گەندەڵێكی تازە بابەت لە وەزارەتى تەندروستی!
Monday, 12/10/2009, 12:00
پاش دەستبەكاربوونی دەرمانساز نازم لە وەزارەتى تەندروستی بە پۆستی بەرێوەبەرى بەشی هێنانی دەرمان وپێداویستی پزیشكی هەر لە سەرتادا پێش بینی ئەوەم كرد و ڕای خۆم بە برادەرانی پەیوەندیدارى نێوەندی تەندروستی دەربڕی كەوا هەرچەندە تا ئێستا گەندەڵی ودزی لە وەزارەتى تەندروستى ئەنجام دەدرا بە ئاگادارى وبەشدارى وەزیرى تەندروستی بەڵام لەمەولا دوو ئەوەندە دزى دەكرێت لە وەزارەت لە پاڵ هێنانی دەرمان وپێداویستی پزیشكی وئامێرى پزیشكی. بەڵام من حەزم نەكرد ئەم قسانە بڵاو بكەمەوە بەبێ بوونى بەڵگە. بەڵام ئێستا چەند بەڵگەیەكم هەیە ولەمەولا یەكە یەكە لە كاتی خۆیان بڵاویان دەكەمەوە.
نازانم بە چ پێوەرێك وبە چ هەڵسەنگاندێك دەرمانساز نازم هەڵبژێردرا بۆ بەڕێوەبەرى بەشی هێنانی دەرمان لەكاتێكدا لێژنەى چاودێرى وەزارەتی تەندروستى خۆى بڕێك دەرمانی بەسەرچوو (ئێكسپایەر) یان لە دەرمانخانەكەى دەرمانساز نازم گرت لە پێشوودا ودەرمانسازانی شەقامی پزیشكی هەموویان ئەم باسە دەزانن.
لە سەرەتاى كارەكانی نازم لە وەزارەت ناوبراو دەستی كرد بە ساختە كردن وتەنسیقكردن لەگەل دكتۆر زریان بۆ دزینی پارەى كرینی دەرمان. یەكێك لەو كارە گەندەڵانەى ئەوەبوو كاری دابین كردنی بڕێكی زۆر دەرمانی ڕاسپارد بە كۆنە بەعسی دكتۆر بارزان عەونی یوسف بە بێ بڵاوكردنەوەى تەندەرى كڕینی بڕە دەرمانەكە واتە (دەعوە موباشیر), بەگوێرەى زانیارى من لە سەدا دەى كۆى گشتی گرێبەستەكە ئێستا لە گیرفانی نازم ودكتۆر زریانە لە كاتێكدا كە ئەو بەشە دەرمانەى كە تا ئیستا دابین كراوە لە لایەن د. بارزان بە پێی مواسەفات وهەڵ ومەرجی گرێبەستەكە نیە وبەشەكەى تری تا ئیستا دابین نەكراوە وكاتی دیاری كراوی دابین كردنەكەش ئەوە بۆ مانگێك دەچێت بەسەر چووە وپێویستە غەرامەى دواكەوتن بژمێرێت ولە تأمیناتی گرێبەستەكە بشكێنرێت بەڵام بەخوا د.بارزان خاوەنى نازم و د. زریان بێت ئەوا لە غەرامەكەش لێی خۆش دەبن چونكە ئەوان دڵیان زۆر گەورەیە ودڵیان نایە د.بارزان عەونی یوسف زەرەر بكات!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست