تورکیا ، داعش، هەسەدە.
Tuesday, 22/10/2019, 10:23
بەپێى لێدوانەکەى (برێت مەکگۆرگ) نوێنەری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیەتی دژی داعش لەمیانی بەرنامەیەکی کەناڵی “العربیە” نهێنی پەیوەندی تورکیا و داعش ئاشکرا دەکات.
لە میانەى ئەو چەند ساڵەى جەنگى داعش 40 هەزار چەکدارى ئەو ڕێکخراوە لە 110 وڵاتى جیهانەوە لە ڕێگەى فڕۆکە خانەکانى تورکیاوە هاتونەتە تورکیا و لە ڕێگەى سنورەکانى تورکیاوە پەڕیونەتەوە بۆ ناو خاکى سوریا.
ناوبراو دەڵێت هەر ئەو کات داوامان لە بەرپرسانى تورکیا کرد کە سنورەکانى بە ڕوى سوریادا دابخات بۆ ڕێگە گرتن لە پەیوەندیکردن بە و ڕێکخراوەوە، بەڵام هەر ئەو کات تورکیا وەڵامى ئەوە بو کەناتوانێت سنورەکانى دابخات، بەڵام کاتێک ڕێکخراوى داعش کۆتایهات و زۆربەى هەرە زۆرى سنورى (تورکیا سوریا) کەوتە دەست هێز (هەسەدە)، تورکیا هەستا بە داخستنى هەموو سنورەکانى لەگەڵ وڵاتى سوریا کە درێژیەکە 822 کیلۆمەترە.
ئێستەش دەسەڵاتدارانى تورکیا بە بیانوى پاراستنى سنورەکانى لە تیرۆرستان و دروستکردنى ناوچەى ئارام دەیەوێت بە هاوبەشى سوپاى سوریاى ئازاد بە درێژى 32 کیلۆمەتر بێتە ناو قوڵایی خاکى سوریاوە، بۆ ئەمەش فشارەکانى توند کردۆتەوە و ئەمریکاى ناچار بە ڕێکەوتن کردووە بۆ جێبەجێکردنى خواستەکانى، بە ئاشتى یان بە شەڕ.
پرسیارەکە ئەوەیە بۆ لە کاتى جەنگى داعشدا دەوڵەتى تورکیا تواناى داخستنى سنورەکانى نەبو، بەڵام دواى ڕێکخراوى داعش توانى کۆنترۆڵى سنورەکانى بکات؟ یان بۆ ئەوکات بۆ خۆپاراستن لە تیرۆر ئەو بەرنامەیەى ئەمڕۆى نەبو؟ ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ جۆرێک لە هەماهەنگى لە نێوان دەوڵەتى تورکیا و ڕێکخراوى داعشدا هەبوە.
بە داخەوە ئەمریکا چووە ژێر کاریگەرى فشارەکانى تورکیا و هێزەکانى خۆى لە سوریاوە بۆ هەرێمى کوردستان کشاندەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست