ئەنجومەنى نوێنەران بۆ دەنگى دایەوە بە كۆمسیۆن؟
Monday, 01/08/2011, 12:00
دواجار ئەنجومەنى نوێنەران بەزۆرینەى دەنگ لە ئەنجامێكى چاوەڕوان نەكراودا متمانەیان دایەوە بە كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان، لەپاش ئاشكرا بونى چەندین دۆسیەى گەندەڵى ئیدارى و دارایى لەسەر ئەندامانى باڵاى ئەوكۆمسیۆنە ئیتر مانەوەى ئەوو كۆمسیۆنە كەوتە ژێر پرسیارەوە، هەربۆیە پێشتر سەرۆكى كۆمسیۆن(فەرەج حەیدەرى) بانگهێشتى ئەنجومەنى نوێنەرانكرا بۆ لیپرسینەوە لەو تۆمەتانەى كە ڕو بەڕوى كۆمسیۆن كرابو، لە كۆتایدا مانەوە و هەڵوەشاندنەوەى ئەو كۆمسیۆنە خرایە دەنگدانى ئەنجومەنى نوێنەرانەوە ، بەڵام وەك وتم لە ئەنجامێكى چاوەڕوان نەكراودا زۆرینەى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران لایەنگرى مانەوەى ئەو كۆمسیۆنە بون،لەگەڵ بونى ئەو هەموو تۆمەتانەش لەسەریان.
ئەو چەند هەڵبژاردنەى كە ئەو كۆمسیۆنە ئەنجامیداوە جێگاى گلەیى و ڕەخنە و قسەلەسەركردن بوە بەهەڵبژاردنەكانى هەرێمى كوردستانیشەوە، ئەوە بێجگە لە دۆسیەى گەندەڵیەكان.
كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان تائێستا نەیتوانیوە ئەنجامى یەك هەڵبژاردن یان چەند بنكەیەك هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر دەیان تانە و سكاڵاش لەسەر پرۆسەكە هەبوبێت، چونكە ئەو بڕیارە پێویستى بە ئیرادە هەیە، ئیرادەیەك كە باڵاتربێت لە ئیرادەى حیزب و لیستە باڵاكانى ئەمڕۆى حكومەت ، ئەگەر دەیان بەڵگەش هەبوبێت لەسەر ئەنجامدانى تەزویرات و دیاردەى نەخوازرا و ناتەندروست و دەستكارى كردنى شفرەى داتاكان لە هەڵبژاردنەكاندا، چونكە هەر نۆ ئەندامە باڵاكەى ئەو كۆمسیۆنە ئەندامانى باڵاى حیزبە باڵاكانى ئەمڕۆى ئەنجومەنى نوێنەران و حكومەتى مەركەزى و حكومەتى هەرێم بون، ئەوەش یەكێكە لە سەلبیاتەكانى حكومەتى تەوافوقى كە ئەمڕۆ جێگاى شانازى هەمو لایەكە ، ئیتر چۆن لە سایەى ئەو كۆمسیۆنەدا ئەتوانرێت هەڵبژاردنێكى خاوێن وتەندروست ئەنجامبدرێت .
مانەوەى ئەو كۆمسیۆنە وەك خۆى بۆ هێشتنەوە و پاراستنى كورسی و پۆستەباڵاكانى ئەو حیزب و لیستانەیە كە دەنگیان بە مانەوەى داوە.
لەنێو گەلێكى هۆشیار ولە هەڵبژاردنێكى تەندروستدا ئەنجامى هەڵبژاردنەكان سەنگى مەحەكن ، بەڵام لەسایەى كۆمسیۆنێكى ئاوادا ئایا دەتوانرێت باوەڕ بە ئەنجامى هەڵبژاردنەكان بكرێت؟ بەڵام جارێكیتر لە سایەى دەسەڵاتێكدا كە پارە و هێز و یاساى لە دەستدابێت ئایا هیچ خیارێكیتر هەیە بێجگە لە قبوڵكردنى ئەنجامى ئەو هەڵبژاردنە ناتەندروستانە، هەرئەوە هۆكارى جارێكیتر پێدانەوەى متمانەیە بە كۆمسیۆنى باڵاى سەر بەخۆى هەڵبژاردنەكانە لەلایەن ئەنجومەنى نوێنەرانەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست