کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕامانێك لە دروشمى (ارحل)

Wednesday, 05/10/2011, 12:00







*(سەركردەكان رۆژانە دروشمى درۆینەمان پێ دەفرۆشن و ئێمەش هەر بە درۆوە چەپڵەیان بۆ لێ دەدەین، گاڵتە جاڕیەكەش لەوێدایە هەم ئێمە دەزانیین ئەوان راست ناكەن و هەم ئەوانیش دەزانن ئێمە بەراستمان نیە، كەچى هەردوو لاشمان درێژە بەو گەمەیە دەدەین، بەڵام ڕۆژێك دێت هەردوو لامان بە دۆڕاوى لەو گەمەیە بێینە دەرەوە، ئەوەش بزانن تەنها دۆڕان كۆتایى گەمەكەنیە ، بەڵكو چەند جیلێكى دواى ئەو گەمەیە دەبێت باجى ئەو دۆڕاندنە دیفاكتۆیە بدەن).
ووشەى (ارحل)ى زمانى عەرەبى و go out)) ی زمانى ئینگلیزى ئەو دروشمە بەر بڵاوە بو كەلەكاتى سەرهەڵدانى ڕاپەڕین و شۆڕشە جەماوەریەكانى وڵاتە عەرەبیەكان دژ بە سەركردە و رژێمەكانیان بەرزكرایەوە،ئەو سەركردە و رژێمانەى كە دەیان ساڵ سەركردایەتى و رابەرایەتیان كردن،سەركردەكان چونكە لەرێگەى هەڵبژاردنەوە درێژەیان بە مانەوە لە دەسەڵات دابو خۆیان بە سەركردەى شەرعى و تاكە شاسوار و هەڵبژێردراوى گەل دەزانى، نەك هەر ئەوە تەنانەت خۆیان وەك سەركردەى كاریزما دەبینى ،بەڵام ئەى ئەو شۆرش و راپەڕینانە بۆ؟ ئایا هۆكارەكان چى بون كەوایان لە خەڵكى كرد سنگى خۆیان بنێن بە گوللەى چەكى دەستى پیاوانى ئەو رژێم و سەركردانەى كە بە دەنگى ئەوان درێژەیان بە مانەوە لە دەسەڵات دابو؟ ئەو سەركردانەى كە خۆیان بە تاكە غەم خۆر و رزگاركەرى گەل و وڵات دەزانى،ئیتر دروشمى (ارحل) بۆ ؟ ئایا ئەو مادە و یاسا و دەستورە كامەیە كە ڕێگە بە شاربەدەركردنى سەركردە و دەست و پێوەندەكانیان دەدات؟ یان بە چ یاسا و ڕێسایەكى ئاسمانى و ئادەمی ئەو فشارەیان دەخرێتەسەر؟ ئایا سەركردەكانیان هێندە تاوانبارن تا داواى شار بەدەركردنیان لێ بكەن و تەنانەت پاش مردنیشیان ڕێگە نەدرێت بستەخاكێكى وڵاتەكەى خۆیان ببێتە ئارامگەیان! نەك هەر خۆیان تەنانەت خانەوادە و هەموو دەست و پێوەندەكانیشیان، كەچى لەو ماوە زۆرەى فەرمان ڕەوایى ئەوسەرۆكانەدا هاووڵاتیان بێ دەنگى و بێ هەستى و خوێن ساردى و ترس ببوە كاڵایان و لەو نێوەندەشدا سەركردەكان تاكە شاسوار و ڕەمز ى نەتەوە و كاریزماى گەل بون.
-بۆچى (ارحل) ؟
كێن ئەوانەى زۆرینەى گەل داواى شاربەدەر كردنیان لێ دەكەن؟ ئەوانە ئەو سەركردە و رژێمانەن كە بە پاساوى شۆڕشگێڕى دەیان ساڵ سەركردە و فەرمان ڕەواى وڵات بون،دەیان ساڵە دەستیان گرتوە بەسەر خێر و بێرى وڵاتدا ، دەیان ساڵە لەژێر ناوى ئاوەدانكردنەوەى وڵاتدا وڵات وێران دەكەن،لە ژێر دروشمى خزمەت بەگەل كەچى گوزەرانى گەل رۆژ بە رۆژ خراپ و خراپتر دبێت،دەیان ساڵە سامانى وڵات دەدزن، لە ژێر ناوى بونى دوژمنێكى سەرسەخت لە ناوچەكەدا دەیان ساڵە پەیڕەوى حاڵەتى تەنگەتاوى دەكەن ، ئەو كیانەى كەلەسەرەوە بە دوژمن ناوزەدى دەكەن و ژێر بە ژێریش هەمویان پەیوەندیان هەبوە لەگەڵیدا،ئەو سەركردانەى كە ئەمڕۆ داواى (ارحل) یان لێ دەكرێت هەمویان دوێنێ شۆڕشگێڕى گەورەى گەل و تەنانەت نەتەوەش بون، بەڵام ئەمڕۆ بون بە گەورە دكتاتۆرى نەك وڵات تەنانەت جیهانیش،ئەو دكتاتۆرانە ئامادەن هەمووگەل خەڵتانى خوین بكەن ئەگەر دژبن بە خواستەكانى ئەوان، ئاخر چى نەما نەیكەن و چى نەما نەیبەن و چى نەما پەناى بۆ نەبەن تەنها لە پێناو مانەوەى خۆیان لەسەر كورسى دەسەڵات، ئەوان بۆ مانەوەى خۆیان و رژێمەكانیان هەموو رێگەیەكى دروست و ناتەندروستیشیان گرتۆتەبەر،تەنانەت رێگە تەندروستەكانیشیان بە ناتەندروست پراكتیزەكردووە وەك ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ناتەندروست و بەناو پەیڕەوكردن لە یاسا و دەستور و راگەیاندنى ئازاد و بونى رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى و لە هەندێ لە ووڵاتانیشدا بونى ئۆپۆزسیۆن و...........ئیتر ئەو داهێنراو و میكانیزمانەى كە كەلتورى وڵاتە پێشكەوتوەكانە.
ئەوان دەیان ساڵە خێر و بێرى وڵات دەدزن و دابەشى دەكەن لە نێوان خۆیان و پاراستنى كورسیەكەیان ئەویش بەكڕینى چەك و پڕكردنى جبەخانەكان ، ئەوەشى كەمایەوە دابەشى دەكەن بەسەر هاوڵاتیاندا ئەویش ئەوهاوڵاتیانەى كەبەلاى دەسەڵاتەوە هاوڵاتى تەندروستن و فیداكارى سەرۆكن،راپەرینەكانى ئەمساڵ ئەوەیان دەرخست كە كە تەرخانكردنى برێكى زۆرى داهاتى وڵات بۆ بوارى سەربازى وكڕینى چەك بۆ دوژمنە سەرسەختەكەیان نەبوو لە ناوچەكەدا، بەڵكو بۆ هەركەس و لایەنێك بو كە دژبێت بە سەرۆك و خانەوادە و رژێمەكەى ئەگەر تێكڕاى هاوڵاتیانیش بن،هەر هیچ نەبێت كاردانەوەكان لە (لیبیا و سوریا) ئەوەیان سەلماند.
- دروشمى (ارحل) سزانیە:
با سەركردە و سەرۆكەكان وانەزانن كە گەل داواى (ارحل) یان لێ دەكەن ئەوە سزا و تۆڵەیەكى زۆر قورسە و گەل دەى سەپێنێت بەسەریاندا، یان كە داواى دادگایى كردنیان دەكەن ئیتر بەو سزایەى دادگا خاوێن دەبنەوە و تاوانیان لەسەر نامێنێت،گەل دەیەوێت بەكەم ترین زیان بەرۆكیان لە دەستى ئەو سەركردانە ببێتەوە ، ئەوان دەزانن كە تازە ژیانى خۆیان لە سایەى ئەو سەركردە و رژێمەكانیاندا بە هەدەر چوو ، بەڵام دەیانەوێت ژیانێكى ئاسودە بۆ نەوەكانیان بڕەخسێنن،وەك لە یەكێك لە دروشمەكانیاندا داوایان دەكرد و دەكەن (ارحل من اجل مستقبل) ئەوان دەزانن (مستقبل) بۆ نەوەكانى داهاتووە نەك ئەمڕۆى خۆیان،سزاى (ارحل) یش ئەوپەڕى مرونەتە بۆ ژیانى دونیاى سەركردەكان، ئەگەر هەر یەكێك لەو سەرۆكانە لە سێدارەش بدرێن ئەوا سزاى تەنها یەك كەسیان لێ وەرگیراوەتەوە كە بەدەستى رژێمەكەى ئەوان لەناوچوبێت،ئەى ئەو هەزاران كەس و خانەوادانەى كەلەژێر ئەشكەنجە و سزا و ئازار و زەبر و زەنگى ئەواندا لە ناوچون یان ئاوارە و دەربەدەر بون؟ ئایا لە دونیادا هەرچیەكیان لێ بكرێت دەتوانرێت تۆڵەى ئەو هەموو كەسانەیان لێ وەربگیرێتەوە؟
-(ارحل) تەنها دروشمى گەل نیە.
دروشمى (ارحل) تەنها خواستى جەماوەرى ڕاپەریو نیە،ئەو خواستە جەماوەریە ئێستا فۆرمێكى نێو دەوڵەتى وەگرتووە،ئەوەتا ئەنجومەنى ئاسایشى سەر بەنەتەوە یەكگرتوەكان و یەكێتى ئەوروپا و كۆمكارى وڵاتانى عەرەبى و وڵاتانى ئیقلیمى و لەسەرو هەموشیانەوە ئەمیركاى هاوپەیمانى دوێنێیان هەمان داواى جەماوەر لەو سەركردانە دەكەن بۆ جێ هێشتنى كورسى دەسەڵات،ئەوان تەنانەت داواى دادگایى كردنیشیان دەكەن و بە ئاشكرا و بەنهێنى هاوكارى جەماوەر دەكەن لە دژى هەندێك لە رژێمە ئەنتیەكانى خۆیان.



-كەسانی تریش هەمان چارەنوسى ئێوەیان هەبوە.
ئەوە تەنها ئێوەنیین كە ئەمڕۆ گەل داواى شار بەدەر كردنتان لێ دەكات ، بەڵكو زۆرانى تر پێش ئیوە كاتێك جامى جەماوەر پڕ بو لە ناعەدالەتى ئیتر بەرگەى ئەو نادادى چەوسانەوەیان نەگرت و هەمان داواى دەست هەڵگرتنیان لێ كردن ، بەڵام ئەوانەى بەبەخت بون كە بەدەم خواستى جەماوەرەوە چون و كورسى دەسەڵاتیان جێهێشت و هەڵهاتن ، نمونەشیان وەك (حەمەڕەزاشاى ئێران و محمد زیاد برى ێۆمال و مۆبۆتۆ سیسیكۆى زائیرى جاران و كۆنگۆى دیموكراتى ئەمڕۆ و زین عابدین بن على تونس و هەوەها دوا دكتاتۆى هەڵهاتومعەمەر قەزافى لیبیاش مان بینى)،ئەگینا خۆئەوانەى كە لەكەلى شەیتان نەهاتنە خوارەوە و هەر لەسەر زوڵم و زۆر بەردەوام بون چارە نوسیان جیاواز بو وەك (نیكۆلاى چاوسیسكۆى ڕۆمانى و بینیتۆ مۆسۆلینى ئیتالى و سەدام حسینى لەمەڕخۆمان) كەچارە نوسیان لە ناوچون بو بە یاساى ئەو وڵاتەى كە خۆیان بە سەركردەى كاریزمایى دەزانى بۆى، وەك بینیمان (موبارەك) یش ئەمڕۆ كەوتۆتە داوى هەمان ئەو یاسایانەى كە ڕۆژێك لە ڕۆژان بە هەزاران لە نەیارەكانى خۆی و رژێمەكەیى پێ لەناو برد و چارەنوسى ئەویش لە هاوشانەكانى باشتر نابێت،
سەركردە و سەرۆكى زۆرى تریش هەن هەمان چارەنوس چاوەڕێیان دەكات، چ ئەوانەى دەكەونە دەست یاساو سزاى دونیا و چ ئەوانەى كە فریاى هەڵهاتن دەكەون و بەئازارى ویژدانەوە ئەگەر ویژدانیان مابێت بەنابوتى و دەربەدەرى لە بەر دەرگاى سەرۆكە هاوپەیمانەكانیان سەر دەنێنەوە،كەواتە باهەمو ئەو سەرۆكانەى كە هاوشێوەى ئەوانەن كە ناومان هێنان چاوەڕێى ئەوەبكەن كە ڕۆژێك لە ڕۆژان دروشمى (ارحل) بە روى ئەوانیشدا بەرزدەكرێتەوە،چونكە لەنەستى هاوڵاتیاندا ئەوان لە دێوەزمەیەك زیاتر نیین بۆ گەل و وڵات و ناوچەكە و هەندێ جار هەمو دونییاش .
لە كۆتایدا هەمو سەركردە نەخوازراوەكان یەك چارەنوسى شایستەى مێژووە كەیان چاوەڕێیان دەكات، بەڵام لە وانەیە چەند هۆكارێكى خودى و بابەتى جیاواز هەبێت بۆ پێش و پاش خستنى گۆڕانكاریە گەورە چاوەڕوانكراوەكە و لە كۆتایشدا خۆیان و نێو بانگ و كردارەكانیان بۆ هەتا هەتایە دەخرێنە نێو زبڵدانى مێژووەوە.

-پێویستە ئیتر گەلیش هۆشیاربن.
بێ دەنگى هاووڵاتیان لە هەموو ئەو نادادى و زوڵم و زۆرانەى كە ڕژێم و سەرۆكەكان لەو زەمەنە زۆرەى فەرمانڕەواییاندا ئەنجامیان داوە ئەوە باجەكەى بوە كە ئەوان بە درێژایى مانەوەى ئەو دەسەڵاتانە چەشتویانە، تەنانەت دواى لەناوچونى ئەو سەرۆكانە و ڕژێمەكانیشیان نەهامەتیەكانیان هەر بەردەوام دەبێت نمونەكانیشیان بە چاوى خۆمان دەبینیین، واتە هەمولا دۆڕاوى گەمەى ترس و بێ دەنگی خۆمان بووین، بەڵام ئەو گەلانەى كە ئەمڕۆ بڕیاریان داوە كەئیتر بێ دەنگ نەبن لەو نادادى و چەوساندنەوانە ئەوا شایستەى ئەوەن كە ژیانێكى ئاسودانەتر بژین ، بەڵام بەمەرجى ئەوەى كە باوەڕیان بە هێزى لۆژیك هەبێت نەك لۆژیكى هێز و میزاج و بەرژەوەندى تایبەتى كارتى زۆرینە و..هتد، ئەگینا ئەو گۆڕانكاری و ڕاپەڕین و شۆڕشە مەزنانەى كە كراوە و ئەوانەش كە لە ڕابردودا ڕودەدەن تەنها گۆڕینى دەموچاوەكان و بە خورى بونەوەى ڕیسەكەیە وگەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەى یەكەم و دووبارە بونەوەى مێژووە و هیچیتر.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە