گٶڕان نە کفری کردو نە پەڕی قورئانیشی سووتاند!
Thursday, 18/11/2010, 12:00
من گۆڕان نیم،بەڵام لەگەڵ ڕەوت و بزوتنەوەی جەماوەری گۆڕانخوازانم، بە هەر هەموو شێوەو شێوازیەکانیانەوە، وە ئەوەی لێرەشدا دەیڵێم وەکو هاووڵاتیەک زادەی فکرو بیرکردنەوەو ڕای خۆمە و ئازادانە دەریدەبڕم. چەند ڕۆژێکە لەسەر دەنگدانی فراکسیۆنی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەوەی بەڕێز مام جەلال هەرایەکی زۆری لێکەوتۆتەوە، کە بە شێوەیەک ڕەش و سپی تێکەڵاو کردوەو تا ئەو ئاستەی ڕەخنەی دڵسۆزانی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕەخنەی دوژمنەکانی تێکەڵاو بەیەکتری کردەو بۆتە هێرشێکی چەواشەکارانەو دوژمنانە دژ بەگۆڕان، تا ئەو شوێنەی کە قسەو باس لێوە کردن و ڕادەربڕین لەسەر ئەم بابەتە زۆر ئاسان نەبێت، لەوەی کە شیکردنەوەی خراپی بۆ نەکرێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە مرۆڤە بە ئاگاو ڕۆشنبیرو سیاسیە بێ لایەنەکان ڕای خۆیان نەدەن و تەنها تەماشاکەرێکی نێگەتیڤانەی ڕەوشە سیاسیەکە بن.
بەر لەوەی ڕای خۆم دەربارەی دەنگدانەکەی گۆڕان بڵێم، چەند شتێک هەیە پێویستە بووترێت، بزوتنەوەی گۆڕان هەرەوەک تەواوی حزب و لایەنەکان و ڕێکخراوە سیاسیەکانی سەرگۆڕەپانەکە بزوتنەوەکی سیاسیە و سیاسەت دەکات، نەوەک هەڵماتێن. دووەەمین بزووتنەوەی گۆڕان لە دژی سیاسەتی چەوت و نەزۆکی نا دیموکراسیانەو دیکتاتۆرانەی تەواوی ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسیە کلاسیک و پەککەوتانەی ناو بزوتنەوەی ڕزگاری و ئازادیخوازی باشوری کوردستان هاتۆتە کایەوە، بۆ گۆڕانێکی ئاشتیخوانەو دیموکراسیانە لە دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتدا، هەروەها بزوتنەوەی گۆڕان بۆ لەناو بردن و سڕینەوەی هیچ کەس و حزب و لایەنێک دروست نەبووە. سێیەمین بزوتنەوەی گۆڕان لەناو کوردو کوردستان و ڕەحم و خوێنی کوردایەتی خولقاوەو هاتۆتە وجوود، لە هەمانکاتیشدا بزوتنەوەی گۆڕان خەباتی سیاسی و جەماوەری و دیموکراسیانە دەکات، نەوەک شەڕو لەناو بردن هەروەک ناحەزانی گۆڕان و هەندێک لە بێ ئاگایەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، وەها تێیگەیشتوون و وێنای دەکەن.
خاڵێکی تریش لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە دەبێت ئەوە لای هەمووان ڕوون و ئاشکرا بێت، بەتایبەتی ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی گۆڕان، ئەویش ئەوەیە کە بزوتنەوەی گۆڕان بەو پێیەی کە بزوتنەوەیەکی نوێ و جەماوەری و سەرتاسەری و بەرفراوانە، وە تا ئێستاش لە سەرەتای هەنگاوی یەکەمی خۆ ڕێکخستنیەتی، جۆرەها خەڵکی تێکەوتووە، بێجگە لە خەڵکانی دڵسۆزو گٶڕانخوازی خاوەن پرێنسیب و کەرامەت، خەڵکانی هەلپەرست و گوێ لەمستی لایەنە ناحەزەکانی دژ بە گۆڕانیشی تێکەوتووە بەتایبەتیش سیخوڕەکانی پاراستنی سەر بە بنەماڵەی دزو تاڵانچی. بۆیە بۆ جەماوەرو دڵسۆزانی گۆڕانخواز زۆر گرنگە کە هیچ کاتێک لە ڕەخنە گرتن نەکەون، بەڵام لە هەمانکاتیشدا بە ئاگاو ژیرو وشیار بن، لەوەی کە ڕەخنەو بۆ چون و پێشنیارەکانیان، نەقۆزرێتەوەو بەڕێڕەوێکی هەڵە ئاراستە نەکرێت بۆ پێکانی ئامانجێکی هەڵە، کە ئامانجی ناحەزەکانی دژ بە گۆڕان و گۆڕانخوازانە. لای بنەماڵەی بارزانی و پاراستنەکەی، نەوشێروان مام جەلالە، مام جەلالیش نەوشێروانە، بزوتنەوەی گۆڕان یەکیەتیە، یەکیەتیش بزوتنەوەی گۆڕانە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە لەناو یەکیەتی خەڵکانی هەلپەرست و خۆڕەپێشکەر نەبێت ئاگری دووبەرەکی نێوان گۆڕان و یەکیەتی خۆشنەکات و لە سەری نەژیێت، هەروەها لەناو گۆڕانیش بەهەمان شێوە.
من پێموایە هەر کەسێکی تر کە لایەنی هەرە کەمی هەستی کوردایەتی و نەتەوایەتی هەبێت، گەر لە بەغدا بوایە هەمان هەڵوێستی برادەرانی فراکسیۆنی گۆڕانی دەبوو، چونکە مەسەلەکە لە پۆستی سەرۆکایەتی دەرچوو بوو، عەرەبە شۆڤینیستەکان لە پۆستی سەرۆکایەتی و کەسایەتی مام جەلالەوە ڕق و کینەی پۆلپۆتانەو داگیرکەرانەی خۆیان بە نەتەوەی کورد هەڵڕشت، بە مانایەکی تر شۆڤینیستەکانی عەرەب، شەڕی عەرەب دژ بە کوردیان دەکرد. لێرەدا لە هەڵوێستێکی ئاوا ئاڵۆزو دوژمنکارانەی دژ بە کورد، لیستی گۆڕان بێجگە لە سەنگەر گرتن لە بەرەی کوردایەتی دژ بە شۆڤینیەتی عەرەبی، ئەویش بە دەنگدانی بە مام جەلال بۆ پۆستی سەرۆکایەتی چ ئەلتەرناتیڤێکی تری هەبوو نەیکردوە؟ ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان وەکو هەموو تاکێکی کوردو نیشتمان پەرەوەر، دەڵێم نەک هەر هەڵوێست بەڵکو شەڕی پیرۆزی کوردانەیان دژ بە شۆڤینزمی عەرەبی بە سەربەرزانە کرد. فراکسیۆنی گۆڕان سەلماندی ئیتر کەس بۆی نیە موزایەدەی کورد بوون دڵسۆزی بۆ کوردیان بەسەرەوە بکات. دوێنی بوو لەسەر خۆ کشانەوەو هەڵوێستەکەی گۆڕان لە بەغدا، دەسەڵاتی مافیای فەرهودچی و ڕۆبۆتەکانی، بەتایبەتیش بنەمالەی بارزانی و پاراستنە ڕیسوایەکەیان گۆڕانیان بەوە تۆمەتباردەکرد، کە گوایە پێگەی کورد لە بەغدا لاواز دەکات، بەڵام جەربەزەکانی گۆڕان بە دەنگدانەکەیان هەر هەموویانیان بۆ جارێکی ترو تا هەتا هەتایە دەمکوتکرد، لەوەی چیتر کەس بۆی نیە کوردایەتی وەکوو کاڵایەکی هەرزان بفرۆشن بە گۆڕان.
گەر هاتباو گۆڕان کەوتبا ئەو هەڵە سیاسیە کوشندەیە، هۆڵی پەڕلەمانی جێهێشتبا لە گەڵ ئوسامە نوجەیفی و شۆڤینەکانی تر، ئەوە هەتا هەتایە گٶڕان ڕووی ئاشبەتاڵی مەلا مستەفا بارزانی و 31ی ئابی مەسعودی کوڕەکەی سپی دەکردەوە، هەر وابووە بە درێژایی تەمەنیان مەسعود بارزانی دەبابەو پۆستاڵ ڕەشی داگیرکەرانی هێناوەو بە هێزی کردوون بۆ گیانی کورد، هێزە کورد پەروەرەکانی نمونەی بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازانیش بەرگریان کردوە لە کەرامەتی کوردایەتی. لە دوای 25/7/2009 وە هەزاران تۆمەتی جۆراو جۆرو ڕەنگاو ڕەنگیان بۆگۆڕان دروستکرد، بەڵام گۆڕان توانی بەیەک هەڵوێستی کوردانە هەر هەموو تۆمەتەکان، وەکو شەرمەزاریەک بگەڕێنێتەوە بۆ دەسەڵاتی گەندەڵ و بەزۆر سەپاو بەسەر ملی خەڵکی کوردستان. ئەوەتا هەر خۆیانن ئەمانەی دوێنێن سوپاسی هەڵوێستی گۆڕان دەکەن لە بەغدا! بزوتنەوەی گۆڕان وەکو لەسەرەوەش باسمکرد بۆ لەناو بردنی هیچ حزب و کەسێک نەهاتۆتە ئاراوە، جا ئەگەر خەڵکانێکیش هەبن وا بیر بکەنەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەوە هاتۆتە کایەوەو دەیەوێت یەکیەتی و مام جەلال لەناو ببات، ئەوا گۆڕانخواز نیە بە دڵنیاییەوە، دەستی پاراستنە و لە بەرژەوەندی بنەماڵەی بارزانیدایە، چونکە ئەوان هەموو کاتێک ئاواتخوازی مەرگی گۆڕان و یەکیەتین. کێشەی سەرەکی لە کوردستان بنەماڵەی بارزانی و مسعود بارزانیە، کە تا ماوە هەر کەسێکی فاشلەو ناتوانێت خۆی لە بازنەی بۆتەقەی خێڵ و سەرۆکایەتی پارتی ڕزگار بکات، تاماوە ناتوانێت ببێت بەسەرۆکێکی نۆڕماڵ وەکوو سەرۆکانی دونیای مۆدرێن. هەر لەوڕۆژەی بۆتە سەرۆک هەرچی دەستوورو یاساو ڕێسای پەڕلەمان هەیە، هەر هەموویان لەسەر ستراتیژیەتی مانەوەی دەسەڵات بەدەستی بنەماڵەی بارزانی لە پەڕلەمانی کوردستان داڕشتوە،هیچ بنەماڵەیەک و دیکتاتۆرەکانی دونیا بەقەد ئەو 20 ساڵەی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و سەرۆکە دیکاتۆرەکەی ئەوەندە دزی و تاڵانی میللەتی خۆیان نەکردوەو خاکەکەشیان لەسەر خۆیان تاپۆ نەکردوە. لە زۆنی زەرد چ زەویەکی باش ماوە کە تاپۆی بنەماڵەی بارزانی یان ملکەچێکی خۆیان نەبێت؟ مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکێک لە جیاتی ئەوەی ناو ماڵی کورد ڕیكخات و ئاشتی تەبایی تیا بنەجێ بکات، دەچێت عێراقە حەبیبەکەی ڕێکدەخاتەوە، ئەی ناڵێن تا ماڵ هەبێت مزگەوت بەتاڵە، بەڵام لای پارتی و مەسعود بارزانی تا بەغداو تاران و ئەنقەرەو دیمەشق هەبێت کوردستان بەتاڵە بەتاڵ. ئەویش لە بەر ئەوەی هێزی پارتی و بنەماڵەی بارزانی سەرچاوەکەی هەر پایتەختەکانی داگیرکەران بووە، نەوەک کوردستان. باشە ڕەخنە گران لە گٶڕان بۆچی بۆ دەسەڵاتی دزو تاڵانچی هەموو شتێک حەڵاڵە، بەڵام بۆ گۆڕان هەڵوێستێکی کوردانە بە دەنگدانێک بۆ کورد حەرامە؟! لە کۆتایش ئەوە دەڵێم هیوادارم سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانی لەم 4 ساڵەدا ئەو گەندەڵیە ستراتیژیەی بەناو ئیتیفاقی ستراتیژی لە گۆڕ نێت، وە دەستیش لە بنیا قاقای ویژدانی خۆی هەڵگرێت و بەزۆر نەیمرێنێت، بۆ ئەوەی ڕووباری خۆێنی شەهیدەکانی چیتر نەرژێتە ژێر داری ئەقڵی خێڵ و دیکاتۆریەکەی بە هێزتر نەکات، چونکە یەکیەتی لە پێش هەموو لایەک لە ناو دەبات....!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست