مه‌لا مسته‌فا بارزانی به چ سیفه‌تێک له په‌ڕله‌مانی کوردستانە؟!
Sunday, 20/06/2010, 12:00
نا ڕۆشنبیری سه‌رچاوه‌و چاوگی نه‌زانین و ترسه له ناو کۆمه‌ڵگادا، له بێده‌نگ بوون و پرسیارنه کردن و بهرانگارنه بوونه‌وه‌و پاشانیش، نە گۆڕینی بار‌و دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی کۆمه‌ڵگا، له ڕه‌وشێکی چه‌قیوو به‌رده‌وام بۆ دواوه چوون، بۆ ڕه‌وشێکی نوێ و مۆدێرانه له گۆڕان و به‌رده‌وامییه‌تی به‌ره‌و پێشه‌وه چووندا. نا ڕۆشنبیری له ناو هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کیش هه‌بوو بێت، ئه‌وا ئه‌و کۆمه‌ڵگایه بووه به زه‌وییه‌کی به پیت و به‌ره‌که‌ت بۆ زوڵم و زۆرداری و تاڵان و دزینی تێکڕای سه‌ره‌وت و سامانی نه‌ته‌وه‌یی، له لایه‌ن حزب و ده‌سه‌ڵاته پاشڤهڕۆو دیکتاتۆره‌کان، که به ده‌یان و سه‌دان درۆ ده‌له‌سه‌و پیاهه‌ڵدان به خۆیان، له ڕه‌سه‌نی و ئازایه‌تی و پاکی و خیانه‌ت نه‌کردن له نه‌ته‌وه‌و نیشتمان و دلسۆزی، وه‌ک کاڵایه‌ک ده‌پێچنه‌وه‌و به شه‌وو به ڕۆژ به کۆمه‌ڵگای ده‌فرۆشنه‌وه. کۆمه‌ڵگای نا ڕۆشنبیریش له نه‌زانین و تێنه‌گه‌یشتنی خۆیدا بۆ ئه‌م کاڵایه ته‌زویره‌و نا دروسته، جار له دوای جار دوو باره‌ی دەکاته‌وه و گه‌وره‌ترین نرخ ده‌دات، که بریتیه له ده‌نگ و متمانه‌و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆی و چاره‌نووسه‌که‌ی. ترس، خوو ڕهووشتێک یان ره‌وشێکی خۆرسک و ئاسایی نیه، که به شێوه‌یه‌کی سروشتی پڕۆگرامکراو، یان دامه‌زراوو چاپکراو بێت له نا و مێشک و ده‌رونی مرۆڤه‌کان به‌ر له دایک بوونیان، به‌ڵکو ترس دروستکراوو ده‌ستکردی خودی مرۆڤه‌کانه له ناو کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا. به داخه‌وه کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی کوردیش له ناڕۆشنبیری و دانی نرخی گه‌وره و خۆخه‌ڵه‌تاندن به‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌ی ئێستای کوردستان به‌ده‌ر نیه. په‌ڕله‌مان له ته‌واوی دونیادا ئه‌و دامه‌زراوه یاسایی و سیاسیه‌یه که له هه‌موو کاتێکدا، ته‌نها یه‌کڕه‌نگ و یه‌ک هێمای هه‌یه ئه‌ویش نوێنه‌رایه‌تیکردنی ته‌واوی کۆمه‌ڵگایه، به ته‌واوی چین و توێژه‌کانیه‌وه، به ته‌واوی لێکجیاوازی بیر‌و باوه‌ڕو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیه‌وه. په‌ڕله‌مان نوێنه‌ری یه‌که یه‌که‌ی تاکی کۆمه‌ڵگاو حزب و گروپ وڕێکخراوه مه‌ده‌نی و دیموکراسی و مرۆییه‌کانه، هه‌تا ئه‌وانه‌شی گه‌ر ده‌نگی پێبده‌ن یان ده‌نگی پێنه‌ده‌ن، که هه‌ڵبژاردن ته‌واو بوو په‌ڕله‌مان هی هه‌مووانه‌و بۆ هه‌مووانیش به بێ جیاوازی کار ده‌کات. بۆ هیچ حزبێک یان ڕێکخراوێک یان هاوپه‌یمانیه‌ک،نیه کاتێک له هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مان زۆرینه دێنن په‌ڕله‌مان بکه‌ن به موڵکی خۆیان و ڕه‌نگ و ڕه‌مزو، وێنه‌ی سه‌رۆکه‌کانی خۆیانی تیا هه‌ڵواسن، به بێ گوێدانه ڕاو پرسی ئه‌وانی تر. نابێت په‌ڕله‌مان مۆرکی حزبیایه‌تی و تایبه‌تمه‌ندی حزبایه‌تی به‌سه‌ر دابسه‌پێنرێت و ببێته ڕه‌وشێکی باو‌و ئاسایی، چونکه گه‌ر وا بڕوات هه‌ر حزبێک یان هاوپه‌یمانیه‌ک له هه‌ڵبژاردنا زۆرینه‌ی هێنا، ئه‌وا یه‌کسه‌ر وێنه‌و هێماو ڕه‌مزه‌کانی پێشوو لاده‌دات و ئه‌وانه‌ی خۆی داده‌نێت. به‌مه‌ش په‌ڕله‌مان له ناوه‌رۆک و وه‌زیفه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌شۆردرێته‌وه، زیاتر ده‌بێته باره‌گایه‌کی حزبی. هه‌ره‌وه‌ک ئێستای په‌ڕله‌مانی کوردستان که زیاتر له باره‌گایه‌کی پارتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌چێت، له‌وه‌ی له په‌ڕله‌مان بچێت. هه‌رچی په‌ڕله‌مان هه‌یه له‌م دونیایه‌ی ئه‌مڕۆدا بێجگه له په‌ڕله‌مانی ڕژێمه دیکتاتۆره‌کان نه‌بێت، وێنه‌ی هیچ سه‌رکرده‌یه‌ک نا‌بینیت له ناو پهڕلهمانهکاندا گه‌ر هه‌شبێت ئه‌وا ته‌نها وێنه‌ی سه‌رۆکی لایه‌نێک یان حزبێک نیه. له ناو هەر په‌ڕله‌مانێکدا گه‌ر بێت و، وێنه هه‌ڵواسن ئه‌وا شوێنکی زۆر دیاریکراویان داناوه، وێنه‌کانیش ته‌نها هی یه‌ک سه‌رکرده یان یه‌ک که‌س نیه به ته‌نها، به‌ڵکو وێنه‌ی ته‌واوی ئه‌و سه‌رکردانه‌یه که له خه‌بات و تێکۆشان و شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، ڕۆڵی بنه‌مایی و کاریگه‌رو گرنگیان هه‌بووه. بێجگه له‌مانه‌ش وێنه‌ی ئه‌و فه‌یله‌سوف وهونهرمهندو شاعیر‌و نووسه‌رو زانایانه‌ش که ڕۆڵی گرنگیان هه‌بووه له پێشخستن و ڕزگارکردنی کۆماڵگاو سه‌ربه‌خۆییه‌که‌ی له گه‌ڵ وێنه‌ی سه‌رکرده سیاسیهیهکان هه‌ڵده‌واسرێت. په‌ڕله‌مان به هیچ شێوه‌یه‌ک نابێت تەنها وه‌کو موڵکی حزبێک نیشان بدرێت. به به‌ر چاوی ته‌واوی ئێمه‌ی کورد له کوردستان و ته‌واوی دونیادا بینیمان که بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له 31ی ئابدا زۆر بێ شه‌رمانه به ده‌بابه‌کانی ڕژێمی به‌عسی سەدامی پۆلپۆت په‌ڕله‌مانی کوردستانیان داگیر کرد‌و هه‌ر به هه‌مان بێ ئابڕووی شه‌رم له خۆنه‌کردن، پشتی ئه‌و دهبابانهشیان کرده په‌یژه‌و وێنه‌کانی مه‌لا مسته‌فای بارزانیان به‌ناو په‌ڕله‌ماندا پێ هه‌ڵواسی به‌بێ گوێدان به هیچ به‌هایه‌کی کوردایه‌تی و کوردستانی، که تا ئێستاش ئەو وێنانەی مەلا مستەفا بارزانی هه‌ر ماون. بۆ نموونە هۆڵی په‌ڕله‌مان که له شاشه‌کانی تی ڤیه‌کان نیشانده‌رێت،هه‌رده‌م گرته‌یه‌کی وێنه‌که‌ی مه‌لا مسته‌فای تیایه، شاندێکی بیانی په‌ڕله‌مانتار یان میوان که دێنه کوردستان سه‌ردانی په‌ڕله‌مان ده‌که‌ن له نێوانی سه‌رۆکی شاندی په‌ڕله‌مانتاری میوان وسه‌رۆکی شاندی په‌ڕله‌مانی کوردستاندا مه‌لا مسته‌فا وه‌ک ته‌ره‌فی سێیه‌م حازره و دانیشتوه و له شاشه‌کانی تی ڤیدا ده‌رده‌که‌وێت. سه‌ردانی په‌ڕمان بکرێت یان سه‌رۆکی په‌ڕمان پێشوازی له دار‌و به‌رد بکات ئه‌وا مه‌لا مسته‌فا له ناوه‌ڕاستدا هه‌ر حازرو ئاماده‌یه. باشه ئه‌مه په‌ڕله‌مانه یان باره‌گای بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه؟ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌یانه‌وێت وای نیشان بده‌ن که مێژووی کوردایه‌تی و شۆڕش له مه‌لا مسته‌فای بارزانیه‌وه ده‌ستپێده‌کات، وه‌کوو ئه‌وه وابێت که نه‌ک هه‌ر له پێش مه‌لا مسته‌فا بارزانی، به‌ڵکو به‌ر له دایک بوونیشی کورد هه‌ر بێ سه‌رکرده‌و شۆڕش بووه. ئه‌گینا ئەمە بۆچی؟ گوایه کورد له مه‌لا مسته‌فا به‌ده‌ر سه‌رکرده‌یه‌کی تری لێهاتوو موسته‌هه‌قی نه‌بووه که وێنه‌ی ئه‌ویش له په‌ڕله‌ماندا ههلبواسرێت؟ وێنه‌کانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی ته‌نها به بڕیاری بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و هێزی ده‌بابه‌کانی 31ی ئاب که کرانه په‌یژه‌و، پێی هه‌ڵواسران به دیواره‌کانی په‌ڕله‌مانی کوردستانه‌وه، نه‌وه‌ک به ڕاو ڕاسپارده‌ی خه‌ڵکی کوردستان و خۆشه‌ویستیان بۆ مه‌لا مسته‌فا بارزانی و بنه‌ماڵه‌کەی. بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌بێت له‌مه بگه‌ن که مه‌لا مسته‌فا لای زۆرینه‌ی هەرە زۆری خه‌ڵکی کوردستان له یه‌کێک له سه‌رکرده‌کانی کوردی بترازێت شتێکی زیاتر نیه. گه‌ر بیانه‌وێت پیرۆزیشی بکه‌ن ئه‌وا له پیرۆزی سه‌رکرده‌کانی تری بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانی زیاتر نابێت. کێشه‌که لێره‌دایه مه‌لا مسته‌فای بارزانی تا ئێستا وه‌کو یه‌کێک له سه‌رکرده‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی یه‌کلایه‌نه هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ی بۆ کراوه، ئه‌ویش له لایه‌ن خودی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌وه بووه، ئه‌گه‌ر له‌م لاو ئیملاش که‌سایه‌تیه‌ک یان ڕۆژنامه‌نووسێک یان مێژوونووسێکی غه‌یره کورد باسی مه‌لا مسته‌فا بارزانی کردبێت، ئه‌وا سه‌د ده‌ر سه‌د له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌وه زۆر بە چاکی بۆیان هەڵڕشتووەو به‌رتیل خواردیان کردوە بە پارەی دزراو و تاڵانی ئەم میللەتە، بۆ ئه‌وه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ی خودی بنه‌ماڵه ده‌یه‌وێت ئاوا باسی بکه‌ن. زۆر به‌داخه‌وه تا ئێستا هیچ مێژوو نووس یان ڕۆژنامه نووس یان ئه‌کادیمیستێکی کوردی بێ لایه‌ن خۆی له قه‌ره‌ی ئه‌وه نه‌داوه بێت و هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌یه‌کی بابه‌تیانه‌و مێژووییانه بۆ مه‌لا مسته‌فا بارزانی بکات. خۆ ئه‌گه‌ر که‌سانێکیش هه‌وڵیان ئه‌وه‌یان دابێت ئه‌وه له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌وه تیرۆر کراون، چونکه باش ده‌زانن به کارێکی له‌م جۆره هه‌رچی ناڕاستی و درۆ‌و وه‌همی نا لۆژیکیانه‌ی بارزانیهت هه‌یه هه‌مووی ئاشکرا ده‌بێت و ده‌بێته شتێکی نۆرماڵ وه‌ک هه‌ر سه‌رۆک و که‌سایه‌تیه‌کی تر. بنەماڵەی بارزانی بەزۆری زۆردار دەیانەوێت مەلا مستەفا بارزانی پیرۆز بکەن و بیکەنە ئەو هێلە سوورەی کە نزیک بوونەوە لێی یان باسکردن و ڕەخنە گرتن لێی، وەکوو ئەو کوفرەی موسڵمانان بێت کە پێی لە دینی ئیسلام وەردەگەڕێن و دەبنە کافر‌و مولحید بە خودا‌و پێغەمبەر. تا ئیستا بە زەبری تۆقاندن و تیرۆر‌و ترساندنی خەڵکی چاکیان بۆ مەیسەر بووە و چۆتە سەر. بنەماڵەی بارزانی هەر هەڵەو خیانەتێکیان کردبێت بەئاسانی لێی دەرباز بووینە، وە ئەوەیان لە مێشکی خەڵکانی نا ڕۆشنبیر دروستکردوە کە بنەماڵەی بارزانی لێیان پاکترو کوردپەروەر تر نیە، وە بنەماڵەی بارزانی هەرگیز خیانەتیان نەکردوەو قەت هەڵەش ناکەن، ئەوەی دەیکات ئەوە بارزانی نیە بەڵکو سەرکردایەتی پارتیە دەیکات.ڕێگایانداوە بە ئارەزووی خۆت ڕەخنە لە پارتی بگریت و تەنانەت پارتی و سەرکردایەتیەکەی سووک و ڕیسوا بکەیت هیچت پێ ناڵێن بە مەرجێک باسی بارزانی و بنەماڵەکەی نەکەیت. کە چی لە ڕاستیدا تەواو پێچەوانەیە، بەڵای بەڵاکان ، کێشەی کێشەکان، کڕۆکی دواکەووتن و نەزانی و ڕێگرتن لە بەردەم بوونی کۆمەڵگای کوردی بە کۆمەڵگایەکی مۆدرێن و پێشکەوتوو، خودی بنەماڵەی بارزانیە. جیاوازی و ڕقی نێوان سۆرانی و بادینی مەلا مستەفا بارزانی دروستیکرد، پەرتکردن و لێکترازاندنی ڕیزەکانی ناوەخۆیی نەتەوەی کورد مەلا مستەفا بارزانی بوو بە داهێنانی شەڕی خۆ کوژی و کورد کوژی جێ بە جێیکرد، لە ژێر سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی بوو زۆر لە سەرۆک عەشیرەتەکانی کوردستان بە خۆیان و عەشیرەتەکانیان بوون بە جاش دژ بە شۆڕشەکەی مەلا مستەفا بارزانی و بنەماڵەکەی، لە ڕقی ئەو زوڵم و زۆرییەی کە لە بەرامبەر ئەو عەشیرەتانە دەیانکرد. مەلا مستەفا بارزانی هەرگیزاو هەرگیز ئەو سەرکردە لێهاتووەو (کۆکەرەوەیە) نەبووە کە بتوانێت تەواوی خەڵکی کوردستان بە جیاوازی بیر‌و ڕاو بەرژەوەندیە جیاوازەکانیانەوە کۆ بکاتەوەو ڕیزەکانیان یەکخات لە خەبات و شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستان. مەلا مستەفا بارزانی بوونی نەتەوەی کورد‌و بەرژەوەندیە باڵاکانی کورد‌و کوردستانی لە سەر بوون و بەرژەوەندیه تایبه‌تیه‌کانی بنەماڵەکه‌ی خۆی تەوقیت و قورمیش کرد. تائێستاش هەردەم کورد‌و کوردایەتی لە ڕوانگەی بەرژەندیە تایبەتیەکانی خۆیاندا دەبیننەوە، لەوەش بەدەر بۆ بنەماڵەی بارزانی هەرچی کورد‌و کوردستان هەیە نرخی تورێکی قوڕاوی ناهێنێت. ئێستاش پەڕلەمانیان بە وێنەکانی مەلا مستەفا بارزانی کردووە بە دیوه‌خانی خۆیان، کە هەڵواسینیان بەم شێوەیە بۆتە دیاردەیەکی زۆر پاشڤەڕۆیانە و ناشارستانیانە، بۆیە پێویستە پەڕلەمانتارانی کوردستان پەڕلەمانەکهیان ڕگار بکەن و بیکەنە پەڕلەمانێکی مۆدرێن و سەردەمییانە. بۆ ئەوەی پەڕلەمانی کوردستانیش بچێتە ڕیزی ئەو پەڕلەمانانەی کە بەڕاستی نووینەری تەواوی یه‌که یه‌که‌ی کۆمه‌ڵانی خەڵکن. گەر بنەماڵەی بارزانیش دەیانەوێت مەلا مستەفا بارزانی وەکوو سەرکردەیەک ڕیزی بگرێت لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەوا چاکترین ڕێز لێنان و وەفاداریان بۆ مەلا مستەفا بارزانی ئەوەیە وێنەکانی لە پەڕلەمان لادەن،چونکە ئەم وێنانە لە سەر پشتی دەبابەکانی 31ئابەوە بە دیوارەکانی پەڕلەمانی کوردستان هەڵواسران. ئەو پەڕلەمانەی کە بە فرمێسک و ئێش و ئازاری دایکان و باوکان و مناڵان و زیندانیەکانی بەندیخانەکان و بە خوێنی شەهیدانی ئەنفال و هەڵەبجەو هەزاران پێشمەرگەی قارەمان دروست بوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست