کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مه‌سعود بارزانی، کۆیله‌ی داگیرکارانی کوردستان..!

Saturday, 05/06/2010, 12:00


لای هه‌ر هه‌موومان ڕوونه‌ که‌ تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان، بوو به‌ سەرەتاو دەستپێکی ووشیار بوونه‌وه‌و یه‌کڕیزی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان و یه‌که‌مین هه‌نگاوی هه‌ڵسانه‌وه‌ له‌ شۆڕش و خه‌باتێکی مۆدرێن و سه‌رده‌میانه‌. که‌ ئه‌مه‌ بۆ یه‌که‌مین جاره‌ ئاوەها خه‌ڵکانی کوردستان ده‌ستیان کرد به‌م شیوه‌یه‌ له‌ خه‌بات و تێکۆشانی شارستانیانه‌ی ،دژ بە دەسەڵات و ڕژانە ناو شەقامەکان. ئەو پێنگاڤەی خەڵکانی کوردستان، بوو بە مایەی هەراسانی و مەترسیەکی یەکجار گەورە بۆ بنەماڵەی بارزانی و پارتی. کە هیچ کاتێک بنەماڵەو پارتی بە ئەقڵیان دانەدەچوو کە ڕۆژگارێک دێت میللەتی کورد بەم شێوەیە هەڵوێستان لێوەردەگرێت و مەترسی ڕوخان و لێسەنەندەوەی دەسەڵاتی زەوتکراوی خۆی لێ یان دەکات. پارتی و بنەماڵەی بارزانی چاویان سوور بووەو هارانە وەکوو شێت بە دەوری خۆیاندا دەخولێنەوە. بە هیچ شێوەیەک ئەمەیان بۆ قووت نادرێت و ناشتوانن ئیستیعابی ئەم ڕەوشە بکەن و چارەسەرێکی یاسایی و سیاسی ئاقڵانەو گونجاویشی بۆ بکەن. وەک دەبینین لە بری ئەمەدا بنەماڵەی بارزانی و پارتی بە کاردانەوەیەکی زۆر نا بابەتیانەی نا سیاسی و نابەجێ هەڵوێستیان لە خەلکی کوردستان وەرگرتووە، ڕێک سیاسەتی کەری دێزەیان گرتۆتە بەر لەوەی نەوەک هەر بە تێچوونی خۆیان و زەرەری خاوەنەکەیان، بەڵکو بە تێچوونی خاوەنەکەشیان بێت دەیانەوێت هەر چۆنێک بێت کۆتایی بە بابەتی تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنووس سەدەشت عوسمان بێنن. بارزانی و پارتی لە مە تێناگەن کە تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنووسان سۆران و سەردەشت، جگە لە دڵۆپێک لە زەریایەکی گەورەی ڕق و بێزاری و بەرەنگاربوونەوەی جەماوەری کوردستان، دژ بە دەسەڵاتە تاڵانچی و دزە ستەمکارەکەتان،بترازیت هیچی تر نیە. مەسعود بارزانی و پارتی نایەوێت دان بەم ڕاستیە دابنێنن کە چیتر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەوانی ناوێت و بەم شێوەیەش لێیان قەبوڵناکات، وە ئەمە سەرەتای کۆتایی پێ هاتتنی دەسەڵاتەکەیانە لە کوردستان. مەسعود بارزانی وەک سەرۆکێک زۆر فاشلانە نەیتوانی هەڵس وکەوت بکات لە کێشەی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا. لە دوای دوو هەڕەشە نامەکەی هەر بەردەوام بوو، لە هۆڵی پەڕلەمان و کۆنگرەی یەکیەتی نیشتمانی هەر بە هەمان ئەقڵ و زمانی سواوو بەسەر چوو قسەی کرد. لە جیاتی چارەسەری کێشەکەی تیرۆری سەردەشت عوسمان شەڕی خۆکوژی و کورد کوشتنی وەکوو ئەلتەرناتیڤێک هێنایەوە یادو بە بێ شەرمکردن لە ڕابردوو باسی لێوە کرد. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە مەسعود بارزانی و پارتی نایانەوێت چارەسەری کێسی تیرۆرکردنی سەردەشت بکەن. ئێستاش هەرەوەک لەسەرەتاشدا بینیمان کە بنەماڵەی بارزانی و پارتی دەگەڕێن بەدوای دۆزینەوەی شەماعەیەک بۆ ئەوەی جلە پیسەکانی خۆیانی پیا هەڵواسن و هەرچۆنێک و بەهەر نرخێک بێت خۆیان لەم کێشەو ئاریشەیە ڕزگار بکەن. لەسەرەتا کاک کۆسرەت ڕەسوڵ و یەکیەتیان تاوانبار کرد بە تیرۆرکردنی شەهید سەردەشت عوسمان، کە ئەمەیان بۆ نەچووە سەر، کێشەکەیان خستە ئەستۆی گٶڕان لەمەش دەمشکاوانە فەشەلیان هێنا... دوای ئەمانە لەتەک ئەقڵیەت و زمانی هەڕەشە مەسعود بارزانی مەسەلەی سەروەری یاساو شەرعیەتی خۆی خستە سەر مێزی هەڕەشەکانیەوە. سەروەری یاساو شەرعیەت، زۆر ڕاستە زۆر بەجێ یە، ئەمە وایە سەروەری یاساو شەرعیەت، دەردی عەرەب گوتەنی ئەمە هەقوو ڕاستیەکە، هەر هەموو ناڕاستی و چەوتیەکانی پێ ڕەت دەکرێتەوە. بەڵام کام سەروەری یاساو کام شەرعیەت جەنابی بەناو سەرۆکی بەڕێوە بەری پارێزگاکانی شیمالی عیڕاق و کەسایەتی یەکێک لە خێزانە مەعروف و ناسراوەکانی عیڕاق؟؟؟!. مەسعود بارزانی تا ئێستا تۆ وەکوو سەرۆکێکی نەشیاوو نەگونجاو بۆ ئەم شوێنە تێتنەگەیاندوین مەبەستت لەکام یاسایە؟ ئایا مەبەستت لەم یاسایەیە کە هەر هەموو تاکێکی کوردی وەکوو یەک بەبی جیاوازی بیرو ڕاو پلەو پایەو بۆچوونەکانیان یەکسان بن لەبەردەمیدا؟ یان یاسایەک کە لە پێش هەموو شتێکدا دەستەبەری مافی هاووڵاتی بوون و مافی ژیانێکی ئازادانەو پارێزراو بکات؟ یان ئەو یاسایە کە دەستەبەری نانێکی سەربەرزانەو ئازادانە بۆ هاووڵاتیان بکات؟ یان یاسایەک کە گیانی هاووڵاتیان و پارێزگاریکردن تیا بەهادار بێت، یاسایەک کە نەوەک هەر لەتیرۆرکردنی هاووڵاتیان، بەڵکو لە ڕژانی دڵۆپێک خوێنیش لە پەنجەی هەر هاوولاتیەک بێ دەنگ نەبێت و تاوانباران پەلکێشی بەردەم دادگا بکات؟ ئایا بەڕاست مەبەستت لە سەروەری ئەم یاسایەیە کە پارێزگارو دەستەبەری دیموکراسی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و یەکسانی ئافرەت و پیاوە تیایایە؟! تا ئێستا پێت نەوتووین کام یاسات مەبەستە؟ بۆ ئەوەی تێمان بگەینی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی با هەڵیگێڕینەوە پرسیارەکانم بە دیوەەکەی تردا دەکەم ئایا مەبەستت لەسەروەری یاسا ئەو یاسایەیه‌ کە دەسەڵاتی ڕەهاتان هەبێت و میللەت و کۆمەڵگاش وەکوو مێگەلی بزن لێخورن بەئارەزووی خۆتان هەرچی بتانەوێت پێی بکەن و کەسیش وورتەیەک نەکات؟ یان ئەو یاسایەی کە پاریزگاری بکات لە تۆقان و تیرۆرەکانتان دژ بە کۆمەڵگای کوردی و تاڵان و دزی و سەروەت و سامان و پارەی ئەم میللەتە کە هەر لە دەسپێکی شۆڕشی ئەیلولی چۆکدادانەوە تا ئێستا بە پای پیلان بێ پسانەوە، بێ شەرمانە دەیدزن؟؟ ئایا مەبەستت لەم یاسایەیە کە داگیر کردنی کوردستان و موڵک و ماڵی هاووڵاتیان و مووڵکی گشتی دەوڵەتتان بە تاپۆکردنی بە زۆرە ملێ لەسەر خۆتان بۆ دەستەبەر بکات؟ مەسعود بارزانی کەسایەتی ناسراو لە یه‌کێک له‌ عائیلە عیراقیەکان، ئایا دەتەوێت یاسایەک سەروەر بێت کە هەر کەسێک دەمیکردەوەو بچوکترین ڕەخنەی ئاراستە کردن تیرۆرکردن و کوشتنی حەڵال بکات بۆتان؟ ئەو یاسایە دەڵیی کە پێشێلکەری دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین بێت و تیرۆرکردنیان بکاتە ماف بۆتان؟! هەر پێت نەوتین سەرۆکە شەرمنەکە کام یاسات مەبەستە؟ جا ئێستا با بێنە سەر مەسەلەی ئەو شەرعیەتە نا شەرعیەتەی کە ناوە ناوە هەڵی ئەکێشیت بە ڕووماندا. جەنابی بەڕیوە بەری سەرۆکایەتی پارێزگاکانی شیمالی عیڕاق، ئایا دەزانی شەرعیەتی میللەت تەنها دەدرێت بە کەسی کورد پەرەرو نەتەوەیی و دڵسۆز بۆ کوردستانەکەی، دەدرێت بە کەسی شیاوو ئازاو جەربەزەو چاونەترس؟ ئایا دەزانی شەرعیەتی میللەت مانای سەرقافڵە بوونە لە خۆبەختکردن و پاڵاوانیەتی و تەنازول نەکردن لە ژێر هیچ باڵەستۆویەک و بارو دۆخ و زروفێک و ناوو نیشانێکدا؟ مەسعود بارزانی ئایا لەمە گەیشتووی کە کەسی خاوەن شەرعیەتی میللەتی خۆی دەبێت گوێڕایەڵ وملکەچ و خزمتەکاری نەتەوەو کۆمەڵگای خۆی بێت، لە بەرامبەر دوژمنانی میللەتەکەشیدا شێر ئاسا لە شەڕو دیبلۆماسیەتدا لەسەر پێ بێت؟!! بەڵام بەو سەردانەت بۆ تورکیا دەیان و سەدان قاتی پێچەوانەکەت سەلماند. ئاخر هەی سەرکزو شەرمنی بێ خێر، بەکورد فێری بە دوژمن نەوێر، تۆ تەنها لە بەرامبەر ئێمەی کوردا سنگ دەردەپەرێنی بەوەی کە سەرۆکی و شەرعیەتت هەیە؟ تورکەکان سەرۆکایەتیەکەت وکەرامەتەکەتیان وەکوو تەشکە بەڕ ڕاخست و خستیانە ژێر پێ خۆیان، کەچی تۆش بەو زەردەخە شەرمنانەو زەردهەڵگەڕاوانە ژێر پێی تورکەکانت نەرمتر دەکرد. باشە ئەوە خۆت و ڕاوێژکارەکانت شەو کوێر بوون؟ شەوکوت بوون؟ نەتان بینی کە نەئاڵای کوردستان، نەئاڵای عیڕاق هیچان دانەنراوە؟ ئایا دەزانی ئەم هەڵس و کەوتەی تورکەکان مانای ئەوەیە کە مەسعود بارزانی تۆ نەوەک هەر سەرۆک نیت بەڵکو هیچ نیت؟ تورکەکان بەم مامەڵە کردنەیان لەگەڵ تۆدا جارێکی تر بە خۆت و بنەماڵەکەت و پارتیەکەت و هەر هەموو حزب و لایەنە مێچکە مێچکەرەکانی ئێوەیان ووت،کە تۆ جگە لە دزێکی گەورەو شەریکێکی کۆمپانیا بازرگانیەکان و ناحەزێکی میللەتەکەی خۆت و پیاوی ئەوان بۆ فەرهودکردنی کوردستان شتێکی تر نیت. دەک ئافەرین پیاوی شەرمن بۆ خۆت زەردەخەنە ووشکە زەردهەڵگەڕاوەکانت، دەک ئافەرین قارەمان و سەرۆکی 31ی ئاب، شێرە کووڕەکەی بارزانی، مامۆستای قوتانخانەکەی ڕێبازە سەر بەرەو خوارەکەی بارزانی. کە ئاوا سیاسی و ئازایانەو دیبلۆماسیانە هەڵس و کەوتت کردو نەتهێشت دڵی داگیرکەرانی تورک گەرد بگرێت!! خۆ ئەگەر جلی کوردیشت لەبەر نەکرد، قەیناکە ئەمە پاساوی ئاسانە، بەڵام دانەنانی هیچ ئاڵایەک نەهی کوردستانی نەهی عیراقی، بەچی پاساوی دەکەیت؟ لەبەر خاتری تۆ ئالای کوردستانیش هەر قەیناکە بەهەر حاڵ چونکە تورک و تورکیایە،بەڵام خۆ دەبوو ئالای عیڕاق ئەو ئاڵایەی کە خۆتان ىڕیارتانداوە لە ژێریەوە بژین، ئێ دەباشە هەر بۆ کەسایەتی و شەرعیەتی خۆت وەکوو سەرۆکێک لە سەرکردەکانی عێراق با هەر هیچ نەبوایە ئاڵایەکی عیڕاقیان دانابوایە. هەی سەرزلی بێ خێر، بەکورد فێرو بە دوژمن نەوێر، تاماوم جارێکی پێت نەڵێم سەرۆک. باش دەزانین کە بۆ خامۆشکردنەوەو لەناو بردنی کێسەکەی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان ئامادەی هەرچی لەدەستتان دێت بیکەن هەتا ئەگەر بێت و بەتەنازول و ملکەچیش بێت بۆ داگیرکەرانی کوردستان. هەر چۆنێک و بەهەر نرخێک بێت دەتانەوێت ڕووداوێک لە گۆڕەپانی کوردستان و کۆمەڵگای کوردی بهێننە ئاراوە بۆ سەرکوتکردن و لەباربردنی ئەم شۆڕشە شارستانیەو نوێخوازو گۆڕانخوازه‌ی کوردستان. بەڵام لە کوێتانە ئەمە تەنها بەرخوردی یەکەمین هەنگاوی دەستپێکە لە لایەن سوپای بەرفراوانی سۆران و سەردەشتەکان لە کۆمەڵانی خەڵکانی کوردستان. بێ ووچان بە بێ پسانه‌وه‌ به‌ره‌و مافی زه‌وتکراومان و نانی دزراومان، ئازادی دزراومان به‌ ڕێوەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە