یەكەم سكرتێری ئاڵای شۆڕش:یەكێتى لە دۆخێكدایە كەس بەغیلی پێ نابات

Wednesday, 16/12/2009, 12:00


وەكو خۆی ئاماژەى بۆدەكات كادرێكى دیاری نێو جوڵانەوەكانى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى كوردستان بووە و بە بێ دابڕان و بەردەوام و بە ئاگا بۆچوون و سەرنجى خۆی دەربارەى یەكێتى و حیزبەكانى دیكە و كەسایەتییەكانیان دەربڕیوە,حەمەئاوات یەكەم سكرتێری ئاڵای شۆڕش بووە كە بەشێكى جیابووەوە بوون لە یەكێتى و كۆمەڵەى ڕەنجدەران لە سەردەمى پێش ڕاپەڕینى بەهاری (1991)دا,لەدیمانەیەكیدا بۆ دەنگ تیشك دەخاتە سەر ئەو مێژووەو بەبێ منەت ڕەووداوەكان بە بەڵگەوە باسدەكات.
دەنگ : هۆكارى دروستبونى ئاڵاى شۆڕِش چى بوو ؟
حەمە ئاوات : دروستبونى ئاڵاى شۆڕش پەیوەندى بە هەندێ ململانێ ى ناو كۆمەڵەو یەكێتى یەوە هەیە .... گەر بە چاویلكەى ئێستا سەیرى كێشەى ناو كوتلەكانى ئەو كاتەى كۆمەڵە بكەین هێندە نەبوون كە ئێمە سەرى دنیامان لە خۆمان هێنابوە یەك باوەڕكە چارەسەركردنیان ئاسان بوو بەڵام بەهەموو لایەكمانەوە وامان نەكرد و كۆمەڵەكەمان بەو دەردە برد , هێندەى پەیوەندى بە یەكێتى یەوە هەبێت , كێشەكە هەیمەنەى كەسایەتى جەلال تاڵەبانى بو كە هەر لەسەرەتاوە هەندێ بۆچون هەبوو كە پێیان باش نەبوو جەلال تاڵەبانى لە دەستەى دامەزرێنەرى كۆمەڵەدا بێت چونكە بەیانى (11) ى ئازارى (1970) دەرچوو بوو سەردەم سەردەمى داڕمانى جەلالیەت بوو .... بۆیە دەبێت كۆمەڵە نە جەلالى بێت نە مەلایى بەڵام وا نەكرا , ئەو (مفاوەزات)ەى كە ساڵى (1983) كرا لەگەڵ بەعسدا دەبوو هەوڵ بۆ ڕێككەوتن بدرێ لەگەڵ بەرەى (جود) ا , چونكە ڕێكەوتن لەگەڵ حیزبى بەعسدا ئەگەر بە ئامانجیش بگەیشتایە ئەوا دیسان ئەبوو ئێمە شەڕى حیزبە كوردیەكانمان بكردایە كە لەدەرەوە بوون , واتا دووبارە كردنەوەى ئەزموونى ساڵى (1966) لە زەمانێكى تردا , لە كۆنفرانسى سێ ى كۆمەڵەكە لە مێرگەپان بەسترا ئەو برادەرانەى ئێمە بەسەراحەتەوە وتمان نامانەوێ (66) دوبارەبێتەوە ,دیسانەوە ئەیڵێم كە كێشەكانى ناو كۆمەڵە هێندە گەورە نەبوون كە ئێمە لەو شاخە سەرى دنیامان لە خۆمان هێنا بۆوەیەك , دەكرا بە گفتوگۆ چارەسەر بكرایە و بەو دەردە نەبرێ كە برا .
دەنگ : بۆ مەلا بەختیار دەستگیر كرا ؟
حەمە ئاوات : مەلا بەختیار پیاوێكى مەغرورە , زۆربەى زۆرى برادەران پێیان وابوون , كە ئەو خۆى تەرحكرد بوو كە جەلال تاڵەبانى (3) مانگ مۆڵەتى بداتێ دواتر ئێمە كۆنفرانسێ بگرین , كەس لەگەڵى نەبوو , مەلا بەختیار یەكێ بوو لەئەندامى لیژنەى ئەڵقەى ناوەندى نووسەرانى ئاڵاى شۆڕش ,كە مەلا بەختیار وەكو ڕووحیەتى خۆى هەمیشە كەسێك بووە بە گیانێكى موراهیقانە و خۆدەرخستوو هەمیشە خۆى وا پیشانداوە كە بەرپرسى یەكەمە , بەبڕیارى جەلال تاڵەبانى و یەكێتى نیشتیمانى كوردستان دەستگیركرا .
"عیماد ئەحمەد تاكەكەس بووە كە قسەكانى ئێمەی دەگەیاندە یەكێتى"
دەنگ : ئەى بۆ پەنجە بۆ نەوشیروان مستەفا درێژ دەكرێ لە دەستگیركردنى مەلا بەختیاردا؟
حەمە ئاوات : ئەگەر مەلا بەختیار تاوانبارى بكات ئەوا من بەیەك دەلیل و یەك قسەى خۆى وەڵامى ئەدەمەوە كە ڕاست ناكات , كە لەسوید بووین ئەو هێشتا زەحمەتكێشان بوو شەڕى لەسەر ئەوە كرد كە ئەو ئەندام پەرلەمان بێت یان سالار عەزیز ، پێموت جیاوازیتان چى یە هەردووكتان هاوڕێن و هەردوكتان مەكتەبى سیاسى زەحمەتكێشانن ، مەلا بەختیار وتى : نەخێر من ئەمەوێ لە پەرلەمانا جەلال تاڵەبانى و یەكێتى بدەمە دادگایەكى پەرلەمانى كە ئێمەى زیندانى كردووە و ئازارمان چەشتووە و ئیهانە كراوین .
"مەلابەختیار پەیوەندى پێوەكردم و وتى : حەمە ئاوات ئەوە فواد مەعسومیان لابردووە و كۆسرەتیان كردووەتە جێ ى ، وتم ئەوە كەى كێشەیە هەردووكیان ئەندامى مەكتەبى سیاسین ، وتى : كۆسرەت ڕۆژێك لە ڕۆژان حیمایەى منى كردووەو ئەوە شوێنى من بوو"
دەنگ: ئەو تەشەنوجەى كە مەلا بەختیار لە ڕاگەیاندنا بەرامبەر بە كەسایەتى نەوشیروان مستەفا هەیەتى بۆ كەى و بۆچى دەگێڕیتەوە ؟
حەمە ئاوات : تەنها ئەوە بوو ئەو هەستى بە لاوازى خۆى دەكرد و دەیویست ڕۆژێك لە ڕۆژان ببێتە سكرتێرى كۆمەڵە ، هەرگیز ئەو توانایەى لە نەوشیروان مستەفایا هەیە لەڕووى ئاستى فیكرى و تواناى سیاسى یەوە ئەوا یەك لەسەر سەدى ئەوە لە مەلا بەختیارا بوونى نەبووە ، كەسێكە تابڵێى خۆپەرستە ، مێژوویەكى دوور و درێژمان هەبووە بەیەكەوە حەزى لە خۆ دەرخستنە ، هەتاوەكو كاتى خۆى شەهید ئارام وتویەتى : ئەگەر ئەمە نەنێرینە دەرەوە ئەوا ڕێكخستنەكانى شارمان ئەدات بە فەتارەتا ئەوەندە پیاوێكى خۆ دەرخەرە ، بۆ مێژوو و ئەیڵێم كە ئەمە مەلا بەختیار خۆى باش دەزانێ كە كاك نەوشیروان بانگى كردو پێ ى وتبوو ئەگەر كێشەكەت سكرتاریەتى كۆمەڵەیە ئەوا من سكرتاریەتى كۆمەڵەت تەسلیم ئەكەم ، باشت كرد ئەوا پێتدەڵێین دەستخۆش ، بەڵام خراپت كرد ئەوا لێت قبوڵناكەین .
دەنگ : كێ بڕیاڕى كوشتنى دا ؟
حەمە ئاوات :كۆمەڵێك كادرى كۆمەڵە كۆكرایەوە و ئیمزایان كۆكردەوە وتیان بكوژرێن كە (مەلا بەختیار و مامۆستا پشكۆ و شێخ عەلى) بوون ، بۆ مێژوو ئەیڵێم كە مەلا بەختیار خۆشى باش ئەو مێژووەى لە یادە هێندەى من ئاگادارم (كاك نەوشیروان) لەو كەسانە بوو كە ئەوەى ئیمزا نەكرد كە (عەبدوڵا تۆفیق) كادرى هەولێر بوو ئەویش ئیمزاى نەكرد .
دەنگ: ئەگەر مەلا بەختیار لەیەكێتى دەربكرێ ئەوا هەمان هەڵوێستى ئێوەى دەبێ ؟
حەمە ئاوات : ئەو نەوشیروان مستەفا نییە كەوازى هێنا بتوانێ كۆمپانیایەكى وەكو كۆمپانیاى وشە دروست بكات ، كەتوانى بە هاوكارى باڵى ڕیفۆرم و چەند كەسایەتییەكى پاسۆك و كۆمەنیست و كەسایەتى جۆراو جۆر بزوتنەوەى جەماوەرى گۆڕان پێكبهێنێت ، ڕابردووى نەوشیروان مستەفا و برادەرەكانى جیاوازى هەیە لەگەڵ ڕابردووى مەلا بەختیار ، ئێستا مەلا بەختیار لە لوتكەى دەسەڵاتى گەندەڵیدایە ، ئەگەر دەریش بكرێ پێموایە حیمایەكانیشى دواى ناكەون .

دەنگ : ئەو(مەلابەختیار) وتى (200) كادرى یەكێتى چووەتە گۆڕانەوە ، وەڵامت چی یە ؟
حەمە ئاوات : دەرئەنجامى هەڵبژاردنەكان وەڵامى دایەوە كە لە پارێزگاى سلێمانى كێ برایەوە ،ئەى كوا ئەو (300 بۆ 400) هەزارەى كە مەلا بەختیار دەیوت ئەندامى ڕێكخراوەكانن ؟؟ دیارە ڕێكخراوەكانى مەلا دەنگیان بە گۆڕان داوە .
دەنگ : هەندێ نووسەرى یەكێتى بە ئێوەیان دەوت لەكەلى شەیتان وەرنە خوارەوە ؟
حەمە ئاوات : لیستى گۆڕان (خەڵكە) كەلى شەیتان نییە ، خەڵكیش هەمیشە لە لوتكەدایە ، لوتكەیەكى بەرز و پیرۆزە كە گەندەڵەكان لە ژێر پێ ى دایە .
دەنگ : بۆ وازت لە سكرتێرى ئاڵاى شۆڕش هێنا ؟
حەمە ئاوات : كە مەلا بەختیار لە زیندان بەر بوو من وازم لە ئاڵاى شۆڕش هێنا , نەگونجانى من و مەلا بەختیار و دوبارەكردنەوەى ئەو شتانەى كە لەپێش جیابونەوە لە كۆمەڵە كۆمەڵێك پڕو پاگەندەیكرد ، پێموت جیاوازى چیە كەتۆ جیابویتەتەوە لە كۆمەڵە و یەكێتى .

"قادر عەزیز یاریكەرێكى باشە"
دەنگ : ڕۆڵى عیماد ئەحمەد چى بوو ؟
حەمە ئاوات : ئێمە خۆمان گونجانمان هەبوو ، قسەى ئێمە ئەگەیشتەوە بۆ مەكتەبى سیاسى یەكێتى و ئەوە تەنها بۆچونى من نەبووە و بەبۆچونى برادەران كە كۆبوینەتەوە بە (عیماد ئەحمەد) مان زانیوە و بەڵگەشمان پێیە لەسەر ئەو بابەتانە ، یەكێ لە بەڵگەكان ئەوەیە كە عیماد ئەحمەد نەگیرا و هاتە زێوە ، یەكێ لەپێشنیارەكانى عیماد ئەحمەد ئەوە بوو كە بەحسابى خۆى دڵسۆزییە بۆ مەلا بەختیار ،پێشنیارى كرد كە با ئەم ڕێخستنە حەلبكەین و خۆشمان بچین بۆ ئەوروپا ، پێ ى سپێرابوو ، بە دڵنیاییەوە ئەو تاكە كەس بوو قسەكانى ئێمەى دەگەیاندەوە بۆ یەكێتى نیشتیمانى كوردستان ، نمونەیەكى دیارت پێ بڵێم كە ئەمە یەكەمجارە لە ڕاگەیاندندا باسى دەكەم ، جارێكیان مەلا بەختیار كاغەزێكى نووسى بۆم وتى بڕۆ ئەرسەلان بایز ببینە ، بۆچى بیبینم و چۆن ؟ ئەوە كاتى نەهاتووە تاوەكو بیڵێم ، ئەرسەلان بایز وتى : تكات لێ ئەكەم نەهێڵیت عیماد بزانێ كە من و تۆ یەكترمان دیوە چونكە دەگاتە وە بە یەكێتى ، كە ئەرسەلان بایز یەكێتى بوو !
دەنگ: ئەو هێزە لەكێ پێكهاتبوو مەلا بەختیارى گرت ؟
حەمە ئاوات : لە جەبار فەرمان و بە سەركردایەتى كاك شەوكەتى حاجى موشیر ، تەنانەت زۆر لەوانەى لەو هێزانەدابوون بەتەماى گرتنى بوون هەواڵێكى بۆ ناردبوو كە دەستگیرى دەكەن تا بڕوات بەڵام ئەو پیاوە ئەوەندە مەغرور بوو كە گوێ ى بەقسەى ئێمە و هاوڕێكانى نەدا كە لەناو ئەو هێزەشدا بوون ، بڕیارى كوشتنەكەشى تەنها بۆ ترساندنى بوو ، دەیانزانى مەلا بەختیار چى ترسنۆكێََكە ! بۆیە پاكانەیان پێ نووسى و وێنەى پاكانەكەى لاى خۆمە و پاراستومە ، ئەو بەڵگانەش لەكاتى خۆیدا بڵاودەكەینەوە .
دەنگ : چۆن چویتە زەحمەتكێشانەوە ؟
حەمە ئاوات : دواى دەست لەكاركێشانەوەم لە ئاڵاى شۆڕش بە حكومى لێكنزیكى بیرو بۆچونمانەوە لەگەڵ قادر عەزیزدا پێش ئەوەى بچمە دەرەوە لە ساڵى (1992) پێم وتن بە زەحمەتكێشان ئەژمارم بكەن ،دواى ئەوەى لە سوید بووم و دواتر مەلا بەختیاریش هاتە ئەوێ و لەساڵى (1994) و شەوێكیان بە منى وت : قادر عەزیز و عەبدولخالق زەنگەنە دەبنە یەكێتى ، وتى ئەگەر بوو ئەوا تۆ لەگەڵم ئەمێنیتەوە ؟ وتم بەڵێ ، ئەو هاتەوە بۆ كوردستان و تەلەفۆنێكى بۆ كردم لەماڵى مام جەلالەوە لە دیمەشق ، وتى : ئەوە مام جەلال سڵاو و ڕێزى هەیە بۆت و ئەوە ئێمە بوینەوە بە یەكێتى ! وتم ئاگادارم ،" بەهمەن حوسێن" پێشتر پێى وتم لە زاخۆوە ، مەلا بە مام جەلالى وتبوو لقى ئەوروپا كە من لێپرسراوى بووم لە گیرفانایا! بەیاننامەیەكم لە سەردەركرد ، ئەو هاتەوە نەهێڵێت یەكگرتنەكە ڕووبدات كەچى خۆى بووەوە بە یەكێتى !!كە كاك كۆسرەت بوو بە سەرۆك وەزیران ، مەلابەختیار پەیوەندى پێوەكردم و وتى : حەمە ئاوات ئەوە فواد مەعسومیان لابردووە و كۆسرەتیان كردووەتە جێ ى ، وتم ئەوە كەى كێشەیە هەردوكیان ئەندامى مەكتەبى سیاسین ، وتى : كۆسرەت ڕۆژێك لە ڕۆژان حیمایەى منى كردووەو ئەوە شوێنى من بوو ، كەس بەقەد من لە ئاڵاى شۆڕش زەرەرى نەكردووە ،
پێیوابوو لە قافڵەكە بەجێ ماوە ، بۆ دەوڵەمەند كردنى خۆى ، نامەوێ بڵێم ئەیوت چى ...... !! ئەیوت ئەگەر ببمەوە بە یەكێتى من چیم ..... وابزانم ڕوونە ! چەندینجار لەبەردەمى خۆما وایوتووە ، ئێستا لە چاودێرا بە ناوى زەردەشت ناوێكە كە موالیدى هەشتاكانە باسى ئەو شەڕە ئەكات كەمنى تیابووم ! من ئەڵێم ئەوە نوسینى مەلا بەختیارە ناڵێم زەردەشت حەمە ێاڵح ،من جوابى مەلا ئەدەمەوە ئیتر بابەهەر ناوێكەوە شت بنووسێ ، كەسێكە بەردەوام لە هەڵپەیا بووە ، وەكو وتومە ئێمە ئەوەى بۆمان ماوەتەوە ڕوحیەتە شۆڕشگێڕییەكەیە و ڕێزەكەمان لەناو خەڵكا ، ئێمە كە بەجادەى سەهۆڵەكەیە ئەڕۆین خەڵك گوڵ و ماچمان بۆ هەڵدەدات ، تەحەدا ئەكەم لە ڕۆژانى بانگەشەكەیا مەلا بەختیار و نمونەكانى بیوێرایە بەو شەقامەدا بڕوات ، لەبەر غەزەبى خەڵك .
دەنگ : پلەكانت لە زەحمەتكێشاندا چۆن بڕى و بۆ وازت هێنا ؟
حەمە ئاوات : لە ساڵى (1994) دا بووم بە ئەندامى كۆمیتەى ناوەندى و لە ساڵى (1999) دا هەمان پلەم بە دەستهێنایەوە و لەساڵى (2004) یەكەم دەنگم لەو كۆنگرەیەدا بەدەستهێنا ، "قادر عەزیز" وەكو سكرتێر بەچەپڵە (هەر وەك مام جەلال) دەرچێنراو نەهاتە هەڵبژاردنەوە ، زانییان كە دەرناچێ ، قادر عەزیز یاریكەرێكى باشە ، هەموو هەوڵێكى مەكتەبى سیاسیەكە و قادر عەزیز كۆبونەوە بوو لەسەر ئەوەى كە نابێ بهێڵن من بچمە مەكتەبى سیاسى ، چونكە دەیانوت تەكەتولى كردووە ، بەویژدانەوە ئەیڵێم كێشەى هەرە بنەڕەتى ئەو (بەڵێن عەبدوڵا) یە یە كە ئێستا جیابۆتەوە ، بەڵێن بۆ پێشتر نەى ئەزانى كە مانگانە بودجەى ئەو حیزبە لەماڵى كاك قادر دا ئەگیرا ؟ ئەى ئەو كاتە بۆ هەڵوێستیان نەبوو ؟ لەسەر ئەو گەندەڵیانە كەجیابووینەوە ، لەگەڵ مام جەلال دانیشتم وتى : لەساڵى (1996)ەوە تا ئێستا مانگى پەنجا هەزار دۆلارم بۆ ئیحتیات داوەتە كاك قادر عەزیز وتومە نەك لێیان بقەمێ ، وتم : مام جەلال بۆ ئاگاداریت كەسمان لە مەكتەبى سیاسى و كۆمیتەى ناوەوندى ئاگادارى ئەو پارەیەنین كە وتى دوو مانگە بڕیومە دەكاتە (48) مانگ كە (50) هەزار دۆلارى داوەتێ ، وەكو كەسایەتى ڕێزم بۆ قادر عەزیز هەیە ، ئەگەر كاك قادر خراپ بێ خوانەخواستە ئەوا بەڵێَََََََن خراپترا ، ئەگەر بڕیار بێت باش بێت ئەوە كاك قادر باشترە .
دەنگ : بۆ هاتیتە كۆمپانیاى وشە ؟ بۆ كەسایەتى نەوشیروان مستەفات پەسەند كرد ؟
حەمە ئاوات : بە كاك نەوشیروانم وت تاریكستانێك هەیە لەناو یەكێتى یا و لەهەمان كاتدا تروسكاییەك هەیە و ئەمڕۆ تۆ هەڵت كردووە هەر كەسێكى تریش بوایە لەگەڵى دەبووم ،
كەس ناتوانێ لەم سێ تایبەتمەندییەى كاك نەوشیروان ئینكارى بكات كە دەستپاكى ، داوێنپاكى تموحى بەرپرسیارێتى نەبێ ئەم سێ خەسڵەتە خەسڵەتى قیادى یە و كەسانى زۆر پسپۆڕى تێدایە كە ئومێدێكى زۆرمان پێیانە كە ئۆپۆزسێۆنێكى كارابن ، دەبێت ئەو ڕاستیەش بوترێت ئەمڕۆى كوردستان كاك نەوشیروان تاكە كەسە كە توانى ئەو تەحەدایە بكات .
دەنگ : لیستى گۆڕان بەزەنگێك دەزانى بۆ جەلال تاڵەبانى كە ناتوانێ بێ ڕەزامەندى ئەم لیستە ببێتەوە بە سەرۆكى كۆمار ؟
حەمە ئاوات : پێموایە ئەو برادەرە لەو ئاستەدا نەماوە ، كاتى خۆشى ئەوە پۆستى سونەكان بوو ئایا سیاسەتى تەوافوق و سیاسەتى داهاتووى ڕێژەیى دەبێ، ئەوا ئەوە بڕیار دەدات ،مام جەلال پێَى نەماوە ، قسەیەك ئەكات ئاگاى لەخۆى نیە كەچى وتووە ، ئەوە ئسلوبى حیزبى ڕۆژهەڵاتییە كە بەڕاستى ئەبێ سكرتێرەكان بمرن ، دەنا واز ناهێنن لەم عێراقەدا تەنها عەزیز محمد و كەریم ئەحمەد وەكو سكرتێر دەستیان لەكار كێشابێتەوە .
دەنگ : بۆ یەكێتى كەوتە ناو ئەو شكستەوە ؟ لەچى دۆخێكدایە ؟
حەمە ئاوات : یەكێك جورئەتى نەكرد ڕاستیەكان بە تاڵەبانى بڵێ ، چونكە ئەیكردە دەرەوە ، ئەو حەزى لەوەیە درۆى بۆ بكەیت و ڕێژەى هەڵەى بدەیتێ ، لەدۆخێكدان كەس بەغیلییان پێ نابات ، بەدڵنیایشەوە یەكێتى تەسلیمى پارتى بووە ،ئەو ڕێكەوتنە ستراتیژیە گوزارشتە لە پاراستنى بەرژەوەندییەكانى بنەماڵەى تاڵەبانى دواى مردنى خۆى ، ئەو یەكێتییەى كە جەلال تاڵەبانى سەركردایەتى ئەكات هەر ئەبێ لەناو پارتیا بتوێتەوە ، پەت لەنێوان یەكێتى و لیستى گۆڕانا پساوە ، باڵى ڕیفۆرمى یەكێتى بەشێكە لە لیستى گۆڕان چونكە خەڵكى پاسۆك و كۆمەنیست و زەحمەتكێشان و پارتى و سۆسیالست و لایەنى دیكەش هاتونەتە لیستەكەوە ، توێژێكى گەنج پێگەیشتووە كە هەرهیچ لایەنێك نەبووە .
www.nusin.org




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە