کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئامانجه‌ شاراوه‌کان له‌ شه‌هید کردنی ڕۆژنامه‌نووس وخوێندکار سه‌رده‌شت عوسماندا

Wednesday, 12/05/2010, 12:00


ئامانجه‌ شاراوه‌کان له‌ شه‌هید کردنی ڕۆژنامه‌نووس وخوێندکار سه‌رده‌شت عوسماندا
له‌ سه‌ره‌تا بۆ له‌بیر نه‌کردن ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵێینه‌وه‌ که‌ شه‌هید سه‌رده‌شت که‌سێکی پێشکه‌وتنخواز و نوێخواز بووه‌ له‌ ڕه‌وتی بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری گۆڕاندا، هه‌روه‌ک شه‌هید سه‌رده‌شت خۆشی له‌ نووسینه‌کانیدا ڕاشکاوانه‌ باسی کردوه‌ که‌ یه‌کێک بووه‌ له‌ که‌سه‌ ئه‌کتیڤه‌کان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25/7 دا،وه‌ کاری بۆ به‌دیهێنانی گۆڕان کردووه‌و ده‌نگیشی به‌ گۆڕان داوه‌. لێره‌دا به‌ بێ هیچ گومانێک وه‌ زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تیرۆکردنی ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان تیرۆرێکی سیاسی پله‌ یه‌که‌.جگه‌ له‌مه‌ش هه‌ر به‌ندو با لۆره‌یه‌کی تر یان هه‌ر قسه‌و قسه‌ڵۆک و سیناریۆیه‌کی تر ته‌نها بۆ داپۆشینی ئه‌م تاوانه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌ ده‌رهه‌ق به‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و دیموکراسیه‌ت و کۆمه‌ڵگای شارستانی.بۆ داکۆکی کردن و سه‌لامندنی زیاتری ئه‌م ڕاستیه‌ش پرسیارێکی زۆر ساده‌و ساوێلکانه‌ تان لێده‌که‌م ئایا له‌ ئه‌جیندای ئه‌و تیرۆرستانه‌ی که‌ له‌ نێوانی هه‌ولێرو موسڵدا دێن و ده‌چن و ته‌ڕاتێن ده‌که‌ن سه‌رده‌شت عوسمانی ڕۆژنامه‌نووس و خوێندکاریان، له‌ یه‌کێک له‌ کوڕه‌کانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم یان یه‌کێک له‌ برازاکانی یان هه‌ر که‌سێکی تر له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا به‌ گرنگترو گه‌وره‌ ترو کاریگه‌رتر داناوه‌و پێناسه‌ کردوه‌؟! ئایا له‌و هه‌لێره‌ گه‌وره‌و پایته‌ختدا جگه‌ له‌ شه‌هید سه‌رده‌شتی ڕۆژنامه‌ نووس که‌سی تر نه‌بوو بیکه‌نه‌ ئامانج بۆ تێکدانی ئه‌مانه‌ت و ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان؟! باوه‌ڕتان بێت باجی حه‌لاویش پێتان بڕواناکات ئه‌ویش هه‌مان ڕای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستانی هه‌یه‌ له‌سه‌ر تیرۆکردنی ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان...! جا با بێینه‌ سه‌ر ئامانجه‌ شاراوه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌ تیرۆرکردنی جوانه‌ مه‌رگ سه‌رده‌شتی ڕۆژنامه‌نووس. یه‌که‌م ئامانج چاو ترسناندن و تۆقاندنی خه‌ڵکی هه‌لێر به‌گشتی و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌ نووس و خوێندکاران به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ زیاتر مل پێ که‌چکردنیان بۆ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆیان. دووه‌م ئامانجی شاراوه‌یان ئیحراج کردنی یه‌کیه‌تی نیشتمانی و حکومه‌ته‌که‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی وا نیشان بدرێت که‌ یه‌کیه‌تی توانی به‌ڕیوه‌بردنی حکومه‌تی نیه‌و دکتۆر به‌رهه‌میش که‌سێکی لاوازه‌ له‌ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تدا، وه‌ وای نیشانده‌ن و بڵێن ئه‌وه‌تا له‌ سه‌رده‌می حکومه‌تی یه‌کیه‌تی ئاسایشی کوردستان پارێزراو نیه. له‌ هه‌مانکاتیشدا مه‌به‌ستیان تێکدانی به‌ڵانسی کۆنگره‌ی یه‌کیه‌تی نیشتمانیه، چونکه‌ له‌ پێش گرتنی کۆنگره‌دا کارێکی تیرۆستی له‌م چه‌شنه‌ له‌ سایه‌ی حکومه‌تی یه‌کیه‌تی ڕوبدات، بێ گومان له‌ ڕووی ئاسایشه‌وه‌ به‌ شکست هه‌ژمار ده‌کرێت و کاریگه‌ری نێگه‌تیڤانه‌ش ده‌خاته‌ سه‌ر کۆنگره‌که‌. ئامانجی شاراوه‌ی سێ یه‌مینیان هه‌ره‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ش باسمانکرد که‌ شه‌هید سه‌رده‌شت چالاک وانێکی گۆڕان بوو، به‌ تیرۆکردنی له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌وه‌ مه‌به‌ستیان جوجکه‌ ترسێن کردن و چاوشکاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو، تا وه‌های به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نیشان بده‌ن و پێیان بڵێن ئه‌وه‌ی له‌ سلێمانی یان له‌ ناوچه‌ سه‌وزه‌کان ده‌یکه‌ن و بۆتان ده‌چێته‌ سه‌ر، له‌ هه‌ولێرو ناوچه‌ زه‌رداویه‌کان بۆتان نیه‌ بیکه‌ن و ڕێگه‌ پێنه‌دراویشن، وه‌ له‌ فیشه‌ک و تیرۆریش که‌متر وه‌ڵاممان نیه‌ بۆ ئێوه‌ی گۆڕانخوازان. ئه‌وه‌یه‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی که‌ بوونه‌ته‌ مۆته‌که‌ی دزی و تاڵانی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئازادی خه‌ڵکی کوردستان و سه‌روه‌ت و سامانه‌که‌ی. ئایا ئێستا ئه‌و که‌س و ئه‌ندامانه‌ی غه‌یره‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌ پارتیدا چی ده‌ڵێن؟ ئه‌و ڕۆژنامه‌ نووس و به‌ناو ڕۆشنبیره‌ ملکه‌چانه‌ی ژێر جه‌تری بنه‌ماڵه‌ی بارزانی چی ده‌ڵێن تاکه‌ی ئیغتیسابی پێنووسه‌کانتان ده‌که‌ن بۆ ملکه‌چ پێکردنی خۆتان و کۆمه‌ڵگا کوردی له‌ پێناوی کۆیلایه‌تی و خزمه‌تکاری بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا؟ ئه‌ی ئه‌و حزب ولایه‌نانه‌ی که‌ خۆیان به‌ چه‌پ و پێشکه‌وتنخواز دائه‌نێن و له‌زه‌لکاوه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیشدا گه‌دایی بۆگه‌ خواردن ده‌که‌ن ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟ ئایا ڕۆژی له‌مه‌ ڕه‌شتر هه‌یه‌ بێن قسه‌ی تیا بکه‌ن؟ ئایا له‌ تیرۆر کردنی ڕۆژنامه‌ نووسان و خوێندکاران له‌ سه‌ر ڕاده‌ربڕینی ئازادانه‌ هه‌ستیار ترو ترسناکتر شتێکی دیکه‌ زیاتر هه‌یه بێن قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن و هه‌ڵوێستان هه‌بێت؟ کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ یه‌کلایی که‌نه‌وه‌ ئایا ئێوه‌ له‌ به‌ره‌ی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌و هه‌ژارانی کوردستانن یان بۆگه‌ خۆری بنه‌ماڵه‌ی بارزانین؟ دوا پرسیاریشم بۆ به‌ڕێزان مام جه‌لال و کاک نه‌وشێروان به‌ڕێزان ئێوه‌ دووکه‌س بوون دوو هه‌ڤاڵ بوون له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌کانی دیکه‌تاندا دوێنی بوو له‌سه‌ر که‌لاوه‌ی ئاشبه‌تاڵ و چۆکدادانی سه‌رکرده‌کانی و بێ ئومێدی و بێ هیوا بوون، چه‌خماخه‌ی شۆڕشی نوێتان لێداو هیواو ئاواتتان زیندوو کرده‌وه‌، هه‌ر ئێوه‌ بوون و هه‌ڵگرانی بیروباوه‌ڕو ڕاده‌ربڕینی جیاواز و دیموکراسی... ئێستاکه‌ پێمان ناڵێن بۆ واتان لێکرد به‌ کوێتان گه‌یاند؟ به‌ڕێزان گه‌یاندتانه‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ خاوه‌نی ئاشبه‌تاڵ و سه‌رکرده‌ی 31ی ئاب ببێته‌ ئاشتکه‌ره‌وه‌و ناوبژیکه‌ری نێوانتان؟! ئایا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ چیتر زیاتر یه‌کتری له‌ به‌رده‌م بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌چه‌مێننه‌وه‌و یه‌کتر لاواز نه‌که‌ن به‌ خۆڕایی بۆ گیرفانی بنه‌ماڵی بارزانی؟ خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر هیچ نه‌کرێت ده‌توانن له‌ به‌ره‌یه‌کی دیموکراسیدا له‌گه‌ڵ ئه‌و حزب و لایه‌ن و که‌سایه‌تیانه‌ی که‌ بڕوایان به‌ ڕاده‌ربڕینی ئازادانه‌و دیموکراسی و بنیاتنانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی هه‌یه‌ کۆببنه‌وه‌و هیواو ئاواتیش بۆ جارێکی ترو سه‌ر له‌ نوێ زیندووکه‌نه‌وه‌و، گیانی ئه‌و سۆران و سه‌رده‌شتانه‌ی که‌ تا ئێستاش ده‌ستی تیرۆریان پێنه‌گه‌یشتوه‌ ڕزگار بکه‌ن.
دلێر جه‌لال باداوه‌ ‌‌‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە