عەلى مەحمود ئیعدام بكەن.!
Wednesday, 02/02/2011, 12:00
نوسەر و روناكبیر، چالاكوانى مەدەنى و هەڵسوڕاوى ئەكتیڤى بوارەكانى مافی مرۆڤ بەرگریكارێكى سەختى قوربانیانى ئەنفال و هەڵەبجەو كەسوكاریان (عەلى مەحمود) بەیانى ئەمڕۆ 2.2.2011 لەلایەن دەسڵاتى هەولێرەوە دەستگیر و زیندانى دەكریت .. بۆ؟!
عەلى مەحمود دەڵێت با موستەشارەكان دادگایی بكرێن و بەسە چیتر داڵدەى پیاوكوژەكان بدرێت، تاوانبارانى جنیوساید و ئەنفالى كورد بە سزاى خۆیان بگەن.. عەلى دەڵێت نا بۆ سیدارە و نا بۆ كوشتن و قەتل و ئیعدامى رۆڵەكانى كورد لە ئێران و توركیاو سوریا.. ئەو دەڵێت خزمەتى زیاتر بە كەسوكارى ئەنفال و هەڵەبجەو رەخساندنى زەمینەو باشتركردنى گوزەرانیان، ئەو هەمیشە پێشڕوى دەكات لە خۆپیشاندان و داخوازیە رەواكانى جەماوەر و چى بە نوسین یا بە كردار هەڵویست دەنوێنێت.. ئەو دەبێژێ كوا چارەنوسی بێسەرو شوینەكانى شەرى ناوخۆ و لەگەڵ كەسوكاریاندا دەچێتە سەرجادەو خۆپێشاندان دەكات.. عەلى دەڵێت خائین و نۆكەرە ئەوەى بەشداربێت لە یادكردنەوەى حكومەتى ئیسلامى سێدارەى ئێران لەسەر خاكى ئازاد كوردستان و هەمیشە قەڵەمەكەى تیژە بۆ نێو چاوى ئەنفالچیان و تاوانباران و گەندەڵكاران.. عەلى لە ئەوروپاوە چۆتەوە بۆ ئەوەى هاوشانى قەڵەمە ئازاد و روناكبیرە بوێرەكانى وڵات بەدەنگ بێت لەسەر مافەكانى خەڵك و داخوازیەكانیان.
ئەمە بەشێكى بچوكن لە تاوانەكانى عەلى مەحمود و عەلیەكانى تر كە ئەمڕۆ بیت یان سبەى زیندان و راوەدونان و كوشتن و ئازاردان پاداشتیان دەبێت.. جا بۆ ئەوەى دڵى حكومەتى سێدارەى ئێران نەڕنجێت و رێگە لە هەڵسوڕان و هاندانى بگرن و سەركوتى خەڵكیشی پێبكەن و چاوترسێنى خاوەن مافەكان بكەن و دەنگە ئازادەكان خەفە بكەن، عەلى مەحمود ئیعدام بكەن و قاسم ئاغاو ئاغاو بەگ و ئەنفالچی و قاتیلە نۆكەرو هەرچى و پەرچیەكانتانیش ئازادتر بكەن و مەیانشارنەوە لە خەڵكى و پلەو پایەى زیاتریان پێ بدەن چونكە هەر ئەوان بەكەڵكى ئێوەو دەسڵاتە ئۆلیگارشی و ناڕواكەتان دێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست