کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


توڕە بونى شەقام خۆڕسكانەیە

Sunday, 27/03/2011, 12:00




خۆزگە سەركردە سیاسیەكان و بڕیار بەدەستەكانى ئەم هەرێمە بەچاوێكى بێ لایەنانە وەك پسپۆڕێكى سۆسیۆلۆژى هەڵسەنگاندنیان بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانى ئەمڕۆ و ڕەوشى دوێنێى شەقامى كوردى دەكرد، خۆزگە خوێندنەوەیەكى سایكۆلۆژیان بۆ ڕوداوە چاوەڕوانكراوەكانى ئەمڕۆى هەرێمى كوردستان دەكرد، یان بە هەمان دیدی دەرونناسیانەوە لە ناخى تاكى خۆپیشاندەر و ناڕازى سەر شەقامەكانى دەڕوانى، ئەوكاتە بزانە چۆن دانى بە حەقانیەتى هەموو داوا و خواستەكانى خەڵكانى ناڕازى و خۆپیشاندەراندا دەنا.
هەر بەڕاستى كاتى ئەوەهاتوە كەسەركردە سیاسیەكان ئیتر تەنها لە ڕێگەى هەواڵگرە ناوخۆیى و ڕاپۆرت و ڕاگەیاندنە حیزبیەكانیان و ڕاوێژكارە دەربارەكانیانەوە لە گۆشەنیگاى ڕەوشى ئاڵۆز و نالەبارى هەرێمى كوردستان نەڕوانن.
لێرەدا حەز دەكەم تیشك بخەمە سەر توێژێكى زیندو و كارای نێو خەڵكە ناڕازیەكەى سەرشەقامى ئەمڕۆى كوردستان كە ئەوانیش توێژى لاوانن، ئەوانەى كە ئەمڕۆ لەسەر شەقامەكانن زۆربەى هەرەزۆریان لە لاوان پێكهاتون، ئاخر ئەو لاوانە خەون و خولیا و خواستیان هەیە بۆ ئایندە، ئەگەر دەسەڵات هەموو دەرگاكانى گەیشتن بە خواستەكانى بەڕوى ئەواندا داخستبێت! ئەگەر دەسەڵات خەونەكانى ئەوانى هەر بە گەنجى لە گۆڕنابێت!ئەگەر دەسەڵاتى ئەمڕۆ لە ئاستى خواستەكانى ئەواندا نەبێت! ئیتر ئەوەش زۆر ئاسایى و چاوەڕوانكراوە كە ئەو توێژەش پەنا بۆ هەر ڕێگەیەك ببات كە بیگەیەنێت بە خواست و ئاواتەكانى، هەر هیچ نەبێت بەلاى ئەوانەوە ئەو ڕێگەیە مەشروعە، ئەوەى ئەمڕۆ ئەوان هەوڵى بۆ دەدەن بەلاى خۆیانەوە شەڕى ژیان و مانەوەى خۆیان و نەوەكانى دوا ڕۆژیشە، ئیتر كەى ڕەوایە ناڕەزاى ئەو گەنجە خوێن گەرمانە بە دەستى دەرەكى و تۆمەتى جۆراو جۆریان بدرێتە پاڵ! وەك لە سەرەتادا وتم كە گەیشتنى ڕەوشەكە بەئەمڕۆ چاوەڕوانكراو بو، ئەى ئایا ناڕەزایى لەوە خۆڕسكانەتر دەبێت چۆن بێت؟ بۆ هەر جوڵانەوەیەكى جەماوەرى ئەگەر بەدڵى دەسەڵات نەبو دەبێت دەستى دەرەكى لە پشت بێت؟ ئەم كاردانەوەیەش هەموو ڕژێمە نادیموكراسیەكاى دونیا پەناى بۆدەبەن وەك خۆدزینەوەیە بۆ چارەسەرى ڕیشەى كێشەكان.
لە مێژوى مرۆڤایەتیدا هەموو ڕوبەڕو بونەوەیەك لە نێوان دەسەڵات و جەماوەرەكەیدا لە كۆتایدا هەر دەسەڵات ناچار بە تەسلیم بون بە هەموو خواستەكانى جەماوەر كراوە، یان ئەگەر دەسەڵات هەر كەللە ڕەقى كردبێت ئەوا لە كۆتاییدا كاردانەوەكانى سەرى سەركردە و ڕژێمەكەشى خواردووە، تەنها ڕێگە چارەش لەبەردەم دەسەڵاتدا چونە بەدەم هەموو داوا و خواستەكانى جەماوەرى سەر شەقامەكانەوە، نەك تاوانباركردنیان بە دەستى دەرەكى و دەیان ناو ناتۆرەى تر.
پێویستە دەسەڵات بەكردار دان بە هەموو خواستەكانى شەقامدا بنێت، چونكە خۆڕسكانە جوڵاون و شەڕى ئەمڕۆ و ئایندە دەكەن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە