کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ووشه‌کان و هاواری ئازادی سۆران و سه‌رده‌شته‌کان به‌ڵانسی بارزانی و پارتیان تێکشاند

Wednesday, 19/05/2010, 12:00



بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ئه‌قڵ خێڵه‌کی به‌و زمانه‌ ئێکسپایه‌رو ئه‌قڵیه‌ته‌ ژه‌نگاویه‌ چه‌قیوو جێماوه‌ له‌ مێژوودا،به‌و هه‌ڕه‌شه‌نامه‌ی مه‌کته‌به‌ سیاسیه‌که‌یان له‌ تێکڕایی جه‌ماوه‌ری کوردستان به‌ته‌واوی چین و توێژه‌کانیه‌وه‌، ئه‌و ڕاستیه‌یان سه‌لمانده‌وه‌ که‌ چ شه‌رمه‌زاریه‌که‌ بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان بۆ میلله‌تی کورد که‌ ئه‌مڕۆ له‌ سه‌ده‌ی بیست ویه‌کدا له‌سه‌رده‌می گڵۆبالیزم و ته‌کنه‌لۆژیادا، سه‌رۆکه‌که‌ی سه‌رۆکی بنه‌ماڵه‌یه‌و ئه‌قڵیشی نه‌خوێنده‌وارو کۆله‌وارو خێڵه‌یه‌کیه‌.ئاخر ئه‌مه‌ چ دواکه‌وتنێکه‌ بووه‌ به‌ به‌رۆکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه‌وه؟ ئاخر جگه‌ له‌ ئه‌قڵیه‌ت و بیرکردنه‌وه‌ی دیکتاتۆره‌ ملهوڕو گه‌مژه‌کان به‌ولاوه‌ ئه‌مڕۆ چ ده‌سه‌ڵاتێک چ سیسته‌مێک چ سه‌رکرده‌و سه‌رۆکێک هه‌یه‌ ته‌واوی میلله‌ته‌که‌ی خۆی به‌ گێره‌شێوێن و تێکده‌ر ناوزه‌د بکات؟؟ هه‌ڕشه‌نامه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی به‌ ئه‌قڵ و زمانی ئێکسپایه‌ر نووسراو، به‌ هێزترین به‌ڵگه‌یه‌، له‌وه‌ی که‌ کۆمه‌ڵگای کوردی بڕیاری به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چوون و په‌ڕینه‌وه‌ی خۆی داوه‌ له‌ قۆناغی دواکه‌وتوویی وزاڵبوونی ئه‌قڵیه‌تی خێڵه‌کی و پاشڤه‌ڕۆیی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی. په‌شۆکاوی و تووشی شۆک بوون و تێکچوونی به‌ڵه‌لانسه‌که‌یان زۆر به‌ ئاشکراو به‌ڕوونی له‌ هه‌ڕه‌شه‌نامه‌که‌ی مه‌کته‌بی خێڵه‌کیان ببورن سیاسیان ده‌که‌وێته‌ به‌رچاوی ته‌واوی خه‌ڵکانی کوردستان.پارتیه‌که‌ی بارزانی باس له‌ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سکه‌وته‌کان ده‌کات، ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی که‌ پارتی به‌سه‌رۆکایه‌تی بارزانی له‌ پێشه‌وه‌ی به‌ دیهێنانی ئه‌م ده‌سکه‌وتانه‌ بووه‌...!! لێره‌دا به‌ داوای لێبوردن له‌ خوێنه‌رانی به‌ڕێز، عه‌یب نه‌بێت من وه‌کو هاووڵاتیه‌کی کورد تا ئێستا قه‌ت نه‌مدیوه‌ پارتی وبارزانی له‌ پێشه‌وه‌ بن، وه‌ هیچ ده‌سکه‌وتێکی ئه‌وانیشم نه‌بینیوه‌.. ناشزانم ئه‌گه‌ر پارتی مه‌به‌ستی ئه‌و دیموکراتیه‌و ئازادییه‌ی ئێستای عێراق و کوردستان بێت؟ ئه‌وا به‌داوی لێبوردنه‌وه‌ پارتی و بارزانی ده‌بێت عه‌فوومان که‌ن ئه‌و ئازادی و دیموکراسییه‌ی ئه‌مڕۆی عێراق و کوردستان به‌تایبه‌تی، ئه‌وه‌ به‌رهه‌می ئه‌مریکایه،وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریکاش نه‌بوایه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا هه‌یه‌ به‌ ئاسانی نه‌ده‌هاته‌ دی. ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا نه‌بوایه‌ ئێستا شوێنی هه‌ره‌ نزیکی پارتی و بارزانی له‌ سنووری کوردستان به‌ تایه‌تیش هه‌ولێر تاران و که‌ره‌ج و ئورمیه‌ و ڕاژان ده‌بوو. خۆ ئه‌گه‌ر حزب و لایه‌نه‌کانی تر واش بڵێن ئه‌وا هه‌ر چۆنێک هه‌بێت پرسیارو وه‌ڵامێکی هه‌ر تیایه‌، به‌ڵام بۆ پارتی و بارزانی نه‌خێر. ئه‌و ئازادی و دیموکراسیه‌ی که‌ ئه‌مریکا هێنای بۆ کۆمه‌ڵگای عێراقی و کۆمه‌ڵگای کوردی به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێنا، که‌ دزی وتاڵانی و برسیه‌تی و تیرۆری ڕاده‌ربڕینی ئازادو دیموکراسیه‌تی له‌ کۆمه‌ڵگای کوردیدا پێبکرێت. ئه‌مریکا سه‌دامی بۆ ئه‌وه‌ نه‌ڕوخاند که‌ له‌ کوردستان دیکتاتۆرێک به‌ تاوان و دڕه‌نده‌یی، نا دیموکراسی و مرۆڤ کوژی سه‌دام فرچک بگرێت و دروست بێت و ببێته‌ ئه‌ژدیهای بکوژی خه‌ڵکی ئازادیخواز. ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ کوردستان ڕووده‌دات له‌ برسیه‌تی کردنی خه‌ڵکی کوردستان و دزینی سه‌روه‌ت و سامانه‌که‌ی و تیرۆری سیاسی خه‌ڵکی ڕۆشنبیرو ڕۆژنامه‌نووس و خوێندکارو له‌ ژێر پێنانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، خودی ئه‌مریکاش تێدا به‌رپرسیاره‌و ده‌بێت ڕێگای لێبگرێت وه‌ ئه‌مریکا به‌ هیچ شیوه‌یه‌ک نابێت هاوکاری سه‌قامگیر بوونی دیکتاتۆریه‌ت له‌ کوردستاندا بکات.له‌ به‌شێکی تری هه‌ڕه‌شه‌نامه‌که‌یاندا ده‌ڵێن(ئه‌وانه‌ن که‌چاویان به‌ سه‌رکه‌وتن و سه‌رفرازیه‌کانی پارتی هه‌ڵنایه‌ت)..! پارتی و بارزانی وه‌رن بابزانین کوێتان سه‌رکه‌وتن و سه‌رفرازیه‌ تاوه‌کو چاومان پێی هه‌ڵنه‌یه‌ت...؟ پارتی هه‌ر له‌شۆڕشی ئه‌یلولی ئاشبه‌تاڵه‌وه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تی ڕه‌حمه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی، دژ به‌ دیموکراسیه‌ت و ڕاده‌بێنی ئازادو قبوڵنه‌کردنی وێکنه‌چونه‌کان بووینه‌،ئه‌ی ئه‌وه‌ بۆجاری یه‌که‌م له‌ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کوردستان سه‌رۆک مه‌لا مسته‌فا نه‌بوو دیکتاتۆریه‌تی حزبی و تاکه‌ که‌سی داهێنا، که‌ له‌ ساڵی 1964دا له‌ به‌رده‌م یه‌که‌م تاقیکردنه‌وه‌ی دیموکراسی له‌ ناو پارتیدا له‌ لێکجیاوازی بیرو باوه‌ڕو ڕاده‌ربڕینی ئازادانه‌، مه‌لا مسته‌فا سه‌رنه‌که‌وت له‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌دا و فه‌شه‌لی هێناو ئه‌ویش،له‌ به‌رامبه‌ردا فه‌شه‌لی به‌ دیموکراسیه‌ت هێناو جیابوونه‌وه‌ی لێدروست بوو؟ له‌ دوای جیا بوونه‌وه‌ش هه‌مدیسان سه‌رنه‌که‌وت به‌وه‌ی که‌ له‌ شه‌ڕ زیاتر هیچی تری له‌ هه‌گبه‌ دانه‌بوو ئه‌ویشی هه‌ڵبژارد بۆ مامه‌ڵه‌ کردن و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ باڵی مه‌کته‌ب سیاسیه‌که‌ی، که‌ له‌ بیرکردنه‌وه‌و ڕاده‌ربڕین، لێکجیاواز بوون. هه‌ر ئه‌و شه‌ڕیش بوو که‌ بووه‌ هه‌وێنی خۆ کوژی و کورد کوژی که‌ تا ئێستاش ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌ شێوه‌ی جۆراو جۆر به‌ گه‌رمی به‌رده‌وامه‌، وه‌ پارتی و بارزانیش له‌م سیاسه‌ت و داهێنانه‌ سه‌قه‌ته‌ی خۆیان لایه‌نی سه‌ره‌کین تیایا. ئاکامی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ت و سیاسه‌ته‌ش ئاش به‌تاڵی لێکه‌وته‌وه‌. ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌تانه‌ که‌ چاومان پێی هه‌ڵنیایه‌؟! فرۆشتنه‌وه و ته‌سلیمکردنه‌وه‌ی چه‌نده‌ها له‌ که‌سانی شۆڕشگێڕو قاره‌مانی میلله‌ته‌که‌مان به‌ شای ئێران و شاش له‌ سێداره‌ی دان... ئه‌و سه‌ر که‌وتنه‌تانه‌ که‌ چاومان پێی هه‌ڵنایه‌؟! شه‌هیدکردنی فاخیر ئاغای مێرگه‌سووری له‌ گه‌ره‌مه‌ی دوا ساته‌کانی ته‌وابوونی ئاشبه‌تاڵ و چۆکدادان ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌تانه‌ چاومان پێی هه‌ڵنایه‌؟! کوشتارگه‌ی هه‌کاری که‌ ده‌یان و سه‌دان پێشمه‌رگه‌و کادێرو سه‌رکرده‌ی قاره‌مان و تێکۆشه‌ری وه‌ك دکتۆر خالیدو، عه‌لی عه‌سکه‌رییان تیا سه‌ر بڕی ئه‌وه‌یه‌ سه‌رکه‌تنی پارتی و بارزانی که‌ چاومان پێی هه‌ڵنایه‌ت؟! کاتێک که‌ ئیشکه‌رو وابه‌سته‌ی ساڤاک بوون له‌ زه‌مانی شادا، له‌ دوای ڕووخانی شای ئێران و نه‌مانی ساڤاک، ڕژێمی ئاخوندی خومه‌ینی و ئیتلاعاته‌که‌ی بوونه‌ حوکمڕان ئێوه‌ی پارتی به‌ سه‌رۆکایه‌تی بارزانی وه‌کو کارتی جۆکه‌ر به‌ شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی بوون به‌ ئیشکه‌رو وابه‌سته‌ی ئیتلاعات، پاشانیش بوون به‌ قه‌ره‌وڵی پێش سوپای پاسداران بۆ سه‌رکوتکردن و له‌ناو بردنی شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کوردمان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ده‌یان و سه‌دان تاوانتان تیا ئه‌نجامدا ده‌رهه‌ق به‌ پیرو گه‌نج و ژن وپیاو مناڵی کوردی بێ تاوان... ئه‌وه‌یه‌ سه‌رکه‌وتنی بارزانی که‌ چاومان پێی هه‌ڵنایه‌ت؟! کوره‌ 31ی ئابتان ئه‌و پۆستاڵ ڕه‌شانه‌ی که‌ له‌ مۆڵگه‌کانیان ژێر کراس و ده‌رپێی ژن و کچی کوردیان تیا هه‌ڵئه‌واسی له‌ دوای ئیغتیساب کردنیان، ئه‌و پۆستاڵ ڕه‌شانه‌ی که‌ 8000 بارزانی و پتر له‌ 180000 ئینسانی کوردیان ئه‌نفال کرد ئه‌وانه‌ی هه‌ڵبجه‌یان شه‌هید کرد، ئێوه‌ی پارتی به‌سه‌رۆکایه‌تی بارزانی بۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر کوردا چوون له‌ 31ی ئابدا بوون به‌ قه‌ره‌وڵی پێش ئه‌و پۆستاڵ ڕه‌شانه‌و داوه‌تی سه‌ر شه‌رفی کوردتان کردن و شه‌وی په‌مه‌ییتان له‌سه‌ر که‌رامه‌تی کوردستان و شه‌ره‌فی نێرو مێی کورد بۆیان ڕازانده‌وه‌، ئایا به‌و سه‌رکه‌تنه‌تانه‌ چاومان هه‌ڵنایه‌؟! پارتی و بارزانی کوێتان شه‌رمه‌زاری نیه‌ بۆمان؟ ده‌توانن پێمان بڵێن؟ پارتی و بارزانی ئاهه‌نگه‌کان و یادکردنه‌وه‌کانتان بۆ 31ی ئاب له‌ خیانه‌تکاری ئه‌وه‌یه‌ ده‌تانه‌وێت چاومان پێی هه‌ڵبێت؟ دڵنیابن پارتی و بارزانی ئێمه‌ی سۆرانه‌کان و سه‌رده‌شته‌کان وه‌کو ووشه‌ی بوێر به‌نووکی قه‌ڵه‌می ئازاد نووسراینه‌وه‌، وه‌کو ده‌نگ وهاواری ئازادی ونان له‌ قووڕگی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌ هاتینه‌ ده‌ر، به‌سه‌دان هه‌زار دێین و به‌رده‌وامیش ده‌ڕژێینه‌ ناو شه‌قامه‌کان، وه‌ک مۆم داگیرساوین بۆ ڕووناکی، ئێمه‌ی سۆران و سه‌رده‌شته‌کان وه‌کو تیر له‌ که‌وان ده‌رچووین ناوه‌ستین ناگه‌ڕێنه‌وه‌ ناترسین و جه‌ربه‌زه‌ین تا ئامانجی خۆمان له‌ ئازادی و دیموکراسی و سه‌روری یاساو نان و ئاسایش بۆ هه‌موومان نه‌ پێکین و به‌ده‌ست نه‌هێنین. ئێوه‌ش منه‌تان نه‌بێت فه‌رموون دوا فیشه‌کی خۆتان بته‌قێنن.
 
‌‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە