کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هێشتا تۆپەكە لە گۆڕەپانى دەسەڵاتدایە!

Sunday, 06/03/2011, 12:00




چەندین ساڵە نوسەران و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان بەچەندین شێوازى جۆراوجۆر داوا و خواستەكانى جەماوەر بەگوێى دەسەڵاتدا دەدەن، چەندین ساڵە كارە نەخوازراو و هۆكار و چارەسەرەكانى ئەو ڕەوشە نەخوازرا و نالەبارەى هەرێمى كوردستان دەخەنە سەر ڕوپەڕى ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەكان،چەندین ساڵە دەسەڵات لە توڕەیى و بێزارى جەماوەر ئاگادار دەكەنەوە، بە دەسەڵاتیان وت جامى جەماوەر پڕبووە ڕێ لە ڕژانى بگرن! بەڵام بە داخەوە دەسەڵات ئەو قسە دۆستانە و ئامۆژگاریە دڵسۆزانەى نەبیست و نەبیست و نەبیست! بەڵام كە ڕەوشەكە بەم ئاقارە گەیشت ئەوكاتە دەسەڵات بە هۆش هاتەوە و لە مەسەجەكان گەیشت ، وەك ئەوەى بڵێیت دەسەڵاتێكى توڕە تەنها لە زمانى توڕە تێدەگات.
ئەگەر لە سەرەتاى سەر هەڵدانى توڕەیى جەماوەرى هەرێمى كوردستاندا لێرە و لەوێ پەنا بۆ كارى نەخوازراو برابێ ئەوا لە بەرامبەریشدا لایەنى دەسەڵات توندترو نەشیاوتر لە توڕەى جەماوەر بەرپەرچى جەماوەرى داوەتەوە و لەو میانەشدا نزیكەى دە شەهید و دەیان بریندارى لێكەوتۆتەوە.
لە پاش تێپەڕبونى زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانى جەماوەرى توڕە و بێزارى كوردستاندا ئەوا ئەمڕۆ خواست و داواكاریەكانى خەڵكى ڕون و ئاشكران و هەمو داواكاریەكان چ ئەوانەى لایەنى ئۆپۆزسیۆن و چ ئەوانەى نوێنەرانى خۆپیشاندەران و چین وتوێژەكانى تریش لە شێوەى خاڵبەندیدا بەیانكراون، ئەگەر جاران خەڵكى تەنها داواى مافە سەرەتاییەكانى خۆیان دەكرد ، ئەگەر خەڵكى پێشتر داواى چاكسازى لە دەسەڵات و خزمەتگوزارى زیاترى دەكرد، ئەوا ئەمڕۆ لە پاش ئەو خۆپیشاندان و ڕژانى خوێن و مانگرتنانە ئیتر سەقفى خواست و داواكاریەكانى خەڵكیش زیادى كردووە،تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەى كە داواى دەست لەكاركێشانەوەى هەرسێ سەرۆكایەتیەكەى هەرێم دەكەن،خەڵكى زۆر ڕەشبین بون بەرامبەر بە وتە و لێدوان و بەڵێنى بەرپرسان، خەڵكى ئەمڕۆ واى لێكراوە تەنانەت باوەڕ بە چاو وگوێكانى خۆشى ناكات!
ئەمڕۆ تۆپەكە لە گۆڕەپانى دەسەڵاتدایە ،ئایا دەسەڵات دەتوانێت لە ئاستى خواست و داواكاریەكانى جەماوەرى توڕە و بێزارى هەرێمى كوردستاندابێت؟ ئایا هەر بەڕاستى دەسەڵات باش لە مەسەج و پەیامەكانى جەماوەر حاڵى بووە ؟ چونكە ئەگەر هەر لێك حاڵی نە بونێكیتر لەنێوان دەسەڵات و جەماوەردا ئەوا زیانى گەورە بە ئەزمونەكە و زیانى گەورەتریش بە دەسەڵات دەگات،چونكە تا ڕەوشەكە ئاڵۆزتربێت ئەوا توڕەى جەماوەریش زیاتر دەبێت و ئەوكاتەش سەقفى خواست و داواكاریەكانیان زیاتر و زیاتر دەبێت!كەواتەپێویستە لەسەر دەسەڵات ئەمجارە بەجدى بەدەم خواست و داواكاریەكانى جەماوەرەوەبچێت نەك خوانەخواستە هەوڵى كات كوشتن بدات، بیەوێت تەنها بە ڕتوشكردن قەیرانەكان تێپەڕێنێت، خەڵكى ئەمڕۆ وەڵامى كردارى دەوێت نەك وەڵامى زارەكى.
تا تۆپەكە لە گۆڕەپانى ئێوەدابێت چارەسەرتان پێدەكرێت ، بەڵام ئەگەر تۆپەكە چوە گۆڕەپانى جەماوەرەوە ئەوكاتە چارەسەریش لاى جەماوەر دەبێت!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە