بۆ دەبێت هەردەم پەرتەوازەبین؟
Wednesday, 27/06/2012, 12:00
دووژمنەكانى ئێمە لەهەر كێشە و ئاڵۆزیەكدا جیاوازبن ، بەڵام لە دژایەتیكرنى ئێمەدا یەك دەنگ و یەك هەڵوێستن، كەچى ئێمە تا ئەمڕۆشى لەگەڵدابێت بۆ هیچ یەكێك لە كێشە و گرفتەكان نەمان توانیوە یان نەمانزانیوە یان نەیان هێڵاوە یەك دەنگ و یەك ڕابین ! ئەم حاڵەتەش ڕاستەوخۆ هەردو گەورە حیزبەكە لێى بەرپرسیارن، ئەوە ئەوانن هەر ڕۆژە و دۆست و هاوپەیمانى لایەك و بۆ سبەینێش هاوكێشەكە ئاوەژو دەكەنەوە، خەڵكى ئێستاش نازانن نە هاوپەیمانیەكانیان لەسەر چ بنەمایەك بوە نە دژایەتیەكانیان لەسەر چى بوە! ئەمەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت كە دەڵێن (كوردان تا ئێستاش دۆست و دوژمنى خۆیان ناناسن)، حیزبەكان و ڕاگەیاندنەكانیشیان هەر جارەى بە ناوێك و هەرجارەى بە بیانویەك خۆیان و خەڵكیش فریو دەدەن.
سەركردایەتى سیاسى ئێمە بۆ جارێكیش نەیانتوانیوە دەست لە بەرژەوەندیە خودى و تایبەتى و حیزبیەكانیان هەڵبگرن لە بەرامبەر بەرژەوەندیە گشتیەكاندا، تا ئەمڕۆش نەتوانراوە كۆدەنگیەك لە تیۆر و پراكتیك لە نێو تێكڕاى حیزبیەكاندا دروست بكرێت بۆ مەسەلە چارەنوسسازەكان، هەر لایەكیش هۆكارى خۆى هەیە بۆ خۆ دەربازكردن لە كۆدەنگى و یەك هەڵوێستى، بۆ ئەمەش جارێكیتر هەر دوو گەورە حیزبەكە لێى بەرپرسیارن.
ئەو پەرتەوازەییەى ئێمە تەنها كارى ئەمڕۆمان نیە، بەڵكو بەدرێژایى مێژو ئەم گەلە هەر باجى پەرتەوازەیى و خۆخۆرى داوە، تەنها بۆ جارێكیش وانەمان لەو ئەزمونە تاڵانە وەرنەگرتوە، بەڵام دوژمنەكانمان بەدرێژایى مێژو توانیویانە وەك پارچەیەك لە خۆیان جوڵە بە ئێمە و گۆڕانكارى لە بڕیار و هەڵوێستەكانى ئێمەدا بكەن، هەندێ جار بەناوى دۆستایەتى و هاوكارى و هاوپەیمانیە و زۆربەى جارەكانیش كە كاریان پێمان نامێنێت وەك نەناسێك زۆر سەر سەختانە دژایەتیمان دەكەن! مێژوش شایەتى چەندینجار دووبارە بونەوەى ئەو روداوانەن.
هەر سەركردەیەكى ئێمە وادەزانێت سیاسەت و هەنگاوەكانى ئەو گرێ دراوى كۆى خواستە نەتەوەیى و نیشتمانیەكانمانە، كەچى هیچكام لە سەركردە و حیزبەكانى ئێمە دانویان پێكەوە ناكوڵێت، هیچ لایەكیشیان ئامدەنیین دەست لە سیاسەت و ئاراستەى كارى خۆیان هەڵبگرن، بەو حاڵەشەوە باس لە مافى چارەى خۆنوسین و دامەزاندنى دەوڵەتى كوردى دەكەن! كەچى بیرێك لەوە ناكەنەوە كە هەنگاوى پێش دامەزاندنى دەوڵەت یەكخستنەوەى نێوماڵى خۆمانە، ئەو ماڵەى كە بەدرێژایى مێژو هەر باجى پەرتەوازەیى داوە...!
ئەوە تەنها سەركردە و حیزبەكان نین كە ناتوان یەك دەست و یەك دەنگ بن، بەڵكو هەر خودى حیزبەكان ئەو پەرتەوازەییەیان شۆڕكردۆتەوە بۆ نێو تاكەتاكەى كۆمەڵگەى كوردى! چونكە ئەگەر سەركردەكان لەهیچ شتێكدا سەركەوتو نەبوبن، ئەوا لە تەڵقینكردنى بە حیزبى كردن و پەرتەوازەكردنى كۆمەڵگەدا زۆر سەركەوتو بوون، هەر بۆیە سەركردەكان هەرگیز لە سەرزەنشت كردنى خۆیان لە لایەن كۆمەڵگە نەترساون و ناترسن! تا سەركردەكانیش ئاوا بیر بكەنەوە و ئێمەش شوێن كەوتەیان بین ،ئەوا هەرگیز چاوەڕێى یەك دەنگى و یەك ڕەنگى و یەك هەڵوێستى مەبن، دەبێت هەر پەرتەوازە بین!!!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست