هەڵوێست بۆ نەوت یان 140
Monday, 01/04/2013, 12:00
پێنج ساڵە مادەى 140ى دەستورى هەمیشەى عێراق كاتى بەسەر چووە! كەچى سەركردایەتى سیاسى كوردى وەك ئەوەى ئەو مادەیە بۆ پارێزگاكانى ترى عێراق نوسرابێت خۆیان لێى بێ خەمكردووە، تا ئەمڕۆشى لەگەڵدابێت لە ئەولەویەتى كارەكانى ئەوان نەبوە، دواى چەندین ڕەخنە و پێشنیار و ئاگادار كردنەوەى سەركردایەتى كوردى لەلایەن نوسەران و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسانەوە بۆ پێشێلكردنى مافە نەتەوەیى و نیشتمانیەكانمان، كەچى دیسان سەركردایەتى هەر بەهەندى هەڵنەگرت.
لەكاتێكدا كە حكومەتى مەركەزى لە سەرەتاى دروستكردنەوەدا بو هەر ئەو كاتیش وەك پێویست لە ئاستى خواستەكانى ئێمەدا نەبو، بە ڕۆژى نیوەڕۆ پێشێلى مادە و بڕگەكانى دەستوریان دەكرد كەچى بۆ جارێكیش سەركردایەتى كورد و نوێنەرەكانى ئێمە پەنایان بۆ كارتى فشار و هەڕەشەى جێهێشتنى بەغدا و پاشەكشەیان لە حكومەت نەكرد!!! جێى خۆیەتى بپرسین لە ئەمڕۆدا كەناوەندێكى بەهێزمان دروستكردوە ئایا هەڵوێست وەرگرتنێكى شەرمنانە ئەویش بۆ چى بۆ پارەى كۆمپانیا نەوتیەكان هیچ كاریگەریەكى دەبێت لەسەر بڕیار و هەڵوێستەكانى ئەوان؟
ئەو هەڵوێستەى ئەمڕۆى نوێنەرەكانى ئێمە لەبەغدا لەبەرامبەر خەرج نەكردنى پارەى كۆمپانیا نەوتیەكانى هەرێمى كوردستان دەبو چەندین ساڵ لەمەوپێش نوێنەرەكانى ئێمە ئەو هەڵوێستەیان لەبەرامبەر پێشێلكردنى مادە و بڕگەكانى دەستوردا بگرتایە، دەبو هەڵوێستیان بۆ دیارى كردنى سنورى هەرێمى كوردستان بگرتایە نەك دەرهێنانى نەوت ، دەبو كاریان بۆ گەڕاندنەوەى ناوچە جێ ناكۆكەكان بكردایە نەك ناردنەدەرەوەى نەوت، دەبو كاریان بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەكانى مەجلیسى قیادەى سەورە بكردایە بۆ ئاسایى كردنەوەى دیمۆگرافیاى شار و شارۆچكەكانى عێراق، نەك شەڕى كۆمپانیاكانى نەوت، دەبو فشاریان بۆ سەرژمێرى گشتى و مافەكانى هێزى پێشمەرگە بكردایە نەك بە قاچاغ ناردنەدەرەوەى نەوت.
پێ دەچێت ئیتر كارتەكانمان كارتى سوتاوبن، وەك بینیمان سەرۆك وەزیرانى عێراق بەبێ وەزیرە كوردەكانیش كۆبونەوەى وەزیرانى ئەنجامدا و دەنگۆى ئەوەش هەیە كە جێگرەوە بۆ وەزیرە كوردەكان دابنێت.
نازانم بۆ دەبێت ئێمە هەردەم دواى ڕوداوەكان و مێژوو بكەوین، بۆ دەبێت لەكاتى بەسەرچودا بیر لە هەنگاو و هەڵوێست بكەینەوە ئاخر ئەم كابینەى حكومەتى بەغدا تەنها یەك ساڵى ماوە ئایا بۆ ئەم هەڵوێستە شەرمنانە درەنگ نەبوو؟ ئەویش بۆ پارەى كۆمپانیاكانى نەوت كە جێگاى دڵخۆشى و دەستخۆشى نیە.
لە كۆتایدا من پێم وایە ئەوە گەل و لاوانى خوێن گەرمن كە سنورەكان و حكومەت و دەسەلات دەپارێزن نەك كۆمپانیا زەبەلاحە بیانیەكان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست