کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گه‌مه‌ی مانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات لای پارتی و یه‌كێتی

Tuesday, 25/08/2020, 10:10


پارتی و یه‌كێتی له‌ ئه‌نجامی موعاده‌له‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هاتونه‌ته‌ سه‌رشانۆی ده‌سه‌ڵات، بۆ هێانه‌خواره‌وه‌شیان له‌سه‌ر عه‌رشی ده‌سه‌ڵات، به‌هه‌مان شێوه‌ پێویستی به‌موعاده‌له‌یه‌كی تری نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وان كاریان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسى و مۆدێڕن نه‌كردوه‌ تا وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن به‌ گه‌مه‌یه‌كی هه‌ڵبژردن یان ڕاپه‌ڕینێك یان كوده‌تایه‌ك له‌ عه‌رشی ده‌سه‌ڵات بهێنرێنه‌ خواره‌وه‌، له‌ 100ساڵی ڕابردوودا كورد هیچ كاتێك هه‌لی ئاوای بۆ ده‌سه‌ڵات و فه‌رمان ڕه‌وایی و سه‌ربه‌خۆیی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌ وه‌ك ئه‌و هه‌له‌ى بۆ ئه‌وان هاتۆته‌پێش، به‌ڵام ئه‌وان زیره‌كانه‌ كاریان بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و  دروستكردنی ئه‌ماره‌تی بنه‌ماڵه‌كردووه‌، به‌جۆرێك هه‌موو ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان به‌ستۆته‌وه‌ به‌ خودی سه‌رۆك و بنه‌ماڵه‌كانیانه‌وه‌، هه‌ر جۆره‌لادانێك و دژایه‌تیه‌كی ئه‌و مه‌بادیئانه‌یان به‌ خیانه‌ت و ناپاكی دێته‌ هه‌ژمار.
یه‌كێتی و پارتی  پێیان وایه‌ ئه‌وان هه‌رچی بڵێن و هه‌رچى بكه‌ن هه‌ر ئه‌وه‌ ڕاسته‌، نه‌یاره‌كانیشیان هه‌رچی بڵێن و هه‌رچى بكه‌ن ناڕاست و هه‌ڵه‌ و ناپاكییه‌.
ئیتر ئایا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ جوت بنه‌ماڵه‌ییه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن و خۆپیشاندان دێنه‌خواره‌وه‌ له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات؟ له‌كاتێكدا به‌هه‌مو كه‌موكوڕیه‌كیانه‌وه‌ كۆ ده‌نگیه‌كی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت بۆ مانه‌وه‌یان له‌ سه‌رده‌سه‌ڵات!
ئه‌گه‌ر  كلیلی خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت و فه‌رمانی ئاراسته‌كردنی لوله‌ی چه‌كی هێزى پێشمه‌رگه‌ و ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌ست سه‌ركرده‌ی هه‌ردوو حیزب و بنه‌ماڵه‌كانیاندابێت، ئیتر گۆڕانكاری چۆن و به‌چی، بێجگه‌ هێزێكی له‌وان به‌هێزتر؟
پێموایه‌ ئه‌وه‌ نه‌شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی و نه‌ شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردن نیه‌ ئه‌وانی هێڵاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و پشتگیریه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌یه‌ كه‌ له‌ئه‌نجامی موعاده‌له‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ ئه‌وانی هێڵاوه‌ته‌وه‌ و پاراستونی له‌ نه‌مان و تیاچون.
 بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ نه‌مانی هه‌ردوو حیزب و بنه‌ماڵه‌كانیان له‌ له‌لوتكه‌ى هه‌ره‌مى ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌نیان پێكه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ش دیسان په‌یوه‌ندی به‌ موعاده‌له‌ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، تا به‌رژه‌وه‌ندی مانه‌وه‌یان هاوته‌ریبی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزان بێت ئه‌وان فه‌رمانڕه‌وای بێ چه‌ندوچونی هه‌رێمی كوردستان ده‌بن، به‌ڵام كاتێك به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌وان له‌ نه‌مانی ئه‌ماندا بوو، له‌ كورتترین كاتدا كۆتایی به‌گه‌مه‌كه‌ دێت، له‌ مێژوی خه‌باتی 100 ساڵی ڕابردوماندا ئه‌و سیناریۆ و گه‌مه‌ و هاوكێشه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ چه‌ند جارێك دووباره‌ بۆته‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە