کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چارەنوسى كورد لە عێراقى پاش كشانەوەى ئەمریكا

Sunday, 25/12/2011, 12:00








لەپاش ڕوخانى ڕژێمى دكتاتۆرى پێشو وبنیاتنانەوەى عێراقى نوى، ئێمەى گەلى كورد كە خۆمان بە تاكە هاوپەیمان و دڵسۆزى ئەمریكاو هاوپەیمانان دەزانى، لەپاش نۆ ساڵ لە ڕوخانى ڕژێم جێگاى خۆیەتى بپرسین ئێمەى گەل كورد لەم ئاڵو گۆڕە بنەڕەتیە فراوانەدا چیمان پێ بڕا؟ ئایا ئەو دەسكەوتانە چین كەبەدەستمان هێناون؟ ئایا ئەوەى كەتا ئەمڕۆ بەدەست هاتوە چى زیاترە لەسەردەمى پێش ڕوخانى ڕژێم؟دەمەوێت بپرسم ئایا هاوپەیمانەكانمان چیان بۆ كردین؟ ئەى خۆمان توانیمان چى بكەین بۆ گەیشتن بە خواستە نەتەوەیى و نیشتمانیەكانمان؟بەبڕواى من لەپاش ڕوخانى ڕژێم ئەوەى بەدەستمان هێناوە خۆى لە سێ خاڵى جەوهەریدا دەبینێتە كە ئەمانەن:

یەكەم: نوسینەوەى دەستورى هەمیشەیى وڵات ، كەدیارە لاى زۆربەى عێراقیەكان و بەسەركردەكانیشەو ئەو دەستورە لە مرەكەبى سەر كاغەز زیاتر نیە، چونكە ئەو بەندانە و خاڵە هەستیارانەى كەبەلاى ئێمەوە چارەنوسسازبون، بە ئامادە بونى ئەمریكاو هاوپەیمانان لە وادەى یاسایى خۆیدا بەهیچ جۆرێك دەست نەبرا بۆ پراكتیزەكردنى ، ئەى گرەنتى چیە لە پاش كشانەوەى ئەمریكا لیستە باڵاكانى ئەمڕۆى ئەنجومەنى نوێنەران بەجدى كار ناكەن بۆ تعدیل كردنى ئەو مادە و بڕگانەى كەبەبڕواى ئەوان خزمەت بەیەك پارچەیى خاك و سامانى وڵات ناكات؟! باوەڵامى ئەمە جێ بهێڵین بۆ زەمەن وەڵاممان بداتەوە.

دووەم: جیاوازیەكیتر ئەویش بەدەست هێنانى چەند پۆستێكى سیادیە لە حكومەتى مەركەزى، من دەپرسم ئایا ئەو پۆستە سیادیانە تا چەند خزمەتیان بە كێشە نەتەوایەتیەكانى ئێمە كردوە لە عێراقى نوێدا؟ بەڕاى زۆربەى چاودێران ئەو پۆستانە بۆ كورد تەنها پۆستى تەشریفاتى بون و نەیان توانیوە هاوكێشەكان لە بەرژەوەندى گەلى كورد لارەسەنگ بكەن! نەتوانرا لە ماوەى ئەم هەشت نۆ ساڵەدا تەنها بۆ یەك جاریش بێت كارتى فشارى خۆمان نیشانى ئەمریكا و دەسەڵاتدارانى بەغدا بدەین! نەك پۆستە سیادیەكان خزمەتیان بە گەلى كورد نەكرد، تەنانەت ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانیش وەك پێویس خزمەتیان بەكێشە ڕەواكەیان نەكرد، ئەوانیش نەیانتوانى كارتى فشار بن، تەنانەت وەك خۆیان دەڵێن هەندێكیشیان عەرەبى زان نیین كە پاڵێوراون بۆ ئەو پۆستە!

سێیەم: جیاوازیەكیتریش بەهۆى ئەوەى كە تائێستا نەتوانراوە سەرژمێرى گشتى لە وڵاتدا ئەنجام بدرێت بۆیە هیچ لایەك ڕێژەى ڕێژەى ڕاستەقینەى خۆى نازانێت ، ئەمەش فێڵێكى ترە لە لە گەلى كورد و خەڵكانی تریش دەكرێت ، لە بەرامبەردا ڕازى بون ساڵانە بڕی لە17% ى میزانیەى وڵات بۆ هەرێمى كوردستان ببڕنەوە ئەویش ئێستا دەركەوتوە هەرگیز ئەو بڕەیە نەهاتۆتە هەرێمى كوردستانەوە، بۆیە بەناوى بڕینى خەرجى سیادیى و حاكمە وە بڕەكە كەم كراوەتەوە بۆ 10 تا 13% ى كۆى میزانیەى عێراق .

لێرەدا جێگاى خۆیەتى پرسیارێكیش لە بەرپرسانى هەرێمى كوردستان بكەین بێجگە لەم سێ خاڵە و چەند وردە دەسكەوتێكیتر، ئایا ئێمەى گەلى كورد چیمان دەست كەوت؟ ئایا دەزانن و لە بیرتانە لەگەڵ ئەو هەمو گۆڕانكاریە ڕیشەییەى كەبەسەر ئەم وڵاتەداهات بەپێى دەستورەكەمان هێشتا سنورى هەرێمەكەمان (سنورەكانى ساڵى 1991)ى سەدەى ڕابردووە !، من ناڵێم حیزبەكان و سەركردەكانمان چییان دەسكەوت، چونكە لە وانەیە دەسكەوتەكانى ئەوان نەیەنە ژماردن! بەڵام من دەڵێم دەسكەوتە نەتەوەییەكانمان چى بوون؟ ئەى هاوپەیمانیەكەى ئێمە و ئەمریكا چى لێهات؟ ئەى چارەنوسى هەرێمەكەمان لە پاش كشانەوەى ئەمریكا چى لێ دێت، ئەى چارەنوسى دەستورەكە، ئایا ئەمانە دوبارە بونەوەى هەڵەى مێژون؟ یان خەتاى زلهێزەكانە هەمو جارێك لە نیوەى ڕێگادا دەستمان لێ بەردەدەن و لەبەر بەرژەوەندى خۆیان ئێمە ڕوبەڕوى چارەنوسێكى نادیارمان دەكەنەوە؟!ئەى بۆ گلەییەكیش لە سەركردەكانى خۆشمان نەكەین لە پاش ئەو هەمو ئەزمونە لە خەبات و شۆڕش و دانوستان و فەرمان ڕەوایى كەچى لەم گەمەیەدا یاریزانێكى كارامە نەبون !، ئەوان بەرژەوەندیە تایبەتیەكانى خۆیان خستە پێش بەرژەوەندیەكانى گەلەوە، ئاخۆ لەپاش كشانەوەى ئەمریكا لەم وڵاتە چارەنوسى ئەم هەرێمە و دانیشتوانەكەى بە چى دەگات؟ مێژو خۆى دوبارە دەكاتەوە یان بۆ دواجار ئەم گەلە بەش مەینەتیە بەهەمو خواستەكانى خۆى دەگات؟؟؟
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە