کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەسەڵات و دوژمنى وەهمى!

Sunday, 13/03/2011, 12:00



هەمو دەسەڵاتە نادیموكراسیەكان لە دونیادا پێویستیان بە جۆرێك لە دوژمن هەیە، گرنگ نیە كە دوژمنەكە ناوخۆیى بێت یان دەرەكى، گرنك ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە بتوانێت ئەو بڕوایە لە هزرى هاوڵاتیاندا بچەسپێنێت و لە ترسناكى ئەو دوژمنە ئاگاداریان بكاتەوە، مەرج نیە هەموكاتێك پێویست بكات ئەو دوژمنە وەهمیە زەقبكرێتەوە و تیشكى بخرێتەسەر ، ئاخر ئەوەش لەلایەكیترەوە زەرەر و زیانى بۆ ناوبانگى وڵات دەبێت، بەڵكو لەو كاتانەدا ئیشى بەو دوژمنە هەیە كە دەسەڵات یان سەرۆك توشى جۆرێك لە فشار بوبێتەوە ئیتر فشارەكە ناوخۆیى بێت یان دەرەكى، وەك دەبینیین وڵاتانى ناوچەكە هەریەكەیان جۆرە دوژمنێك یان چەند دوژمنێكى وەهمیان بۆ خۆیان دروستكردووە ، چونكە ئەو كارە زەرورەتێكى حەتمى ئەو رژێمانەیە بۆ درێژكردنەوەى مانەوەى سەركردە و رژێمەكانیان.
تۆ سەیرى ئەو ڕژێمانەى ناوچەكە بكە كە ڕاپەرینى جەماوەرى تێیاندا هەڵگیرساوە و كڵپەى سەندووە و دوو ڕژێمیان بە تەواوەتى هەڵتەكێنران و لە ناوچون و ئەوانیتریش لەسەرەیى لە ناوچون و هەڵوەشاندنەوەدان، سەرەتا با باس لە ڕاپەرینەكەى وڵاتى میسر بكەین دەسەڵاتى نادیموكراسى ئەو وڵاتە كەبە دەست دەیان گرفتى ناوخۆییەوە دەیناڵاند، كەچى وڵاتانى زلهێز و ئیقلیمى بەوە دەترساند گوایە لەناوچونى ئەو واتە هاتنە سەر حوكمى (ئیخوان الموسلمین)، بە تایبەت كە ئەو وڵاتە هاوسنورى ووڵاتى ئیسرائیلە ، دیارە ئەوەش بەلاى ئەو ڕژێمەوە زەرەر و زیانى بۆ وڵاتانى دەور و بەرو جیهان دەبێت، یان لە وڵاتى بەحرەین پاش سەرهەڵدانى خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان، دەسەڵاتداران لەو وڵاتەش بە هۆكارى بونى ئۆپۆزسیۆنێكى كاراى شێعى بەهەمان شێوە بە ترساندنى سەرهەڵدان و پەڕینەوەى هەژمونى ئاینزاى شیعى بۆ بەرى رۆژئاوای كەنداو و نیوەدورگەى عەرەب وڵاتانى ناوچەكە و زلهێزان و جیهان دەترسێنێت، هەروەها لە وڵاتى لیبیاش لەپاش سەركەوتنى شۆڕش و ڕاپەڕینەكانى ئەو وڵاتە كەتا ئەم ساتە تەنها پایتەخت بەدەستى دەسەڵاتەوە ماوە، لەو وڵاتەش لەبەر هۆكارى نەبونى تەییارێكى ئیسلامى ئۆپۆزسیۆنى بەهێز و نەبونى ئاینزاى شیعى لە وڵاتدا ، ئینجا ئەو ڕژێمە بەجۆرێكیتر دوژمنى وەهمى بۆ خۆى دروست دەكات، ئەویش گوایا ئەگەر ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینە كە دەستى دەرەكى لە پشتە سەركەوتو بێت ئەوا وڵات جارێكیتر توشى داگیركارى ئیستیعمار دەبێتەوە، ئەویش بۆ دەست بەسەراگرتنى خێر و بێرى وڵات، چونكە ئەو وڵاتە بە نەوت وگاز دەوڵەمەندە ، بەڵام ئیستیعمارى ئەمجارە ئیتالیاى ئیستیعمارى سەدەى ڕابردو نییە بەڵكو وڵاتە یەكگرتوەكانى ئەمیركایە ئەم خیتابەى بۆ هاووڵاتیانى ناوخۆى لیبیایە، بەڵام بۆ ئەوروپى و ئەمریكیەكان خیتابێكیترى هەیە ئەویش بەوە دەیانترسێنێت كە گوایە پاش لەناو چونى ڕژێمەكەى ئەو ئەوا رێكخراوى قاعیدە ئەو وڵاتە دەكەن بە بارەگاى سەرەكى خۆیان ، وەك دەڵێت ئەوكاتە قاعیدە دێتە بەردەرگاى ئەوروپا، من دڵنیام هەمو ئەو ووڵاتانەش كە بشێویان تێكەوتوە چەند سیناریۆیەكى هاوشێوەیان ئامادەكردووە .
پەنا بردن بۆ ئەو جۆرە سیناریۆیانە بوە بە مۆدێلی سەردەم بۆ شاردنەوەى ڕاستیەكان، ئەگەر سەیرى وڵاتى عێراقى خۆشمان بكەین هەركاتێك وڵات توشى هەر جۆرە قەیرانێكى ئابورى یان سیاسى یان تائیفى یان گەندەڵى یان ....... هتد بوبێت ئەوا بۆ شاردنەوە و پەردە پۆش كردنى ئەو قەیرانە یەكسەر پەنابراوە بۆ زەقكردنەوەى دوژمنێكى سەرسەخت كەخۆى لە چەندین رێكخراوى تیرۆرستیدا دەبینێتەوە، هەمو جارێكیش لەگەڵ سەرهەڵدانى قەیرانەكاندا ئەوا ئەو تاقم وگروپانەش دەركەوتونەتەوە و لە هەستیارترین شوێن و جێگادا كارى تیرۆرستیان ئەنجامداوە! وەك بڵێیت دروست بونى قەیرانەكان و كردەوە تیرۆرستیەكان جۆرێك لە پەیوەندیان پێكەوەهەبێت ! لەكاتى نەمان و كۆتایى قەیرانەكانیش ئەوا ئەو تاقمانەش دەچنە حاڵەتى سڕ بونەوە یان هیچ نەبێت لە ڕاگەیاندنەكاندا ون دەبن.
كەواتە لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەى هەمو ڕژێمەكان بە تایبەت نادیموكراسیەكان بۆ مانەوەى خۆیان و بەكارێزما كردنى سەركردەكانیان پێویستیان بە دروستكردنى دوژمنێك یان چەند دوژمنێكى وەهمى هەیە!
بەڵام ئەوە گەلى هۆشیارە كە دەمێكەلەو گەمە نادیموكراسیانە حاڵى بوە و باوەڕ بەو سیناریۆیانەش ناكات .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە