هەر دەبێ ئیرادەى گەل سەركەوێت .
Sunday, 13/02/2011, 12:00
دەتوانین بڵێین ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریەى هەردوو وڵاتى (تونس و میسر) سەرەتاى دارشتنەوەى نەخشەى نوێى ئیدارى ناوچەكە دەبێت،سەرەتاى گۆڕانكارى و چاكسازى لە زۆر لە وڵاتاندا ڕەنگى داوەتەوە و هەستى پێدەكرێت، سەرەتاكەى دەستى پێكردووە تەنها كۆدەنگى و هەوڵى نەپساوە و ئیرادەیەكى پۆڵاینى دەوێت،هەوڵەكان بۆ گۆڕانكارى هەڵقوڵاوى ناو ناخى تاكەتاكەى جەماوەرە و دەسەڵاتەكانى ئەمجارەش ئیستیعمارەكانى سەدەى ڕابردوونین ، بەڵكو كەسایەتى و پارتە شۆرشگێرەكانى سەدەى ڕابردون ! كە لە پەناى شەرعییەتى شۆرشگێڕیدا هەمان سیناریۆى داگیركەرانى سەدەى ڕابردوو لەبەرامبەر گەل و وڵاتى خۆیاندا دووبارە دەكەنەوە ،هەربۆیە دەبینین ئەمانیش هەمان چارەنوسى رژێمە داگیركەرەكان چاوەڕێیان دەكات .
لە پاش سەركەوتنى ڕاپەڕینى گەلى تونس كەتوانیان بەكەمتر لە مانگێك كۆتایى بهێنن بە دەسەڵاتى نزیكەى چارەكە سەدەیەكى (بن على)، گەلى میسریش چونكە هەمان خواستى گەلى تونسیان هەبو بۆیە لە 25/1دا بڕیارى كۆتایى هاتنى دەسەڵاتى موبارەكیاندا ئەگەر باجەكەى هەرچیەكیش بێت ! هەمو لایەك ئەو ڕاستیە دەزانن ئەو ڕاپەرینە جەماوەریەى وڵاتى میسر ئەو بوركانە پەنگ خواردووەى ناو هەناوى تاكە تاكەى هاوڵاتیانى ئەو وڵاتەبو بۆیە كاتێك وادەى تەقینەوە ترسناكەكەى ناو هەناوى جەماوەر هات ئەوا هیچ هێزێك نەبو بتوانێت خۆى لە بەرامبەریاندا ڕاگرێت!
ئەوە خۆڕاگرى و چاو نەترسى و بەرخۆدانى لاوانى ئەو وڵاتەبو كە هەمو چین و توێژەكانى ئەو وڵاتە بەبێ جیاوازى ئایین و نەتەوە و ئایدیا ناچاركرد كە بە شانازیەوە پەیوەندى بەڕیزى خۆپیشاندەرانەوە بكەن، وەك دەڵێن ئەوە لاوانى ئەو وڵاتەبون كە چەخماخەى ئەو ڕاپەڕینەیان لێدا .
لە كاتێكدا سەرەك كۆمار فەرماندەى یەكەمى هێزە چەكدارەكانى وڵاتە كەچى بەبەر چاوى سەرەك كۆمار و هێزى سوپاشەوە یەك یەك بارەگاكانى سەرۆك و پارتەكەى لەلایەن هاووڵاتیانەوە ئاگریانتێبەر دەدرا كەچى سوپاى وڵات بەهیچ شێوەیەك بەرپەرچى جەماوەرى نەدایەوە ، تا ڕاپەرینى جەماوەر گەیشتە بەردەم كۆشكى سەرۆكایەتى كۆمار و لە وێشەوە سەرۆك ناچار بە دەست بەلەكار كێشانەوە كرا كەچى سوپا هەرنەچوە بەرەى سەرۆكەوە دژ بەگەلەكەى ! چونكە سوپا دەزانێت لە كۆتایدا ئەوە سەرۆكە كە دەبێت بڕوات و ئەوەش گەلە كەهەر دەمێنێتەوە !
هەرچەندە سەرەك كۆمار چەندین ڕێگاى گرتە بەر بۆ سەركوتكردنى گەلى ڕاپەڕیوى میسر لەسەرەتاوە لەلایەن هێزەكانى پۆلیس و ئاسایشەوە بە توندترین شێوە بەرپەرچیان درایەوە بەڵام ئەوان هەر كۆڵیان نەدا ، بەڵام كاتێك سەرۆك لەوە تێگەیشت كە جەماوەر ئەمجارە بەجدیەتى و هەروا بەئاسانى كۆڵ نادات ئینجا ویستى بە چەند گۆڕانكاریەكى شكلى خەڵكەكە فریوبدات سەرەتا حكومەتى هەڵوەشاندەوە و كابینەیەكى نوێى پێك هێنا و پاشان جێگرى بۆخۆى دەستنیشانكرد ، چونكە هەرلەسەرەتاى دەستبەكاربونیەوە لە ساڵى 81 ئەو بەبێ جێگر كارى كردووە ،هەوەها پەیمانى ئەوەشیدا كەبۆ خولى داهاتو خۆى هەڵنەبژێرێتەوە پاشان كوڕەكەشى دەستى لە پۆستى باڵاى حیزب كێشایەوە وەك نیەت پاكیەك بۆئەوەى بزانرێت كە ئیتر كوڕەكەشى بەتەماى پۆستى حیزبى و حكومى نییە ، هەروەها وەزیرى ناوخۆى پێشوى دابەدادگا بە تاوانى تەقاندنەوەى كەنیسەى (قدیسین) و پاشان لیژنەیەكى پێكهێنا بۆ چاكسازى لە دەستوردا ، هەمو ئەم چاكسازیانە تینویەتى گەلى ڕاپەڕیوى میسریان نەدەشكاند بۆیە گەل بڕیارى كۆتاى خۆى هەر لە یەكەم ڕۆژەوە دابو كەئەویش كۆتایى هاتن بو بە سەرۆكایەتى موبارەك و ڕژێمەكەى .
ئەوە ئەوایە كاتێك دەڵێن ئەگەر گەل ئیرادەى هەبێت ئەوا لە كۆتایدا دەبێت هەر ئیرادەى گەل سەركەوێت ، هەمو سەرۆكەكانى هاوشێوەى موبارەك و ڕژێمەكەشى هەمان چارەنوسى ئەوان چاوەڕێیان دەكات ، چونكە جامى جەماوەر دەمێكە پڕبووە و بەرگەى لێ ڕژانى لەوە زیاتر ناگرێت !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست