نامەیەك بۆ وەزیرى تەندروستى!

Saturday, 14/11/2009, 12:00


سەرەتا هیواى سەركەوتن دەخوازم بۆ دكتۆر تاهیر هەورامی لە پۆستى نوێی وەزیرى تەندروستى. ئاخۆ دكتۆر تاهیر هیچ پیلانێكی هەبێت بۆ بنبڕ كردنی هەموو ئەو گەندەڵیانەى كە لە سەردەمی وەزیری پێَشوو دەركراو تا ئێستاش بەردەوامی هەیە. تۆبڵێی دووبارە هەیكەلی ئیدارى دیوانی وەزارەت وبەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان دووبارە دابڕێژێتەوە. حەقی خۆیەتی چاوێك بخێشێنێتەوە بە بەشەكانى هێنانی دەرمان وژمێریارى ویاسایی كە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان هەیە بە گرێبەستەكانى كڕینی دەرمان وپێداویستی پزیشكی وتاوەكو ئێستا بە سەدان ملیۆن دۆلار دزی لێ ئەنجام دراوە بە تەئكید بە بەشدارى وەزیرەكانى پێشووى تەندروستى ڕاستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ! مەبەستم ئەوەیە ئەگەر وەزیر ئاگادار بێت لە دزیەكان ماناى ئەوەیە ڕاستەوخۆ بەشدارە وتێوەگلاوە. وەلێ ئەگەر ئاگادارنەبێت ئەوە ماناى ئەوەیە وەزیرێكی گێلەو ناڕاستەوخۆ بەشدارە وبەرپرسیارە لە دزییەكە. چونكە بەڕای من بنبڕ كردنی دزی وگەندەڵی لە هەر وەزارەتێك زۆر ئاسانە بۆ وەزیرەكەى ئەگەر نیازى هەبێت.
من وەكو دكتۆرێك كە چەندین ساڵە بە شانازیەوە خزمەتى میللەتەكەم ئەكەم وچاوم لە هیچ پۆستێك نیە بۆ خۆ دەوڵەمەند كردن. بەڵام زۆر ئازارم هەیە كە دەبینم كەسێكی ناشیاو ودز وجەردە وخاوەن رابردووى سەرشۆر كەر دانراون لە شوێن ووەزیفەى وەها كە زۆر بە ئاسانی دزیان تیا دەكرێت. بۆیە رێگە بە خۆم دەدەم لێرەوە ئامۆژگاریەك ئاراستەى دكتۆر تاهیر هەورامی بكەم ئەویش چاوخشانەوەیە بە كارەكانى بەڕێوەبەری بەشی هێنانی دەرمان دەرمانساز نازم عبدالله بەتایبەتى وبەشەكانی تری دیوانی وەزارەت بەگشتی. لەچەند وتارێكی رابردوو چەند كارێكی گەندەڵی ودزى دەرمانساز نازم عەبدوللا م بڵاوكردەوە. داوادەكەم دكتۆر تاهیر چاوێك بە فایلی دەرمانساز نازم عبدالله ودەرمانخانەكەى دەرمانخانەى هیوا بخشێنیتەوە. كە چۆن لێژنەیەكی وەزراەتى تەندروستى دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر لە دەرمانی بەسەرچوو (ئێكسپایەر) گرت لە ناو دەرمانخەكەى (هیوا). سەرەراى چەند گەندەڵیەكی تر كە لە وتارەكانى پێشتر باسم لێیان كردبوو. ئێستاش چەند بەڵگەیەكی ترم هەیە لەسەر نازم عبدالله وگەندەڵیەكانی وەكو:
یەكەم: تەنسیق كردنی نازم عبدالله لەگەل كۆمپانیاى (یوتێك) لەگەل ناوبراو (ئەندام) بە بەخشینی گرێبەستێكی كرین بە بڕی 238 ملیۆن دینار بە كرینی راستەوخۆ وبەبێ تەندەر بەرامبەر 12ملیۆن بۆ گیرفانی نازم عبدالله ووەعدی پێیان داوە كە بەردەوام لێیان دەكرێت تا ئەو بەرێوەبەری هێنانی دەرمان بێت با ئەوان هیچ خەمیان نەبێت.
دووەم: وەرگرتنی 8ملیۆن دینار لە لایەن نازم عبدالله لە ناوبراو (ئەرتەم توركمان) بەرامبەر بەخشینی كڕینی دەرمان لە كۆمپانیاكەى ئەرتەم بە ناوى كۆمپانیاى رۆش بە بڕی 200 ملیۆن دینار. شیاوى باسە نازم عبدالله داواى لە ئەرتەم كردووە كە دەرمان بە نرخى خۆى بدات بە دەرمانخانە تایبەتیەكەى (هیوا).
لە كۆتاییدا هیوادارم كە دەنگم بگات بە كەسی دكتۆر تاهیر هەورامی وگرنگی بدات بەم راستیانەى باسم كرد بۆ ئەوەى لە داهاتوودا ناوی ئەویش تێوەنەگلێت وبە ئاگری كەسانى گەندەڵی وەكو نازم عبدالله نەسووتێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە