بێگومان لەگەڵ ڕێزمدا... درۆ زن، پێناسەیەک بۆ ڕۆژنامەنوسانمان!
Wednesday, 20/04/2016, 23:24
- ئەی ئایا ئێمە رۆژنامە نوسی (ئازا و ئازاد و ڕاستگۆ) مان هەیە؟ بەڵێ ، بەڵام لە چاو ئەو ئۆردویە لە ڕاگەیاندنی چەواشە و ڕۆژنامەنوسی هەلپەرست ئەوان ژمارە نیین
-----------------------------------
من بڕوام وایە(ئەگەر لە ڕابردوودا شانۆ قوتابخانەی گەل بوبێت ، ئەوا ئەمڕۆ ڕۆژنامە نوسی ئازا و ئازاد و ڕاستگۆ مامۆستای گەل و چاوی جەماوەر و زمانی هاوڵاتی و ویژدانی کۆمەڵگەیە)
بۆ مانشێت و لیدی بابەتەکە سەدوو هەشتا پلە پێچەوانەی یەکترن ؟ ئەمە ئەوەیە منیش دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم ، دیسان بە بڕوای من ناڕاستگۆترین توێژی کۆمەڵگە ی کوردی سیاسیەکانمانن، ئەی بۆچی ئەمڕۆ رۆژنامەنوسانیش بوون بە هەڵگری هەمان تایبەت مەندی سیاسیەکانمان؟ دەپرسم ئەوانە کێن رۆژانە دەیان درۆ و پەیمانی ناڕاست و لێدوانی پێچەوانە ی بەرپرسان و سیاسەکانمان بۆ دەگوازنەوە؟ ئەوانە کێن لە پێناو مشتێک موچە و ئافەرینێک و جۆرێک لە شەڕی ئایدیۆلۆژی رۆژانە دەیان بوهتان و ناووزڕاندن و دروستکردنی هەواڵی ناڕاست و چەواشەن بۆ لایەنی بەرامبەر دەوروژێنن؟
دیارە سیاسیەکان لە پێناو مانەوە و پەردەپۆشکردنی ئابڕوچونەکانیان رۆژانە خەریکی هۆنینەوەی درۆن، ئەی ڕاگەیاندنەکان بۆچی دەبن بە دەهۆڵی ئەوان ؟ مەبەستم هەموو ڕاگەیاندنەکانە بە (حیزبی و ئەهلی و سێبەرەکان ) یشەوە.ئاخر هەر لە بنەمادا حیزبەکان دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان بۆ ئەوە بنیات ناوە و رۆژنامە نوسانیشیان بۆ ئەوە ڕاگرتووە.
دیاردەی سەردێڕی ناڕاست و درۆ ئێستا ڕۆژنامەو سایتەکانی تەنیوە، ئاخر ئەمانە هەمووی بونەتە مەلەوانە درۆزنەکە، لە ناونیشان باسی موچە دەکەن و لە ناوەرۆکیش هەر باسی نیە، ئێستا ڕۆژنامەنوس لە پێناو بە ناو ڕاکێشانی خوێنەر و بینەردا ئامادەیە دەیان وشەی ناڕاست ڕیز بکات، بەداخەوە ئەوەی پێی دەوترێت ئیتیک و ئەخلاقی ڕۆژنامەنوسی ئێستا هەر باسکردنیشی نەماوە نەک ڕاستەقینە.
ئایا کێ رۆژنامەنوسێکی بینی لە وهەموو بەڵێن و لێدوان و بڕیارە ناڕاستەی سیاسیەکان رۆژانە بە ڕۆژنامە نوسانی دەدەن و ئەوانیش لە ڕێگەی دەزگا ڕاگەیاندنەکانیانەوە گوێی خەڵکیان پێ ئاخنیوە ئەو بەر پرس و سیاسیانە بخەنەوە بە درۆوە؟ ئایا بینیوتانە سیاسیەکانی ئێمە لە رۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندنەکان ترسابن؟! چونکە سیاسیەکان هەردەم ڕاگەیاندنیان بەبەشێک لە پرۆسە سیاسیەکانی خۆیان زانیوە! بۆیە زۆر بێ منەتن لە ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە نوسی کوردی.
ئەی ئایا ئێمە رۆژنامە نوسی (ئازا و ئازاد و ڕاستگۆ) مان هەیە؟ بەڵێ ، بەڵام لە چاو ئەوو ئۆردویە لە ڕاگەیاندنی چەواشە و ڕۆژنامەنوسی هەلپەرست ئەوان ژمارە نیین، تەبعەن لەگەڵ ڕێزمدا ئەوانە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.
رۆژنامە نوسان بیانەوێت و نەیانەوێت ئەمڕۆ ئەوانیش بون بەبەشێک لە چەواشەکاریەکانی سیاسیەکانی کوردستان، بۆیە خەڵکی چەند متمانەی بە بە حیزبەکان و سیاسیەکان هەیە هەر ئەوەندەش بڕوایان بە هەواڵ و دیمانە و لێدوان و کەناڵەکانی ئەوانیش هەیە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست