داواكاریەكانى ئەمڕۆ وەك دوێنێ نیە سبەینێش وەك ئەمڕۆ نابێت
Sunday, 03/04/2011, 12:00
(ئاستەمە ئاریشەیەك مرۆڤـ بەڕەواى نەزانێت و لێى تێ بگات)
دوێنێ: ئەگەر تادوێنێ ناڕەزایى و خۆپیشاندان و دەنگ هەڵبڕینەكانى خەڵكى و هەمو چین توێژەكان لەبەر نەبون و كەمى خزمەتگوزارى بوبێت، ئەگەر تا دوێنێ خەڵكى تەنها داواى ئاو و كارەبا و ڕێگەوبان و باشتركردنى بارى گوزەرانى خۆیان كردبێت، ئەگەر تادوێنێ توێژى قوتابیان تەنها داواى وەرگیران لە خوێندنى باڵا و پاش ئەوەش داواى هەلى كاریان دەكرد، بەڵێ ئەگەر تادوێنى هەموو داوا و خواستەكانى جەماوەر سنوردار بون و بەدەمەوە چونیشى لە تواناى دەسەڵاتدا بوبێت، بەڵام دەسەڵات وەك ئەوەى كەلە زمان و ئاماژە و كۆدەكان نەگەیشتبێت لەماوەى بیست ساڵى دەسەڵاتى خۆیدا نەمانبینى بۆ یەك جاریش بەدەم خواستەكانى جەماوەرەوە چوبێت، كەواتە ئەوە دوێنێ بوو كە جەماوەر داواى خزمەتگوزارى زیاتریان دەكرد، ئەوەى دوێنێ لەگەڵ دوێنێدا بەسەر چوو بوو بە ڕابردوو.
ئەمڕۆ: بەڵام ئەمڕۆ خواستەكانى جەماوەرى كوردستان گۆڕانى بەسەردا هاتووە، شەقام ئەمڕۆ داواى خزمەتگوزارى ناكەن، جەماوەر ئەمڕۆ قسەى لەسەر هەموو كایەكانى دەسەڵات هەیە هەر لە سەرۆكایەتى هەرێم و تا سەرۆكایەتى حكومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتى داد وەریى و وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى ناوخۆ و ئاسایش و وەزارەتەكانى بازرگانى و دارایى و میزانیە و موچە و چاودێرى دارایى و میكانیزمى هەڵبژاردنەكان و پرۆسەى خوێندن و تەنانەت قسەیان لەسەر خودى حیزبەكانیش هەیە، خەڵكى ئەمڕۆ تەنها بەگۆڕینى چەند دەموچاوێك ڕازى نابن، ئەوان ئەمڕۆ قسەیان لەسەر یەكە یەكەى ئەو كەسانەش هەیە كە دەستیان گرتو بەسەر هەموو جومگەكانى دەسەڵاتدا، ئەوان بەدواى چارەسەرى ڕیشەى قەیرانەكانەوەن، شەقام ئەمڕۆ چارەسەرى بۆ ئەمڕۆ دەوێت، بەلاشیەوە گرنگ نییە دەسەڵات لێى تێدەگات یان نا، چونكە ئیتر لەمەودوا شەقام بۆ هەمو سەردەمێك قسەى خۆى دەبێت، لاى جەماوەر سەردەمى پشت گوێ خستن بەسەر چووە.
سبەینێ: وەك لە سەرەتاوە وتم خواستەكانى جەماوەر تائەمڕۆش بۆ چاكسازیە لە سیستەمى دەسەڵاتدا، بەڵام مەرج نیە خواستەكانى سبەینێ هەمان خواستەكانى ئەمڕۆبن، ئاخر ئێوەش وەك ڕژێمەكانى ترى ناوچەكە لە ووشەى (چاكسازى) تێناگەن ، ئەگەر لێى تێبگەیشتنایە ئەوا ڕەوشى هەرێمى كوردستان بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت، ئەى گرەنتى چییە ئەگەر سبەینێ خواستەكانى شەقام زۆر زیاتربێت لە چاوەڕوانى ئێوە ، ئەگەر دەسەڵات بە هەمان نەفەس و رۆحییەتى دوێنێوە بۆ داواكانى ئەمڕۆ بنواڕنێت، ئەوا ئەبێ چاوەڕێى سبەینێیەكى جیاواز بكات ، كە دیارە خواست و داواكانى ئەو كاتەش باوەڕ پێكراو نابێت لاى دەسەڵات!
هەروەك دەسەڵات بەرپرسیارە لە دروست بونى قەیرانەكان ، هەروەها بەرپرسیاریەكەشى زیاتر دەبێت لە قوڵتر بونەوەى قەیرانەكاندا، هۆكارى قوڵبونەوەى قەیرانەكانیش ئەوەیە دەسەڵات بەكردارى باوەڕى بەڕەوایەتى خواستەكانى شەقام نیە.
لە كۆتایدا شەقام ڕازى نابێت لە دەسەڵات ئەمڕۆ وەك دوێنێ بیربكاتەوە، بەڵام ئەگەر دەسەڵات هەر سور بوو لەسەر بیركردنەوەى خۆى ئەوا شەقام چاوو دەبڕێتە سبەینێیەكى جیاوازتر لە ئەمڕۆ.
هەموو ئەو دەسەڵاتانەى كە نایانەوێت لە ووشەى (نەخێر) تێبگەن لە كۆتایدا یەك چارەنوسیان هەیە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست