کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داتاکان وادەڵێن، پەرلەمان جێى ئومێدى هاوڵاتیان نەبووە!

Saturday, 13/02/2016, 21:57


ئیتر قەیرانى (فەراغى یاسایى) لە درۆیەکى شاخدار زیاتر نییە، دەى بەم حاڵەوە دەتوانیین نمونەیەکى جیاواز نیشانى دۆستەکانى ناوخۆ و دەرەوە بدەین؟ بێگومان نەخێر.
--------------------------------------------------

(ئەگەر ئەمە حاڵى پەرلەمان بێت ئیتر ئەبێت پەرلەمان بەهەموو خولەکانیەوە و کابینە یەک لەدوایەکەکانى حکومەتیش چ کارە بون ، دەبێ لە ڕوى یاسایى و دەستوریەوە چ بەرەو پێش چونێکى بە حکومەت و دامو دەزگاکانی بەخشی بێت
 ئەم ڕاپۆرتە خوێندنەوەیەکى خێرایە بۆ کار و چالاکیەکان و دەرهاوشتە سلبیەکانى هەر چوار خولەکەى پەرلەمانى کوردستان، هەرچەندە پەێى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان دەبوو ئێستە لەخولى شەشەمیدا بوایە نەک چوارەم، بەڵام بەهۆى شەڕى نەگریسى ناوخۆە تەمەنى خولى یەکەم نزیکەى 13 ساڵ درێژەى کێشا.
خولەکانى پەرلەمانى کوردستان لەم بەروارانەدا دەست بەکاربون و کۆتاییان پێهاتووە.
- خولى یەکەم لە بەروارى( 1992 دەست بەکار بووە تا 2005)
- خولى دووەم لە بەروارى(2005 دەست بەکاربووە تا 2009)
- خولى سێیەم لە بەروارى(2009 دەست بەکار بووە تا 2013) 
- خولى چوارەم لە بەروارى(2013 دەست بەکاربووە).
ئەم خولەش وەک خولى یەکەم بەهۆى ناکۆکى لایەنە سیاسیەکانى کوردستان و لە ناویشیاندا بەدیاریکراوى (پارتى دیموکراتى کوردستان و بزونتەوە گۆڕان) لە بەروارى 12/10/ 2015 ، سەرۆکایەتى پەرلەمان لەکار خراوە،چونکە لەلایەن هێزێکى پارتیەوە ڕێگیرى لە سەرۆکى پەرلەمان و شاندەکەى کرا کە بگەڕێنەوە پایتەختى هەرێمى کوردستان،تا ئەم بەروارەش سەرۆکى پەرلەمان لە نوسینگەى پەرلەمان لە سلێمانى کار و چالاکیە لاوەکیەکانى خۆى ڕادەپەڕێنێت.

*-پەرلەمان و یاسا دانان:
 وەک هەمولا دەزانن یەکێک لەکارە سەرەکیەکانى پەرلەمان دەرکردنى یاسایە، بەپێى لێدوانى خودى پەرلەمانتاران( پەرلەمانى کوردستان لە هەرچوار خولەکەیدا تەنها 400 یاساى دەرکردووە(1)
دیارە ئەمەش بۆ پەرلەمانێک کەتەمەنى 23ساڵ و لەماوەى چوار خولدا لەئاستى پێوست و دۆخى نەخوازراوى هەرێمى کوردستاندا نەبوە و نیە، لە خولى سێیەمى پەرلەمانیشدا تەنها 73 یاساى دەرکردبوو، بودجەى ئەو خولەى پەرلەمانیش نزیکەى 270 ملیار و 21 ملیۆن دینار بووە، بەو پێیە هەر بڕیارێکى ئەو خولەى پەرلەمان (نزیکەى 3 ملیار و 750 ملیۆن و 291 هەزار دینار کەوتووە)(2)، نمونەیەکیتر لە ناکارایى پەرلەمان لەماوەى ساڵى 2015 دا تەنها 4 یاسا و چەند بڕیارێکى دەرکردووە،پەرلەمانى کوردستان لە هەر چوار خولەکەیدا کار بە یەک پەیڕەوى ناوخۆ دەکات، هەرچەندە لەم خولەى پەرلەماندا چەند گۆڕانکاریەکى لاوەکى لە هەندێ لەماددەکانیداکراوە،هەروەها لەخولى پێشوى پەرلەماندا (سەرۆکایەتى پەرلەمان 25 حاڵەتى سەرپێچى لە پەیڕەوى ناوخۆى خۆیداکردووە)(3).
*- پەرلەمان بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانى خۆى ناکات:
پەرلەمان ناتوانێت بەدواداچون بۆ بڕیار و یاساکانى خۆى ناکات، نزیکترین نمونە ڕێککەوتنە پێنج خاڵیەکەى نێوان حکومەت و پەرلەمان لەسەر فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان و داهاتەکەى، تا ئەم ساتەش بە وتەى خودى پەرلەمانتارانى ئەم خولە ئاگاى لە بڕى فرۆشتن و داهاتەکانى نەوتى هەرێم نییە، هەروەها پەرلەمان لە خولى پێشویى خۆیدا هەرسێ دەزگا هەستیارەکەى (دەزگاى چاودێرى دارایى و دەستەى نەزاهە و دەستەى مافى مرۆڤى پەک خستبوو)(4)، وە (لەساڵى 2008 دا لەکۆى 18 یاساى پەرلەمانى کوردستان تەنها 7 یاسایان جێبەجێکرابوو)(5)،لەهەموو تەمەنى پەرلەمانى کوردستاندا نەیتوانیوە لێپرسینەوە لە یەک بەرپرس بکات و نەى توانیوە متمانە لەیەک وەزیر و بەرپرسى گەندەڵ وەرگرێتەوە.
*- پەرلەمان و خانەنشینى:
لە هەرسێ خولەکەى پەرلەماندا نزیکەى 387 پەرلەمانتارى خانەنشین هەیە، کە تێکڕاى موچەى مانگانەى ئەو پەرلەمانتارە خانە نشینانە دەکاتە نزیکەى(2572550000) دینار  و ساڵانەش دەکاتە نزیکەى(30882600000)دینار،
*- پەرلەمان و ڕاوێژکارەکانى:
بەدیاریکراوى ژمارەى ڕوێژکارەکانى پەرلەمان نازانرێ، بەڵام لە ناوەڕاستى ساڵى 2014 دا باس لە 57 ڕاوێژکار دەکرا، وەک پەرلەمانتاران دەڵێن زۆربەى ئەو ڕاوێژکارانە کاریان بۆ دۆزراوەتەوە، لەو ژمارەیە تەنا 17 یان بە کردارى کارى خۆیان دەکەن، پەرلەمانتارێک دەڵێت شەش مانگە ڕاوێژکارێک نەهاتووە وشەیەکمان پێبڵێت! ئەگەر بەلایەنى کەمەوە موچەى هەر ڕاوێژکارێک تەنها 5 ملێۆن دیناربێت، ئەوا مانگانە دەکاتە 285 ملیۆن دینار و ساڵانەش دەکاتە نزیکەى 3 ملیار و 420 ملیۆن دینار، وەک دەڵێن (زۆربەیەن هەرچوار خولەکە لە پۆستەکەیاندا ماونەتەوە و هەندێکیشان لە دەرەوەى هەرێم دەژین)(6).
*- ئەرشیفى پەرلەمان:
بەپێى لێدوانى (فەخرەدین قادر) سکرتێرى ئەم خولەى پەرلەمان، پەرلەمانى کوردستان هیچ ئەرشیفێکى خولەکانى پێشوى نەماوە، جگە لەچەند پرۆتۆکۆلێک نەبێت هیچى تێدا نەماوە(7)،ئایا ئەمەش بۆ پەردەپۆشکردنى و شاردنەوەى کەمتەرخەمى و بەهەدەردان و گەندەڵیەکانى خولەکانى پێشونەبێت بۆچى بووە!
ئەگەر  ئەمە حاڵى پەرلەمان بێت ئیتر چۆن دەتوانێت ببێتە مەرجەع بۆ دانیشتوانى هەرێمى کوردستان، چۆن دەتوانێت هەرێمى کوردستان بکاتە خاوەن دەستورێکى هەمیشەیى! چۆن دەتوانێت ئیدارەى هەرێم و وەزارەتى دارایى و وەزارەتى پێشمەرگە یەک بخاتەوە! پەرلەمان تا ئێستە نەیتوانیوە کێشەى نێوان هەرێم و بەغدا و ناوچە جێناکۆکەکان چارەسەر بکات، تا ئێستە زانیارى ڕاست و دروستى لە سەر فرۆشتن و داهات و خەرجى نەوتى کوردستانى نییە،وەک چاودێران دەڵێن هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەش کە پەرلەمان دەریکردوون نەیانتوانیوە داموو دەزگاکانى هەرێم بە دامەزراوەیى بکەن.
یان ئەوەتا هەردوو گەورە حیزبەکەى کوردستان وەک هەموو بوارەکانیتر بەجۆرێک ئەوو دەزگا سەرەکی و شەرعیەى هەرێمیان وەلاخستووە، تەنانەت ئەوکاتەش کە سەرۆکایەتى پەرلەمان لەدەست خۆیاندا بوو، چونکە نایانەوێت هەرێمى کوردستان  پەرلەمانێکى کارا هەبێت بەتەواوى دەسەڵاتەکانیەوە، بۆ دەبێت دەستورى هەرێمى کوردستان ئەوەندە لەمپەرى بۆ دروست بکرێت؟؟؟ ئیتر دەرکردنى یاسا چ کاریگەریەکى هەیە بۆ بە دامەزاروەیکردن و خستنە سەرسکەى دەوڵەتدارى؟ وەک دەڵێن یاساکانى هەرێم تەنها بۆ لاوازەکانە، حەقە لێرەدا بپرسین بۆ ڕەوشى ئابورى و بژێوى و ئاوەدانکردنەوە ى هەرێم بە ئەمڕۆگەشتووە؟ ،ئەوەتا سەرۆکى حکومەت لە دواین لێدوانیدا دەڵێت (قەیرانە ئابوریە کانى هەرێم تا 2016 بەردەوام دەبن) ئێستەش چارەنوسێکى نادیار چاوەڕێمان دەکات لەلایەک جەنگى داعش و لەلایەک قەیرانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا و لەلایەکیتر کێشە ناوخۆییەکانى نێوان لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان، قەیرانە داراییەکان و موچە و قەرزەکانى سەر حکومەت و دابەزینى نرخى نەوت و ناشەفافى لە داهات و فرۆشتنى نەوت، لەلایەکیتر و کێشەى دەستور و سەرۆکایەتى هەرێمیش قوڕەکەى هێندەیتر خەستر کردۆتەوە،سەربارى هەموشى ئەو جەنگەى کە ناوچەکەى تێکەوتووە و هەموو زلهێزەکانى ناوچەکە و دونیاش ڕاستەو خۆ بەشدارن تێیدا،لە کۆتایشدا بەهۆى قەیرانە یاسایى و دەستوریەکانى هەرێمەوە خودى پەرلەمانیش کە یەکەم و تاکە دەزگاى شەرعى هەرێمە لەکار خرا و ئێستە بووە بە قەیران لەبەردەم ئاسایى بونەوەى ڕەوشە نەخوازراوەکەى هەرێم،ئیتر پەرلەمانێک ئەمە حاڵەکەى بێت نەبونى لە بونى باشتر نییە؟ ئیتر قەیرانى (فەراغى یاسایى) لە درۆیەکى شاخدار زیاتر نییە، دەى بەم حاڵەوە دەتوانیین نمونەیەکى جیاواز نیشانى دۆستەکانى ناوخۆ و دەرەوە بدەین؟ بێگومان نەخێر.

سەرچاوەکان:
1- رۆژنامەى ئاوێنە....ژمارە (467).
2- رۆژنامەى هاوڵاتى ....ژمارە( 1172) .
3- سایتى کوردیو......24/11/2011
4- سایتى ستاندەر......24/11/2011
5- رۆژنامەى روداو......ژمارە( 50)
6- سایتى خەندان......17/2/2015
7- سایتى شرۆڤە........7/6/2014

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە