عێراق وڵاتى قەیرانەكان
Wednesday, 19/12/2012, 12:00
ئەو كەسەى بڕواى وایە كە گەلانى عێراق دەتوانن بەبێ جیاوازى لەم وڵاتەدا بە ئاسودەیى بژین ئەوە بەهەڵەدا چووە، لە ماوەى تەمەنى عێراقى نوێدا بۆ ساتێكیش گەلانى ئەم وڵاتە هەستیان بە ئاسودەیى نەكردووە، گەورەترین كێشەى ئەم وڵاتە ئەوەیە كە هەرگیز وڵاتێكى یاسایى و دەستورى نەبوە، دەستور لەم وڵاتە تەنها لەكاتى نوسینەوە و ڕاپرسیدا لە ڕاگەیاندنەكاندا باسى لێوەكراوە، ئەگینا دواى ئەوە خراوەتە ناو ڕەفە و كتێبخانە و گەنجینەكانەوە!!! یان دەتوانیت بڵێیت دەستورەكانى ئەم وڵاتە هەر بەمردویى لە دایك بون!!!
دووبارەى دەكەمەوە ئەو كەسەى باوەڕى بە پێكەوە ژیان هەیە لەم وڵاتە ئەوا باسەیرى ئەم هەڵوێست و لێدوانە بكات، زۆربەى رۆشنبیرانى ئێمە لایان وابوە كە كەمتەرخەمى و بەهەند هەڵنەگرتن و گۆڕانى ئەولەویەت لاى سەركردایەتى سیاسى كورد واى كردبو كە نەیارەكانمان بە ئاسانى بتوانن تەنانەت مافە دەستوریەكانیشمان لە گۆڕبنێن و خواستەكانى خۆیان بسەپێنن بەسەرماندا و تائێستەش بۆیان چۆتەسەر، كەچى لە بەرامبەردا (نورى مالكى) سەرەك وەزیران لە دواین لێدوانیدا دەڵێت (ئەگەر هەر لەسەرەتاوە لایەنە عێراقیەكان ڕێگەیان بگرتایە لە پێشێل كردنەكانى كورد ئەوا ڕەوشەكە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت)، من دەپرسم چ هێزو لۆژیكێك هەیە بتوانێت ئەو دوو بۆچونە بەیەك بگەیەنێت؟
ئەم وڵاتە وڵاتى قەیرانەكانە، هەر ڕۆژێك و سەردەمێك و هەر سەركردە و ڕژێمێك ئەگەر بەدواى قەیراندا بگەڕێت ئەوا ئەوەندە قەیران هەیە كە بتوانێت لەكەمترین كاتدا هەمو بونیاتەكان هەڵوەشێنێتەوە و دوو بارە بمانگێڕێتەوە بۆ چوارگۆشەى یەكەم.
هەڵەى گەورە لەم وڵاتە دەگەڕێتە بۆ ئەو سەردەمەى كە بڕیارى لەسەر بونیات نان و پێكەوە لكاندنیاندا، ئەوە بێجگە لە قەیرانە كەڵەكە بوەكانى ئەم نەوەد ساڵەى ڕژێمە یەك لەدواى یەكەكان.
قەیرنەكانى ئەم وڵاتە هێندە هەستیارن كە تەنانەت بەبەكار هێنانى تەنها یەك ووشە و دەستەواژە دەتوانیت هەمو ڕیسەكە بكەیتەوە بە خورى ، وەك ئەوەى كە نورى مالكى لە جیاتى دەستەواژەى (ناوچە جێناكۆكەكان)دەستەواژەى (ناوچە تێكەڵەكانى)بەكار هێنا و لە بەرامبەریشدا سەرۆكى هەرێمیش بڕیاریدا دەستەواژەى (ناوچە كوردستانیەكانى دەرەوەى هەرێمى كوردستان)ى بۆ بەكار بهێنێت، ئەوەش نیشانەى پێكەوە نەژیانى گەلانى ئەم وڵاتەیە.
بۆ چارەسەر هەموو ئەو قەیرانانە ئەوەیە كە دەبێت بگەرێینەوە بۆ ئەو هەڵیەى كە سەرەتا ڕویدا، بەر پرسیاریش دەكەوێتە ئەستۆى ئەو لایەنانەى كە سەرەتا ئەو هەڵە مێژوییەیان بەسەردا تێ پەڕى! ئەوا خەریكە نزیك دەبینەوە لە یادى سەد ساڵەى ئەو هەڵە مێژوییە، بۆیە هیوادارین پێش یادى سەدساڵەى ئەو هەڵەیە كار بۆ ڕاستكردنەوەى ئەو هەڵەیە بكرێت، بە تایبەت كە ئەمڕۆ لە سایەى ئەو ڕوداوانەدا ناوچەكە لە بەردەم سایكس بیكۆیەكى نوێ و گۆڕانێكى گەورەدایە، ئەگەرنا ئەوا ئەم وڵاتە هەرگیز ئاسودەیى و دامەزراوی بەخۆیەوە نابینێت، چونكە ئێرە وڵاتى قەیرانەكانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست