(خانەنشینكردن) میزانیەى توشى نەزیفكردوە!
Sunday, 29/01/2012, 12:00
لە بیست ساڵەى تەمەنى هەر دەسەڵاتێكى دیموكراسیدا كەلەسەر بنەمانى هەڵبژاردن پێكهاتبێت و تەمەنى هەر كابینەیەكیش چوار ساڵبێت، ئەوا دەبێت ئەو دەسەڵاتە خاوەنى پێنج خولى هەڵبژاردن و پێنج كابینەى حكومەتیشى ئاڵوگۆڕپێكردبێت، كەچى لە هەرێمى كوردستان لە ماوەى ئەم بیست ساڵەدا تەنها سێ گەڕى هەڵبژاردن ئەنجامدراوە ، بێجگە لە سەردەمى دەبڵ كابینەییەكەش ئەوا ئەمڕۆ لەسەرو بەندى پێكهێنانى كابینەى حەوتەمداین! ئەمە لەكاتێكدا نە كودەتاى سەربازى و نەهەڵبژاردنى پێشوەخت ئەنجام دراوە.
جارێ باواز لەوە بهێنیین كە سەرۆكى ئەو كابینانە لە چەند دەموچاوێك زیاتر نەبون، ئەوەى جێگاى نیگەرانیە لەو ئاڵو گۆڕە زۆر و زەوەندانەى نێوان ئەو كابینانەدا تەنها كار لەسەر گۆڕینى حیزبەكان و دەموچاوى نوێنەرى حیزبەكان كراوە لە پۆستە وەزاریەكاندا، سستەمەكەش هەمان سستەمى كابینەكانى پێشو بوە، واتە هیچ گۆڕانێكى ئیجابى بەرچاو لە نێوان كابینەكاندا بەدى ناكەیت! تەنها ئەوەى بەدى دەكرێت جیاوازى بەشدارى حیزبەكان بوە لە كابینەكاندا، جیاوازیەكیتریش قەبارەى گەورە و بچوكى كابینەیەك لە كابینەیەكیتر.
هەمو ئەوانەى كە باسمانكرد لەلایەك و ئەو نەزیفەى كە ناوى خانەنشینە لە میزانیەى ئەم هەرێمە دا لەلایەكیتر، گەورەترین گرفت لە میزانیەى هەرێمدا خانەنشینە لە پۆستەباڵاكان و موچەى بندیوارى ئەندامانى هەردوو گەورەحیزبەكەیە، ئاخر لە كوێى دنیادا بینراوە كە هەرێمێك لە چوار ملیۆن كەس پێكهاتبێت ، كەچى ملیۆن ونیوێكى موچەخۆرى حكومەت بن؟! وەنەبێت خانەنشینكردن تەنها لەپۆستەباڵاكانى حكومەت و پەرلەماندا بێت! ئەگەر چاوێك بگێڕیت بەناو ئەو كەسانەى كەبە پلەى باڵا خانەنشینكراون ئەوا چاوت بە دەیان و سەدان ناو دەكەوێت كە ڕۆژێك لە ڕۆژان لەهیچ پۆستێكى حكومەتدا نەبون! هەروەها چاوت بە سەدان و هەزاران موچەخۆرى بندیوار دەكەوێت، ئەوە بێجگە لە ئەندامانى حیزبى كە كار بۆ حیزب دەكەن و موچەخۆرى دەوڵەتن!
ئەگەر وابڕوات هەر دووساڵ جارێك كابینەیەك خانەنشین بكەین و كابینەیەكیتر دەست بەكاربێت، ئەوا بیست ساڵیتر ئەمڕۆ ئێمە لە سەرو بەندى كابینەى حەڤدەهەمداین، واتە بایى شازدە كابینە خەڵكیمان بە پلەى باڵا و ئاسایى خانەنشینكردوە و بێ كار ناردونمانەتە ماڵەوە! كێ دەزانێك ئەوكاتە لە میزانیەكەمان چەندى بۆ موچەو خانەنشینى دەڕوات و چەندى لێ دەمێنێتەوە؟! ئەى ئاخۆئەوكاتە لە هەرێمى كوردستان كەس دەمێنێت موچەخۆر یان خانەنشین نەبێت؟!
تكایە ڕێگە لەو نەزیفە ترسناكە بگرن لەسەر میزانیەى هەرێم تاكار لەكا نەترازاوە!!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست