کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تكایە ئیتر وازلە درۆى دەستور بێنن!

Monday, 21/01/2013, 12:00






لەگەڵ ئەو هەموو ئاڵۆزى و بشێوى و تیرۆر و گەندەڵى و خۆپیشاندان و بێ سەروبەریەى كە ئەمڕۆ لە عێراقدا دەگوزەرێت، كەچى هەمولا هەرباسى پابەند بون بە دەستورەوە دەكەن! بەردەوام باسى درۆى(گەڕانەوە بۆ دەستور) دەدەن بەگوێماندا، كەچى ئەو سەركردانە بۆ جارێكیش لە خۆیان نەپرسیوە كە ئایا تاچەند باوەڕیان بە مادە و بڕگەكانى ئەو دەستورە هەیە بۆ جێ بەجێكردن.
ئەوە گەلانى بەش مەینەتى ئەم وڵاتەن بەناچارى خواست و ئاوات و چارەنوسى خۆیان بەستۆتەوە بە ئایندەى ئەم وڵاتەوە، ئەگینا من دڵنیام كە تێكڕاى گەلانى عێراق تادەگاتە سەركردەكانى و تەنانەت وڵاتانى ئیقلیمیش تادەگاتە وڵاتانى رۆژئاوا و ئەمریكاش باوەڕیان بە هەمو مادەكانى دەستورى عێراق نیە بۆ جێبەجێكردن، سەركردەكانیش تا ئەو ئەندازەیە كار بە دەستور دەكەن كە پۆست و پایەو كورسیەكانیان بپارێزێت، هەركاتێكیش بەرژەوەندیەكانیان كەوتە مەترسیەوە ئەوا پەنا بۆ تەوافقى سیاسى و ڕێكەوتنى نێوان كوتلەكان و كارتى فشارى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى دەبەن.
ئەم وڵاتە بەدرێژایى مێژوو وڵاتێكى دەستورى نەبوە، تا ئەمڕۆ دڵ بەو دەستورە خۆش بكەین، هەر سەركردەیەك گەیشتبێتە دەسەڵات تابۆى كرابێت مادە و بڕگەكانى دەستورى بۆ بەرژەوەندى خۆى بەكار هێناوە،یان ئەو مادە و بڕگانەى كە لە بەرژەوەندى خۆى و كوتلە و لایەنەكەى نەبوە سڕى كردوون، وەك دەڵێن دەستورەكەمان نرخى ئەو كاغەزانەى نەبوە كەلەسەرى چاپكراوە.
وا خەریكە نزیك دەبینەوە لە یادى نۆ ساڵەى روخانى ڕژێم و تاكە شانازى و دڵخۆشى ئێمەش هەرلەوكاتەوە ئەو دەستورە نا دەستوریەى ئەمڕۆ بووە، ئەوەش حاڵى دەستورەكەیە لە سایەى سەركردە نادیموكراسى و نادەستوریەكانمان ،
تكایە ئیتر بەدرۆى دەستور و یاسا و بەرژەوەندى باڵاى وڵات و ئەو وشە بریق و باقانە خۆڵ مەكەنە چاوى گەلانى ئەم وڵاتە! چونكە ئیترخەڵكى باوەڕیان بە قسەى قۆڕى یاسایى و دەستورى و هیچ شتێك نەماوە، تەنانەت خەریكە باوەڕ بە پێكەوە ژیانیش نامێنێت، ئەویش لە سایەى ئێوەى خۆپەرستدا.
ئەگەر سەركردەكان بەردەوام بن لە بێ ئەرزشكردنى دەستورى وڵات، ئەوا چارەنوسى ئەم وڵاتە بەرەو خراپ و خراپتر دەچێت، تا دەگاتە ئاستی تەقینەوەى ڕەوشەكە و دوایین چارەسەر پارچە بونى وڵاتە، وەك هەمولاش دەزانن هەر بستێكى ئەم وڵاتە دەوڵمەندە بە نەوت و كانزا و هەمو لایەنەكانیش خاوەن هێزن، ئەگەر دەیانەوێت وڵات بەیەك پارچەیى بمێنێتەوە ئەوا با بگەڕێنەوە بۆ ئەو دەستورەى كە لە كاریان خستوە، ئەگەر نا ئیتر بە درۆى (گەڕانەوە بۆ دەستور مەمان خەڵە تێنن).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە