بەیاننامەی رێزو وەفاداری بۆ شەهیدانی هەڤدەی شوبات
Monday, 06/02/2012, 12:00
جەماوەری بەشەرەفی كوردستان وا دیارە هەمووتان باش ئەوە دەزانن لە تونس تاكە كەسێك توانی رژێمەكەی زین العابدین لە رەگەوە دەربهێنێ و ببێت بە فریاد رەسێك بۆ هاوڵاتیانی تونس و كۆتایی بە سیستمی دیكتاتۆریەت بهێنێت، لەمیسرو لیبیاش لە سەرەتاوە لە تاكە كەسێكەوە ئەو خۆپێشاندانە جەماوەریانە سەریانهەڵدا، وا ئێمەیش پاش چەند رۆژێكی تر دەكەوینە بەردەم لێپرسراوێتیەكی مێژوویی، هەڵەی گەورەو كوشندەی ئێمە، ئەوە بوو بوارماندا لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن سوار شەپۆڵە ناڕەزاییەكانی شەقام ببن و خۆڵ لە چاومان بكەن، بەڵام من لە ئێوە دەپرسم، دەبێت ئێمە لە یادی هەڤدەی شوباتدا چی بكەین؟! چۆن بتوانین سەردانی مەزاری شەهیدان بكەین؟! ئێوە باش دەزانن ئەم دەسەڵاتەی كوردستان زۆر لە وانەی میسرو تونس و لیبیا گەندەڵ و پاوانخوازترە، ئەم دەسەڵاتەی ئێستا بە حەوت ئاو لە چاو رژێمە دیكتاتۆرەكان شۆردراوەتەوە، ئێوە نابێت بەو درۆ شاخدارانە بڕوا بكەن، گوایە كورد قەوارەی نیەو ئەوان لە هەوڵی بە دەستهێنانی ئەو قەوارەیەدان، باش ئەوە دەزانن جگە لە كۆیلەكردنی خەڵك و بردنی سامانی گشتی هیچ شتێكی ئەوتۆ ئەوانی لێرە نەهێشتۆتەوە، بە چاوی خۆتان دەبینن، بۆ دان هەڵكێشانێك روو لە نەخۆشخانە گران بەهاكانی دونیا دەكەن و پاشماوەی قوربانیانی كیمیا بارانیش بەبێ كەسی سەر دەنێنەوە، ئێوە لە هەموان باشتر ئەو راستیە دەزانن ئەمانە بە ناوی شۆڕش و قسەی قۆڕەوە چۆن بوونە بە بار بە بان ملی ئەو خەڵكە هەژارەی كوردستانەوە، برایانم، ئێمە وا بۆ ساڵێك دەڕوات چاوەڕێی ئەوەین ئەم دەسەڵاتە ملهوڕە تاكە شەخسێك رادەستی دادگا بكات، وەكو دەبینین ئەوەندە بێشەرمانە گاڵتە بە ئێمەو خوێنی شەهیدەكانمان دەكەن و بە چاوی گومانەوە لێمان دەڕوانن و گاڵتە بە شعوری هەموومان دەكەن، ئایا ئەگەر لێبووردەیی خەڵكی كوردستان نەبێت، قەزەمی وەكو ئەمانە دەتوانێت وا بێ شەرمانە داخوازیی و مافی خەڵكی هەژار بخەنە ژێر پێیانەوە، ئەگەر گەورەیی ئێوە نەبێت چۆن دەكرێت لەشوێن ئەوەی ئەوان بە چۆكدا بێن، خوازیاری ئەوەبن ئێمە دەست لەسەر ئەژنۆ كڕنووشیان بۆ بەرین.
خوشكان برایان، بە چاوی خۆتان گەلی سوریا دەبینن چۆن بۆتە شەرمەزاری بۆ هەموو رژێمە دیكتاتۆرەكان لە ناوچەكەدا، وەكو دەشبینن لەم هەرێمەی ئێمەشدا چۆن لەترسی ئێوەی بەشەرەف ئاڵوگۆڕكردنی حكومەتە كارتۆنیەكەی ی ن ك و پ د ك بووە بە كابوس و سڵی لێدەكەنەوە، لە راستیدا ئەوە هەیبەتی ئێوەیە كە لە ناخەوە ئەوانی هەژاندووە، ئەگەر ئێوە نەبن كەی ئەوان گەڕاونەتەوە بۆ رای گشتی و پرس و رایان بەم و بەو كردووە؟! بۆیە وەكو رۆژی رووناك كاریگەری خۆپیشاندانە شەست رۆژیەكەی بەردەركی سەرا دیارە بەسەر سەری ئەوانەوە، ئەوان پێیان شەرمە دان بەو راستیەدا بنێن، چونكە سڵ لە ئیرادەی ئێمە دەكەنەوەو لە ئێمەی گەل دەترسن، لە خەباتی مەددەنی دەترسن، لە خۆپیشاندانی جەماوەری بێ تووندو تیژی دەترسن، لە هەموو گردبوونەوەیەك دەترسن، بەڵام ناشتوانن بەر دەرگامان لێ بگرن و لە ماڵەكانی خۆماندا دەسبەسەرمان بكەن، ناشتوانن لەم وڵاتەدا یاسا سەروەر بكەن، دەسبەرداری گەندەڵی نابن، واز لە نیشتیمان فرۆشتن ناهێنن، بۆیە لەم نێوەندەدا گرنگە ئێمە بڕیاری خۆمان بدەین و چی بكەین بۆ ئەوەی بە ویژدانێكی زیندووەوە روومان بێت و بتوانین بچینە سەر گۆڕی نەمران و چی دێڕە شیعرێك بە شایستە بزانین بۆ ریسوا كردنی ئەو ئەقَڵە بۆگەنانەی وا بەو شێوەیە پەروەردە كراون بە گولە وەڵامی بەرد بدەنەوە؟! من نازانم لەو چركە ساتەدا لەسەر گۆڕی ئازیزانمان چۆن روومان بێت سەر بەرز بكەینەوە، بە حەقیقەت ئێمە شەرمەزارین، چونكە یان دەبێت داوای لێبووردن لە شەهیدەكانمان بكەین كە دوای ئەوەندە ساڵ لە قوربانیدان، جارێ بە حزوری ئازادی نەگەیشتووین، چونكە لە حزوری دەسەڵاتێكی ساواداین، نەمانزانی ئەم وڵاتە هەش بەسەرەی ئێمە نغرۆیە لە دیكتاتۆر؟! بۆیە دەبێت پێیان بڵێین بنوون لە سایەی دەسەڵاتێكی گەندەڵدا، دەسەڵاتێك ئەوەندە كەم جورئەتە ناتوانێت تاكە ئینسانێك راپێچی داداگا بكات، دەسەڵاتێك ماڵی ئەو خەڵكە هەژارە دەدزێ و لە بانكی وڵاتانی دەرەوە سپی دەكاتەوە، دەسەڵاتێك كێشەی كورد بە كۆمپانیایەك دەزانێت، باس لە نیشتیمان پەروەری درۆزنانەیش دەكەن، بنوون جارێ لەم وڵاتە خۆری ئازادی هەڵنەهاتووە، بنوون جارێ شەقام لە ژێر پێی ئەواندا بێ جووڵەیەو كۆمەڵانی خەڵكی چاوەڕێی ئاسۆیەكی نوێن، چاوەڕێی نەعرەتەیەكن بۆ ئەوەی بۆ یەكجاریی وڵات لەم مرۆڤە ڤایرۆساویانە پاك بكەینەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست