کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە بەهارى عەرەبیدا گەلانى سوریا جیاوازن !

Sunday, 22/01/2012, 12:00





وا ساڵێك تێدەپەڕێ بەسەر راپەڕینى گەلانى وڵاتانى عەرەبى، ئەو ڕاپەرینانەى كەكەس پێشبینى و تەشەنەسەندنى بەو خێراییەى بۆ نەدەكرد، ئەوەى كە ناونراوە بەبەهارى عەرەبى ، بەڵام ئەو بەهارەى كەهۆكارەكانى لە هەروڵاتێك هەرچیەك بوبێت ئەوا خاڵى لێك چو و هاوبەشیان لەنێو هەمو ئەو وڵاتانەدا زرۆ زۆرە ، لێرەدا نامەوێت باسى هۆكارەكانى سەرهەڵدانى ئەو خۆپیشاناندان و ڕاپەڕینە جەماوەریانە بكەم ، بەڵكو دەمەوێت باسى جۆرى كاردانەوەى ئەو ڕژێم و دەسەڵاتە شمولى و ئیستبدادیانە و سوپاى ئەو وڵاتانە بكەم ، كە هەر رژێمەو بەجۆرێك كاردانەوەى هەبوو ، جیاوازیەكانیش بۆ جۆرى بیر و پەروەردە و لایەنگیرى و كاردانەوەى ڕژێم و سوپاى ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.
چەخماخەى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەكان سەرەتا لە وڵاتى تونس سەرى هەڵدا ، خۆپیشاندانەكان لەو وڵاتە بەهۆى بێ لایەنى سوپاوە زو بەزوى ئامانجى خۆى پێكا، هەربۆیە سەرۆكى وڵات لە هەڵهاتن زیاتر هیچ ڕێگایەكیترى لە بەردەمدا نەما، وەك بینیمان زۆر زوتر لەوەى كە چاوەڕێ دەكرا سەرۆك وڵاتى جێهێشت، بە كۆتای دەسەڵاتەكەى بن على كۆتای بە خۆپیشاندانەكانیش هات، ئەم زوو خۆبەدەستەوەدانەى سەرۆكى ئەو وڵاتە هۆكارێكى سەرەكی بو بۆ هەڵگیرسانى ڕاپەرینەكان بە خێرایى لە وڵاتانى هاوشێوەیدا.
لەوڵاتى میسر بەهۆى پشتگیرى سەرسەختانەى پۆلیس و ئەمنى ئەو وڵاتە لەدەسەڵات خۆپیشاندانەكان درێژەیان كێشاو خۆبەدەستەوەدانى دواخست، بەڵام بەهۆى فراوان بونى خۆپیشاندانەكانەوە و لە توانا دەرچونى كۆنترۆڵكردنى لەلایەن پۆلیس و ئەمن و تەنانەت بەڵتەجیەكانى دەسەڵاتیشەوە ، بۆیە دەسەڵات بەناچارى پەناى بۆ كارتى بەكارهێنانى سوپا برد، وەك چاوەڕێ دەكرا سوپاش بەدەم خواستەكانى دەسەڵاتەوە نەچو بۆ سەركۆنەو دژایەتى كردنى جەماوەرى ڕاپەڕیو، هەر بۆیە دەسەڵات بەخودى سەرەك كۆمار و تێكڕاى خانەوادەكەیەوە لە جێ هێشتنى دەسەڵات زیاتر هیچ ڕێگەیەكیتریان هەڵنەبژارد، بۆ ئەمەش خۆیان ڕادەستى دادگاى وڵات كرد، لەگەڵ هەمو ئەو گۆڕانكاریانەشدا كەچى هێشتا لەو وڵاتە كۆتایى بە خۆپیشاندانەكان نەهاتوە.
لەوڵاتى بەحرەین لە وڵاتە بەهۆى فەرمان ڕەوایى وڵاتەوە لەلایەن كەمینەیەكى سوننە مەزهەبەوە، هەر لەگەڵ سەرهەڵدانى خۆپیشاندان لە وڵاتانى عەرەبیدا راستەوخۆ خۆپیشاندان ئەو وڵاتەشى گرتەوە ، بەڵام وەك سەرەتا وتم بەهۆى ئەوەى كە دەسەڵات لەو وڵاتەدا كەمینەن بۆیە نەتوانرا بە پۆلیس و سوپاشەوە خۆپیشاندانەكان كۆنترۆڵ بكرێن، هەربۆیە لەلایەن وڵاتانى دراوسێوە هاوكارى سەربازى كران بۆ سەركوت كردنى خۆپیشاندەرانى شیعە مەزهەب و بەم شێوەش بە جۆرێك ئەگەر كاتیش بێت كۆتایی بە خۆپیشاندان هات لەو وڵاتە.
لە وڵاتى لیبیاش هەرلەگەڵ فراوانتر بونى خۆپیشاندانەكان، پەیوەندى هێزە سەربازیە جۆربەجۆرەكانیش بە خۆپیشاندەرانەوە فراوانتر دەبو، تاكار گەیشتە ئەوەى كە دەسەڵات بۆ پارێزگارى كردن لە خۆى پەناى بۆ بەكرێگرتنى خەڵكانى وڵاتانی تربرد، تەنانەت ئەمەش دادى نەدا چونكە تادەهات بەرەى گەل فراوان و بەرەى دەسەڵاتیش بچوكتر دەبویەوە، تاكار گەیشتە ئەوەى كە خودى سەرۆكى وڵات لە جەنگێكدا دەستگیركرا و بەشێوەیەكى نادروست كوژرا، بەڵام نابێت دەورو كاریگەرى هێزەكانى ناتۆ لە بەر چاو نەگیرێت لە روخانى ڕژێم لەو وڵاتە.
لە وڵاتى یەمەن یش هەر لەگەڵ سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەكان چەند لیوایەكى سەربازى پشتگیریان لە داواكانیان كردو چونە ڕیزى خۆپیشاندەرانەوە، هەربۆیە خۆپیشاندانەكان تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە و هیچ لایەكیان نەیانتوانیوە لاكەیتر كۆتایى پێبهێنێت، لەگەڵ ئەوەى كە هەوڵى كوشتنى سەرەك كۆماریشدرا، بەڵام هەر سەركەوتو نەبون، هەرچەندە سەرۆكى وڵات لە ڕێگەى ڕێكەوتنێكەوە دەسەڵاتەكانى گوازراوەتەوە بۆ جێگرەكەى، بەڵام دیسان سەرۆك بە پشتگیرى سوپا هێشتا لەو وڵاتەدا ماوەتەوە و خۆپیشاندانەكانیش هەر بەردەوامە بۆ كۆتای هێنان بە ڕژێم و سەرۆكەكەى.
وڵاتى سوریا كە رژێمەكەى ئیستیبداد ترین ڕژێمى عەرەبی ئەمڕۆیە، وە مانشێتى بابەتەكەش باسى خۆڕاگرى گەلانى سوریا دەكات، چونكە ڕژێمى سوریا جیاوازە لە هەمو رژێمەكانى ئەمڕۆ، كەواتە دەبێت خۆڕاگرى گەلەكەشى جیاواز بێت لە خۆڕاگریەكانى گەلانى وڵاتانیتر! هێزە چەكدارە جۆر بەجۆرۆرەكانى ڕژێم خوێن ساردانە ڕۆژانە بە دەیان كەسى مەدەنى بە بەر چاوى ڕاگەیاندنەكان و جیهانەوە شەهید دەكەن، دوا ئامارى قوربانیەكان شەش هەزارە و پێنج سەد قوربانى تێپەڕاند ، ئەمە بێجگەلە بێ سەرو شوێنەكان كەكەس چارە نوسیان نازانێت، لەگەل ئەو هەموو قوربانیانەدا یەك زەڕڕە لە ورە و تینى جەماوەرى خۆپیشاندەر كەم ناكات و بگرە تا بێت خۆڕاگرتر دەبن لە سەر داوا ڕەواكەیان! جیاوازى ڕژێمى سوریا ئەوەیە ئەو وڵاتە لەماوەى ئەم چل ساڵەى دەسەڵاتى ئەو ڕژێمەدا ببوە زیندانێكى گەورە بۆ هاووڵاتیەكانى، جیاوازیەكیتریش ئەو پشگیریە سەرسەختانەى سوپا و ئەمن و شەبیحەكانى ڕژێمە كەلە سەرۆك و ڕژێمەكەى دەیكەن، خۆپیشاندانى مەدەنیانە لەو وڵاتە درێژەى هەیە و هەروەها كاردانەوە نامرۆڤانەكانى دەسەڵاتیش هەر درێژەى هەیە، ئیتر بەڕاستى كاتى ئەوە هاتوە سوپا هەڵویستى نیشتمانیانە بنوێنێت و دەست لە كوشت و بڕى گەلەكەى هەڵگرێت، پێش ئەوەى بە دەستى دەرەكى وەك هەندى كەس پیشبینى دەكەن كۆتایى بەو ڕژێمە بێت، چونكە لە كۆتایدا ئەوە سەرۆك و ڕژێمەكانن كە دەبێت بڕۆن و وڵات بە جێبهێڵن و هەر گەلیشە دەمێنێتەوە، ئیتر كاتى ئەوە هاتوە كە سوپا پشت بكاتە ئەو ڕژێمەى كە چل ساڵە گەلانى ئەو وڵاتە دەچەوسێنێتەوە، بەڕاستى گەلانى سوریا ماندون جیاوازن خۆڕاگر و شۆڕشگێڕن، ئیتر بەراستى شایەنى ئەو هەمو قوربانیدانە نیین.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە