لەپاش دوو مانگ بەتەماى چیین؟
Wednesday, 20/04/2011, 12:00
خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانى شار و شارۆچكەكانى هەرێمى كوردستان وادوو مانگى تێ پەڕاند و دەسەڵات نەك بەتەمانیە بەدەم داوا و خواستەكانى خۆپیشاندەرانەوە بچێت كەلە كۆتا داوایاندا داواى هەڵوەشاندنەوەى هەرسێ سەرۆكایەتیەكە دەكەن، تەنانەت ئامادە نییە یەك تاكە كەسیش كە دەستى هەبوە لە خوێن ڕشتنەكانى شارى سلێمانى و شارۆچكەكانیتردا بداتە دەست دادگا،بانگكردنى ئەوو بەرپرسانەش بۆ هۆڵى پەرلەمان بۆ لێسەندنەوەى متمانە نەبوو لێیان بەڵكو سیناریۆیەك بوبۆ پێدانەوەى متمانە پێ یان وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەر داواكانى ئۆپۆزسیۆن و شەقامدا،ئەو سینارۆیانەش زۆر دور و دژن لەگەڵ خواست و داواكانى شەقام و ئۆپۆزسیۆندا و مەلە كردنى دەسەڵاتە بەئاراستەى پێچەوانە.
بەلاى بەرپرسانى هەرێمەوە پراكتیزەكردنى دیموكراسى لە هەرێمى كوردستان زۆر لە پێشترە لە وڵاتانى ناوچەكە،بەڵام لە ماوەى ئەم دوو مانگەدا چەند ڕاستیەك دەركەوتن كە پێچەوانەى ئەو باگەشانەى دەسەڵاتیان سەلماند،هەموومان ڕۆژانە خۆپیشاندانەكانى وڵاتانى ناوچەكە لە شاشەى (تى ڤى)ە كانەوە دەبینیین، بەڵام لە بەدەمەوە چونى داواكانى خۆپیشاندەران و لە كاردانەوەكانیشدا جیاوازى زۆر نابینیین لە نێوانیاندا.
دەسەڵات نەك نایەوێت بەدەم داواكانى خۆپیشاندەرانەوە بچێت بەڵكو داواكاریەكانیشیان هیچ گرنگیەكیان نییە بەلایەوە،ئەویش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە جوڵانى شەقام و داواكاریەكانیان بە دەستى دووەمى ئۆپۆزسیۆن دەزانێت، هەردوو پارتى دەسەڵاتدار لایان وایە ڕێكەوتن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن كۆتایى دێنێت بە جوڵەى شەقام و داواكاریەكانى جەماوەر،وەك دەبینیین دەسەڵات هێندەى خۆى لە ئۆپۆزسیۆن نزیك دەكاتەوە لە بەرامبەردا داواكانى شەقام بە هەند هەڵناگرێت ، بەكوردى وكورتى دەسەڵات وادەزانێت كە جوڵەى شەقام ریمۆت كۆنترۆڵەكە لاى ئۆپۆزسیۆنە .
دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گرەو لەسەر ماند و بون و خۆبەدەستەوەدانى یەكتر دەكەن،دەسەڵات بە هەموو شێوەیەك دەیەوێت شەقام و ئۆپۆزسیۆن لێك دابڕێت، لەلایەكەوە دەیەوێت بە وەڵام نەدانەوەیەى شەقام خەڵكى توشى بێ ئومێدى بكات و ئیتر واز لە خۆپیشاندان بهێنێت ، وەك بینیمان چەند بەرپرسێكى هەرێم دانیان نا بە ڕەوایەتى هەندێك لە داواكانى شەقامدا ئەویش تەنها بۆ لەتكردنى شەقام بوو، لە لایەكیتریشەوە دەیەوێت لەسەر بنچینەى داواكاریەكانى خودى ئۆپۆزسیۆن ڕایانكێشێتە ناو دەسەڵاتەوە لە ڕێگەى پێكهێنانى حكومەتێكى بنكە فراوانەوە كۆتاى بە گرژى ئاڵۆزیەكانى هەرێم بهێنێت،ئۆپۆزسیۆنیش داواكاریەكانى خۆى لە چەند خاڵێكدا خستۆتە بەردەم دەسەڵات و تائەم ساتەش ئامادەنییە سازشیان لە سەر بكات ، بۆ ئەم مەبەستەش پەنایان بۆ چەند كارتێك بردووە زەقترینیان بایكۆتكردنى كۆبونەوەكانى پەرلەمانە لەلایەن نوێنەرەكانیانەوە و بەشدارى كردنى گەرموگوڕى ئەندامەكانیانە لە خۆپیشاندانە جەماوەریەكاندا،لەم نێوەندەشدا شەقام قسەى خۆى و هەڵوێستى خۆى هەیە ، تەنانەت سەقفى داواكاریەكانى شەقام زۆر بەرزترە لە داواكانى ئۆپۆزسیۆن ، شەقام ئەمڕۆ داواى چاكسازى لە سیستەمى دەسەڵاتدا دەكات ، داواى دەست لەكاركێشانەوەى هەرسێ سەرۆكایەتیەكەى هەرێم دەكات و تەنها بە گۆڕینى چەند دەمووچاوێك ڕازى نابێت و خۆشى بە پاشگر و جێبەجێكارى ئەجێنداى ئۆپۆزسیۆن نازانێت.
ئاخۆ لەم كێ بركێیەى دەسەڵات و ئۆپۆزسۆن كامیان گرەوەكە دەبەنەوە ، من لەوە دڵنیام كە شەقام لە گەڵ هەرلایەكدا بێت ئەوا ئەوو لایەنە لە كۆتایدا گرەوەكە دەباتەوە،بەڵام دیارنییە درەنگ یان زوو.
لە كۆتایدا سەركەوتن هەر بۆ گەل دەبێت با ئەمڕۆش بە هەر هۆكارێكى ناتەندروستەوە بێت دەسەڵات خۆى لە داواكاریەكانیان بدزێتەوە، چونكە ئەوە گەلە كە هەردەم دەمێنێتەوە و ئەوانیدى دەڕۆن و لە نێو دەچن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست