کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەوەى ئەمڕۆ دەرەنجامە ...!

Thursday, 17/03/2011, 12:00




لە پاش تێپەڕبونى 20ساڵ بەسەر ڕاپەرینە جەماوەریەكەى بەهارى 1991دا ، ئەمڕۆ لەسایەى كابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێمى كوردستانداین، لەماوەى ئەم 20 ساڵەدا ئەم هەرێمە و دانیشتوانەكەى توشى دەیان قەیران وقات و قڕى و شەڕ و كوشتار و دەسدرێژى دراوسێكان و هەڵكشان و داكشان بۆتەوە، ئەوەى كە ئەمڕۆش دەگوزەرێت دەرهاویشتەى ئەو ماوە زەمەنییەى دەسەڵاتە خۆماڵیەكەمانە، كەڵەكە بوى ئەزمون و مێژوى هەر شەش كابینەكەى حكومەتە بە هەمو سەلبیات و ئیجابیاتەكانیەوە، لە لایەكیتریشەوە راستە بە جۆرێك لە جۆرەكان كاریگەرى ئەو شەپۆلە لە توڕەى و خۆپیشاندان و نارەزاییەى وڵاتانى ناوچەكەشى لەسەرە، چوكە هۆكارەكان هەمان هۆكارن، بەڵام ئەوە هۆكارى سەرەكى نییە وەك چاوو لێ گەرى .
لێرەدا حەز دەكەم ئیشارە بە ڕاستیەك بدەم، ئەویش ئەوەیە كە هیچ كەس گومانى لە لێهاتویى ئیدارى و شارەزایى خودى سەرۆكى حكومەتى هەرێم نییە، بەڵام ئەم لێهاتووییەى بەڕێزیان ئیرادەى لەگەڵدا نییە! هەربۆیە بەڕێزیان بەو هەمو ئەزمونەوە ناتوانێت لە وڵاتێكدا كارا و دەستكراوەبێت كە حیزب و بەرژەوەندیەكانى حیزب چوبێتە ناو هەمو جومگەكانى حكومەتەوە، دەسەڵات ناتوانێت لە ئاست خواستەكانى جەماوەردابێت لە كاتێكدا حكومەت میزانیە لە حیزب وەربگرێت، زانكۆ ناتوانێت زانست بەرهەم بهێنێت لە كاتێكدا دەسەڵاتى رێكخراوەكان لە سەرۆكایەتى زانكۆ و خوێندنى باڵاش زیاتربێت، بازرگانى لە وڵاتدا سەركەو تونابێت لە كاتێكدا سیاسەت و بازرگانى گرێ درابن بەیەكەوە، بەناو بازرگانەكان دار دەست و بەردەستى بەرپرسە باڵاكان بن! دەزانن پرۆژەخزمەتگوزاریەكانیش بۆ ناتەوا و عەیبدا ر و زۆر لە كاتى خۆیان دواكەوتوترن؟ چونكە هەموو كۆمپانیا زەبەلاحەكان راستەو خۆ یان ناراستەوخۆ بەناوى كەسێكى باڵاى دوو گەورە حیزبەكەوەن، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەى هیچكام لەو كۆمپانیایانە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەكرێت سەرپێچیەكانشیان چەند گەورەبێت، ئەمانە بەشێكن لە نائەكتیڤى حكومەت!
لەلایەكیترەوە ئەگەر سەرۆكایەتى هەرێم عەوداڵى دەسكەوتنى سەرەداوى گەندەڵیە ، دەى خۆ نزیكەى 2557 ڕاپۆرتى لیژنەى چاودێرى دارایى سلێمانى ئەوە چەند ساڵە لە سەرۆكایەتى پەرلەمان كەوتووە! بێ ئەوەى كەس خۆى لێ بكات بە خاوەن ، من دڵنیام ئەگەر چاودێرى دارایى هەولێریش وەك ئەوەى سلێمانى چالاك بوبێت ئەوا راپۆرتەكانى ئەوانیش لەوەى سلێمانى كەمتر نابێت! كێ دەیەوێت سەرەداوى گەندەڵى دەستبكەوێت بابچێك سەرێك لەو ڕاپۆرتانە بدات، خۆئەگەر سەرۆكایەتى هەرێم یان حكومەت یان پەرلەمان هەفتەى تەنها چاویان بەدوو راپۆرتى چاودێرى دارایدا بخشاندایە و ڕەوانەى دادگاكان بكرایە ئەوا دەمێك بوو سەدان كەس دەناسێنران وەك دز وگەندەڵ و زیندانەكان جمەیان دەهات لە و جۆرەكەسانە، دەیان كۆمپانیاش ناویان دەچوە لیستى ڕەشەوە ، وەدەمێك بو گەندەڵیش بنبڕبوبو لە هەرێمدا! لە كاتێكدا ئەم ووڵاتە بە هەرێمى كوردستانیشەوە سێیەم گەندەڵترین وڵاتى جیهانیین كەچى لە ماوەى ئەم 20 ساڵەدا تاكە یەك بەرپرسمان نەدى تێوەگلابێت بە گەندەڵیەوە و توشى لێ پێچینەوەى یاساى بوێت یان سزا درابێت ! ئیتر تۆ بڵێیت دۆزینەوەى سەرەداوى گەندەڵى هێندە ئاستەم بێت لە كاتێكدا ئەوو هەم و ڕاپۆرتە لە ناوو ڕەفەكانى سەرۆكایەتى پەرلەماندا كەتبن!
دەى كەواتە لە سەر و بەندى جارێكیترى راپەرینەكانى شار و شارۆچكەكانى هەرێمى كوردستاندا ئەمجارەیان دژى دەسەڵاتى كوردى، با دەسەڵات هیچ كەس و لایەنێك تاوانبار نەكات، باچاوێك بە خۆى و دەوروبەر و ئەرشیف و مێژوى ئەم 20 ساڵە دەسەڵاتى خۆیدا بخشێنێتووە، چونكە ئەوەى كە ئەمڕۆ دەگوزەرێت دەرەنجامە نەك دەستى دەرەكى و شتی تر! بۆ بە گژاچونەوەشى پێویستی بە كردارە نەك بەڵێن و هەڕەشە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە