کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زه‌مانێکه‌ یه‌کیتی و پارتی کۆتره‌ سپییه‌کانیان کوشتووه‌

Wednesday, 01/08/2012, 12:00





کاتێك نامۆڕاڵی ده‌سه‌ڵاتێکی نابه‌رپرس و خێڵه‌کی و خوێنمژ ده‌گاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی سنووره‌کانی واقیع جێ بهێڵێت و نه‌ك ته‌نیا ببێته‌ هاوکێشه‌یه‌کی نامه‌عقولی به‌ڵگه‌نه‌ویست و له‌سه‌ر زاری هاوڵاتیانی ئاسایی بگوترێته‌وه‌ و هه‌مووان له‌ بازنه‌یه‌کی داخراودا بخولێنێته‌وه‌ و سته‌م و بێزاریی تا بینه‌ قاقای زۆربه‌ی خه‌ڵکان بێت، ئالێره‌وه‌ ئه‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه یه‌ ‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی وه‌رده‌گرێت کاتێك ده‌بێته‌ ده‌قێکی ئه‌ده‌بی و چالاکییه‌کی هونه‌ریی به‌رجه‌سته‌ی ده‌کات، ئالێره‌وه‌ نه‌فره‌تی مێژوو له‌ بیبلۆگرافیای مافیاو خائین و گه‌نده‌ڵه‌کانی به‌رپرسانی کوردستانی باشوور ده‌کرێت و به‌ له‌مپه‌ری ئازادی ودادپه‌روه‌ریی و مافه‌کانی مرۆڤ ئه‌ژمار ده‌کرێن.
ده‌سه‌ڵاتی نه‌زۆکی یه‌کێتی و پارتی به‌ درێژایی نیو سه‌ده‌یه‌ نه‌زیفی فیزیکی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیارییان له‌ جه‌سته‌ی هاوڵاتی کورد به‌رداوه‌و نه‌ك ته‌نیا شه‌رم و مۆڕاڵ لای ئه‌وان نه‌ماوه‌ به‌ڵکو گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بوون بۆ دارو به‌ردو ژینگه‌و ئاژه‌ڵ و سروشتی کوردستانیش، نه‌ك ته‌نیا له‌ بن کۆشکه‌کانیاندا چه‌ندان لاشه‌ی بێ ناسنامه‌ی لاوی کورد نێژراوه‌ به‌ڵکو هه‌میشه‌ له‌ پیلانداناندان بۆ فرۆشتنی هه‌موو پیرۆزییه‌کان لای تاکی کورد له‌ پێناوی مانه‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ته‌سکه‌کانی خۆیاندا و به‌داخیشه‌وه‌ زۆرجار به‌ پروپاگه‌نده‌ مێشکی خه‌ڵک پڕ ده‌که‌ن که‌ ئه‌وان نیشتمانپه‌روه‌رن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌ که‌سانێکی که‌می به‌رژه‌وه‌ندی خواز وکه‌سانێکی تری ناحاڵی چی دی که‌س به‌و ده‌هۆڵه‌ دڕاوانه‌یان سه‌ما ناکات.
شادمان بووم کاتێك له‌ یوتیوبدا گۆرانی{کۆتری سپی}م له‌ فۆرمێکی زۆر جیاوازدا بینی و گوێ لێ بوو، که‌ هه‌مووی ڕقی په‌نگ خواردووی چینه‌ بێ به‌ش و سته‌ملێکراو و چه‌وساوه‌کانی کوردستانه‌ و خانمێك به‌ ناوی که‌ژاڵ ئیبراهیم به‌ ده‌نگه‌ زوڵاله‌که‌ی ده‌یچڕێت و له‌ هۆنراوه‌ی سیامه‌ند ته‌وێڵه‌ییه‌ و له‌ ئاوازی سالار سه‌لمانه‌.ئه‌م کاره‌ هونه‌رییه‌ هه‌رچه‌نده‌ ساکار بێت به‌ڵام ده‌توانرێت به‌ شێوه‌یه‌کی هونه‌ریی پێشکه‌ووتووتر تۆمار بکرێت ، نه‌فره‌تێکه‌ بۆ مێژوو به‌ ڕووی هه‌موو ئه‌و به‌رپرسه‌ بێ مۆراڵانه‌ی کوردستانیان کردووه‌ته‌ مۆڵگای مافیا و بازرگانه‌کانی ویژدان، ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌مێکه‌ نه‌ك کۆتری سپی ئاشتییان سوتاند به‌ڵکو حاجی له‌قله‌قه‌ سه‌رکه‌شه‌کانیشیان له‌گه‌ڵ ئه‌سیره‌کانی جه‌نگی به‌ قۆنته‌راتی ناوخۆدا ڕه‌می کرد، ئه‌وان ته‌مه‌نی لاوانیان سوتاند به‌ گڵکۆی ئاگری ناحه‌قی شه‌ڕه‌نگێزی خۆیان، ئه‌وان خه‌ڵکیان چه‌واشه‌کرد و مه‌سه‌له‌ چاره‌نووس سازه‌کانیان به‌ هه‌رزان تاڵان کرد، ئه‌وان جوانیه‌کانیان ژاکان، خه‌ڵکیان تووسی سه‌دان قه‌یران و ده‌ردی ده‌روونی کرد...تاد.....
به‌ڵام ڕه‌شبین نابم وه‌کو باڵنده‌ی (عنقاو) له‌ دوای سووتانی له‌ خۆڵه‌مێشه‌که‌ی خۆیه‌وه‌ جارێکی تر سه‌ر ده‌ردێنینه‌وه‌و ده‌ڵێین ئێمه‌ش ده‌نگی ئازادی میلله‌تێکی چه‌وساوه‌ین قه‌د نامرین تا زوڵم بمێنێت ئێمه‌ش ده‌ڵێین :نا..نا..
بۆیه‌ له‌ کۆتاییدا له‌ گه‌ڵ خانمی گۆرانی بێژدا ده‌ڵێم:

مافی ئێمه‌ش ده‌ســتێنرێ
له‌ دوای ناڵین شادی دێ

ئه‌مه‌ش لینکی ئه‌و گۆرانییه‌ تازه‌یه‌یه‌:
http://www.youtube.com/watch?v=pNxgzAI5Xzw&feature=plcp

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە