کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕێکخراوی ژنان، به‌ عه‌قڵی په‌رله‌مانه‌که‌ی کوردستان ڕه‌فتارده‌که‌ن

Saturday, 28/11/2009, 12:00


پیاوێکی ده‌رکراو که‌م ڕێکده‌که‌وێت، ژنانی کورد سیمینار و کۆنگره‌ بگرن، ته‌نانه‌ت چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا بکرێت، ژنی ئێمه‌ چونکه‌ چه‌وساوه‌ی که‌لتورێکی ناته‌واو و دواکه‌وتوانه‌ن، که‌م ڕۆڵیان هه‌یه‌ و به‌ ژماره‌ش له‌ چاو پیاواندا که‌مترن، به‌شیان له‌ هه‌موو چالاکییه‌کانیشدا خوراوه‌، پێویستییان به‌ پشتگیرییه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناکاته‌ ئه‌وه‌ی ئیتر ژنانمان ڕه‌شبین بن و نه‌یانه‌وێ هه‌نگاوێک بنێن. من زۆر جار ده‌بینم، ‌ ئه‌و ژنه‌ چالاک و زیره‌کانه‌ی که‌ نه‌ترسانه‌ دێنه‌ مه‌یدانه و خه‌م و ئازاری ژنانی هاوڕه‌گه‌زیی خۆیان ده‌رده‌بڕن، به‌ره‌وه‌ ڕووی ڕه‌خنه‌ و سووکایه‌تیی ده‌بنه‌وه‌، چاوقایمانه‌ به‌رگریی ده‌که‌ن، له‌لایه‌ن پیاوه‌ وشیار و تێگه‌یشتووه‌کانیشه‌وه‌، زیاتر ڕێزیان لێده‌گیرێت، ته‌نانه‌ت پێشبڕکێیان بۆ ده‌کرێت.
من بۆ خۆم یه‌کێکم له‌وانه‌ی، ڕێز له‌و ژنانه‌ ده‌گرم، که‌مجار ڕێکه‌وتووه‌، هاوبه‌شی سیمیناری ژنێکی نووسه‌ر و ڕووناکبیرم نه‌کردبێ، یان بو کۆبونه‌وه‌ی به‌رفراوانی ڕێکخراوه‌کانی ئافره‌تان نه‌چووبم.
ئه‌مڕۆ ڕۆژی 28 11 2009 کاتژمێری دووی پاش نیوه‌ڕۆ ئاگادارکرامه‌وه‌، که‌ له‌ شاری ئۆپسالای سوید، ڕێکخراوی ژنانی ئه‌و شاره‌، سیمینارێک بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی خواره‌وه‌ ساز ده‌کات:
1) ناگین شێخ ئیسلام (به‌ناو ڕۆژنامه‌نووس، بۆ وێنه‌ و ناوه‌که‌ی له‌ گوگڵدا گه‌ڕام نه‌مدۆزییه‌وه‌).

2) خه‌نده‌ حه‌مه‌ جه‌زا (به‌ناو ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری ئۆقیانوسێک له‌ تاوان، لێ وه‌کو ڕۆژنامه‌نووس هیچ چالاکییه‌کی نییه‌).

3) ساڵحی ڕه‌حیمی (کۆمه‌ڵناس و کۆمه‌ڵ نایناسێ).

4) ڕووناک شوانی، ئه‌ندامی ڕێكخراوی چاک (وه‌ک ڕۆژنامه‌نووس، نازانم چی کردووه‌، به‌ڵام وه‌ک نووسه‌ر هه‌ندێ نووسینی هه‌یه‌).

به‌ڵی سیمیناره‌که‌ بۆ ئه‌مانه‌بوو، داوای لێبووردن ده‌که‌م له‌ خوێنه‌ری خۆشه‌ویست، که‌ من هیچ مه‌به‌ستم له‌ سووکایه‌تیی پێکردنی ئه‌وانه‌ نییه‌، له‌ پێناسه‌کردنی که‌سایه‌تییه‌کان، به‌ڵام له‌ ئاگاداریی و باسی ناو سیمیناره‌که‌دا به‌و شیوه‌یه‌ ئه‌م که‌سانه‌یان پێناساندین. من لێره‌دا وچانێک به‌ باسه‌که‌ ده‌ده‌م، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ به‌ ئێوه‌ی خوێنه‌ر ڕابگه‌یه‌نم، که‌ به‌ داخه‌وه ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی دوو ووتار ده‌نووسن، ئیتر خۆیان پێ ده‌بێته‌ ڕۆژنامه‌نووسیش، من‌ زۆر ئاگاداری ئه‌وه‌م، که‌ ئیستا له‌ نه‌ودا سه‌دی نووسه‌ره‌ کورده‌کان که‌ باسی خۆیان ده‌که‌ن، ناڵێن ئێمه‌ ته‌نها نووسینمان هه‌یه‌، به‌ڵکو ده‌شڵێن ئێمه‌ ڕۆژنامه‌نووسیشین، لای ئه‌مانه‌ جیاوازی‌ نێوان نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس  نییه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌وانه‌ وا بزانن، ڕۆژنامه‌نووس، به‌ واته‌ له‌ ڕۆژنامه‌دا بنووسیت. به‌هه‌ر حاڵ ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڕێزانه‌ به‌ هه‌ڵه‌ له‌ مانای ڕۆژنامه‌نووس گه‌یشتوون و جیاوازی ناکه‌ن، با  پرسیار بکه‌ن و جارێکی دیکه‌ به‌و شیوه‌یه‌ پێناسه‌ی خۆیان نه‌که‌ن.
من وه‌ک وتم له‌ کاتی دیاریکراودا بۆ سیمیناره‌که‌ چووم، که‌ تایبه‌ت بوو به‌ تووند و تیژی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان. ئه‌مڕۆ بازاڕی ئه‌م باسه‌ زۆر گه‌رمه‌، ژنه‌ ڕووناکبیر و نووسه‌ره‌کانمان سه‌رقاڵی ئه‌م باسه‌ن، ده‌ستخۆشییان لێده‌که‌م به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر توانیبێتیان به‌ردێکیان خستبێته‌ سه‌ر به‌ردێک، وشیاریی و گۆڕینی بیری کۆمه‌ڵگای کوردیان بڵند کردبێیت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من سه‌رنجم دا، له‌ بێئاگاییدا سیمیناره‌که‌ به‌ بێده‌نگیی توندوتیژییه‌کی پێوه‌ دیار بوو، مه‌به‌ست له‌ توندو تیژی به‌و مانایه‌ نا که‌ په‌لامار و ئازاری جه‌سه‌دی خه‌ڵکی بدرێت، به‌ڵکو ئازاری ده‌روونی خه‌ڵکه‌که‌، خۆ به‌زیادزانین و فیز و که‌شوفشیی به‌ڕیوه‌به‌ری سیمیناره‌که‌، ئه‌وه‌ی به‌ هه‌موومان ده‌ووت،  به‌ڵکو به‌و مانایه‌یه‌ش که‌ له‌ سیمیناره‌که‌دا بۆ ماوه‌ی 4 کاتژمێر ته‌نها ئه‌وان قسه‌یان ده‌کرد، که‌ زیاتر له‌ ‌ 100 که‌س ئاماده‌بوو بوو،  بێ ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی سیمیناره‌که‌ هه‌ست به‌وه‌ بکه‌ن، که له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ نابێت خه‌ڵکی بێتاقه‌ت و وه‌رس بکه‌ن، ده‌بوو له‌ نێوان گۆڕینی باسی ئه‌و 4 که‌سه‌کاندا، مۆڵه‌ت بدرایه‌ دانیشوان هاوبه‌شیی گفتووگۆ بکه‌ن و  قسه‌ی خۆیان بکه‌ن، به‌ڵام ‌ ئه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵکو یه‌ک له‌ دوای یه‌ک هه‌ر یه‌ک له‌و چوار که‌سه‌ ده‌هاتن و قسه‌ی خۆیان ده‌کرد، له‌ کۆتاییدا ته‌نها 20 ده‌قیقه‌ ماوه‌یان دا که‌ ته‌نها 7 که‌س ویستیان سه‌رنج و بۆچوونی خۆیان بده‌ن، به‌ڵام داوایان لێکرا که‌ بۆچوونی خۆیان نه‌ڵێن، ته‌نها پرسیار بکه‌ن، ئه‌گه‌ر پرسیار و قسه‌کان درێژه‌ی بکێشایه‌، له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری سیمیناره‌که‌ به‌ (ش ش ش ششششششششششش) وه‌ک له‌ ئاژه‌ڵ بخوڕێ مامه‌له‌ی ده‌کرد و له‌گه‌ڵ دانیشتوان وه‌ک مامۆستایه‌ک به‌ چاوبزکردنه‌وه‌ خه‌ڵکه‌که‌ی بێده‌نگ ده‌کرد.
من یه‌کێک بووم له‌و حه‌وت که‌سه‌ی‌ ده‌ستم به‌رزکرده‌وه‌ و پرسیارم کرد، به‌ڵام وه‌ڵامه‌که‌ زۆر لاواز بوو، ته‌نانه‌ت وه‌ڵامه‌کانیان سووکایه‌تیی کردن بوو به‌ خوودی ژن و راکردن بوو له‌ مه‌به‌ستی پرسیاره‌که‌م، منیش داوام کرد، ڕوونکردنه‌وه‌ و سه‌رنجی خۆم بده‌م، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری سیمیناره‌که‌ له‌ پڕ ووتی کاتمان نه‌ما و ته‌واو. منیش وتم ئێمه‌ به‌و وه‌ڵامه‌ ڕازیی نین، وتی ده‌ که‌وابوو فه‌رموو بڕۆ ده‌ره‌وه‌.
خوێنه‌ری به‌ڕێز، لێکی بده‌ره‌وه‌، له‌ کۆڕ و سیمینارێکدا، ته‌نها به‌ڕیوه‌به‌ر خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بێت، ماف به‌ خۆی بدات زیاتر له‌ 15 پرسیار بکات بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی کات بکات، به‌ڵام بۆ 100 که‌سی تر کات و مه‌رج دابنێ، ته‌نها ڕێگاش‌ به‌ 7 که‌س بدرێ، که‌ له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا به‌ په‌له‌ و به‌ ترسه‌وه‌ پرسیاره‌کانیان بکه‌ن، ئێوه‌ ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ ژنانه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
نه‌ک ئه‌مه‌ لێکی بده‌نه‌وه‌، ‌ تۆ ئه‌گه‌ر بته‌وێت و ڕه‌خنه‌، یان بۆچوونێکی جیاوازت هه‌بێ، ئه‌وان له‌ ترسی لاوازی قسه‌کانی خۆیان، ڕێگات پێنه‌ده‌ن  و ده‌مت ببه‌ستن، ڕاسپێرن ئه‌و که‌سه‌ بکرێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌ی بۆ ئه‌میان چی ده‌ڵێن؟
من هیچ کام له‌و که‌سایه‌تییانه‌م له‌وه‌ و پێش نه‌دیوه‌، به‌ خۆشییه‌وه‌ ویستم بیان بینم و بۆ سیمیناره‌که‌یان بچم، له‌ کاتیی پێویستدا گفتوگۆ بکه‌م و ڕاوبۆچوونی خۆم له‌و باره‌یه‌وه‌ بده‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، ئیستا په‌شیمانم، زۆریش په‌شێمانم، ده‌بێت ڕاشکاوانه‌ بڵێم، که‌ ژنانی کوردیش داماوتر په‌رێشانتر و که‌مزانسترن له‌ پیاوانی به‌ناو ڕووناکبیر و نووسه‌ر، نه‌ک ئه‌مه‌ به‌ڵکو ترسنۆکتریشن، له‌وه‌ی که‌ ده‌ریده‌بڕن و قسه‌ی له‌ سه‌ر ده‌که‌ن،  نایانه‌وێت خۆیان بده‌ن به‌ ده‌م ده‌ریای ڕه‌خنه و پێشنیار و بۆچوونه‌کانی گوێگر و ئاماده‌بووان‌.
کاتێک له‌ سیمیناره‌که‌ هاتمه‌ ده‌رێ، یه‌کسه‌ر  چایخانه‌ و په‌رله‌مانه‌که‌ی کوردستانم هاته‌وه‌ بیر، که کاتی خۆی‌ عه‌دنان موفتی وای بڕیار دابوو، بۆ هه‌ر په‌رله‌مانتارێک ته‌نها پێنج خوله‌ک ده‌توانێت  قسه‌ و کۆمێنتاری خۆی بدات، حیکمه‌تیی ئه‌م بڕیاره‌ له‌وه‌دا بوو، تا ئه‌وان نه‌توانن به‌ تیرۆ ته‌سه‌لی ڕاوبۆچوون و ڕه‌خنه‌ی خۆیان ئاڕاسته‌ بکه‌ن.ڕێکخراوی ژنانیش دیاره‌ ئه‌و وانه‌یه‌یان له‌وانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، وای به‌حاڵی پیاوانمان ئه‌گه‌ر به‌م عه‌قڵه‌وه‌ ژنه‌ ڕووناکبیره‌کانمان ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست، ئاخۆ  چی به‌ هاوڕه‌گه‌ز و پیاوه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە