کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جەلال تاڵەبانی لە سەرە مەرگیدا شەیتان تەلقینی دەدات

Monday, 26/03/2012, 12:00








سەرۆک و سەرکردە دزو تاڵانچیەکان، پیاوی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت نین.
هەمیشە، شەیتان ئاسا، لەو کاتانەی، کە لە زەلکاوی، هەڵەو خیانەتەکان و فاشلیەتی خۆیدا تێدەکەوێت ، دەستدەکات بە دیماگۆگیەت و چەواشەکاری. ئەوەتا بۆ هەڵخەڵەتاندنی"خانووە قوڕەکان" و لە ڕێلادانی ناڕەزاییەکانیان، دژ بە دەستەڵاتی داگیرکەرو دیکتاتۆری خۆیان، لە لایەک، وە بۆ خاپاندن و هەڵخەڵەتاندی ئۆپۆزسیۆن و کڵاوکردنە سەریان، بە تایبەتیش بزوتنەوەی گۆڕان، لە لایەکی تریەوە. هەر لە دوای ڕادەستکردنەوەی حکومەتەکە، جەلال تاڵەبانی دەستیداوەتە سیاسەتێکی دیماگۆگیانە، بۆ سەراوگێڕکردنەوەی دۆخە سیاسیەکەو، بەرەواژکردنەوەی ڕووداوە سیاسیەکان و، سەرلێشێواندنی هەمووان، بە تێکەڵاوکردنی تەواوی کارتە سیاسیەکانی.
ئەو سیاسەتەشی، دوو تەوەری سەرەکی لە خۆوە دەگرێت، یەکەمیان: دژایەتیکردنێکی وەهمیانەی ئیسلامیەکان، بەناوی عیلمانیەت. تەوەری دووەمیشیان: دوو خاڵە، یەکەمیان: بەردەوامبوونیان، بە هەمان ناوەرۆکی ستراتیژانە، لە سەر، زەلیلی و خزمەتکاری ملکەچانە، بۆ بنەماڵەی بارزانی، بەڵام بە شێوازێکی جیاواز. ئەویش دژایەتیکردنێکی درۆزنانەی یەکتری، کە پێشوەخت، لەگەڵ مەسعود، لەسەر وردکاریەکان و سنوورەکانی، ئەم سیاسەتە بە ئیتیفاق ڕێکەوتوون. بە مەبەستی خۆڵکردنە چاوی کۆمەڵگاو، بەتایبەتیش ئەندام و کادێرەکان و جەماوەرەکەی یەکیەتی. چونکە جەلال تاڵەبانی باش دەزانێت، نەوەک هەر لەناو جەماوەر، بەڵکوو لەناو تەواوی ئەندام و کادیرەکانی یەکیەتیش، سەنگ و ئەرزشێکی ئەوتۆی نەماوەو، لە نزمترین پلەکانیدایە. خاڵی دووەمیش: هاوکاریکردنی مەسعودی سەرۆکی پارتیە، بۆ ناردنە دەرەوەی، کێشە سیاسیە، کەڵەکەبووەکان و چارەسەرنەکراوەکانی ناوەخۆی کوردستان، بە دروستکردنی، تەنگژەو تەڵزگەی سیاسی زیاتر، بۆ سەر کێشە کەڵەکەبووە، چارەسەرنەکراوەکان، لەگەڵ بەغدا. لە ژێر ناوی سەر بەخۆیی و دەوڵەتی کوردی. کە ئەمەشیان هەمان مەبەست، بۆخۆڵکردنە چاوو، چەواشەکردنی خەڵکانی کوردستان و خەریکردنیانە بە شتی لابەلاوە، تا ئەوکاتەی حکومەتەکەیان ڕادەگەیەنن. تاڵەبانی، سەرەتاو دەستپێکی ئەو سیاسەتەی، بە مەلا بەختیار سپارد، ئەوەبوو، مەلاش، پەیامێکی ڕۆژنامەوانی ئاراستەی نێچیر کرد و، بابەتێکیشی لەسەر هەڵبژردنەکانی پەڕلەمانی کوەیت، کە ئیسلامیەکان تیایا سەرکەوەتنیان بەدەستهێنا، بڵاوکردەوە. پاشان، بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەوە، کە پێشوەخت هەموو پرسیارەکان و وەڵامەکانیان، لەگەڵ وشیار عەبدوڵا بۆ دانابوو، هاتە سەر شاشەی کەی ئێن ئێن. دوای ئەمانە خۆی، سوکانەکەی لە مەلا حیکمەت وەرگرتەوە. ئەوەبوو لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ، ئەندام پەڕلەمانەکانی خۆیدا پێی وتبوون "ئێوە چیتر نابێت، وەکوو قاز بن" ئینجا، بە ئەرسەلان بایز، سێ بازییەکی لەم بەر بۆ ئەو بەر، لە سەر دیوارەکانی پەڕلەمان، بە مەلامستەفا بارزانی کرد. دواتریش لەگەڵ هەریەک لە (هاوڵاتی و گۆڤاری لڤینیش) چاوپێکەوتنیکرد. ئەمانەو سەرجەم لێدوانەکانی تریشی، یەک وشەی نوێی تیا نەبوو، تەنانەت ئەوانەی، کە لەمەودواشدا دەیانکات، جگە لە کۆنە بە نوێ فرۆشتنەوە، شتێکی ترنیە.
بەڵام کارەساتە گەورەکە لێرەدایە، کە هەندێک، بەناو خەڵکانی سیاسی و ڕۆشنبیرەکان، تا دەگاتە((زۆربەی هەڵسوڕاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش)) کە بەم تەڵەکەبازی و ساختەچیەتیەی، دیماگۆگیەتی جەلال تاڵەبانی، خۆیان لە خشتە بردووە، بە ئەرێنی وەسفیدەکەن! لەوەش زیاتر،ئەوانەی کە خۆشیان، بە عیلمانی و ڕۆشنبیرو، چەپ و لیبڕاڵ و، ئازادیخوازیش دادەنێن، بەبێ ئەوەی ئاگایان لە خۆیان بێت، کەوتوونەتە ناو" تەشتە پاقلەکەی" جەلال تاڵەبانی و، تیایا کەوتوونەتە باسکە مەلە. ئەو خەڵکانە بەشێوەیەک، لە نەزانینی خۆیاندا ڕۆچوون، کە ڕاستەوخۆ، کەوتوونەتە سەنگەری مەلایی و جەلالیەکان و، دەستیانداوەتە دژایەتیکردنی ئیسلامیەکان و، دەڵێن: لە نێوان دەستەڵاتی مەلایی و جەلالی و ئیسلامیەکاندا، هەر جەلالی و مەلاییەکانمان قبوڵە. لەوەش زیاتر پێداگریدەکەن و دەڵێن: ئەگەر بنەماڵەی بارزانی، ئەوەندەی کە ئێستا هەن، سەد ئەوەندەی تر خراپتربن، هەر لە ئیسلامیەکان باشترن! جا بۆ ئەوەی لێنەگەڕێین، هەقیقەتە شێوێنراوو چەواشەکراوەکان، بکرێت بە بەرگ و، جارێکی تریش، بکرێتەوە بە بەرمان، وە بۆ دەرخستنی هەقیقەتی هەموو ئەو کەسە سیاسی و ڕۆشنبیرە هەڵپەرستانەی، کە گوایە، لەگەڵ هێزی ئۆپۆزسیۆن و بەرەی گەلی، دژ بە دەستەڵاتن، کەچی لە ژێرەوەش بەرژەوەندیەکانیان، بە مەلایی و جەلالیەکان گرێداوە. زاراوەی عیلمانیەت، واتە جیاکردنەوەی، دینە لە دەوڵەت. پرسی عیلمانیەتیش، هەمیشە پرسێکی هەستارو هەنووکەییە لە کۆمەڵگاداو، زۆریش بە خۆیەوە هەڵدەگرێت. بەڵام تەنها، بۆ سپیکردنەوەی دیماگۆگیەتی جەلال تالەبانی، لێرەدا چەند پرسیارێکی زۆر سادەو ساکارانە دەکەین، نەوەک هەر دەربارەی، عیلمانیەتی مەلایی و جەلالیەکان و، تەواوی حزبە کوردیەکان، بگرە بە خودی کۆمەڵگەی کوردی و شۆڕشەکەشی، دەپرسین: ئایا بە پێی پێوەرە ستاندارتەکەی عیلمانیەت، عیلمانیەتیان تیادا هەبووەو، تیایەتی؟ ئایا بێجگە لە ناوو بەرنامەکانیان نەبێت، جیاوازی چیە، لە نێوان مەلایی و جەلالی و، حزبی شوعی و قادرعەزیزو حەمەی حاجی مەحمود و(حزبە مشەخۆرەکانی تری، دەستکردی مەلایی و جەلالیەکان) لەگەڵ حزبە ئیسلامیەکاندا؟ باشە ئەوەندەی بەناو حزبە چەپ و عیلمانیەکان و، ڕۆشنبیرەکان، خزمەتیانکردوە، بە ئیسلامی سیاسی و کۆنەپەرەستیەتی ئیسلام، بە شێوەیەکی گشتی، ئایا ئیسلامیەکان توانیویانە ئەوەندە خزمەت بە خۆیان بکەن؟ پێموایە هەر کاتێک لێکۆلێنەوەیەکی زانستیانەو ئەکادیمیانە، لەم ١٤٣٠ ساڵەی ڕابردووی داگیرکردنی کوردستان، لە لایەن ئیسلامی عەرەبیەوە بکرێت، بە ئاسانی دەردەکەوێت، هەرگیزاو هەرگیز، بە درێژایی ئەو مێژووە ڕەشە، لە هیچ کاتەکانیدا، بەقەد ئەو ٢١ ساڵەی ژێر، دەستەڵاتی مەلایی و جەلالیەکان، مزگەوت لە کوردستاندا دروستنەکراوە! ئایا ئەم هەموو مزگەوتە لە کوردستان، ئیسلامیەکان دروستیانکردوون؟ جا بۆ پەردە هەڵدانەوە، لەسەر عیلمانیەتی یەکیەتیش، بەر لە هەموو کەسانێکی تر، لە ئەندام و کادێرەکانی یەکیەتی دەپرسین: ئایا یەکیەتیەکەی ئێوە، حزبێکی سۆسیال دیموکراتە، یان سۆسیال سەقەت؟! باشە ئەگەر سۆسیال سەقەت نین، وەرن بڕۆنەوە، بە مێژووی تەواوی حزب و سەرکردە سۆسیال دیموکراتەکانی دونیا، جا بزانن، چ کامێک لە سەرکردەکانی سۆسیال دیموکراتەکان، کڵێسایەک، یان مزگەوتێکیان، دروستکردوە، بێجگە لەو جەلال تاڵەبانیەی ئێوە نەبێت، کە (حوسەینیەی) دروستکردوە، بەوەش ناوی دەچێتە ناو کتابی گێنس و مێژوو؟ وەرن بە مێژوودا بڕۆنەوەو پێمان بڵێن، نەوەک هەر حزب و سەرکردە سۆسیال دیموکراتەکان، بەڵکو سەرکردەکانی، تەواوی ڕێکخراوو حزبە چەپەکانی دونیا، لە چ قۆناغێکی خەبات و تێکۆشانیاندا، لەگەڵ ئەقڵی خێڵ، کە دەکاتە، پێش قۆناغی دەرەبەگایەتیش، بە ستراتیژانە، هاوپەیمانی گرێدابێت، تەنهاو تەنهاش، لە پێناوی دزی و تاڵانکردنی میللەتەکەی خۆی، بە تایبەتیش" خانووە قوڕەکان" ؟ باشە لەم چەند ساڵەی کە یەکیەتی لە دەستەڵاتە، چ ڕۆژێک لە پەڕلەمان، پڕۆژە یاسایەکی بۆ جیاکردنەوەی دین، لە دەوڵەت، پێشکەشکردووە؟ تا ئێستا چ ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنە حزبیەکەتان هاتوون، مەسەلەی جیاکردنەوەی، دین لە دەوڵەتتان، باسکردوە؟ ئەی ئەم هەموو پڕۆژە یاساو بڕیارە، کۆنەپەرستانەی کە، تەنها بۆ خزمەت و، هەڵقوڵاوی ئەقڵی خێڵی بارزانی بوون، لە پەرلەمان، ئێوەی یەکیەتی، نەبوون دەنگتان بۆدان و، پاڵپشتیکەری جێگیرکردنیشیان بوون؟ ئەی یاسای باری کەسێتی، کە بەتەواوەتی دژ بەژنان بوو،ئەوەش هەر بەدەنگ و پاڵپشتی یەکیەتی نەبوو جێگیرکرا؟ ئەگەر ئیسلامی سیاسی، بە ترسناک دەزانن، ئەی بۆچی جەلال تاڵەبانیەکەتان، بە ملیۆن دۆلار، دەکاتە قوڕگیان؟
ناکۆکی و جیاوازی مەلایی و جەلالیەکان، لە گەڵ ئیسلامی سیاسی، جگە لەسەر دەستەڵات و، ئەو ڕێژەیەی، بوونیان لە دەستەڵاتدا، کە چەندی بۆ ئەوان دەبێت و، دەستەڵاتیان چەند دەبێت، هیچ شتێکی ترنیە. ئەوانە ئامادەن لە پێناوی دەستەڵات، ببن ئیسلامی سیاسی و ڕیشیش بەردەنەوەو، مەکسی و عەباکەش بکەنەبەر، گەر لێیان قبوڵبکرێت. هەموو کاتەکانیش بە ئێستاشیانەوە، ئایینی ئیسلام، یەکێکە لە پێگە بنەمایی و سەرەکیەکانی، هێزو دەستەڵاتەکەیان و، چاکترین و زۆرترین سوودیشیان، لە ئایین و ئیسلام وەرگرتووە. سنیکا، فەیلەسوف و سیاسی و شانۆکاری ڕۆمانی دەڵێت:" بە لای کۆمەڵانی خەڵکەوە ئایین ڕاستە، بەلای پیاوە ئاقڵەکانەوە هەڵەیە، بەلای سەرکردەکانیش سوودمەندە".
ئەوەی گرنگە، مانەوەی دەستەڵاتەکەیانە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی، هەر بە هەمان ناوەرۆک و تەنازولاتی زیاتر، بەڵام بە شێوازێکی تر. ئەمەش لەبەر ئەوەی، ناتوانن چیتر، پەیڕەوی سیاسەتی، دەم لە ناوی دەم و، دەستیش لەملانەی، جاران لە گەڵ بنەماڵەی بارزانی بکەن، چونکە ڕادەستکردنەوەی حکومەت، ناڕەزاییەکی زۆری، دژ بە جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتیەکەی لێکەوتەوە، هەم لەناو ئەندامان و کادێرەکانی ، هەم لەناو جەماوەرەکەشیدا. لە لایەکەی تریش، وەرگرتنەوەی حکومەت و پێکهێنانەوەی، کێشە ئابووری و سیاسی و حزبی و جەماوەریەکانی، بنەماڵەی بارزانی، سەدان جاری پێشوو زیاتر کردو، زیاتریش بە بنبەستی گەیاندن،تا ئەو ئاستەی، مەحاڵە ئەو حکومەتە پێشوەخت مردووەیان، بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتووبێت. ئا لێرەدا، ئەم ڕەوشە نالەبارو تێکچووە سیاسیەی هەردوو لایانە، کە وادەکات، مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، لە پێناو بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان، بە هەموو ئامرازە ناشەرعیەکان هاوکاری یەکتر بکەن، بۆ چەواشەکاری و سەرلێشێواندی، تەواوی کۆمەڵگەی کوردی. چونکە لەوە زیاتر ڕێگا چارەی تریان، نیە بۆ بەدەستهێنانی کات، بۆ سەر تەمەنە زۆر دەمێکە بە سەر چووەکەیان.
مەسەلەی لادان و جێگۆڕکێکردن، لە سەر دیوارەکان، بە مەلا مستەفا بارزانی، بە موافەقەو پێزانینی پێشوەختی خودی مەسعود بووە، بۆ دروستکردنی ڕووداوێک و تێکبەردانی ئەندام و لایەنگرەکانیان، لە گەڵ یەکیەتیدا. هەروەها مەسەلەی لێکۆڵینەوە، دەربارەی ڕێژەو قەبارەی یەکیەتی، لە حکومەتەکانی بنەماڵەی بارزانیدا، هەمان ڕێچکەی تێکبەردانی ئەندام و کادێرەکانیانە. بێجگە لەمانەش لێدوانە فیشاڵیە درۆزنەکانی، هەردوو لایان دژ بەیەکتر، تەواوکەری هەمان مەبەستە. جار بەر لەوەی ئەو خاڵانەو، دیماگۆگیەتی شەیتانیانەی، زیاتر ڕوونکەینەوە، باشوایە لە وەڵامدانەوەکەی، خودی جەلال تاڵەبانی، لە هاوڵاتی، بەو ڕەخنەیەی ئەندامانی خوارەوەی یەکیەتی، لەسەر ئەوەی تەنازولی زۆری بۆ بنەماڵە کردووەو بەردەوامیشە لە زیاتر تەنازولکردن، هەروەها خۆ بەدەستەوەدانە، ستراتیژیەکەش، زیاتر لە خزمەتی ئەوان و، بە زەرەری یەکیەتی تەواوبووە. جەلال تاڵەبانی زۆر ساختەکارانە هاتووە، لە وەڵامەکەیدا، ئەو سەرشۆریە ستراتیژییەی، کە بە خۆی و یەکیەتی کردویەتی، بۆ بنەماڵەی بارزانی، بە قوربانیدان بە یەکیەتی و بەرژەوەندیە حزبیەکانیان، لە قەڵەمدەدات، لە پێناوی ئاشتی و تەبایی ناو کورد! لە مەش زیاترو درۆزنانەتر، دووبارەی ئەوە دەکاتەوە، کە" ئەلتەرناتیڤی ئەم ئیتفاقە ستراتیژیە، شەڕی ناوەخۆیە" مەلایی و جەلالیەکان، دڵنیابن ئێستا هەموو شتێکتان تەواو ئاشکرا بووەو، زۆر چاکیش دەتاناسین، ئێوە زۆر لەوە ترسنۆکترن، کە بوێرن شەڕی یەکتری بکەن. ئەوە شەڕەی، کە بە درێژایی مێژووەکەشتان، کردووتانە، ئەوە بە هەردوو لاتان، تەنها کوردتان کوشتووە، کە بە هێزو پاڵپشتیکردن و پارەو یارمەتی، ڕاستەو خۆو نا ڕاستەوخۆی، دوژمنە داگیرکەرەکانی کوردستان بووە! دەنا ئێوە هەرگیز پیاوی ئەوە نین، شەڕی یەکتر بکەن و یەکتر بکوژن. بڕۆن منەتیشتان نەبێت. نووسەرو مێژوو نووسی سکۆتلەندی، تۆماس کارلیل دەڵێت:" جەنگ ناکۆکی نێوان دوو دزی ترسنۆکە(جەبانە) تا ئەو پلەی، ڕێگریکەریان لێدەکات، لە شەڕکردنی یەکتری"
تەواوی کورد، دەزانێت، کە مەلا مستەفا بارزانی، لە ٣١ی ئاب، بە نا یاسایی، بە سواری دەبابەکانی سەدام، چوو پەڕلەمانی کوردستان، هەر پشتی ئەو دەبابانەش بوون، کرانە پەیژە، بۆ هەڵواسینی مەلا مستەفا بارزانی، بە دیوارەکانی. جەلال تاڵەبانی، گەر تۆ ڕاستدەکەیت دەتەوێت، مەلا مستەفا، لە پەڕلەمان فڕێیدەیتە دەرەوە. ئەوا هیچ پێویست نەبوو، ئەو سێ بازییەی پێبکەیت و، پاشانیش بە ڕەمز، ناوی بەریت. ئەندامەکانی فڕاکسیۆنەی خۆت ڕاسپاردبا، پڕۆژە یاسایەکیان لە پەڕلەمان، ئامادەکردباو پێشکەشکردبا، بۆ رێگەگرتن، لە هەڵواسینی هەرچی وێنە هەیە، جا هی هەر کەسێک بێت. چونکە پەڕلەمان خۆی ڕەمرە، نابێت وێنەی هیچ رەمزێک، بە ڕەمزێکی تر هەڵواسرێت. مەلا مستەفا بارزانیش، ڕەمز نەبووەو نیە، میللەتی کوردیش تا ماوە، نایکات بەڕەمز.ئەگەر ئێوەو خەڵکانێکی چەلاو خۆری بنەماڵەش، مەلا مستەفا بە غاندی کورد، دادەنێن. ئەوە شەرمە بۆ ئێوە، گەر نەتەوەی هیندی، ئەمە بزانێتەوە، بە دڵنیاییەوە دەتانداتە دادگا، چونکە هیچ میللەتێک قبوڵناکات، میللەتێکی تر بێت، قەتیانێک، بە ڕەمزەکەی، وێکبچووێنی و یەکسانیان بکات. چاکدەزانن کاتێک، لە ١٩٥٨دا، بەربووکە سیاسیە بەناو ڕۆشنبیرو پێشکەوتووخوازەکانی کورد، کاتێک مەلا مستەفا بارزانیان، لە مۆسکۆ هێنایەوە، هەر کە گەیشتە شاری بەسرە، ئەوکات حزبی شوعی عیراقی، خەڵکێکی زۆری خۆی کۆکردەو، بۆ ڕێزلینان و بە گەورە دانانی، چوون بۆ پێشوازی مەلا مستەفاو، لەوێ خەڵکەکە مەلا مستەفایان خستە سەر شانی خۆیان و بەرزیانکردوە، وە بە ناوی" زەعیم مستەفا بارزانی" هوتافیان بۆ کێشا، کەچی مەلا مستەفا، بە پڕەپڕ خۆی لەسەر شانی خەڵکەکە فڕیدایە خوارەو، ووتی:" لە عیراقدا تەنها یەک زەعیم هەیە، ئەویش عەبدولکەریم قاسمە، ئەز، زەعیم نیم، ئەز قەیتانی قۆندەرەی عەبدول کەریم قاسمیمە" کەچی غاندیش، بەریتانیای ئەوکات، ئەو ئیمپڕاتۆرە بوو، کە هەرگیز ڕۆژی لێئاوا نەدەبوو، کاتێک کە بڕیاریاندا، سەربەخۆی هیند، تەسلیم بە غاندی بکەن. داوایانلێکرد کە دەبێت جلێکی نوێی ئاوریشم و بپۆشێت، تاوەکوو شایەستەی ئەوە بێت، کە دەچێت بۆ بەردەم مەلیکەی بەریتانیاو، مەلیکە، پێشوازیدەکات. غاندی ئەمەی ڕەتکردەوە، ووتی:" میللەتەکەم لێرە ئەوا لە برسادا دەمرێت، هەرگیز ئامادەی ئەو جل پۆشینە نیم، گەر ڕازدەبن، بەو جلانەی کە لەبەرمە بچم، ئەوا باشە، ئەگینا هیچ" ئەوەبوو ڕازیبوون، مەلیکەش ڕازیبوو، کە بەو شێوەیەی کە غاندی، دەیەوێت پێشوازیبکات. جەلال تاڵەبانی، ئەو کاتیش، مەلا مستەفا، زۆر لە ئێوە ڕاستگۆتر بووە، لە گەڵ خۆیدا، وە کەسایەتی خۆشی چاکناسیووەو، لە خۆی گەیشتووە، کە هیچ کاتێک، کەسایەتیەکەی، لە ئاستی قەیتانی قۆندەرەیەک، بەرزتر، تێپەڕناکات. بەڵام ئێوە، وەک چۆن ئەوکات، وازتان لێنەهێنا، ئەوەتا ئێستاش وازیان لێناهێنیت. ئەندام و کادیرانی یەکیەتی، ئێستا لەو سکرتێرە خائین و دیماگۆگچیەی خۆتان گەیشتن، کە چۆن ڕیسواتاندەکات؟ ئێستا تێگەیشتن، کە جەلال تاڵەبانی، بەبێ بنەماڵەی بارزانی، تاوێک هەڵناکات؟ تێگەیشتن لەوەی کە تا ئێستاش بنەماڵەی بارزانی، بە پاڵپشتیکردنی سیاسی جەلال تاڵەبانی نەبێت، ڕۆژێک چیە ناتوانن حوکمڕانبن لە کوردستان؟ ئەوەتا لە لایەک دژایەتیان دەکات،لە لایەکەی تریشی زۆر بەگەرمی سەرقاڵی دروستکردنی حکومەتی هاوبەشە لە گەڵیاندا. ئەگەر جەلال تاڵەبانی ڕاستدەکات، ئەو هەموو بێنەو بەردەی ناوێت، تەنها یەک ڕستەی دوو، ووشەییە، کۆتایی بە ئەقڵی خێڵ دێنیت و لە سیاسەتی کوردی وەدەریان دەنێت، ئەویش ئەوەیە، بڵێت:" یەکیەتیش ئۆپۆزسیۆنە". ئەندام پەڕلەمانەکانی یەکیەتی هەر دەنگدانێکتان بە حکومەتەکەی نێچیر، خیانەتێکە، ڕووی ٣١ی ئاب سپیدەکاتەوەو دەبنە ڕوو ڕەشی مێژووش. ڕوخانی بنەماڵەی بارزانیش لە ڕوخان و نەمانی جەلال تاڵەبانیەوە دەستپێدەکات.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە