ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە ئێمە لێى دەترساین!!!
Monday, 14/05/2012, 12:00
ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە كە ڕۆشنبیران و چاودێران لێى دەترسان، ئەوان ئەم ڕۆژەیان لەبەرچاوبو! ئاخر زۆریان پێ وتن پێش ئەوەى هەوڵ بۆ عێراقێكى تۆكمە و بەهێز بدەن پێویستە ناوماڵى خۆمان یەك خەین، سەركردەكانى ئێمە ئەو جوهدەى بۆ بنیاتنانەوەى عێراق دایان نیو هێندە هەوڵیان بۆ یەك خستنەوەى نێوماڵى خۆمان نەبو! چڕكردنەوەى تواناكان بۆ بنیات نانەوەى سوپاى عێراق پێش دروست كردنى سوپایەكى بەهێز بۆ كوردستان ئەمەش یەكێكیترە لەهەڵەكانى ئێمە، ئاخر نە خواستەكانى ئێمە كۆتایى پێ هاتوە و نە نیەتەكانى ئەوانیش گۆڕانى بەسەرداهاتوە!ئیتر نازانم ئەو هەموو موجامەلە و بڕوا و هیوا و گەشبینەیەى ئێوە بە ئەوان لەچیەوە سەرچاوەى گرتبو؟
ئێمە تا ئەمڕۆش بەجدى هەوڵمان بۆ پێكهێنانى هەرێمێكى تۆكمە و یەكگرتو نیە! بەڵام تادوێنێش بەجدى لەهەوڵى دروستكردنەوەى عێراقێكى بەهێزدا بوین!!!ئەوە زیانەكانى بنیات نانەوەى ئەو عێراقەیە كە ئێوە هەوڵتان بۆدا، ئەوەتا سەرۆكى كۆمسێۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان ڕاپێچى زیندان دەكرێت بەتۆمەتى تێوەگلان لە گەندەڵى، لە كاتێكدا هەشت مانگ لەمەوپێش بو كەلە ئەنجومەنى نوێنەران بە زۆرینەى دەنگ متمانەیان بەخشیەوە بەو كۆمسیۆنە، دەپرسین ئەگەر گەندەڵ بون ئەى بۆ ئەوكاتە متمانەیان لێ وەرنەگیرایەوە؟ ئەگەر ئەوە ئیستیفزاز كردنى كوردنیە ئەى چیە؟ ناوەندێكى بەهێز ئەگەر ویستى هێزى خۆى بسەپێنێت ئەوا زۆر ئاسانە، چونكە ئەم وڵاتە هەرگیز وڵاتێكى یاسایى و دەستورى نەبوە، ئەوە ئازادكردنى محمود سامەرائى زاناى چەكى كیماوى و حامدحمادى و كۆمەڵێك تاوانبارى رژێمى پێشو، ئەوەش هێماى میزاجى بونى ئەم وڵاتەیە، یان بۆ ئەوەى بیسەلمێنن كە هەركاتێك ئەوان ویستیان جارێكیتر ئێمە دەربەدەر بكەنەوە ئەوا زۆر ئاسانە، ئەوە نیە لە كەناڵەكانى ڕاگەیاندنەوە بانگەشەى دەربەدەر كرن یان قڕكدنى كوردانى دەرەوەى سنورى هەرێم دەكرێت، كەچى كەسیش لەسەر ئەو بانگەشەى تیرۆرە بەپێى یاسا و دەستور دادگایى ناكرێت! یان هەر بۆ دەرخستنى تواناو تاقیكردنەوەى هێزى خۆیان، بەبەهانەى پیسكردنى ژینگە بڕیارى داخستنى ڕادیۆى (شەفەق)ى كوردى بەغدا دەردەكەن، دیسان بۆ سەلماندنى بێ منەتیان لە ئێمە سەرەك وەزیران بڕیارى دورخستنەوەى ڕاوێژكارە كوردەكەى دەدات، پێشتریش سوپا سالارى لە پۆستەكەى دور خرایەوە، لەهەموشى ناخۆش و كارەساتاویتر ئەوەیە، ئەگەر ڕژێمى پێشو تا دوا ساتەكانى تەمەنى لە هەوڵى تەعریب كردنى ناوچە سنوریە كوردیەكاندا بو، دەى خۆ لەسەردەمى عێراقى نوێى دیموكراتى و فیدراڵیدا دەسەڵاتدارانى بەغدا خەریكى نەك تەعریب، بەڵكو بەڕۆژى نیوەڕۆ و بەبەرچاوى دنیاوە خەریكى بە(شیعى) كردنى دڵ و قودسى كوردستانن!!! دەى ئیتر ئاخۆ ئەم ڕژێمە ئەگەر بۆى بچێتەسەر دەبێت جیاوازیان چى بێت لەگەڵ ڕژێمەكانى پێشودا؟ ئەوە لە هەنگاوێكى تریااندا بەرپرسێكى نەوتى عێراق هەڕەشە دەكات لە بڕینى بەشە بودجەى هەرێم لە برى ڕاگرتنى هەناردە كردنى نەوتى هەرێم.، من دڵنیام ئەم جۆرە هەنگاو و كارە ئیستیفزازیانە درێژەیان دەبێت.
كێ بەرپرسیارە لە ڕەوشى ئەمڕۆى عێراق و كوردستان؟ من نازانم تەقینەوەى دۆخەكە لە ئێستادا هۆكارى خاڵە جەوهەریە نەتەوەیى و نیشتمانیەكانن یان هۆكارى خودى و بەرژەوەندى تایبەتیەكان؟ ئەگەر دەڵێن هۆكارەكان خواستە نەتەوەیى نیشتمانیەكانە، ئێ خۆ ئەوە هەشت ساڵە ئەوان مافە یاسایى و دەستوریەكانى ئێمە پشتگوێ دەخەن و لاى ئێوەش هێندەگرنگ نەبوە! ئەگەر وایە بۆ هێڵاتان بگاتە ئەمڕۆ.
ئەوە باجى ئەو كەمتەرخەمى و بەهەند هەڵنەگرتنى خواستە بنچینەییەكان و بیرى تەسكى حیزبایەتى و بەرژەوەندیە تایبەتیەكانە! ئەوە ئەو ڕۆژەبو ئێمە لێى دەترساین و ئێوەش بیرتان لێ نەدەكردەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست