ئایا كارمان بۆ دامەزراندنى دەوڵەت كردووە ؟
Friday, 04/01/2013, 12:00
ماوەیەكە لێرە و لەوێ گوێ بیستى باسى دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى دەبین، بەڵام كەسێك لە خۆى نەپرسیوە ئاخۆ هیچ ئامادەكاریەك و هیچ هەنگاوێكى جدیمان بۆ هەڵگرتوە؟ ئەگەر كارمان بۆ دامەزراندنى دەوڵەت نەكردوە ئەى ئەوەى كە ئەمڕۆ هەیە چییە؟ ئایا كاركردن نەبوە بەئاراستەى دروستكردنى دەوڵەت؟ من پێم وایە نەك لەدەرەوە و لە مەحفەلە نێو دەوڵەتیەكاندا هیچ مان نەكردووە، تەنانەت لە نێو خۆشدا هەنگاوى جدیمان بۆ نەناوە! با باس تەنها لە سێ خاڵى جەوهەرى بكەین بۆ دامەزراندنى هەر دەوڵەتێكى سەربەخۆ، كە ئەوانیش خۆیان لەم سێ خاڵەدا دە بیننەوە.
1- یەك خستنى نێوماڵى خۆ.
2-بونیات نانى ئابوریەكى بەهێز.
3-دروستكردنى سوپایەكى یەكگرتو.
- سەرەتا باباسى یەكخستنى نێوماڵى خۆمان بكەین، ئایا لەماوەى ئەم بیست ساڵەى دەسەڵاتى حكومەتى هەرێم یان ڕونتر بڵێین (یەكێتى و پارتى) هێندەى بەئاراستەى لە ناو بردن و نەخوێندنەوەى بەرامبەر و تاك ڕەوی و پەرتەوازە بون كاریان كردووە، نیو هێندە بەئاراستەى پێكەوە ژیان و یەك خستنى نێوماڵى خۆ كاریان نەكردووە؟ ئەوە لایەنەكانى بەرامبەربون هەمو جارێك لەبەر بەرژەوەندى گشتى چونەتە ژێربارى یەك هەڵوێستى كوردیەوە، هەرچەندە زۆریش لە سەریان كەوتووە! بەڵام ئەوە لایەنى بەرامبەرە هەموجارێك ڕیسەكە دەكەنەوە بە خورى و دوبارە دەگەڕێنەوە بۆسەر هەڵوێستە ڕاستەقینەكانى خۆیان، نزیكترین نمونەش هەڵویست و لێدوانەكەى سەرۆكى پەرلەمان بو بەرامبەر لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن.
-خاڵى دووەم باس لە ئابوریەكى بەهێز و سەربەخۆیە، ئایا حكومەتى هەرێم لەماوەى ئەم بیست ساڵەى تەمەنیدا كارى بۆ بونیاتنانى ئابوریەكى بەهێز و سەربەخۆكردووە؟ لەگەڵ ئەو هەموو داهاتە نێو خۆیى و گومرگ و دەرهێنانى نەوت و ئەو میزانیە زەبەلاحەدا، ئایا ئابورى حكومەت لەچ ئاستێكدایە؟ ئایا بەرگەى ئابڵۆقەى چەند مانگى نەك دراوسێكان، بەڵكو بەرگەى ئابڵوقەى چەند مانگى مەركەز دەگرێت، ئایا دەزانن بانكەكانى هەرێم هیچ پاشەكەوتێكیان تێدا نییە، نەك پاشەكەوت تەنانەت ساڵانە توشى عجزیش دەبین لەو میزانیە زەبەلاحە، چونكە زۆربەى میزانیەكەمان لە بەكاربردنى بێ كەڵكدا بەهەدەر دەدەین نەك وەبەر هێنان، ئەوەش گەورەترین هۆكارى ئەوەیە كە ئیمەى كردووە بە گەلێى بەكاربەر.
-یەكێكیتر لە بنەماكانى دامەزراندنى دەوڵەت، دروستكردنى سوپایەكى یەكگرتو و مۆدێرنە، جێگەى خۆیەتى بپرسین ئایا ئەوەى كە ئەمڕۆ هەیە كە خۆى لە هێزى پێشمەرگەى كوردستاندا دەبینێتە، ئایا سوپاى ڕزگارى یەكگرتوى كوردستانە؟یان هێزى پێشمەرگەى(یەكێتى و پارتی)ە ، ئایا ئەو هێزانە فەرمان لەكێ وەردەگرن؟ یان لە بەرامبەر كێدا بەكاریان هێناون و دەهێنن؟
ئەگەر ئەمانە سێ بنەماى سەرەكى دروستكردنى دەوڵەت بن، ئەوەش حاڵى حكومەتى هەرێم بێت! هەر بەراست ئیتر باس لە ڕاگەیاندنى دەوڵەتى كوردى خەونى شاعیرانە نیە!!! لەكاتێكدا لەناوخۆدا چەند هەنگاوى جدیمان ناوە لەدەرەوەش هەر هێندە سەركەوت و بوین بۆ كاركردن بەو ئاراستەیە و بۆ دروستكردنى لۆبى كوردى، چونكە تا ئێستەش خاوەنى هیچ پشتگیریەكى نە ئەقلیمى و نە نێودەوڵتیین.
هێشتا زۆرمان ماوە بۆ ئەوەى ئەوەى كەلە زارماندایە بەجدى بیرى لێ بكەینەوە و هەنگاوى بۆ هەڵبێنینەوە، چونكە ئێمە هێشتا بیرمان لە دامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆ نەكردۆتەوە، چ جاى ئەوەى كارى بۆ بكەین!!! هێشتا زۆرمان ماوە زۆر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست