ درکێک بەوەزارەتى وەرزش و لاوان ناکەم، کارەکانیشیان تائەوپەڕى لەلاوازیدایە، هەرخەریکى ڤیستیڤاڵ و خەڵاتن، ئەمەش خراپ تێگەیشتنیانە لەدنیاى گەنج، بۆیە نامەوێت لەسەر وەزارەتێکى بێ کار زۆرقسەبکەم
هەڵۆ مەرگەیى: تا ئێستا نەبەز چەند کیژۆڵە کوردى فریوداوە، یان چەند ئاڕت وەر گرتووە؟
نەبەز: فریودان نازانم چیە، بەس کچێک لەژیانم هاتە ناو تەمەنمەوە، چەند ساڵێک هێمنى پێدام، کتوپڕ رۆِى، وابزانم ئێستە ژیانى خۆى دەکات، تەنها ئەو کچەکوردەم ناسیوە، ئەو کتێبەش کە لەم ماوەیەدا دێـتە بازاڕ بۆئەوم نووسیوە، حیکایەتەکانى من و ئەوە کە هەڵبەت گەنجەکان بۆئەزموونى ژیانى خۆیان دەتوانن سودى لێوە ببینن، چونکە ئەو کتێبە بێ شاردنەوە ژیانى من و ئەوە لەتەمەنى خۆشەویستیدا، هەم نامەکانمان، هەم شیعرەکانیش، سەرتاپا پڕە لە قسەشیرینەکانى یەسنا، یەسنا ئەو کچەبوو دەمەو عەسرانێکى درەنگ دەستى بەرزکردوەو ووتى “ من بەکەڵکى ژیانى تۆنایەم”
هەڵۆ مەرگەیى: نەبەز گۆران زۆر لەمردن دەترسێ؟..
نەبەز: نەوەڵا ، شتێکە دواجار هەردێت، تۆ دەبێت لەشتێک بترسى کەدێـت بتوانى بەرى پێبگرى، مردن بەرى پێناگیرێت، بۆترس لەمردنشتێکى بێمانایە، مردن لاى من هێندەى تامکردنى بەرسیلەیەکى دەمەو بەهار ئاسانە
ئەم چاوپێکەوتن و گفتوگۆیەکاتی خۆی لە سایتی کوردستانئان بڵاوکرایەوە
http://www.kurdistanan.net/index.php?sid=9856
http://www.kurdistanan.net
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست