جەلال تالهبانی هۆکاری بنەڕەتیە لە بەهێزبوون و مانەوەی دیکتاتۆر مەسعود عابدین
Monday, 17/01/2011, 12:00
لە هەموو شوێن و کاتێکدا، دواکەوتوویی و نا ڕۆشنبیری کۆمەڵگا بۆ دیکتاتۆرەکان، هەمیشە، زەمینەی دروستبونیان و بنەماو پێگەی دەستەڵات و فەلسەفەو فکرو بیررکردنەوەیان بوە. جا بەر هەر دەنگ و ڕەنگ و زمانێک و لەهەر نەتەوەیەکدا بوبێت، لە کۆتایشدا کوتەک و شەقی جەماوەریش، یەک چارەنووسی هاوبەشیان بووە لە ڕوخان و تێچون و نەمانیاندا. یەکێک لە لە سیاسەتە چەوت و حەماقەتەکانی سەرکردەو حزبە دیکتاتۆرەکان ئەوەیە، کە نە هەڵوەستەو بەخۆداچوونەوە دەکەن لە ڕوخانی دیکتاتۆرێکی هاوشێوەی خۆیان، نە وانەو پەندی ئاقڵانەش لە مێژوو وەردەگرن!. ئەوەش لە بەر ئەوەی کە دیکتاتۆرەکان مەست و بێ هۆشن و تەواویش نوقمن، لە شەهوەتی پارەو سەروەت و سامانی دزی و تاڵانی و میللەت و هێزو دەستەڵاتەکەیان لە لایەک، وە بێ دەنگی و کپی کۆمەلگاش، لە لایەکەی تر. بەڵام بێ دەنگی کۆمەڵگا، هیچ کاتێک مانای ملکەچی و ڕازی بوونی نیە، بە دەستەڵات و ڕەوشی سیاسی و ئابووری باو. مەسعود عابدین لە کوردستان، هەر لەسەر وەزن و قافی (زێن ئەلعابدین) ی تونسی، وا دیارە بە هەمان حەماقەتی دیکتاتۆریانەی هاوشێوەکانی و هەمان چارەنووسی، ڕوخانی بە شەق و کوتەکی جەماوەری، بۆخۆی و پارتیەکەی هەڵبژاردوەو گەڕانەوە دواوەی نیە. بە خۆ دانەچونەوەی مەسعود بارزانی، لە سەر بنەمای ئەو باوەڕو قەناعەتەیە کە پێیوایە، یەکێک لە پێگەو ئامرازە بە هێزەکانی بەرداومبوون و بە هێزتر بوونی دەستەڵاتی هەیە، کە جەلال تالهبانی و یەکیەتی نیشتمانی کوردستانە. لەم بارو دۆخ و ڕەوشە سیاسیەی ئێستای کوردستانیش، ئەم لێکدانەوەو بیرکردنەوەی مەسعود بارزانی دیکتاتۆر، سەد دەر سەد ڕاستە، ئەمە بیرکردنەوەو قەناعەتی تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و چاودێرە سیاسیەکانشە، لە پێش هەر هەمووشیانەوە سەرکردەو کادرو ئەندام و پێشمەرگەو لایەنگران و دۆستەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان!.
پرسیاری سەر سوڕهێنەرو جەوهەری ئەوەیە، بۆچی جەلال تالهبانی ئەم سیاسەتە، لە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی دزو تاڵانچیدا پەیڕەو دەکات؟ ئایا جەلال تالهبانی گەیشتوەتە ئەو قەناعەتەو،هەر وەک دانپێنانێکیش بێت، بە دۆڕانی لە ململانێکە و دژایەتیکردنەکەی بنەماڵەی بارزانیدا، وە ئێستا بەرژەوەندیە ئابووریەکانی حزبی و شەخسی لا گرنگتر بێت؟! یان پاشگەز بوونەوەیەتی لە تەواوی بیرو فکری سۆسیال دیموکرات و پڕێسیبە شۆڕشگێڕیەکانی و ڕازی نەبوونەکەی بە سەرکردایەتی بنەماڵەی بارزانی؟ یان باوەڕی بەوە هێناوە کە نەخۆی وەکوو سەرکردەیەک ، وە نە یەکیەتی نیشتمانیش، وەکوو حزبێکی سۆسیال دیموکرات، نە ماون و بێ ئومێدیش بووە لە ئاییندەو پاشەڕۆژی سیاسی خۆی و یەکیەتی نیشتمانی لە کۆمەڵگای کوردیدا؟! دەنا ئەم سیاسەتەی ئێستای جەلال تالهبانی چ حیکمەتێکی تیایە، هەر لە شەستەکانەوە لە بنەماڵەی بارزانی یاخی بوەو، بە ئەقڵ خێڵەکی و تێکدەرو نۆکەری داگیرکەران و ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستی وەسفکردوون، وە دوای ئەوەی بە سەدان و هەزاران پێشمەرگەیشی بەو بیروباوەڕە، هەر لە یەکەم جیابوونەوەی لە پارتی و دامەزراندنی یەکیەتی نیشتمانیەوە، پێ گۆشکردو بە شەهیدکردندا، لە شەڕی دژ بە بنەماڵەی بارزانیدا، کەچی دوای ئەم هەموو کارەساتە تراژیدیایە، دوای ئەم هەموو ئێش وئازارانە، دێت خۆی لە خاچی کۆیلایەتی بنەماڵەی بارزانی دیکتاتۆرو دزو تاڵانچی دەدات؟! ئەو سیاسەتەی جەلال تالهبانی لە ژێر هەر ناوو نیشانێکی وەک، بەرژەوەندی کورد و کورستان و شۆڕشەکەی،یان لە دەستنەدانی دەستکەوتەکان، یان دوژمنمان زۆرە، یان هەڵنەگیرسانەوەی شەڕی ناوەخۆو لێکنەترازانی ڕیزەکانی گەلدا بێت....تد. هەڵەیە، هەڵەیەکە زۆر زۆر گەورەتر لە هەڵەکانی پێشووی سیاسەتی ململانێی لە گەڵ بنەماڵەی بارزانیدا. چونکە ئەمڕۆ کورد، بە درێژایی مێژووی خەبات و شۆڕش و بەرخۆدانەکانی، هێندە پاشەکشەو تەنازولی نەکردوە، لە خاک و مافەکانی خۆی، هێندەی ئێستا کوردستان، بە عەرب و تورک و فارس نەکراوە ئەمەش نەک لە بەر شاڵاوی تیرۆرو زەبرو زەنگی داگیرکەران، بەڵکو بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە، لە ژێر سایەی دەستەڵاتی مەسعود بارزانی دیکتاتۆردا. هیچ کاتێک وەکوو ئەمڕۆ، لە سایەی دیکتاتۆریەتی مەسعود بازانی، مەوداو لێکترازانی ڕیزەکانی میللەت و لایەنە سیاسیەکان، ئەوەندە لێک دوورو فراوان نەبووە. بۆیە ئەم سیاسەتەی جەلال تالهبانی، لە درێژەپێدانی"گەندەڵی بەناو ئیتیفاقی ستراتیژی" دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵەکانی ڕابردویەتی لە گوێ نەگرتنی، لە ڕەخنەو پێشنیاری ڕەفیقەکانی کە لەکاتی خۆیدا، بۆ گرتنە بەری سیاسەتێکی واقعیانەو دروست و ڕاستر، بۆ بردنەوەی ململانێ و گرەوی سیاسی ، لە بنەماڵەی بارزانی. بۆ کۆکردنەوەی جەماوەری کوردستان بە هەموو چین و توێژیەکانیەوە و قەناعەت پێکردنیان بە ناوەرۆکی شۆڕشی نوێ و سەرکەوتنی، بۆ نەهاتنەوەو دورخستنەوەی بنەماڵەی بارزانی ئاشبەتاڵچی و کورد فرۆش، بۆ ناو سیاسەت و دەستەڵات. ئەوەنیە مەسعود بازرزانی دیکتاتۆر (دورەید کەشمولە)ی عەرەبی سەر شۆرو تەنازولچی بۆ بنەماڵەکەیانی، لە هەر هەموو کورد پێ باشترە، بۆ پەڕلەمان لە بەغدا!! باشە ئەوا گریمان لە ناو یەکیەتی کەسێکی کورد پەروەرو دڵسۆز بۆ کوردی تیا نەبوو، ئەی لەناو پارتیەکەی خۆی، پارتیەکەی مەلا مستەفا بارزانی، پیاوێکی کورد تر، پیاوێکی پیاو تری، لە کەشمولەی ئەبو عەگگالی باشتر تیا نەبوو؟ کوان ئەوانە، ئەو پیاوانەی ناو پارتی، ئەو ناڕازیانەی لە کۆنگرەی 13 کە دەیان ووت: پارتی هەر هی بنەماڵەی بارزانی نیە، ئێمەش پێیەوە ماندوو بووین و خوێنمان بۆیداوە؟ ئەی کوا بە قەولی مەلا مستەفا بارزانی گوتەنی سۆرەکی..... تیانەبوو، لە جیاتی کەشمولە بینێرن بۆ بەغدا؟! ئینجا جەلال تالهبانییش، خۆی دەکاتە پشت و پەناو کۆڵەگەی بنەماڵەی بارزانی و یەکیەتیشی هەروەک مەمکەمژەیەکی پڕکراو لە خوێنی شەهیدانی یەکیەتی، ناوەتە دەمیان و شادەمارو ڕەگ و ڕێشەی دیکتاتۆریانەی مەسعود بارزانی پێ بە هێز دەکات. ئایا سیاسەتەکانی(بزوتنەوەی گۆڕان)ی تەمەن یەک ساڵان، بە سەرکردایەتی نەوشێروان مستەفا ، لە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی دیکتاتۆردا، بەڵگەیەکی سەد دەر سەدی ڕاستی و دروستی سیاسسەتە چەوتەکانی ڕابوردووی یەکیەتی نیشتمانی نین؟ سەیرکەن، بزوتنەوە گۆڕان، لەم تەمەنە کورتەیدا وە بۆ یەکەمجار لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوایەتی کوردیدا، بە تایبەتیش لە باشوری کوردستاندا، توانی تاکی کورد، بە ئاگا بێنێ نەک هەر لە ئازادی و مافە دیموکراسیەکانی بەکۆمەڵی، بەڵکو تاکی کورد، لە ئازادی و مافە کەسایەتیەکانیشی وە ئاگا بێنێت. بزوتنەوەی گۆڕان، بە پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە تێکڕایی چین و توێژیەکانیەوە، بەتا یبەتیش ڕوناکبیران، لەم ماوەیە کورتەی تەمەنیدا، بەم سیاسەتە مۆدرێن و حەکیمانەی، توانی بناخەو ڕوخساری کۆمەڵگایەکی مۆدرێن و دیموکراسی، بینا بکات و بدات بە دەستەوە، هەر بەو سیاسەتە لێزان و داهێنەرانەشی لە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانیدا، توانی یەکەمین شکست و چۆکدادانی بە هێزی سیاسیان پێ تۆمار بکات، بە کشاندنەوەی سکاڵا بێ بنەماکانیان، کە ئەمەش لێیان بۆتە هەنگاوی یەکەمی سەرەتای کۆتاییان. ئەی بۆ یەکیەتی نیشتمانی نەیتوانی؟! هۆکار چیە، جەلال تالهبانی هەموو کاتێک بنەماڵەی بارزانی زیندوکردۆتەوەو تەمەنیانی درێژ کردۆتەوەو ئەمبولانس ئاساش لە هەموو بارێکی نا هەمواریان گەیشتۆتە سەریان؟ بەڵام نەوشێروان مستەفاش دێت هاوکێشەی بوونی بنەماڵیی بارزانی و دەستەڵاتە سیاسیەکەیان لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵئەتەکێنێت؟! چ شتێک هەیە، کەوای لە جەلال تالهبانی کردوە بەتەواوی پاشەکشە بکات و دەستیش هەڵگرێت لە تەواوی هەڵوێستەکانی پێشووی دژ بە بنەماڵەی بارزانی؟ بەرژەوەندی شەخسی و تایبەتیە؟ گەر وانیە، ئەی قازانجی سیاسەتی گەندەڵی ستراتیژی یەکیەتی لە گەڵ پارتیدا، دەچێتە کام گیرفانەوە؟ ئایا جەلال تالهبانی بەو گەندەڵیە ستراتیژیەی نێوانی یەکیەتی و پارتی، تا ئێستا چ کاریگەریەکی بەسەر مەسعود بارزانی و پارتی هەبووە بۆ ئەوەی دیموکراسی بن و ڕیز لە کۆمەڵگاو بنەما دیموکراسیەکانیشی بگرن؟! ئەوە نیە ئەو حزب ولایەنانەی کە خۆ بە چەپ و بەرگریکەری بەرژەوەندیوکانی کرێکاران و چینە زەحمەتکێشاکان دادەنێن، وەک حزبی شوعی و حزبی زەحمەتکێشانی کارتۆنی لە هەولێر لە ژێر ناوی یەکڕیزی و پاراستنی دەستکەوتەکان چونەتە پاڵ بنەماڵەی بارزانی، بەڵام بنەماڵەی بارزانی، لە بوون بە کۆیلەو سیخوڕ، شتێکی تریان لێ قەبوڵنەکردون و ملکەچیشی کردون، بەوەی لە سەر دارو بەرد، بگرە لەسەر ماڵ و مناڵی خۆشیان سیخوڕیان بۆ بکەن. خۆ ئەوەتا، لایەن و حزبی تریش هەن، کە فێل لە خۆیان دەکەن، وە لە بێدەنگی و بێ هەڵوێستیدا خۆیان سڕکردوەو، لە هەمانکاتیشدا دەچن دەرۆزەی سیاسی، لە بنەماڵەی بارزانی دەکەن، بەوەی گوایە مەسعود بارزانی، سەرۆکەو ڕیزی هەیەو، ڕیزی یاساش دەگرێت. بەڵام مەسعودی دیکتاتۆر، بۆ ئەوانیش لە پیشەی سیخوڕی و خۆبەدەستەوەدان وەڵامێکی تری نیە بۆیان. لەبەر ئەوەی مەسعود بارزانی، کوردستان بە ژێرخاک و سەرخاک و مرۆڤەکان، جگە لە کاڵایەکی خۆشگوزەرانی بۆ بنەماڵەو دەستەڵاتە سیاسیەکان، بە شتێکی تر نازانێت و دیموکراسیەت و ڕای ئازادو ڕۆژنامە نووس و ڕۆشنبیرانیشی لە ژێر پێی ناوە. بۆیە جگە لە ڕاپەڕینی جەماوەری سەرتاسەری و ڕوخانیان، هەرچی ڕێگای تر هەیە مەحاڵە. ماوەتەوە بڵێین ئایا جەلال تالهبانی وەکوو سەرکردەیەک و کەسێکی سیاسی و ناسراو لە سەر ئاستی جیهان و ناودارویش لە مێژووی بزوتنەوەی سیاسی کوردا، بڕیاریداوە چۆن بمرێت؟ ئایا دەیەوێت مردنێک بێت بە بچووکی ، وەک هەژارموکوریانی شاعیری کۆنەپەرست و خزمەتکاری بنەماڵی بارزانی، کە وەسیەتی ئەوەبوو" لە خوارەوەی ژێر قاچی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریسدا بینێژن!" کە ئێستا ئەو خزمەتکارە دوای مردنی کوڕەکەی خۆی نەفرەت، لە هەڵوێست و مێژووەکەی دەکات!! ئایا جەلال تالهبانی مەزاری بارزانی، مەزاری مردوانی، وەکو گۆڕ بۆ خۆی دیاریکردوە؟ یان جەلال تالهبانی بڕیاریداوە، وەک ئەو پێشمەرگە قارەمانە هەڵۆ بەرزەفڕەکان ئاسا، ئەو پێشمەرگانەی کە خۆی سەرکردەیان بوو، گۆشیکردن و فێریکردن، کە سەربەزانە و بە پێوە دەبێت شەهید بن، لە خەباتی پاراستنی کوردو خاکەکەی و بەرژەوەندی خەڵکانی چەوساوەی کوردستان، لە شەڕی دیموکراسی و پێشکەوتنخوازی دژ بە بنەماڵەی بارزانی کورد فرۆش. ئایا جەلال تالهبانی دەیەوێت، وەکوو ئەو پێشمەرگانەی باوەڕیان پێیکرد، ئەویش وەکوو ئەوان هەر بە پێوە نەمرانە شەهید بێت و گۆڕستانی ئەوانیشی وەک دوا ماڵ و مەنزڵگا دیاریکردوە؟ ڕاست وەڵامدانەوەی ئەم هەموو پرسیارانە، لە لایەن جەلال تالهبانیەوە تەنها یەک هەنگاوی بەکردەوەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی تێکڕایی شتەکان، ئەویش هەڵوەشاندنەوەو لە گۆڕنانی گەندەڵیەتی ستراتیژی نێوانی یەکیەتی و پارتی و هاتنەوەیانە، بۆ ناو بەرەی گەل، بەرەی گۆڕان و گۆڕانخوازان، ڕۆشبیران و تەواوی چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان، بۆ بەشداریکردن و سەرکردایەتیکردنی ڕاپەڕینی سەرتاسەری دژ بە بنەماڵەی بارزانی و دەستەڵاتی مەسعودی دیکتاتۆر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست