نەخێر عێراق گەندەڵترینە!
Sunday, 11/09/2011, 12:00
بەپێى دواین ڕاپۆرتى رێكخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى وڵاتى عێراق ڕیزبەندى سێیەم گەندەڵترین وڵاتى جیهانى گرتوە، لەكاتێكدا هەریەك لە وڵاتى سۆماڵ یەكەم و هەردو وڵاتى ئەفغانستان و میانمار پلەى دووەم و وڵاتى سودانیش پلەى چوارەمیان بەدەست هێناوە.
من نازانم ئەو پێوەرانە چین كە ئەو رێكخراوە لە ڕاپۆرتەكەدا پشتى پێ بەستوە، بەڵام ئەوە دەزانم كە ئەو رێكخراوە هیچ جیاوازیەكى نەكردووە لە نێوان وڵاتەكاندا و هەمویان بەیەك پێوەر هەڵسەنگاندنیان بۆ كراوە،ئاخر بەچ یاسایەك وڵاتانێكى وەك ێۆماڵ و نیوزلەندا یان ئەفغانستان و سەنگافورە دەخرێنە نێو یەك پێوەرى هەڵسەنگاندنەوە؟!
بەوەى كە وڵاتى عێراق پلەى سێیەمى بەر كەوتووە دەكەویتە گومان لە ئەنجامى راپۆرتەكە ، لە كاتێكدا وڵاتێكى وەك ێۆماڵ تەنها بەوەى كە خاوەن كورسیە لە نەتەوە یەكگرتوەكان و خاوەن ئاڵا و سنور و دراوى خۆیەتى دەتوانیین بڵێین وڵاتە، ئەگینا ئەو وڵاتە ئەمڕۆ هیچ مەرجێكى دەوڵەت دارى تێدا نیە،بۆ وڵاتێكى وەك ئەفغانستانیش هەمان شتە چونكە لەو وڵاتە هەر قەبیلە و بۆخۆى حكومەتێكە و حكومەتیش تەنها شارەگەورەكانى بەدەستەوەیە و ئەویش تەنها لە ڕۆژدا، ئیتر كەى ڕەواى حەقە ئەو وڵاتانە و وڵاتانى ئەوروپى و هەندێ وڵاتى ئاسیایى و ئەمریكى بخرێنە یەك پێوەرى هەڵسەنگاندنەوە.
لە كاتێكدا وڵاتێكى وەك عێراق كە خۆى بە خاوەنى یەكەم شارستانیەت دەزانێت لە مێژوى مرۆڤایەتید، خاوەنى دووەمین پاشەكەوتى نەوتە لە جیهاندا و خاوەنى سنور و ئاڵاو سەروەرى خۆیەتى و خاوەنى پەرلەمان و حكومەت و دەستور و یاسایە و پابەندە بە پرۆسەى هەڵبژاردنەوە و خاوەنى دەستەى نەزاهە و ئەنجومەنى ڕوبەڕو بونەوەى گەندەڵى و لیژنەى نەزاهەى پەرلەمان و دوو بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى داراییە و بەكورتیەكەى هەموو مەرجێكى دەوڵەتدارى مۆدێرنى تێدایە!كەچى بەقسەى (خالد العلوانى) ى ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران قەبارەى گەندەڵى دارایى و كارگێڕى لە عێراقدا دەگاتە 229 ملیار دۆلار (ئاخر وڵاتانى وەك ئەفغانستان و ێۆماڵ بودجەى وڵاتەكەیان بەهێندەى بڕى گەندەڵیەكانى وڵاتى عێراق نابێت)، ئیتر كەى ڕەواى حەقە لە پۆل بەندیەكەدا بكەونە پێش عێراقەوە! ئەمە لەكاتێكدایە كە میزانیەى ساڵى 2011 ى عێراق زیاترەلە میزانیەى دە وڵاتى عەرەبى كە ئەمانەن (سوریا و عمان و كویت و موریتانیا و لوبنان و ئەردەن و مەغریب و تونس و لیبیا و سودان).
هەمان كەس دەڵێت زیاتر لە 25) هەزار) كارمەند لە دۆسیەى گەندەڵیەوە گلاون و تەنها لە شەش مانگى یەكەمى ئەمساڵدا بڕى پارەى دزاوى تۆماركراو لاى لیژنەى نەزاهە گەیشتۆتە59) ملیار) دۆلار هەروەها دەڵێت تائێستا نزیكەى (38 هەزار) دۆسیەى گەندەڵى ئاشكرابوون و دۆسیەكانیان لاى دەستەى نەزاهەیە.
هەروەها لە تیۆژینەوەیەكدا (سوعاد عبدالفتاح) *كە داتاكانى لە لیژنەى نەزاهە وەرگرتوە دەڵێت بەهۆى گەندەڵیەوە لە وەزارەتەكانى عێراقدا بڕى7.5) ملیار)دۆلار بەهەدەر چووە!
لەو بڕە بەهەدەردراوانە پشكى شێرى بەر وەزارەتى بەرگرى دەكەوێت كە بڕەكەر 53% یەو پاش ئەویش وەزارەتى كارەبا دێت كەبڕەكەى 13% و پاش ئەویش وەزارەتى نەوت دێت كە بڕەكەى 7% و ئیتر هەمو وەزارەتەكان لەو ریزبەندیە گەندەڵیەدا ناویان هاتوە بەپێى زۆر و كەمى بودجەكەیان ، (ئەگەر كەسێك یان دەزگا و ڕیكخراوێك ئەو ژمارە و داتا و بەڵگانەى لەبەر دەستدابێت ئیتر چۆن دەتوانێت لە ڕیز بەندیەكاندا پلەى سێیەم بۆ ئەو وڵاتە هەژمار بكات)!
ئەوە تەنها ئەو دۆسیانەن كە ئاشكرا بون بۆ دەستەى نەزاهە و راگەیاندنەكان ئەى ئەگەر هەموو دۆسیەكان ئاشكرابوون ئاخۆ ئەوكاتە ژمارە و داتاكان چەند هەڵدەكشێن؟ ئاخۆ بەهێندەى ئەو ژمارانە لە ڕاپۆرت و بەهەدەردان و دزى و گەندەڵى كەلە وڵاتى عێراقدا هەیە، ئایا هەریەك لە وڵاتانى ێۆماڵ و ئەفغانستان و میانمار و سوداندا هەبێت ؟ ئەو وەڵامە جێ دەهیڵم بۆ ئەو رێكخراوەى كەئەو ریزبەندیەى داناوە.
لە كۆتایدا دەڵێم بەپێى پێوەرەكانى ئەو رێكخراوە وڵاتى عێراق سێیەم گەندەڵترین وڵاتە، بەڵام بەپێى دۆسیە و راپۆرتەئاشكراكراوەكانى دەستەى نەزاهەى ناوخۆى عێراق بێت ئەوا وڵاتى عێراق یەكەمى یەكەمە لە جیهاندا بۆ گەندەڵى .
_______________________________________________________
*- بزاو --- نغرۆبون لە گەندەڵى ....جومعە جەبار
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست