دیسانەوە مەهزەلەى بودجە
Wednesday, 06/02/2013, 12:00
ئەوە تەنها ماوەى چوار ساڵە خەڵكى كوردستان دەزانن بودجەى هەرێمى كوردستان چۆن (خەرج) یان ڕونتر بڵێین چۆن (تەخشان و پەخشان)دەكرێت، تەنها لەم خولى سێیەمەى پەرلەماندا توانراوە بە چڕى و پڕى دەستبخرێتە سەر هەموو كەموكوڕى و ناتەواوى و بەهەدەردانەكانى ناو پرۆژەبودجەوە، لەڕێى ڕاگەیاندنەكانیشەوە هەمو ئەو بەهەدەردان و كەمو كوڕیانە دەخرێتە بەردەم ڕاى گشتى و هاوڵاتیان.
ئەوەى لەسەر ئۆپۆزسیۆنە دەبێت بەردەوام بێت لەسەر دەرخستنى ناتەواوى و كەموكوڕى و بەهەدەردانەكانى بودجەى كوردستان، بەدواداچون بۆ پرۆژە ناتەواوەكانى ساڵانى ڕابردو و داهاتەكانى ناوخۆ و خەرجیە وەهمیەكانى ناو پرۆژەكە بكەن، پێویستە ئیش لەسەر ئەوە بكەن كە قسەوباس لەسەر بودجە تانها كورت نەكرێتەوە لە كاتى پەسەندكردنى بودجەدا، بەڵكو بەردەوام بەدواداچون بۆ پرۆژەكان و خەرجى و موچەو داهاتەكان لە هۆڵى پەرلەمان و ناو لیژنەكان و بەردەم ڕاگەیاندنەكاندا بكەن، پێویستە دۆسێى بودجە بەردەوام كراوەبێت لەبەردەم پەرلەمانتاراندا، پێویستە لەكاتى تەواو نەبونى پرۆژەكان لەكاتى خۆیان و دواكەوتنى موچە و دواخستنى قەرزى پێشینەكان و ئەو كەموكورتیانەى كەلەناو پرۆژەكەدا ئەوان پەییان پێ بردبوو بەردەوام بەدوادا چونى بۆ بكەن، كارێكیترى ئۆپۆزسێۆن ئەگەر تا ئەمڕۆش كاریان بۆ نەكردوە ئەوا دەبێت بۆ لەمەودوا بیر لە ئامادەكردنى پرۆژەى بەدیل بكەنەوە لە بەرامبەر پرۆژە بودجەكەى حكومەتدا.
باشە بۆچى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتە پەیوەندى دارەكان، یان ڕونتر هەردوو گەورە حیزب لە ئامادەكارانى ئەو پرۆژە بودجەیە ناپرسن ئەو هەموو هەڵە زەقانە چین كە ساڵانە دووبارە و چەندبارە دەبنەوە، كە خۆیان دڵنیان نەك پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسێۆن نەك جەماوەرى كوردستان، تەنانەت پەرلەمانتارانى كوردوستانیش لەناخى خۆیاندا باوەڕیان بە هەموو بڕگەكانى ئەو پڕۆژە بودجەیەنیە!
لێرەدا جێگە خۆیەتى سوپاسى پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسێۆن بكەین كەماوە چوار ساڵە وەك ئەركى سەرشانى خۆیان توانیویانە دەست بخەنە سەر كەموكوڕیەكانى بودجە و بیخەنە بەردەم حكومەت و سەرۆكایەتى پەرلەمان و ڕگەیاندنەكان و جەماوەرى كوردستان، هەڵوێستى حكومەت دیارە كە ئەو ڕەخنەو پێشنیارانە بەهەند هەڵناگرێت و پەرلەمانتارانى سەر بەحكومەتیش وەك ئامادەكارانى بودجەكە بیردەكەنەوە، واتە بودجەكە بەناتەواو نازانن! ئەو ڕەخنانەش بە نەشیاو دەزانن، بەڵام ئایا هەڵوێستى شەقامى كوردستان چى دەبێت لە ئاست ئەو هەموو بەهەدەر دان و تەخشان و پەخشانەدا؟ئایا جەماوەر هەڵوێستى جدى دەبێت؟ یان ئایا دەسەڵات لە بەئاگابونى جەماوەر ناترسێت؟یان دەسەڵات بێ خەمە لە شەقام چونكە دەزانێت چى چاندووە و دەشزانێت چى دەدورێتەوە!!!دەسەڵات زۆر باش دەزانێت چۆن شەقام ئاراستە دەكات، بۆیە جارێ بێ خەمە بێ خەم، ئەگینا جەماوەرى كوردستان شەوانە لە ڕاگەیاندنەكانەوە ئاگاى لە مەهزەلەى بودجەیە و هیچیش لە ڕەوشەكە ناگۆڕێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست