کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شارەوانى هەڵەبجە 44دۆنم زەوى وبڕی 2ملیار و 100ملیۆن دینارى بەفیڕۆداوە نەبوونى پارك گەنجانى هەڵەبجە بێزاردەكات

Saturday, 24/04/2010, 12:00


پرۆژەى پاركى گشتى هەڵەبجە ماوەى 3ساڵە لەسەر ڕوبەرى 44دۆنم زەوى و بەبڕی 2ملیار و 100ملیۆن دینار جێبەجێكراوە، ئەم پاركە كەدەوێتەوە دەرەوەى شارەكە و بەدەگمەن خەڵك ڕووى لێدەكات هیچ پرۆژەیەكى خزمەتگوزاری و جوانكاری تێدا نەكراوە، هەربۆیە خەڵكى ناوچەكە بەبێ كەڵكترین پرۆژەى شارەكەیانى دەزانن، ئەم پاركە كەلەلایەن شارەوانییەوە زیاتر لە8پاسەوانى بۆ دانراوە، بەلام زۆربەى زۆرى گڵۆپ و دەرگا و پەنجەرەى ناو پاركەكە لەلایەن هاولاتیانەوە شكێنراون، هەروەها شارەوانى هەڵەبجە هەتا ئێستا نەیتوانیوە یەك نەمام لەناو ئەو 44دۆنم زەوییەدا بڕێنێت، هەربۆیە بوونى پاركێك لەسەر ئەو ڕوبەرە فراوانە بەبێ بونى سەوزایی و كەرەستەى یاریكردن بۆ منداڵان هیچ سودێكى بەشارەكە نەگەیاندووە، ئاكۆ سەلیم دانیشتووى هەڵەبجە بۆ بەڵگە دواو وتى: ماوەى زیاتر لە3ساڵە پرۆژەى پاركى گشتى هەڵەبجە تەواوكراوە، ئەو پرۆژەیە یەكێكە لەو پرۆژانەى كەزۆرترین بڕە پارەى بۆ دابینكرابوو، بەڵام هەتا ئێستا شارەوانى هەڵەبجە نەیتوانیوە نەنانەت یەك نەمام و درەخت لەپاركەكەدا بڕوێنێت، هەتا پاركەكە دەكەوێتە ناوچەیەكى دورە دەست لەشارەكەوە هەربۆیە سەرەڕاى ئەوەى هاوڵاتیان سودى لێوەرناگرن، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ سیمایەكى جوانى بەشارەكە نەبەخشیوە، چونكە هەموو پاركێك بەسەوزایی و پرۆژەى جوانكارییدادەناسرێتەوە، بەڵام پاركەكەى ئێمە بێبەشە لەسەوزایی و پرۆژەى جوانكارى، وتیشی: بەبڕواى من ئەو بڕە پارەیەى كەلەلایەن حكومەتەوە بۆ پاركەكەدابینكراوە بڕێكى زۆربوو، ئەگەر شارەوانى هەڵەبجەو بەلێندەرەكان بەباشی بەكاریانبهێنایە ئەوا سیما و ڕوخسارى پاركەكە هیچ كەمتر نەدەبوو لەو پاركە مۆدێرنانەى كەلەناوەندى پارێزگاكاندا دروستكراون.
(حكومەت كەمتەرخەمى نەكردووە، شارەوانى بەرپرسە)
دابینكردنى ڕی 2ملیار و 100ملیۆن دینار لەلایەن حكومەتى هەرێمى كوردستان بۆ دروستكردنى پاركى گشتى هەڵەبجە بەیەكێك لەهەنگاوە دڵخۆشكەرەكانى حكومەت دادەنرێت، هاوڵاتیانى ناوچەكەیش بەاوێكى پڕبایەخەوە لەو بڕیارەى حكومەتى هەرێمى كوردستانیان دەڕوانى، بەڵام دیاریكردنى شوێنى دروستكردنى پاركەكەو چۆنیەتى دروستكردنەكەى و نەبونى سەوزایی و كەرەستەى یارى منداڵان و تەنانەت خزمەتنەكردنى پێویستییەكانى ناو پاركەكە، شاگرفتى هاوڵاتیانى هەڵەبجەیە، سەلاح جەزا خوێندكارى ئامادەیی بۆ بەڵگە دواو وتى: ئەوەندەى تێبینیم كردووە لەماوەى 6ساڵى ڕأبردوو بەتایبەتى دواى پرۆسەى ئازادى عێراق و ڕزگاربونى هەڵەبجە لەدەستى تیرۆریستان، خەڵكى هەڵەبجە و نوینەرانى ئیدارى شارەكە هەرداواكارییەكیان لەحكومەت كردبێت، حكومەت بۆى كردوون، بەڵام بێسەروبەرى شارەوانى لەكاروبارەكانیدا زیانى زۆرى لەو پرۆژانە داوە كەحكومەت جێبەجێی كردوون، بۆ نمونە پاركى هەڵەبجە، ئەم پاركە لەساڵى 2005 بڕی زیاتر لە2ملیار دینارى ئەوكاتەى بۆ تەرخانكراوە، بەهەموو پێوەرێكى ئەندازەیی و هونەرى، بەپێی نرخی كەرەستە و پێداویستیەكان لەكاتەدا، ئەو بڕە پارەیە زۆر زیاتر بوو لەوەى كەپاركێكى لەمجۆرەى پێكبرێت، باشە من لەشارەوانى دەپرسم، پاركێك یەك نەمامى درەختى تێدانەبێت، پێی دەوترێت پارك؟ باشە ئایا پاركێك هیچ پێداویستیەكى منداڵانى تێدانەبێت پێی دەوترێت پارك؟ پاركى هەڵەبجە نزیكەى 8پاسەوانى هەیە بەڵام ئەگەر بێسەوبەرى لەكاروبارى شارەوانیدا نەبێت بۆچی سەدان كڵۆپ شكێنراون، بۆ چی هەموو دەرگاو پەنجەرەكان شكێنراون، بۆچی دەرابەى دوكانەكان هەڵكەندراون، تەنانەت تانكییەكانى سەربانیش خراون، باشە ئەو پاسەوانانە ئەگەر دەوام دەكەن دەبێت كێ بەرپرس بێت لەو پەلامارانەى دەكرێتە سەر پێداویستییەكانى ناو پاركەكە؟ بێگومان ئەوەیش لەدوو حاڵەت تێپەڕناكاتـ یان ئەوەیە هیچ یەكێك لەپاسەوانەكان دەوام ناكەن و كەس لێیان ناپرسێتەوە، یاخود پاسەوانەكان خۆیان ئەو كارەیان كردووە، وتیشی: لەناو پاركى گشتیدا دوو بیر لێدراون، بەڵام هیچ سودێكى نەبووە، چونكە لەناو پاركەكەدا هیچ درەختێك نەنێژراوە تاوەكو ئەو بیرانە بۆ ئاودێرى دەرەختەكان بەكاربهێنرێت، هەروەها مەلەوانگەى پاركەكەیش ئاوى تێدانییە، تەنانەت ئەو بیرانە بەكاریش ناهێنرێن بۆ ئاو خواردنەوەى پاسەوانەكان، چونكە ئەگەر پاسەوان ئامادەبونایەو ئاویان خواردبێتەوە، ئەوا بێگومان ئاگایان لەو سەدان گڵۆپ و دەرگا و پەنجەرانە دەبوو كەلەناو پاركەكەدا شكێنراون، تەنكییەكانى سەربانیش ئەگەر ئاویان تێدابویایە ئەوا بەئاسانى لەلایەن منداڵانەوە پاڵی پێوەنەدەنرا، وتیشی: بەڕأستى من وەك هاولاتییەكى هەڵەبجە هیچ ڕەخنەیەكم لە حكومەت و وەزارەتە پەیەندیدارەكان نییە، چونكە ئەوەەى ئەركى ئەوانە جێبەجێكراوە، بەڵام دەبوایە لایەنى جێبەجێكارى پرۆژەكە ئەو ڕوبەرە فراوانەى زەوى نەكردایە بەپاركێك كەهیچ درەختێكى تێدانییە، چونكە ئەگەر شارەوانى هەڵەبجە گرفتى كەمی بودجەى هەیە، ئەوا دەبوایە لەجیاتلا 44دۆنم 30دۆنن زەوی بكرایە بەپارك بەڵام هەموو مەرجەكانى پاركى تێدابوایە، تەنانەت شارەوانى هەڵەبجە تواناى پاراستى گڵۆپ و دەرگا و پەنجەرەو دەرابە تەنكییەكانى سەربان و مەلەوانگەكەیشی نییە.
(شارەوانى هیچ هەوڵێكى بۆ خزمەتى پاركى گشتى نەداوە)
سەبارەت بەهەوڵەكانى شارەوانى هەڵەبجە بۆ خزمەتكردنى پاركى گشتى شارەكە، كوێستان ئەكرەم جێگرى سەرۆكى شارەوانى و سەرپەرەشتیارى باخچەكانى هەلەبجە وتى: ئەو ناوچەیەى كەپاركەكەى لێدروستكراوە ناوچەیەكى عەشایەرن خەڵكى ناوچەكە هەست بەبەرپرسیارتی ناكەن و زۆربەى گڵۆپ و دەرگاو پەنجەرەى ژوورەكان لەلایەن خەڵكى ئەو گەڕەكەوە شكێنراون، چونكە خەڵكەكەى ئاستى ڕۆشنبیریان لاوازە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە