من گەشبین نیم
Monday, 13/06/2011, 12:00
ڕێكەوتننامەى واشنتن كۆتای هێنا بە جەنگى چەندین ساڵەى نێوان یەكێتى و پارتى، بەڵام ئەو رێكەوتننامەیە كۆتاى نەهێنابە كێشمەكێش و كێبركێ و دووئیدارەى لە نێوان ئەو دوو هێزە لە هەرێمى كوردستاندا، لە پاش سەدان دانیشت و كۆبونەوە لە نێوان سەركردە و مەكتەب سیاسى و لیژنە باڵا و فەرعیەكانى نێوانیاندا كەچى تا ئەمڕۆ كەوا 13 ساڵ تێ دەپەڕێت بەسەر ئەو رێكەوتنەدا بەقەولى بایز تاڵەبانى هێشتا هەردوو ئیدارەكەى هەرێم بە كردارى یەكیان نەگرتۆتەوە.
لەماوەى ئەم 13 ساڵەدا چەندیت گۆڕانكارى گرنگ لە هەرێم و عێراق و وڵاتانى ناوچەكە و دەورو بەر ڕویانداوە، هەموو گۆڕانكاریەكانیش بە ئاراستەى كرانەوە و ئیجابیانە بون، كەچى دەسەڵاتدارانى لاى ئێمە وەك ئەوەى كە هیچ ڕوى نەدابێت لەسەرهەمان قەوانە كۆنەكەى ساڵانى نەوەدەكان ئیدارەى وڵات دەكەن!
بەڵام دانیشتنەكانى ئەمڕۆى هەرێم لە فۆڕمێكى تردان ، ئەمجارە كۆبونەوەكان لە نێوان دوو حیزبى خاوەن هێز و پارە و دوو ئیدارەدانیە، بەڵكو لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندایە، ئەگەر دوو لایەنەكەى دەسەڵات بە درێژایى 13 ساڵ لەگەڵ یەكتر نەگەشتبنە ڕێكەوتنێكى ریشەیى بۆ كۆتاى هێنان بە دوو ئیدارەیى، لە كاتێكدا كە بەدەیان بەرژەوەندى كۆیان دەكاتەوە ! ئەى ئاخۆ ئەو دوو لایەنە چەند جدى بن لە كۆبونەوەكانیاندا لە گەڵ ئۆپۆزسیۆن؟ یان ئاخۆ بە چەند دانیشتنى تر دەگەنە كۆتاى چوار گۆشەكانى دانیشتن و كۆبونەوەكان؟
وەك هەموولا بینیمان كە كۆبونەوەى دووەم كۆتای هات لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا، بەڵام من نازانم ئەو پێنج لایەنە لە ناخى خۆیاندا چەند گەشبینن بە كۆبەنەوە و ئەو خاڵ و بەندانەى كە قسەى لە سەر دەكەن، بەڵام من دڵنیام ئەم كۆبونەوانەش هیچ جدى تر نابن لەو سەدان كۆبونەوانەى كە لە نێوان هەردوو لایەنى دەسەڵاتدا ئەنجامدراوە و كەچى رەوشى خۆیان و ئیدارەكە و هەرێم و ناوچە دابراوەكانیش بە ئەمڕۆ گەشتووە.
من گەشبین نیم ئەو ڕەشبینیەشم هەر لە خۆڕانیە، بە بڕواى من هەر هەوڵێك بۆ چاكسازى جدى لە هەرێمدا ناكرێت، چونكە ئێمە كارمەند و بەرپرسەكانى خۆمانمان لەسەر ئەم سیستەمەى ئێستا پەروەردە كردووە، ئاخۆ چەند ساڵى ترمان دەوێت تا شێوەى كار و بیركردنەوەى بەرپرس و كارمەندەكانى بگۆڕین؟
ئەگەر كۆبونەوەكان درێژ بونەوە و سەرى كێشا بۆ دروستكردنى لیژنەو لیژنەكارى و لیژنەى باڵا و فەرعى و ئەو شتانە ئەوە ئیتر ماناى كات كوشتن و بەهەدەردانى كاتە، تائەوكاتەى دەسەڵات چەند گۆرانكاریەكى روكەشانە ئەنجام دەدات و ئیتر كارى بە فشارەكانى ئۆپۆزسیۆن نامێنێت، بەواتایەكیتر لە پەناى ئەو كات كوشتنەدا هەوڵ بۆ سوتاندنى كارتەكانى ئۆپۆزسیۆن بدات.
بەڕاستى ئیتر ئەمڕۆ دونیا گۆڕاوە، كێ دەیەوێت بمێنێتەوە دەبێت خۆى لەگەڵ ڕەوشە نوێكەدا بگونجێنێت ئەگەر نا ئەوا زەمەن بەجێى دەهێڵت هەرچەند خاوەن هێزو دەسەڵاتیش بێت، لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانكاریانەش لە ناوچەكەدا كەچى من هەر گەشبین نیم، چونكە..............................................................................................!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست