کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێرە هەرێمى میزاجە

Monday, 27/06/2011, 12:00


لە میزانیەى پێشنیار كراوى 2011 ى هەرێمى كوردستاندا دۆسیەى نەوت ناشەفافترین دۆسیەبوو،پاشان زۆرترین بەهەدەردان لە بودجەى وەزارەتى دارایدابوو، پاش ئەوانیش ئەگەر هەڵە نەبم زۆرترین ناشەفافى و بەهەدەردان و حەیف و مەیل لە بودجەى ڕێكخراو و پارتەكاندابو،من لەم بابەتەدا باس لە دۆسیەى نەوت و هەردوو وەزارەتى دارایى ناكەم چونكە ئەو دۆسیانە لەلایەن كەسانى پسپۆڕ و خەڵكى ترەوە باسیان لێوە كراوە.
من لەم بابەتەدا دەمەوێت تیشك بخەمەسەر دۆسیەى یارمەتى پارت و ڕێكخراوەكان،ئەو بڕە یارمەتیەى بۆ پارت و ڕێكخراوەكان لە ساڵى 2010دا بڕى 90 ملیار دینارى بۆ تەرخانكرابو، بەڵام بۆ ساڵى 2011 لەگەڵ ئەوەشدا كە بڕە یارمەتى زۆربەى ڕێكخراوەكان كەمكرایەوە، كەچى بڕى پێشنیاركراو بۆ ئەمساڵ بە 200 ملیار دینار خەمڵێنراوە كە دەكاتە دوو هێندە زیاتر لە پار.
با پرسیارێك لە بەرپرسانى ئەم مەملەكەتى یاسا سەروەریە بكەین، ئایا بە چ پێوەرێك ئەوو بڕە پارەیە دوو هێندە زیتر زیادكراوە؟
ئەو بڕە یارمەتیەى كە بۆ پارتەكان بڕابویەوە لە سەردەمى كابینەى پێنجدا لەسەر ئەساسى كورسى پەرلەمان دەستنیشان كرابوو، ئەویش بۆ هەر كورسیەك نزیكەى 50ملیۆن دیناریان دانابوو،هەر لەو كاتەشدا پێدانى ئەو بڕەیە تەنها بەسەر چەند پارتێكداجێبەجێ دەكرا،بەڵام لە خولى كابینەى شەشدا كەئەوا خەریكە دووساڵى خۆى تەواو دەكات كەچى تائێستاشى لەگەڵدابێت نەهێڵراوە پرۆژەیاساى حیزبەكان بخرێتە بەرنامەى كارى پەرلەمانەوە.
حكومەت بۆ شەرعیەتدان بە بێ بەرنامەییەكەى خۆى لە یارمەتى حیزب و ڕێكخراوەكاندا بڕى یارمەتى حیزبەكانى هەروەك كابینەى پێنج هێشتەوە ، گوایە تا پرۆژەكە لە پەرلەمان قسەى لەسەر دەكرێت،بۆ ئەمەش وتیان ئەو یارمەتیە حیزبەكان وەك سلفەى قەرز وەریدەگرن تا ئەو كاتەى پڕۆژەكە پەسەند دەكرێت ، ئەگەر بڕەكەى زیاتر بو ئەوا قەرەبو دەكرێنەوە ئەگەریش كەمتربو ئەوا لێیان وەردەگیرێتەوە،كابینەى شەش بەم بڕیارە میزاجیانە ئەوا دووساڵى تەمەنى خۆى گوزەراند،بابۆ ئەم مەبەستە پرسیارێكى جەوهەرى لە سەرۆكى حكومەت بكەین ،ئەگەر پارتێك بۆ خولى ئێستاى پەرلەمان خاوەنى تەنها یەك كورسى پەرلەمان بێت و لە بەرامبەردا بڕە 580 ملیۆن دینار یارمەتى لە حكومەت وەربگرێت ، هەر ئێستاش پرۆژەیاساى حیزبەكان لە پەرلەمان قسەى لەسەر كراو بڕى خەمڵێنراوى یارمەتى حیزبەكان لەسەر ئەساسى كورسى یان دەنگى بەدەست هاتوو بوو با واى دابنێین بۆ هەر كورسیەك بڕى 80 ملیۆن دینار دیارى كرا ،پرسیارەكە ئەمەیە ئایا حكومەت ئامادەیە ئەو بڕەپارەیە لەو حیزبە وەربگرێتەوە كەهەر مانگەى دەكاتە 500 ملیۆن دینار و بۆ دووساڵەكەش دەكاتە 12ملیار دینار ؟ یان ئایا ئەو پارتە ئامادەیە ئەو بڕە پارەیە بگێڕێتەوە؟ئەمە تەنها نمونەى یەك پارتى هاوپەیمانى حكومەتە.
یان لەسەر ئەساسى چ یاساو بڕگەیەكى دەستورى لە یەك كاتدا میزانیەى پارتەكانى ئۆپۆزسیۆن دەبڕن و لە بەرامبەردا میزانیەى پارتە هاوپەیمانەكانتان زیاد دەكەن ؟ ئایا چاكسازى بەو شێوەیە دەبێت، ئەگەر ئەوە گەندەڵى و ناشەفافى و بە هەدەردان و میزاج نەبێت ئەى چییە؟!
ئەگەر بۆ ئەو كارانەتان تەنها یەك یاسا یان بڕگەى یاسایەك شك دەبەن بیخەنە ڕوو بۆ خەڵكى و ڕاگەیاندنەكان ئەوسا بڵێن لێرە كەس لە سەرو یاساوە نییە،خەڵكى ناحەقى نیە كە بڕواى وایە لەم هەرێمەدا میزاج سەروەرە نەك یاسا ، لێرە یاسا لە وتەى بریقەدار و مرەكەبى سەر كاغەز زیاتر نیە! ئەگەر كابینەى شەش لەماوەى ئەو دوو ساڵە تەمەنى كەماویەتى توانى چارەسەرى میزانیەى حیزب و ڕێكخراوەكان بە شێوەیەكى یەكسان ڕێك بخات ئەوكاتە دەتوانێت بڵێت هەنگاوێكم ناوە بەرەو چاكسازى، با ئەم دوو ساڵەش چاوەڕێى پرۆژە چاكسازیەكانى دەسەڵات بكەین بزانیین لە كۆتایدا میزاج یان یاسا سەر دەكەوێت؟؟؟



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە