کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مامه‌ڵه‌ى پۆلیس و كاردانه‌وه‌ى خۆپیشانده‌ران له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كاندا

Tuesday, 09/06/2020, 6:40


(هێشتا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ره‌گه‌زپه‌رستی په‌یڕه‌و ده‌كرێت) ولیام باڕ وه‌زیرى دادى ئه‌مریكا

هه‌مومان له‌ شاشه‌ى تیڤیى و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ بینه‌رى چۆنیه‌تى كوشتن (یان ڕاستر بڵێین خنكاندن) ى جۆرج فلۆید بوین له‌ لایه‌ن پۆلیسێكى ئه‌مریكیه‌وه‌ له‌ شارى منیا بولس له‌ ولایه‌تى مینیسوتا ى ئه‌مریكا، قوربانیه‌كه‌ هاوڵاتیه‌كى ڕه‌ش پێستى  ئه‌مریكى به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌فریقى و پۆلیسه‌كه‌ش هاوڵاتیه‌كى سپی پێستى ئه‌مریكى بوو.
ئه‌و كاره‌ نا مرۆڤانه‌یه‌ى پۆلیسى ئه‌مریكا نمونه‌یه‌كى بچوكى كۆى كاره‌كانى پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانى ئه‌مریكایه‌، ئه‌وه‌ ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌ به‌ هۆى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ بڵاوبویه‌وه‌ و ئه‌و كاردانه‌وه‌ گه‌وره‌ و فراوانه‌ى لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌مریكاى گرته‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان په‌ڕینه‌وه‌ بۆ ئه‌وروپاش، ناڕه‌زایه‌تى و خۆپیشاندانه‌كان گه‌شته‌ ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ى ڕه‌وشى ناوخۆى ولایه‌ته‌كان هه‌ڕه‌شه‌ى به‌كارهێنانى هێزى سه‌ربازى دژى خۆپیشانده‌رانكرد.
خۆپیشانده‌رانیش له‌ لێدوانه‌كانیاندا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ باس له‌ مامه‌ڵه‌ى نادروستى پۆلیس ده‌كه‌ن كه‌ پێویسته‌ چاكسازى له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌یاندا بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ گوێیان لێنه‌گیراوه‌.
ئه‌گه‌ر له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا چاوێك بگێڕیت بۆ مامه‌ڵه‌ى پۆلیس له‌گه‌ڵ هاوڵاتیاندا له‌ كاتى سه‌رپێچى یاسا با سه‌رپێچیه‌كه‌ بچوكیش بێت، یان له‌ كاردانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا، ئه‌وا كاردانه‌وه‌ى پۆلیس به‌ هه‌موو پێوه‌رێك كاردانه‌وه‌یه‌كى نامرۆڤانه‌یه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ كاردانه‌وه‌كه‌یان زۆر توند و تیژه‌ و  ڕێز و شكۆى ده‌ستگیركراوه‌كان ده‌شكێنن و جیاوازى له‌ نێوان پیر و گه‌نج و ئافره‌ت و نه‌خۆش و گه‌نج  و سه‌رخۆش و ئاژه‌ڵیشدا ناكه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌ به‌رچاوى منداڵ و خانه‌واده‌ش.
ئێسته‌ له‌ ئه‌مریكا له‌ ئاستى باڵادا باس له‌ مامه‌ڵه‌ى توند و نا ته‌ندروستى پۆلیس و لایه‌نى ئه‌منى به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیان ده‌كرێت و تا ئه‌وه‌ى باس له‌ هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى ده‌كرێت.
كه‌س گومانى له‌ مامه‌ڵه‌ توند و نه‌شیاوه‌كانى لایه‌نى ئه‌منى له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كاندا نیه‌، به‌ڵام له‌ كاردانه‌وه‌ى ئه‌وانه‌دا لایه‌نى به‌ رامبه‌ریش كه‌ هاوڵاتیانن كاردانه‌وه‌كانیان نه‌شیاو و ناشایسته‌ تره‌، له‌ زۆرێك له‌ خۆپسشاندانه‌كانى ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا ...تد، ده‌بینین كه‌ خۆپیشانده‌ران له‌ هیچ شتێك ده‌ست ناپارێزن نه‌ له‌ بانكه‌كان و ماركێت و دوكان و كۆمپانیا و ئۆتۆمبێل، ده‌ستیان به‌ هه‌رچى بگات یان تاڵانى ده‌كه‌ن یان ده‌یان سوتێنن، ئاخر خۆ خاوه‌نى ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ ده‌سوتێنرێن یان تاڵان ده‌كرێن هه‌ر هاوڵاتیانى ئاسایی ئه‌و وڵاته‌ن، ئایا خۆپیشانده‌رانى ناڕازى له‌ حكومه‌ت و كاردانه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى نه‌شیاوى ده‌زگاكانى حكومه‌ت به‌ چ پێوه‌رێك و به‌ چ بیانویه‌ك ده‌ستدرێژى ده‌كه‌ن سه‌ر موڵكى تایبه‌تى خه‌ڵكى؟! كه‌ زیانه‌كان به‌ ملیۆنان دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت! ئاخر گه‌یاندنى په‌یامى ناڕه‌زرایی كه‌ى به‌ سوتاندن و تاڵانكردنى ماڵى خه‌ڵكى ده‌بێت ؟!
هه‌روه‌ك چۆن لایه‌نى ئه‌منى هیچ باكى به‌ ڕاگه‌یاندن نیه‌ و به‌ به‌رچاوى خه‌ڵكى و كامێراكانه‌وه‌ توندوتیژیی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، خۆپیشانده‌رانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ به‌رچاوى كامێراكانه‌وه‌ كاره‌ تێكده‌رانه‌ و تاڵانیه‌كان  ئه‌نجام ده‌ده‌ن!
ئه‌و كار و كاردانه‌وانه‌ پێمان ده‌ڵێت ئه‌و وڵاته‌ به‌ناو پێشكه‌وتوانه‌ ئه‌و به‌هه‌شته‌ نین كه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كرێت، ڕه‌گه‌سپه‌رستى و چه‌وساندنه‌وه‌ و بون به‌ ژێر قه‌رزى كۆمپانیا و له‌شفرۆشى و كارى تاقه‌ت پروكێن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خێزان و منداڵانێكى زۆرى بێ دایك و باوك یان یه‌كێكیان ....تد، نه‌ك حاڵه‌ت به‌ڵكو پێناسه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى ڕۆژئاوان، كه‌ به‌ناو وڵاتانى پێشكه‌وتو و خۆشگوزه‌رانن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە