دەركەوت ئێوەش دەستى دەرەكی دەی جوڵاندن!!!
Monday, 10/12/2012, 12:00
لەماوەى بیست ساڵى دەسەڵاتى حكومەتى هەرێمدا هەر ناڕەزایى وخۆپیشاندان و مانگرتن و لیستى جیاى هەڵبژاردن یان هەر هەنگاو و هەڵویست و جوڵانەوەیەك لەدەرەوەى بازنەى بەرژەوەندیەكانى هەردو گەورە حیزبەكە بوبێت بێ یەك و دوو تاوانى (دەستى دەرەكى لەپشتە) ەیان داوەتە پاڵ و هەمو ڕێگەیەكى یاسایى و نایاساییان لەبەرامبەریدا گرتۆتە بەر، بەڵام ئەگەر بابەتیانە بۆ هەندێك لە كار و هەڵوێست و بڕیارەكانى سەركردایەتى كورد بنواڕین ئەوا بۆمان دەردەكەوێت ئەوە ئەوان بون كە بەجۆرێك لە جۆرەكان (دەستى دەرەكى) جوڵاندونى.
لێرەدا باس لە ڕوداو و هەڵوێستەكانى پێش ڕوخانى ڕژێم ناكەین، باباسى دواى ڕوخانى ڕژێم بكەین، بەبڕواى من یەكەم تەنەزول و خۆبەدەستەوەدانى كورد ئەوەبو كە ڕازى بو بەوەى كە لە دەستوردا بنوسرێت كە سنورى هەرێمى كوردستان ئەو خاكانەیە كەتا بەروارى 19/3 واتە)ڕۆژى دەستپێكردنى جەنگ(بەدەست حكومەتى هەرێمى كوردستانەوە بوە، هەموشمان باش دەزانیین كە سنورى ئەوكاتەى هەرێم تاكوێ بوو! ئەو نەرمیەى ئەوكاتە لەوانەیە لە بەر مادەى 58 ى دەستورە كاتیەكە بوبێت، كە پاشانیش مادەى 140 ى لێكەوتەوە، هەرچەندە بڕگەى ڕاپرسیەكەش قسەى لەسەر هەبو، بەڵام كاتێك ماوەى ماددە دەستوریەكە بەسەر چوو ئایندەیەكى گەشیش بەدى نەكرا و نیەت پاكیش لەبەرامبەرەوە بەدى نەكرا، ئیتر نەرمونیانى و دەستى دەستى و خۆشباوەڕى لەپاى چى؟؟؟
حەقى خۆیەتى بپرسین لەكاتى خۆیدا ئەو هەمو سەردانى و بانگ هێشت و میواندارى و تەلەفۆن و نامەونامەكارى بەناو هاوپەیمانى ئێمە و ئەمریكا لەپاى چى و چ خزمەتێكى بە كێشە ڕەواكەى ئێمەكرد؟ هەرچەندە دەمێكە دەزانرێت كە سەركردایەتى كورد لەو پەیوەندیانەدا هەردەم سازشى كردووە لەبەرامبەر فشارە دەرەكیەكاندا، لەوانەیە بەرپرسان سودو قازانجی تایبەتیان لەو پەیوەندیانە بینیبێت، بەڵام هیچ خزمەتێكى بەكێشە ڕەواكەمان نەكردووە.
نەك تەنها ئەمریكا بەڵكو وڵاتانى دراوسێ و ئیقلیمیش زۆربەى جارەكان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ فشاریان لەسەر سەركردایەتى كوردى هەبوە، ئەوە (دەستى دەرەكى) بوە كەنەى هێڵاوە سەركردایەتى كورد پێداگیرى بكات لەسەر مافە نەتەوەیى و یاساى و دەستوریەكانى! بەڵام سەركردایەتى كورد ئەو فشارانەى هاوپەیمانەكانى لە خەڵكى كوردستان دەشاردەوە! تەنها بۆ جارێكیش دانیان بەو ڕاستیانەدا نەناوە.
ئەو لێدوان و هەڵوێستانەى ئەمڕۆى سەركردایەتى كوردى جیاوازە لە هەڵوێستەكانى ڕابردویان، ئاخر خۆ دەسەڵاتدارانى بەغدا ئەوە نۆ ساڵە مافە یاسایى و دەستوریەكانى ئێمە پێشێل دەكەن و گوێ بە داواكارى و خواستەكانمان نادەن، ئەى بۆ لەو هەمو ساڵەدا هەڵوێستێكى وەك ئەوەى ئەمڕۆمان لە سەركردایەتى كوردى نەبینى؟ یان دەتانەویت پێمان بڵێن ئیتر جامى ئێمە پڕ بوە و تواناى بەرگەگرتنمان نەماوە، یان بەدیوەكەى تردا (فشارى دەرەكى) كەم بۆتەوە لەسەرتان.
هەر لە ناوەڕستى ئەمساڵدا بو كە سەرەك كۆمار جارێكیتر سەرەك وەزیرانى پاراست لە لێ سەندنەوەى متمانە لێى، كەچى ئێستە دژایەتیەكى توندى سەرەك وەزیران دەكات، بەلام با ئەوەشمان لە بیر نەچێت ئەو سەرەك وەزیرانەى ئەمڕۆ ئیتر ئەو كەسەنیە كە هاوپەیمانەكانمان فشارى بۆ بەكار بهێنن لە بەرابەرمان، هەندێكیشى پەیوەندى بە گۆڕانى سەردەمەكە و هەڵوێستە سلبى یەكانى ئەوەوەهەیە.
ئەو جیاوازییەى لە هەڵوێستەكانى ئەمڕۆ و دوێنێى سەركردایەتى كوردى دەیبینیین ئەوەمان پێ دەڵێت كە جاران (فشارى دەرەكى) نەى دەهێڵا وەك ئەمڕۆ بیر بكەنەوە و هەڵوێست وەر بگرن لە ڕوداوەكان!، بەڵام وابزانم تازە درەنگە ! ئێوە دەزانن دەوڵەتى عێراقتان لە كوێوە گەیاندەوە بەكوێ!!!مەخابن هەلى زۆرتان لەبار برد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست