دەرهێنانى نەوت و نەخۆشى هۆڵەندى
Monday, 30/04/2012, 12:00
سەرەتا نەخۆشى هۆڵەندى چیە؟
ئەم زاراوەیە لە فەرهەنگى ئابوریدا لەساڵى 1977 و بۆ یەكەمین جار لەلایەن ئەنجومەنى ئیكۆنومستى بەریتانیەوە بەكارهاتوە، مەبەست لێى حاڵەتى خاوى و كەمتەرخەمى بو كەلەنیوەى یەكەمى سەدەى بیستەمدا وڵاتى هۆڵەندا توشى بو، پاش دۆزینەوەى نەوت لە دەریاى باكور، ئەمە ش هاوكات بو لەگەڵ شێوەى ژیانى بەكاربەرى كۆمەڵگە و پاشەكشە لە ڕۆشنبیرى بەرهەمهێنان و كاركردن و لەلایەكیترەوە ڕێكخستنى سەرجەم وەبەرهێنان و بەرهەمەكانى نەوت بۆ كەرتى خزمەتگوزارى و بەكاربردن نەك وەبەرهێنان.
وەك دكتۆر (حیان) دەلیت ئەو نەخۆشیە مەبەست لێى پشت بەستن نیە تەنهابەنەوت، بەڵكو پشت بەستنە بەسەرجەم ئەو كاڵا سەرەتاییانەى وەك (ئاڵتون ،ئەڵماس، قوڕقوشم، یۆرانیۆم، لۆكە، قاوە ،چا، كاكاو،....هتد) وەك ئەمڕۆى وڵاتى عێراق كە بۆ لە 95% ى میزانیە وڵات پشت بە هەناردەكردنە نەوت دەبەستێت، ئیتر ئیمە بە خۆمان بزانیین یان نا توشى هەمان نەخۆشى بوین.
بەرهەم هێنانى ئەو كاڵا سەرەتاییانە و هەناردەكردنیان بەهەمان شێوەى سەرەتایى ، هەرگیزنابیتە هۆى پێشكەوتن و دەوڵەمەند بونى كۆمەڵگە، ئەوەتا ئابورى ناسى ئەمریكى خاوەنى خەڵاتى نۆبڵ و ڕاوێژكارى سەرۆكى پێشوى ئەمریكا(جۆزیف ستغلنز) دەڵێت ئەو نەخۆشیە هاو هەنگاوى زیاد بونى سامانە لەگەڵ زیاد بونى ڕێژەى بێ كارى و لە ئەنجامدا وڵاتێكى دەوڵە مەند و هاوڵاتیەكى هەژار بەرهەم دێنێت!
یەكێكیتر لە سلبیاتەكانى ئەم نەخۆشیە هاوردەكردنى كرێكارى بیانى و بەرز بونەوەى نرخى كاڵا خۆراكیەكان و بەرهەمهاتوەكانە، هەروەها دەبێتە هۆى لاواز بونى تواناى ركەبەرایەتى لاى بەرهەم و كاڵا ناوخۆییەكانە لە بەرامبەر بە كاڵا هاوردەكراوەكان، بۆیە بەرهەمەكان لەدەرەوە هەرزانتر دەبن بە بەراورد لەگەڵ بازارە ناو خۆییەكان، ئەمەش (بازاڕە ڕەش و دزەكردنى كاڵا و كارى قاچاغ و لاوازى تواناى بەرهەمهێنان لە ئەنجامدا هەڵاوسانى ئابورى و زۆر بونى دراو ى لێ دەكەوێتەوە) لە ئەنجامى فرۆشتنى بەرهەم و سامانە سروشتیەكان لە بازاڕەكانى دەرەوە، هەمو ئەمانەش وادەكەن كە هاوڵاتیانى ئەو وڵاتە لە هەوڵاتیەكى بەرهەم هێنە بگۆڕن بۆ هاوڵاتیەكى بەكاربەر!
وەنەبێت دەركەوتنى ئەو نەخۆشیە زیانەكانى تەنها لە بوارەكانى ئابورى و بازرگانى و هەڵاوسان و بێ كاریدابێت ، بەڵكو لە بوارى زانست و زانیاریشدا بەهەمان شێوە پاشەكشەى بەرچاو تۆمار دەكات، ئەوەتا (ئەندریس ئەسچلیچەر) دەڵێت لە دواین دەرەنجامەكانى تاقیكردنەوەى (پیسا) دا دەركەوتوە كە سەرەڕاى هەژارى وڵاتانى وەك (سەنگافورە و فنلاند و كۆریاى باشور و هۆنكۆنگ و ژاپۆن)لەڕوى سەرچاوەى سروشتیەوە كەچى قوتابیانى ئەو وڵاتانە بەرزترین نمرەیان لە تاقیكردنەوەكاندا تۆماركردوە، بەڵام قوتابیانى وڵاتانى (قەتەر و كازاغستان) سەرەڕاى بونى داهاتێكى زۆر نەوت كەچى كەمترین نمرەیان هێناوە، هەروەها دەڵێت لە تاقیكردنەوەى بیركارى و زانستدا قوتابیانى وڵاتانى (سعودیە و كوەیت و عەمان و جەزائیر و بەحرەین و سوریا و ئێران) لە ساڵى 2007 دا جیاوازیان نەبو!، لەكاتێكدا قوتابیانى وڵاتانى (لوبنان و ئوردن و توركیا) كە سەرچاوەى سروشتى ئەوتۆیان نیە لە تاقیكردنەوەكاندا ئاستێكى باشتریان بەدەست هێناوە، ئەمەش یەكێكیترە لەو دەیان سەلبیاتانەى (نەخۆشى هۆڵەندى) كە گەلانى ئەو وڵاتانە دەناڵێنن بەدەستیەوە، بێگومان هەرێمى كوردستانیش بە دور نیە لەو دەرهاویشتانە سەلبیانەو ئێمەش بەدەست هەمان نەخۆشیەوە دەناڵێنیین ، ترسناكى ئەو نەخۆشیە بۆ ئێمە لەوێدایە كە ئێمە لەسەرەتاى دەرهێنان و هەناردەكردن و خاوەنداریەتى نەتداین! وەك دەریش كەوتوە لە هەمو بوارەكانى ترى ژیاندا لە پاشەكشەى بەردەوامداین ، وەك بوارەكانى پیشەسازى و بوارى خوێندن و وەك دەڵێن لە زەوى بەپیتى كوردستاندا سەوزەش لە وڵاتانى دراوسێوە هاوردەدەكەین! تەنانەت یەك تاكە كاڵاشمان نیە بۆ هەناردەكردن ، كەواتە لە سایەى دەرهێنانى نەوتدا ئێمە لە 100% گەلێكى بەكار بەرین، ئایا كاتى ئەوە نەهاتوە كە بەدواى چارەسەرى ئەو نەخۆشیەدا بگەرێن ؟ هەر هیچ نەبێت بزانین ئەو گەلانەى پێش ئێمە كە توشى هەمان نەخۆشى بون چۆن چارەسەریان كردوە، با سەیرى وڵاتى هۆڵەندا بكەین كە نەخۆشیەكە بەناوى ئەوانەوەیە بزانین ئەوان چیانكرد بۆ دەرباز بون لەو دەردە كوشندەیە.
سودم لەو دوو سەرچاوە بینیوە
1- موقع الپورە المرچ الهولندى ..... د حیان احمد
2- سایتى سبەى واز لە نەوت بێنن....... تۆماس فریدمان ----- وەرگێڕان فەرهاد سلێمانپور
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست