جەنابى سەرۆك كام دیوانى چاودێریی دارایی كارا دەكەیت ؟
Monday, 21/03/2011, 12:00
پاش 32ڕۆژ لەو ڕەوشەى هەرێمى كوردستان و شارى سلێمانى و دەوروبەری بەتایبەت تێكەوتووە ، ئەمجارەیان جەنابى سەرۆك لە بەرنامەیەكى پێشتر ئامادە كراودا دەركەوتەوە، بە خۆیی و كۆمەڵێك بەڵێنى درۆۆ پڕۆژەیەكى بەناو چاكسازی ، كە بەشێك لەو بەڵێنانە مەحاڵەو بەشَكى تریان لەمەحاڵ مەحاڵ ترە ، بەداخەوە جەنابى سەرۆك وەك لەقسەكانیدا دەركەوت هێندەى لەخەمى سوتاندى جامانەى سور و بەرد بارانەكەى بارەگاكەى خۆى بوو، بەهێندى ئەوە لەخەمى قوربانیانى خۆپیشاندانەكان نەبوو ، بەهەر حاڵ ئەوەى مەبەستمە ئاماژەى پێ بدەم وەڕاستەو خۆ پەیوەندى بە پیشەكەى منەوە هەیە وەك چاودێرێك لە دیوانى چاودێرى دارایی ، كە یەكێك لە و خاڵانەى پڕۆژەكەى جەنابى سەرۆك كاراكردنى دیوانى چاودێریی یە ، بۆیە پێم باشە ئەم فێڵەى جەنابى سەرۆك بۆ هاوڵاتیان بخەمە ڕوو كەدەیەوێت بەم قەوانە سواوە خەڵك بخەڵەتێنێت .
پاش یەكگرتنەوەى هەردوو دیوانى چاودێرى هەولێرو سلێمانى ، تائێستا ئەم دوو دەزگایە یەكگرتنەوكەیان تەنها بەشێوەیەكى ڕەمزى بووەو هیچ پەیوەندیك لەنێوان ئەم دوو دیوانەدا دروست نەبووە ، جگە لەوەى دیوانى سلێمانى پێشتر بەوە ناسرابوو چالاكترە لەهەولێر ، بەڵام لەسایەى دەسەڵاتى بنەماڵەكان و بەپلانێكى پێش وەختى نێوان یەكێتى و پارتى ئەم دیوانە یەكگرتووە بەرلەوەى لەدایك ببێت ئیفلیج كرا ، ئەویش بە دیاریكردنى سەرۆكێك بۆ دەزگاكە لەلایەن خودى جەنابى سەرۆكى هەرێم ، وە ئەوەى جێگەى سەرنجە ئەم سەرۆكەى دیوانى چاودێریی دارایی بەناو كوردە یەك ووشەى كوردى نازانێت و بەعەرەبى قسە دەكات ، تەنانەت سڵاو كردنى بەیانیان ناتوانێت بەزمانى كوردى بكات، بۆزیاتر لە (30ساڵە) لەوڵاتى كەنەدا دەژى و تەنها ئەلفێك نازانێت لە ئیدارەى حكومەت ، وەجگە لەجەنابى سەرۆك و كاك قادرى برین پێچ هیچ كەس لەم دەسەڵاتە گەندەڵكارە ناناسێت ، وەئاگاى لە مێژووى گەندەڵكارییان نیە ، لەم سێ مانگەى دەست بەكاربوونى سێ جار لەسەر بوودجەى میللەت سەفەرى كەنەداى كردۆتەوە ، من لێرەوە بە خوێنەرانى ئەم بابەتە دەڵێم ئەگەر كەسێك سەرۆكایەتى دەزگایەكى هێند هەستیار بكات بەتایبەت لەم دۆخەى ئێستاى هەرێمى كوردستانداو داواش بكەین دەزگاكەى كارا بێت ، جگە لەوەى تەواوى بەڕێوە بەرە گشتیەكان و جێگرى سەرۆكى دیوانیش بێ هیچ گۆڕانكارییەك لە كەسایەتیەكاندا ئەوانەى لەهەولێرو لە سلێمانى هەبوون پێش بەناو یەكگرتنەوە وەك خۆیان دانرانەوە، نیوە بۆ یەكێتى و نیوە بۆ پارتى ، دەبێت شایی چیمان بەم دیوانە بێت و چۆن كاراى بكەین جەنابی سەرۆك .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست